ناوهڕۆك
سەرەتا
خوێنبەربوونی ناوەکی (بە ئینگلیزی: Internal bleeding، بە عەرەبی: نزیف داخلی) حاڵەتی لەدەستدانی خوێنە لەناو جەستەدا، ئەم جۆرە خوێنبەربوونە بەهۆی زیانگەیشتن بە لوولە خوێنێک ڕوودەدات، بە حاڵەتێکی مەترسیدار دادەنرێت چونکە ناتوانرێت بەچاو ببینرێت تا نیشانەکان توند نەبن هەستی پێناکرێت.
نیشانەکان
نیشانەکانی خوێنبەربوونی ناوەکی ناتوند
- سەرگێژخواردن و خەواڵوویی
- سەرئێشەیەکی توند
- سکچوونێکی ڕەش باو
- بێهێزی هەموو جەستە
- ماندوویی و شەکەتی
- ئازار و لاوازی ماسولکە و جومگەکان
- نزمبوونەوەی پەستانی خوێن
- سەرلێشێوان و لەدەستدانی یادەوەری
- تەڵخبوون و جووتبینی لە چاوەکان
- ئازاری توند لە سکدا کە دەبێتە هۆی سکچوون و ڕشانەوە
- هەناسەکورتی
- شینبوونەوەی پێست بە تایبەت نزیک شوێنی خوێنبەربوونەکە
نیشانەکانی خوێنبەربوونی ناوەکی توند
- خێرا لێدانی دڵ
- هێنانەوەی خوێن لە کاتی ڕشانەوە
- زۆر نزمبوونەوەی پەستانی خوێن
- ئارەقکردنەوەی زۆر ساردبوونەوەی پێست
- گیرانی میز
- بوورانەوە
- خوێنبەربوون لە لووت و چاو و گوێ
- گەشکە (فێ)
هۆکارەکانی خوێنبەربوون
هەر شتێک ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە لوولە خوێنەکان دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، لە کاتی برینێکی بچووک جەستە خوێنبەربوونەکە دەوەستێنێت لە ڕێگەی کەڵەکەکردنی پەڕەکان و خڕۆکە سوورەکان و پڕۆتینەکانی خوێن لە شوێنی خوێنبەربوونەکە، بەڵام لەکاتی برینێکی گەورە جەستە توانای وەستاندنی خوێنبەربوونەکە لەدەست دەدات و لوولە خوێنەکەش بەبەردەوامی خوێنی لێ دەڕوات ئەمەش دەبێتە کۆبوونەوەی خوێن لە بۆشایی نزیک ئەندامەکە، دەشێت خوێنبەربوون بەهۆی کەمبوونەوەی پڕۆتین و پەڕەکانی خوێن کە بەشدارن لە مەیاندنی خوێن ڕووبدات یان بەهۆی نەخۆشییەک و بەکارهێنانی هەندێک دەرمان و شێوازی ژیان هەموویان کار دەکەنە سەر دروستبوونی خوێنبەربوون لە جەستەدا، هەندێک لەو هۆکارانەی مەترسی دروستبوونی خوێنبەربوون زیاد دەکەن بریتین لە:
- بەرزی پەستانی خوێن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن
- دەرمانی ڕوونکردنەوەی خوێن
- نەخۆشییە بۆماوەییەکانی نەمەیینی خوێن
- دەرمانە کۆرتیکۆستیرۆیدەکان کە دژە بەرگرین
- بەکارهێنانی هەندێک دژە زیندەییەکان
- دەرمانی دژە خەمۆکی
- زەبری توند
- شەکرە
- وشکبوونەوەی درێژخایەن
- جگەرەکێشان
- زۆر خواردنەوەی ماددە کحوولییەکان
- دەرمانی کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن
- دەرمانی دژە مەیین
- جەڵتەی دڵ یان مێشک
- کێشەکانی جگەر، سپڵ، گورچیلە یان کۆئەندامی هەرس
- شێرپەنجە
- گیرانی خوێنهێنەرەکان بەهۆی پارچە خوێنی مەییوەوە
- شکانی ئێسک
- نەشتەرکاری
- دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان
ئەو کێشانەی کۆئەندامی هەرس کە دەبنە هۆی خوێنبەربوون
- هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵە
- هەوکردنی کۆڵۆنی بریناوی
- نەخۆشی گەنم
- نەخۆشی کرۆن
- کۆنیشانەی هەوکردنی ڕیخۆڵەیی
- کۆنیشانەی ڕیخۆڵەی هەستیار
لێکەوتەکانی خوێنبەربوونی ناوەکی
خوێنبەربوونێکی توند لەناو جەستەدا ئەم لێکەوتانە دروست دەکات:
دەستنیشانکردن و پشکنینەکان
دیاریکردنی خوێنبەربوونی ناوەکی کارێکی ئاسان نییە تەنانەت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕیشەوە دیاریکردنی کارێکی قورسە، لەبەر ئەمە پزیشک سەرەتا لە ڕێگەی پشکنینی فیزیای و نیشانەکان و مێژووی خێزانی گومانی هەبوونی خوێنبەربوون دەکات، دواتر پێشنیاری پشکنینەکانی (CT scan) و شەپۆلی لەرەلەری موگناتیسی (MRI) بۆ دیاریکردنی شوێنی خوێنبەربوونەکە، پشکنینی خوێن و میزیش یارمەتیدەرن دەتوانن هەندێک جۆری خوێنبەربوونی ناوەکی دیاریبکەن، کاتێک پزیشک سەرچاوەی خوێنبەربوونەکەی دۆزییەوە، تیشکی X و هێڵکاری دەنگدانەوەی دڵ (Electrocardiography) و هێڵکاری لوولەکانی خوێن (Angiography) بەکاردەهێنێت بۆ دیاریکردنی ڕێژەی ئەو زیانەی بە لوولە خوێنەکە گەیشتووە یان بەراوردکردنی ئەو ڕێژە خوێنەی دەگەڕێتەوە بۆ دڵ.
چارەسەرەکان
چارەسەرکردنی خوێنبەربوونی ناوەکی پشت دەبەستێت بە جۆر و ڕێژەی خوێنبەربوونەکە و ئەو ئەندامەی خوێنبەربوونی تێدایە، خوێنبەربوونە بچووکەکان لە ڕێگەی پشوودان و خواردنەوەی ئاوی پێویست بۆ ئەوەی جەستە بە شێداری بمێنێتەوە چارەسەر دەکرێن، هەروەها خوێنبەربوونەکە خۆی دەوەستێت و لوولە خوێنەکە دەست دەکات بە پرۆسەی چاکبوونەوە، بەڵام خوێنبەربوونە زۆر و گەورەکان پێویستیان بە وەرگرتنی ڤیتامین K هەیە لە ڕێگەی خوێنهێنەرەوە هەروەها وەرگرتنی خوێن یان پلازما یان پەڕەکانی خوێن هاوکار دەبن لە چارەسەرکردنی خوێنبەربوونەکە، هەندێک جار پزیشک پێشنیاری وەرگرتنی شلەیەکی دەوڵەمەند بە ئەلیکترۆلایت دەکات بۆ ناو خوێنهێنەری کەسی تووشبوو بەم حاڵەتە، هەر کە مەترسی مردن لەسەر نەخۆشەکە نەما پزیشک هەوڵی دۆزینەوە و چارەسەرکردنی هۆکاری تووشبوون بە خوێنبەربوونەکە دەدات لە ڕێگەی دەرمان و چارەسەری سروشتی و گۆڕینی شێوازی ژیانی نەخۆشەکە وەک وازهێنان لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کحوولییەکان.