ناوهڕۆك
ناساندن
ئێروین سمیس یان ئێروین سمیث (بە ئینگلیزی: Erwin Smith، بە عەرەبی: اروين سميث) کەسایەتییەکی زنجیرەئەنیمی هێرش بۆ سەر زەبەلاحەکانە. سێزدەیەمین فەرماندەی گەلەی هەواڵگری و کەسێکی بەتوانا و تێگەیشتوو و زیرەکە و ڕێزی زۆری لێ دەگیرێت. هەرچەندە زۆر گرنگی بە پیاوەکانی دەدا، بەڵام درێغی نەکردووە لە قوربانیدانیان بۆ باشی و خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتی. ئێروین پێکهاتەیەکی نوێی بۆ گەلەی هەواڵگری دروست کرد کە بریتیبوو لە پێکهاتەی مەودای دوور. بەهۆی نادڵنیایی لە داهاتووی خۆی، هانجی وەک فەرماندەی دوای خۆی دەستنیشان کرد.
ژیان
ئێروین لە منداڵیدا تاکێکی زانخواز بوو کە ڕاستییەکانی بە بەهای ڕووکەش قبوڵ نەدەکرد. پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی مرۆڤایەتی هیچ بیرەوەرییەکی نییە لەوەی کە پێش ئەوەی لەناو دیوارەکاندا بژین چی ڕوویداوە؛ چونکە ئەگەر هەموو تۆمارەکانیان لەدەست بدایە، دەبوو نەوەی یەکەم بتوانن منداڵەکانیان فێر بکەن. باوکی تیۆرێکی لەگەڵدا باس کرد کە پاشا یادەوەرییەکانی مرۆڤایەتی گۆڕیوە کاتێک بۆ یەکەمجار چوونەتە ناو دیوارەکانەوە تا بتوانێت باشتر کۆنتڕۆڵی خەڵکەکەی بکات. ئێروین زانیارییەکە کە باوکی پێی بەخشیبوو لەنێو هاوڕێکانیدا باسی کرد و ئەمەش بووە هۆی کوشتنی باوکی لەلایەن حکوومەتەوە.
لەو کاتەوە ئێروین باوەڕی کرد کە تیۆرەکەی باوکی دروست بووە. دواتر پەیوەندی بە سوپاوە دەکات و لەگەڵ نایل داوکی هاوڕێی باس لە تیۆرییەکەی باوکی دەکات کە چۆن حکوومەت مێشکی خەڵکەکەی شۆردووەتەوە و نایەوێت بزانن چی لە پشت دیوارەکانەوە هەیە. پێی وابوو گەر بڕواتە گەلەی هەواڵگری دەتوانێت ئەوە بسەلمێنێت، بەڵام دوای ئەوەی پەیوەندی بە گەلەکەوە کرد لەبری ئەوە وازی لە باسکردنی هێنا. ئەو تێگەیشت یەکەی هەواڵگری لەپێناو مرۆڤایەتیدا خەبات دەکەن و ئێروینیش لەگەڵیان دەست بەکاربوو.
دواتر دەبێتە فەرماندەی گەلەی هەواڵگری و کۆمەڵێک تاکتیکی نوێ پێکدەهێنێت بۆ ئەوەی زیانەکان لەسەر سەربازەکانی کەم بکاتەوە. ئێروین دەستی کرد بە جێبەجێکردنی ستراتیجییەکانی لە گەلەکەی خۆیدا و بە تێپەڕبوونی کات سەربازانی تر و دانیشتووان دەستیان کرد بە تێبینی ئەوەی کە یەکە سەربازییەکە لە سەردەمی فەرماندەیی ئێروین تووشی زیانێکی ئەوتۆ نابێت وەک ئەوەی لە سەردەمی فەرماندەکانی پێشووتردا هەبوو.
فەرماندەیی و کۆتایی
لەنێو گەلەی هەواڵگریدا لیڤای دەناسێت و دەیکاتە سەربازێکی متمانەپێکراوی خۆی. دوای ماوەیەکی زۆر بۆی دەردەکەوێت کە یەکێک لە سەربازە مەشقپێکراوەکانی سوپا بەناوی ئێرێن یێگەر توانای ئەوەی هەیە ببێتە زەبەلاح و لێرەوە گەشتی فەرماندەیی ئێروین بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانی مرۆڤایەتی و دیوارەکان دەست پێدەکات.
دوای ئەوەی دەزانێت سیخوڕێک لەنێو ڕیزەکانی سەربازیدا هەیە، ئەم هەواڵە دەشارێتەوە و پلانێک دادەڕێژێت بۆ دەستگیرکردنی زەبەلاحی مێینە. دواتریش کاتێک ئیرێن لەلایەن بێرتۆڵت و ڕاینەرەوە دەڕفێنرێت، سەرکردایەتی تیمێک دەکات بۆ ڕزگارکردنی، بەو بۆنەیەوە قۆڵی ڕاستی لەلایەن زەبەلاحێکەوە دەخورێت. کاتێکیش زانی کە کارەکانی حکوومەت تەنها بۆ بەرژەوەندی چینی سەرەوە بووە، ئێروین کودەتایەکی بێ خوێن ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی هیستۆریا بخاتە سەر دەسەڵات. پاشان ئێروین سەرکردایەتی گەشتێک دەکات بۆ شینگانشینا بۆ پڕکردنەوەی شکانی دیواری ماریا، لەوێ ئەو و هێزەکانی ڕووبەڕووی کۆمەڵێکی زۆر زەبەلاح دەبنەوە. دوای ئەوەی دەزانێت هیچ دەرچەیەک نییە بۆ ڕزگاربوونیان ئێروین و سەربازەکانی لەپێناو مانەوەی کۆمەڵێکی تر لە سەربازە سەرەکییەکان و بۆ ئەوەی لیڤای بتوانێت بگات بە زەبەلاحی دڕندە، خۆیان بەخت دەکەن. لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی کوشندە بریندار دەبێت، بەڵام دەرزییەک هەیە کە دەتوانێت ژیانی بەبەردا بکاتەوە.
لیڤای کە دەرزییەکەی پێیە دەیەوێت ئێروین زیندوو بکاتەوە بەڵام هەریەک لە میکاسا و ئێرێن دەیانەوێت ئارمین زیندوو بکەنەوە کە ئەویش بە هەمان شێوە لە سەرەمەرگدایە، لیڤای دەرزییەکە لە ئێروین دەدات بەڵام ئێروین ڕەتی دەکاتەوە، بۆیە لەو نێوەندەدا ئارمین هەڵدەبژێردرێت و ئێروین کۆچی دوایی دەکات.
کەسایەتی
ئێروین کارەکتەرێکی ئاڵۆزە، شێلگیر وردبین و دووربینە. لە کاتێکدا متمانەی بە پیاوەکانیشی هەبوو، یەکەم کەس بوو کە زانی کە سیخوڕێک لەنێو گەلەکەیدا هەیە، توانی پێوەرێکی گونجاو دابنێت بۆ ئەوەی دیاری بکات کە کام لە سەربازەکانی جێگەی متمانەن و کێیان سیخوڕەکەیە. هەروەها بەشدارییەکی زۆری هەبوو لە دیزاینکردنی ئەو پلانەی کە بەکارهاتووە بۆ گرتنی خیانەتکارەکە. ئەو وتاردەرێکی بەهێز بوو، توانی زۆر کەس بجوڵێنێت و لەنێو دادگادا توانی بە قسەکانی بۆچوونی دادوەر و خەڵکی دادگا بگۆڕێت.
ئێروین کەسێکی خەمبار بوو. هەموو هەواڵێکی باش یان خراپ، گاڵتەکردن یان ستایشی بە هەمان هەڵوێستەوە وەردەگرت، چونکە ئامانجەکانی دەزانی و بەدواداچوونی بۆ دەکردن و ئامانجی کۆتایی ئەو ئەوە بوو کە مرۆڤایەتی جارێکی تر سەرهەڵبداتەوە و ببێتە جۆری باڵادەست بەسەر زەبەلاحەکاندا، کە ئامانجێک بوو دەیویست هەر شتێک بکاتە قوربانی لە پێناویدا.
شێوە و ڕووخسار
باڵایەکی بەرزی هەبوو، هەمیشە ڕێکپۆشە و قژێکی زەردی هەیە کە بەرەو لای چەپ داهێنراوە. چاوەکانی شین و برۆکانی پڕن. ئێروین بە شێوەیەکی گشتی جلوبەرگی سەربازی ستانداردی لەبەر دەکرد، کاتێک لە ئەرکەکاندا بوو، پۆشاکی سەوزی بە نیشانەی دەستەی هەواڵگرییەوە لەبەر دەکرد. بەهۆی ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ زەبەلاحێک بەبێ ئەوەی بیبینێت، قۆڵی ڕاستی لەدەست دا و تەنیا یەک قۆڵی هەیە.
زانیاریی ورد
- دیزاینەکەی ئێروین لەسەر بنەمای ئادریان ئەلێکساندەر ڤیدت/ئۆزیماندیاس دروستکراوە، کە کارەکتەری فیلمی (Watchmen) بووە و یەکێکە لەو ئەندامانەی دەزگای نهێنی کە لە کلیپێکی پاریس هیڵتۆن بە ناوی "پاریس بۆ سەرۆک" دەردەکەوێت.
- بەو پێیەی ئێروین قۆڵی ڕاستی لەدەستداوە، بە قۆڵی چەپی سڵاوی دەکرد، ئەمەش بە شێوازێکی هەڵە لە سڵاوکردن دادەنرێت.
- تەنیا ماوەی پێنج ساڵ فەرماندەی گەلەی هەواڵگری بووە لەنێوان ساڵانی ٨٤٥ بۆ ٨٥٠.
- ئێروین بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باوکی خۆی کوشتووە، چونکە زانیارییەکانی درکاندووە لە منداڵیدا.
- بەرپرسیاری مردنی ١٠٠ کەسی دانیشتووانی ستۆهێس بووە لە نزیک دیواری شینا، بەهۆی جەنگی زەبەلاحەکانەوە کە ئەو پلانی بۆ داڕشتبوو.
- نەیویستووە کەسی خۆشبوێت چونکە زانیویەتی زوو دەمرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی کەس لەدوای خۆی دڵتەنگ نەکات.