سەرەتا
هاوارکردن یان قیژاندن (بە ئینگلیزی: Scream Or shout، بە عەرەبی: صرخة)، ڕەفتارێکی سروشتییە کە مرۆڤ لەکاتی توڕەیی، کاتێک پێویستی بەیارمەتییە یان ترساوە، ئەنجامی دەدات. ئەگەر کەسێک لەسەر شەقام بقیژێنێت سەرنجی زۆربەی خەڵک بۆ خۆی ڕادەکێشێت و هەندێک کەس بۆ یارمەتیدانی دەچن، قیژاندن یەکێکە لەشێوازەکانی پەیوەندیکردن کە ڕەنگدانەوەی بەرفراوانی هەست و سۆز و وروژاندنی تێدایە.
هۆکارەکانی هاوارکردن
- ئازار: ئەم جۆرە هاوارە ئازار و ئەشکەنجە نیشان دەدات، هاواری ئازار قووڵتر و بەرزترە لە هاواری ترس، ئەم جۆرە هاوارە دەکرێت بۆ داوای یارمەتی بێت یان بۆ بەتاڵ کردنەوەی ئازار و ناڕەحەتی جەستە یان ڕۆح بێت.
- سەرسوڕمان: بەگشتی هاوارکردن بەهۆی سەرسوڕمانەوە کورتە و لەڕووی دەنگەوە ئاڵۆز نییە، بۆ نموونە گرتەی کامێرا شاراوەکان کاتێک کەسێک خۆی لە شوێنی دارێک داناوە و لەپڕ دەجووڵێت، بۆ ترساندنی پیادەڕەوەکان، یان کاردانەوەت کاتێک لەشەودا گڵۆپی ژوورەکە هەڵدەکەیت و لەپڕ قالۆنچەیەک دەبینیت، ئەم جۆرە هاوارە خۆنەویستانەیە و زیاتر بەهۆی سەرسوڕمانەوەیە نەک ترسی ڕاستەقینە.
- خۆشی: هەندێک کات هاوار و قیژە نیشانەی هەستی خۆشی و شادییە، بۆ نموونە کاتێک دیارییەک دەکەیتەوە و ئەو شتە دەبینیت کە زۆر حەزت لێیەتی هاوار دەکەیت، یان کاتێک گۆرانیبێژێکی دڵخوازت لە کۆنسێرت دەبینیت هاوار دەکەیت.
- ترس: ترس باوترین هۆکاری هاوارکردنە، کرداری هاوارکردن پێویستی بە هێز و وزەی زۆرە کە دەبێتە هۆی لەرزینی دەنگە ژێیەکان بەشێوەیەکی نادروست، هاوار بەهۆی ترسەوە چڕ و بەرزە و شڵەژانی تێدایە.
- توڕەیی: ئەم جۆرە هاوارکردنە پەیوەندی بەو کاتانەوەیە کە مرۆڤ توڕەیە، هەڵبەت لەم جۆرە هاوارکردنەدا هەمیشە بەتەنیا نین و هەندێک کات بە کۆمەڵ لە گرووپدا ئەنجامی دەدەین.
- نائومێدی یان خەم: هاوارکردن بەهۆی نائومێدی یان خەمەوە ڕەفتارێکی خۆنەویستانەیە، لەم حاڵەتەدا بەزۆری بەسەر خۆماندا یان بەسەر کێشەکەدا هاوار دەکەین، هەڵبەت لەم جۆرە هاوارەدا توڕەییش هەیە، بۆ نموونە کاتێک لە ترافیکدا گیر دەخۆیت و پەلەتە، ڕەنگە بەنائومێدییەوە هاوار بکەیت و توڕەش ببیت.
کاریگەرییە ئەرێنییەکانی هاوارکردن
- کەمکردنەوەی فشار: زیاتر لە ٥٠ ساڵە شێوازی چارەسەری "بیرهێنانەوە و دووبارەکردنەوەی دیمەنەکانی منداڵی" بەکاردەهێنرێت کە تێیدا هانی نەخۆش دەدرێت هەستی توندوتیژی منداڵی بە گریان و هاوار دەرببڕێت، بۆ نموونە لەم شێوازەدا لەبری ئەوەی لەسەر قەنەفەیەک پاڵ بکەویت و قسە بکەیت، بە هاوارکردن خۆت بەتاڵ دەکەیتەوە.
- زیادبوونی هێز: توێژینەوەیەک دەریخستووە کە هاوارێکی خێرا و بەرز، هێز زیاد دەکات.
ڕاهێنانی هاوارکردن و قیژاندن
- بەتەنیابە: ئەگەر لەشوێنێک دەژیت کە ناتوانیت بەتەنیابیت، ڕەنگە باشتر وابێت لەگەڵ خێزانەکەت یان هاوژوورەکانت قسە بکەیت و پێیان بڵێیت کە دەتەوێت چیبکەیت، دڵنیاببەرەوە کە کێشەیان لەگەڵ بابەتەکەدا نییە.
- پاڵبکەوە: پاڵکەوە و شتێکی نەرم لەژێر خۆتدا دابخە و سەرینێک بخە ژێر سەرت.
- بیربکەرەوە: بیر لەو شتانە بکەرەوە کە ئازاریان داویت یان توڕەیان کردوویت، دەکرێت هەر شتێک بێت لە تەمەنی منداڵییان شتێک کە لەو دواییانە ڕووی داوە و بۆتە هۆی بێتاقەتیت.
- هاواربکە: هیچ لە دڵتدا ڕامەگرە، بەدەنگی بەرز هاوار بکە و بگری، هەروەها دەتوانیت بە مستەکۆڵە لە زەوی بدەیت، یان تەنیا پاڵکەویت و لە ناخەوە هاوار بکەیت، دوای ئەوە هەناسەدانت بگەڕێنیتەوە باری ئاسایی، دەبێت هەست بەئارامی بکەیت وەکوو ئەوەی بارێک لەسەر شانت لابرابێت ئەگەر وانەبێت، دەتوانیت بۆ چەند جارێک ئەم شێوازە بەکاربهێنیت.