ناوهڕۆك
ناساندن
ڕابیعەی عەدەوی (بە عەرەبی: رابعة العدوية) بە دامەزرێنەر و ڕابەری ڕێبازی "عیشقی ئیلاهی" لە تەسەوف دادەنرێت و خانمە شاعیرێکی ناوداری سەردەمی خۆی بووە. ئەو ڕێبازەی تەسەوف کە پێی دەوترێت "ئەوینی خوایی" یان "عیشقی ئیلاهی" ڕێبازێکه کە مەبەست لێی بریتییە لە ئەنجامدانی پەرستشەکان لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی و خۆشەویستی خوا، نەوەک تەنها لەبەر ترس و تۆقین لە ئاگر پەرستش ئەنجامبدرێت، ئەم ڕێبازه بەشێک لە سۆفییەکان پەیڕەوی دەکەن و لە ناویاندا باوە، بۆیە چەند شیعر و نووسراوەێکی ڕابیعە کە زۆر ناودارە لە بۆنەکانیان بەکاردەهێنن و ئەیڵێنەوە. ڕابیعە بووە ڕێگەخۆشکەر بۆ کەسانی تری دوای خۆی نموونەی حەلاج و ئیبن فارز، ئەوان زیاتر پەرەیان بە ئەم ڕێبازەدا و ناودارتر بوون.
ژیاننامە
هیچ نووسراوێک یان کتێبێک لەسەر ژیاننامەی لەلایەن ڕابیعە خۆیەوە نەنووسراوەتەوە. ناوی تەواوی ڕابیعەی کچی ئیسماعیلی عەدەوییە، لە ساڵی 100ـی کۆچی لە پارێزگای بەسڕە لە عێراق لە خێزانێکی هەژارنشین و کەمدەرامەت لەدایکبووە. چوارەمین کچی نێو خێزانەکەی بووە بۆیە بە "رابعة" ناونراوە کە لە زمانی عەرەبیدا واتای "چوارەمین" دەبەخشێت.
ئەفسانە و خەوبینینی باوکی لە شەوی لەدایکبوونی
بەپێی چەند گێڕانەویەکی مێژوویی و چەند کەسایەتییەک نموونەی شاعیری سۆفی ناوداری فارسی "فەریدەئەلدین ئەلعەتار" چەند چیرۆک و هەندێک ئەفسانەش لەسەر شەوی لەدایکبوونی ڕابیعە هەیە، هەمیشە ناوی ڕابیعەی عەدەوی بەندە بەو خەوەی باوکی کە لەشەوی لەدایکبوونی ڕابیعە بینیوێتی، باوترین چیرۆک بریتییە لەوەی کە کاتێک ڕابیعە لەدایکبووە لەبەر هەژاری هیچ جۆرە گازێکیان نەبووە تاکوو گڵۆپی ماڵەکەیان هەڵبکەن و تەنانەت هیچ بەرگێکی نوێ نەبووە بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکه، باوکی ڕابیعە بۆ هەژاری خۆیان زۆر دڵتەنگ دەبێت، بۆیە لە هەمان شەودا باوکی ڕابیعە خەونی بە پێغەمبەر ﷺ بینیوە و پێی فەرمووە "کچەکەت پلەی بەرز دەبێت، داوای کردووه سەردانی فەرمانڕەوا و والی بەسڕەی ئەو سەردەمە بکات کە ناوی "عیسا زازانە" بووە، بەیادی بهێنێتەوە کە شەوانە ئەو بەڕێژەیەکی دیاریکراو سەڵاواتی بۆ پێغەمبەر ﷺ ناردووە، بەڵام ئەم شەو لەبیری کردووە، دەکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی بڕی 400 دینار ببەخشێت بە تۆ". والی بەسڕە خەوەنەکەی باوکی ڕابیعەی پشتڕاست کردەوە ئەو بڕە پارەیەشی بەخشییە ماڵی ڕابیعە و بۆ ماوەیەک پێی ژیان.
کۆیلایەتی و بزربوونی
کاتێک ڕابیعە منداڵ بووە باوکی کۆچی دوایی کردووە، دوای ئەو بە ماوەیەکی کەم دایکیشی کۆچی دوایی کردووە، لەو ساڵەدا وشکەساڵی و برسییەتییەکی زۆر لە بەسڕە بڵاوببووەوە، بۆیە ڕابیعە و براکانی ویستیان لەو شارە کۆچ بکەن، بەڵام ڕابیعە لە براکانی ون بوو و دواتریش دزرا و بە شەش درهەم فرۆشرا. هەر لە تەمەنی لاوییەوە شیعری نووسیوە و ئارەزووی لەبەرکردن و خوێندنەوەی شیعری کردووە و توانییەتی ئامێری شمشاڵ بژەنێت. تەمەنی لاوی بە خواپەرستی و پاڕانەوە بەسەربردووە، خاوەنەکەی هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئازادی کردووە.
ژیانی تایبەتی و پەرستشەکانی
لەدوای ئازادبوونی هەر لە شاری بەسڕە ماوەتەوە و هیچ کات لە شارەکە دەرنەچووە و خۆی بۆ خواپەرستی تەرخانکردووە، لە شوێنێکی دوورەدەست دوور لە خەڵکی پەرستشی ئەنجام داوە.
ڕابیعە هەرگیز هاوسەرگیری نەکردووە سەرەڕاری ئەوەی ئەمیری بەسڕە "محەمەدی کوڕی سلێمان هاشمی" داوای هاوسەرگیری لێ کردووو، بەڵام ڕابیعە ڕەتیکردووەتە کە هاوسەرگیری بکات و خۆی بۆ خواپەرستی تەرخان کردووە.
کۆچی دوایی
ساڵ و ڕۆژی مردنی ڕابیعەی عەدەوی ڕاجیایی لەسەرە، هەندێک ساڵی 135ـی کۆچی و هەندێکیش ساڵی 185ـی کۆچییان بە ڕێکەوت و مێژووی مردنی دادەنێن، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان لە تەمەنی 85 ساڵی لە بەسڕە کۆچی دوایی کردووە و هەر لەو شارەش نێژراوە.