ناوهڕۆك
ناساندن
وێڵز (بە ئینگلیزی: Wales، بە وێڵزی: Cymru)، وڵاتێکە کە بەشێکە لە شانشینی یەکگرتوو. لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئینگلتەرا، لە باکوور و ڕۆژئاوا لەگەڵ دەریای ئێرلەندا، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ دەریای سێلتیک و لە باشوورەوە لەگەڵ جۆگەی بریستۆڵ هاوسنوورە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠١١، نزیکەی ٣٠٦٣٤٥٦ کەس بووە و ڕووبەرەکەی ٢٠٧٧٩ کیلۆمەتر دووجایە. وێڵز زیاتر لە ٢٧٠٠ کیلۆمەتری کەناراوییە و تا ڕادەیەکی زۆر شاخاوییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزترین لوتکەکانی لە ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستدان، لەوانەش لوتکەی چیای سنۆدۆن (Snowdon). وڵاتەکە لە ناوچەی مامناوەندی باکووردایە و کەشوهەوایەکی گۆڕاو و دەریایی هەیە. هەروەها پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتەکە (کاردیف)ـە.
مێژووی وێڵز
بەلایەنی کەمەوە ٢٩ هەزار ساڵە مرۆڤەکان لەم وڵاتە نیشتەجێن. نیشتەجێبوونی بەردەوامی مرۆڤەکان بۆ کۆتایی دوایین سەردەمی سەهۆڵی دەگەڕێتەوە، لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ هەزار ساڵ پێش ئێستا، کاتێک ڕاوچییە کۆکەرەوەکانی میزۆلیتیک لە ناوەڕاستی ئەورووپا دەستیان بە کۆچکردن کرد بۆ بەریتانیای مەزن. لەو کاتەدا ئاستی دەریاکان زۆر نزمتر بوو لە ئەمڕۆ. وێڵز تا نزیکەی ١٠٫٢٥٠ پێش زایین بەدوور بوو لە سەهۆڵبەندان، کەشوهەوای ناوچەکە گەرم بوو و بووەهۆی دروستبوونی دارستان لە ناوچەکەدا. بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا لە دوای سەهۆڵبەندان وێڵز و ئێرلەندای جیاکردەوە و دەریای ئێرلەندای پێکهێنا. تا ٨ هەزار ساڵ پێش زایین نیمچە دوورگەی بەریتانیا بوو بە دوورگە. لە سەرەتای سەردەمی بەردینی نوێ (نزیکەی ٦٠٠٠ پێش زایین) ئاستی دەریا لە جۆگەی بریستۆڵ نزیکەی ١٠ مەتر کەمتر بوو لە ئێستا.
کۆلۆنیالیستەکانی چەرخی بەردینی نوێ لەگەڵ خەڵکی ڕەسەن تێکەڵ بوون، نزیکەی ٦ هەزار ساڵ پێش زایین وردەوردە شێوازی ژیانیان لە ژیانێکی کۆچەری ڕاوکردن و کۆکردنەوە بۆ جووتیاری نیشتەجێبوو گۆڕی. پاشان دارستانەکانیان پاککردەوە بۆ دامەزراندنی لەوەڕگە و کێڵانی زەویی، لەگەڵ ئەوەشدا پەرەیان بە تەکنەلۆجیای نوێ دا وەکوو سیرامیک (هونەری گڵکاری) و بەرهەمهێنانی قوماش. لە سەدەکانی دواتردا لەگەڵ کۆچبەراندا یەکیان گرت و بیرۆکەکانیان لە کولتوورەکانی سەردەمی برۆنزی و سەردەمی ئاسنی سێلتیک وەرگرت.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
ژمارەی دانیشتووانی وێڵز لە ساڵی ١٨٠١، ٥٨٧ هەزار کەس بوو، ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٨٥١دا بۆ دوو هێندە بەرزبوویەوە و گەشتە یەک ملیۆن و ١٦٣ هەزار کەس. بەشێکی زۆری ئەم زیادبوونی دانیشتووانەش بەهۆی هاتنی هاوڵاتیانەوە بوو لەو ناوچانەی کە کانسازی خەڵووزی لێ بوو. بەشێکیشی بەهۆی دابەزینی ڕێژەی مردن و بەجێگیری مانەوەی ڕێژەی لەدایکبوونەوە بوو بەدرێژایی شۆڕشی پیشەسازی. هەروەها ڕێژەیەکی زۆری پەنابەر و کۆچەر بەدرێژایی شۆڕشی پیشەسازی ڕوویان لە وڵاتەکە کرد. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ساڵی ١٩٧٢، نزیکەی ٢٫٧٤ ملیۆن کەس بوو، بەڵام لە ساڵانی ١٩٨٠ ئەم ڕێژەیە بەهۆی کۆچی هاوڵاتیان بۆ دەرەوەی وێڵز دابەزی، لە ساڵی ١٩٨٠ بەدواوە کۆچی هاوڵاتیان بۆ ناو وڵات زیادی کرد و گەشەی دانیشتووان دەستی بە بەرزبوونەوە کرد. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە ٣٫٠٦٣٫٤٥٦ کەس بوو.
ئینگلیزەکان گەورەترین گرووپی وڵاتەکەن، بەڵام ئێرلەندییەکان و ژمارەیەکی کەم لە گرووپە نەژادییەکانی تر لە وڵاتەکەدا هەن، لەوانەش ئیتاڵییەکان، کە بەرەو باشووری وێڵز کۆچیان کرد. هەروەها لە سەدەی بیستەمدا وڵاتەکه کۆچبەری لە بەشە جیاوازەکانی نەتەوەکانی بریتش کۆمۆنوێلت، ئەفریقی کاریبی و کۆمەڵگە ئاسیاییەکان وەرگرتووە.
زمان
زمانی وێڵزی زمانێکی هیندۆئەورووپییە لە خێزانی سێلتیک. زۆربەی زمانناسان پێیان وایە زمانە سێلتیکەکان لە دەوروبەری ساڵی ٦٠٠ پێش زایین گەیشتوونەتە بەریتانیا. لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە زمانی وێڵزی تاکە زمانی فەرمییە لە هەر بەشێکی شانشینی یەکگرتوودا، نزیکەی هەموو خەڵکی وێڵز زمانی ئینگلیزی دەزانن و قسەی پێ دەکەن و لە زۆربەی بەشەکانی وڵاتدا زمانی سەرەکییە.
لە باکوور و ڕۆژئاوای وێڵز زمانی وێڵزی وەکوو زمانی یەکەم لەلایەن زۆرینەی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت و زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووەم فێر دەکرێن. سەرژمێرییەکەی ساڵی ٢٠١١ ئەوەی دەرخستووە کە ٥٦٢,٠١٦ کەس کە لە سەدا ١٩٫٠ی دانیشتووانی وێڵزن، توانیویانە بە زمانی وێڵزی قسە بکەن، ئەمەش بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠١ کەمیکردووە کە لە سەدا ٢٠٫٨ـی دانیشتووان توانیبوویان بە زمانی وێڵزی قسە بکەن.
لەو کاتەوەی پۆڵەندا پەیوەندی بە یەکێتی ئەورووپاوە کردووە، وێڵز زیادبوونی بەرچاوی کۆچبەرانی پۆڵەندی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمەش وایکردووە زمانی پۆڵەندی ببێتە سێیەم زمانی قسەکردن لە وڵاتی وێڵز، کە لە سەدا ٠.٦ی دانیشتووان وەکوو زمانێکی سەرەکی قسەی پێ دەکەن.
ئایین
ئایینی مەسیحییەت ئایینی سەرەکی وڵاتی وێڵزە، لە سەرژمێرییەکەی ساڵی ٢٠١١ لە سەدا ٥٧.٦ی دانیشتووانی وڵاتەکە خۆیان بە مەسیحی داوە لە قەڵەم. دووەم گەورەترین ئایین لە وێڵزدا کاسۆلیکی ڕۆمانییە و لایەنگرانی ئەم ئایینە بە ٤٣ هەزار کەس مەزەندە دەکرێن. لە هەمان سەرژمێریدا لە سەدا ٣٢.١ی دانیشتووان بە بێ ئایین خۆیانیان داوە لە قەڵەم، لە کاتێکدا لە سەدا ٧.٦ وەڵامی ئەو پرسیارەیان نەداوەتەوە.
ئایینە نا مەسیحییەکان لە وێڵزدا بچووکن و نزیکەی لە سەدا ٢.٧ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. ئایینی ئیسلام گەورەترینە، لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١دا ٢٤ هەزار کەس (لە سەدا ٠.٨) موسڵمان بوون. هەروەها کۆمەڵگەی هیندۆسەکان و سیخەکان هەن، بە شێوەیەکی سەرەکی لە شارەکانی باشووری وێڵزن، لە کاتێکدا گەورەترین چڕبوونەوەی پەیڕەوکەرانی بووزاییەکان لە ناوچەی گوندنشینی ڕۆژئاوای سيريديجيونە. ئایینی جوولەکە یەکەم ئایینی نامەسیحی بوو کە لە سەردەمی ڕۆمەکانەوە لە وێڵز دامەزرا، هەرچەندە تا ساڵی ٢٠٠١ ژمارەی پەیڕەوکەرانی ئەم کۆمەڵگاکە دابەزیبوو بۆ نزیکەی ٢٠٠٠ پەیڕەوکەر و لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی پەیڕەوکەرانیان تەنیا چەند سەد کەسێک بوو.
کەشوهەوای وڵاتەکە
لە وێڵزدا، کە وڵاتێکی سەر بە شانشینی یەکگرتووە و دەڕوانێتە دەریای ئێرلەندا، کەشوهەوای وڵاتەکە لە زۆربەی کاتەکانی ساڵدا ئۆقیانوسی، فێنک، شێدار و هەوراوییە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار با هەڵدەکات.
بەڵام بەپێی ڕووبەرەکە جیاوازی لە کەشوهەوادا هەیە. کەشوهەوای کەناراوەکان مامناوەندترن، لە کاتێکدا ناوچە دوور لە کەنارەکان کە گرد و شاخی نزمیان تێدا دەبینرێت، ساردترن و دەکرێت لە زستاندا بەفرێکی زۆریان لێ ببارێت.
ڕێژەی دابارین لە کەنارەکانی باشووری ڕۆژئاوا و لە گردە دوور لە کەنارییەکاندا بەرزە، و ساڵانە ١٥٠٠ مللیمەتر تێدەپەڕێنێت، لە کاتێکدا ڕێژەی دابارین لە کەناراوەکانی دیکەدا بۆ ٨٥٠ تا ١٠٠٠ مللیمەتر دادەبەزێت.
بەفر لە کەناراوەکاندا بەدەگمەن دەبارێت، لە کاتێکدا لە گردەکانی ناوخۆدا زیاتر دەبارێت. لە کەنارەکانی باشوور ساڵانە تێکڕای بەفر بارین لە سوانزی نزیکەی ١٠ ڕۆژ، لە گردە ناوخۆییەکان ٢٥ ڕۆژ و لە سنۆدۆنیا زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە.
لە وەرزی زستاندا و بەدرێژایی کەناراوەکان پلەی گەرمی بەگشتی دەگاتە -٥/-٦ پلەی سەدی لە ساردترین ڕۆژەکاندا، و لە ناوچە ناوخۆییەکاندا بۆ نزمتر لەو پلەیە دادەبەزێت. بەڵام لە گوندی لیسدینام بۆ ڕۆژهەڵاتی شاخەکان و لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠دا، پلەی گەرمی بۆ -١٧.٥ پلەی سەدی دابەزی، لە کاتێکدا لە کانوونی دووەمی ١٩٤٠ پلەی گەرمی بۆ -٢٣.٣ پلەی سەدی دابەزی.
لە وەرزی هاویندا بەدەگمەن پلەی گەرمی دەگاتە ٣٠ پلەی سەدی و تەنها لە گەرمترین ڕۆژەکاندا دەگاتە ئەو پلەیە. بەڵام لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٩٠دا پلەی گەرمی لە پردی هاواردن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سنۆدۆنیا گەیشتە ٣٥ پلەی سەدی.