ناوهڕۆك
ناساندن و ژیاننامەی
ئەبووجەعفەری مەنسوور (بە عەرەبی: أبو جعفر المنصور، بە ئینگلیزی: Abu Ja'far Al-Mansur) دووەمین خەلیفەی عەباسییەکان و بنیاتنەری شاری بەغداد و دامەزرێنەری سەرەکی دەسەڵاتی عەباسییەكانە.
لە ساڵی 95ـی کۆچی بەرامبەر بە ساڵی 714ـی زایینی لە گوندی "حەمیمە" کە دەکەوێتە باشووری وڵاتی شامەوە لەدایکبووە. ناوی تەواوی محەمەدی کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵڵای کوڕی عەباسە و ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ سەر مامی پێغەمبەر ﷺ. هەر لە منداڵییەوە لەنێو گەورە پیاوانی "بەنی هاشم" لە ناوچەکەی پەروەردە کراوە و باوکی بناغەی دەسەڵاتی عەباسییەکانی داناوە. دوای کەوتنی دەسەڵاتی ئومەوییەکان "ئەبووعەباسی سەفاح"ـی برای وەکوو یەکەم خەلیفەی عەباسییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو، دوای کۆچی دوایی بە نەخۆشی ئەبووجەعفەری مەنسوور لە تەمەنی 41 ساڵی و لە ساڵی 136ـی کۆچی بەرامبەر 754ـی زایینی بووە جێگری براکەی و بە فەرمی وەکوو دووەم خەلیفەی عەباسییەکان دەستبەکار بوو.
تایبەتمەندیی کەسایەتی
ئەبووجەعفەری مەنسوور خاوەن كەسایەتییەکی زۆر بەهێز بووە و توانا و ئاستی سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی زۆر بەرز بووە. کەسێکی ڕژد و کارا و وردکار بووە، هەرگیز ئارەزووی لە بەفیڕۆدانی سامان و پارە نەبووە و دژی زیادەڕۆیی کردن بووە لە چێژە کاتییەکانی دونیا هەمیشە بڕی پارە و سامانی نێو خەزێنەی موسڵمانی زانیوە، هەروەها کەسێکی ئەدیب و زانا و قسەزان بووە و گرنگی بە زانایان داوە.
سەردەمی دەسەڵاتی
ڕۆڵی لە دامەزراندنی دەسەڵاتی عەباسییەکان
لە سەرەتای فەرمانڕەواییەکەیەوە بەهۆی سەرەتای دامەزراندنی دەسەڵاتی عەباسییەکان تا ڕادەیەک ئاستی ناوخۆ لە زۆر ڕووەوە لاواز و ناجێگیر بوو، زۆر گرووپ و کۆمەڵ دژایەتی دەسەڵاتەکەی دەکرد نموونەی ئامۆزاکانیان لە نەوەی عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب. لە ڕێگەی فراوانکردنی دەسەڵات و لەناوبردنی نەیاران و ڕکابەرەکانی دەسەڵاتەکەی توانی بناغەی دەوڵەتی عەباسی جێگیر بکات، توانی ڕکابەران و مەترسییە سەرەکییەکانی سەر دەوڵەت دووربکاتەوە، دەسەڵاتی بەشێکیانی سنووردار کرد و بەشی هەرە زۆریشیانی زیندانی کرد و دووریخستنەوە، بۆیە یەکەم هەنگاوی بریتی بوو لە دابینکردنی جێگیری و ئاساییش بۆ دەسەڵاتەکەی.
دامەزراندنی بەغداد
دوای جێگیرکردنی بارودۆخی سیاسی و ناوخۆی دەسەڵات، ئەبووجەعفەر ویستی شوێنێکی بەهێز بکاتە ناوەند و پایتەختی فەرمی دەسەڵات. بەچەند قۆناغێک دەستیکرد بەبنیاتنانی بەغداد و بووژانەوەی ناوچە ستراتیجییەکانی دەوروبەری، بە ماوەی چوار ساڵ توانی شاری بەغداد بە تەواوی بنیات بنێت و کردی بە پایتەختی دەسەڵاتەکەی، بە شێوازێکی سەردەمییانە و ڕێکخراو شارەکە دروستکرا، کە شێوەیەکی بازنەیی پێدرابوو و سێ پەرژینی بەهێز هاوشێوەی سنوور دەوری شارەکەی دابوو، هەر پەرژینێک چوار دەرگای هەبوو کە دەرگاکان بریتی بوون لە دەرگای شام، دەرگای بەسڕە، دەرگای خوراسان، دەرگای کوفە.
جەنگ و شۆڕشەکانی سەردەمی دەسەڵاتی
سەرەتای دەسەڵات ڕکابەرایەتی نێوان عەباسییەکان کە نەوەی عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیب بوون لەگەڵ ئامۆزاکانیان بوو کە نەوەی عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب بوون، ڕکابەری و جەنگی نێوانیان لەسەر پلە و پۆست و وەرگرتنی دەسەڵات بوو، بەڵام ئەبووجەعفەر هەر زوو توانی بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات و دەسەڵات بپارێزێت. لە سەردەمی دەسەڵاتی هیچ فەتحێکی ئیسلامی نەکرا، بەڵکوو بەهۆی کێشە و شەڕە ناوخۆییەکانی وڵات، چەند ناوچەیەک بەر هێرشی ڕۆمەکان کەوتن و چەند جەنگێک لە نێوان ڕۆمەکان و عەباسییەکان ڕوویدا ناکۆکی نێوانیان بە سەرکەوتنی عەباسییەکان کۆتایی هات.
ناودارترین شۆڕشەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ئەبووجەعفەر "شۆڕشی سنباز" بوو کە لە ساڵی 137ـی کۆچی لەلایەن "سنبازی مەجووسی" ڕوویدا، چەندان ناوچەی وەک خوراسان و نیسابووری داگیر کرد و بڕیاری هێرشی کەعبەی پیرۆزیان دا، بەڵام ئەبووجەعفەری مەنسوور هێزێکی سەربازی بۆ ناردن و کۆتایی بە شۆڕشەکەیان هێنا.
لە ساڵی 141ـی کۆچی جووڵانەوەیەکی نوێی نامۆ دروستبوو بەناوی "جووڵانەوەی ڕەواندییەکان" کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان خەلیفەیان وەکوو خواوەند دادەنا و دەیانپەرست، ئەبووجەعفەری مەنسوور بەرپەرچی دانەوە و دژیان وەستا و بۆچوونەکانیانی ڕەتکردەوە، لە ئەنجامدا ئەوانیش کودەتایان دژی ڕاگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوانیان ڕوویدا و خەلیفە کۆتایی بەم جووڵانەوەیە هێنا.
گرنگیدانی بە زانست
ئەبووجەعفەری مەنسوور کەسێک بوو گرنگی زۆری بە زانست و فێربوون دەدا، دەیویست بە زانست دەوڵەتی عەباسی بەرەوپێش بەرێت. فەرمانی بە وەرگێڕانی کتێبە زانستییەکان کرد کە بە زمانی عەرەبی نەبوون و گرنگی تەواوی بە وەرگێڕان دەدا، نامەیەکی تایبەتی بۆ پادشای ڕۆمانییەکان نووسیوە و داوای لێکردووە کە کتێب و سەرچاوەی زانستییان بۆ بنێرێت، ڕۆمەکان کتێب و سەرچاوەی جۆراوجۆریان نارد نموونەی کتێبەکانی بواری سروشت و "کتێبی ئەقلیدس"، بۆیە بە فەرمانی خەلیفە وەرگێڕان لە زمانی ڕۆمانی کۆن، فارسی، لاتینی و سریانی کرا، بوارەکانی وەرگێڕان فراوان و هەمەچەشن بوون، نموونەی فەلسەفە، پزیشکی، ئەندازیاری، بیرکاری، فیزیا و زانستەکانی تر، گرنگترین کتێبەکانی ئەو سەردەمە "کەلیلە و دوومنە" و کتێبی "سەندهەند" بوون.
کۆچی دوایی
ماوەی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی ئەبووجەعفەری مەنسوور 22 ساڵی خایاندووە، لە ساڵی 158ـی کۆچی بەرامبەر 755ـی زایینی لە کاتی سەردانیکردنی شاری مەککە به مەبەستی ئەنجامدانی حەجکردن کۆچی دوایی کردووە و هەر لە شاری مەککە نێژراوە.
پەیکەری ئەبووجەعفەری مەنسوور لە بەغداد
لە ڕۆژی شەشی کانوونی دووەمی ساڵی 1977 بە بۆنەی یادکردنەوەی دامەزراندنی سوپای عێراقەوە و لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆک ئەحمەد حەسەن بەکر دانراوە، لەو ساڵەدا پەردە لەسەر پەیکەری "ئەبووجەعفەری مەنسوور" لە بەغداد لادرا. پەیکەرەکە لە سەرێکی لە مس دروستکراو پێکهاتووە کە بە شێوەی خەیاڵی ئەبووجەعفەری مەنسوور دادەنرێت، بەشی خوارەوەی لە کەرپووچ بنیاتنراوە کە دەرگایەکی داری هەیە بە نەخشی ئیسلامی ڕازێنراوەتەوە و دەوری پەیکەرەکە باخچەیە.
لەلایەن هونەرمەندی شێوەکاری عێراقی "خالید ڕەحال" پەیکەرەکە دروستکراوە و لە ناوچەی مەنسووڕی بەغداد لە بەشی کەرخ پەیکەرەکە دانراوە و جێگیر کراوە. پەیکەرەکە لە ساڵی 2003 و دوای داگیرکردنی بەغداد دووچاری تێکدان بووەوە و زیانی بەرکەوت و بەشێکی تەقێندرایەوە، دوای دوو ساڵ نۆژەن کرایەوە و بە فەرمی لە ساڵی 2008 کرایەوە. لە ساڵی 2021 و 2022 لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و تۆڕی تویتەر بە تایبەتی چەند لایەنێکی شیعەی توندڕەوی عێراقی بانگەشەیان بۆ ڕووخاندن و تێکدانی پەیکەرەکە کرد، بە بیانووی ئەوەی ئەبووجەعفەری مەنسوور ڕۆڵی هەبووە لە کوشتنی "ئیمام جەعفەری سادق" کە لە نەوەی ئیمام حسێنی کوڕی عەلی بووە.
لە بەرانبەردا لایەنە سوننەکان و ڕۆشنبیرەکانی بەغداد دژی ئەم بانگەشانە بوون، چونکە ئەوان ئەبووجەعفەری مەنسووری دامەزرێنەری بەغداد بە هێمای کولتووری و نەتەوەیی دەزانن و پێیان وایە کە لە ڕابردوودا ئەو هۆکاری پێشکەوتن و ناوداربوونی بەغداد بووە. بۆیە تا ئێستا چەندان گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە نێوان هەردوو بەرەکە کراوە، تەنانەت بۆ ماوەیەک حکوومەتی عێراقی بە مەبەستی پاراستنی پەیکەرەکە هێزی سەربازی لە دەوروبەری بڵاوکردەوە و تا ئێستاش مشتومڕ لەسەر ئەو بابەتە هەیە و پەیکەرەکە هەر ماوە.