نەخۆشیی ڤۆن ویڵبراند

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-08-22-21:42:00 - کۆدی بابەت: 9953
 نەخۆشیی ڤۆن ویڵبراند

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشیی ڤۆن ویڵبراند (بە ئینگلیزی: Von willebrand disease، بە عەرەبی: مرض فون ويلبراند) نەخۆشیییەکی بۆماوەیییە، کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشیيە هۆکاری ڤۆن ویڵبراند لە خوێنیاندا کەمە یان بەباشی کار ناکات و ئاسانتر تووشی خوێنبەربوون دەبن.

هۆکاری ڤۆن ویڵبراند لە کاتی خوێنبەربوون دەبێتە هۆی ئەوەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەیەکەوە بنووسێن و خوێنبەربوون بوەستێت، بەڵام ئەو کەسانەی هۆکاری ڤۆن ویڵبراند لە خوێنیاندا کەمە یان بەباشی کار ناکات کاتێکی زۆرتریان پێویستە تاکوو خوێنبەربوونیان بوەستێت. ئەم نەخۆشیییە چارەسەری نییە، بەڵام زۆرجار کێشەی مەترسیدار دروست ناکات زۆربەی ئەو کەسانەی دووچاری ئەم نەخۆشیییە دەبنەوە دەتوانن ژیانی چالاک و ئاسایی خۆیان بژین. لە بنەڕەتدا نەخۆشیی ڤۆن ویڵبراند لەلایەن (ئێرک ئادۆڵف ڤۆن ویڵبراند) ناسێنرا، لە ساڵی ١٩٢٤ لێکۆڵینەوەی لە خێزانێک کرد، خێزانەکە کێشەی مەیینی خوێنیان هەبوو کە جیاوازبوو لە هیمۆفیلیا.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • جۆری یەکەم: نیشانەکانی مامناوەندین و لەناو خەڵکیدا زۆر باوە، کەسانی تووشبوو بەم جۆرە ڕێژەی هۆکاری ڤۆن ویڵبراند لە خوێنیاندا کەمە. لەم جۆرەیاندا بەزۆری لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرکاری، برینداربوون و لابردنی دداندا کێشە بۆ کەسەکە دروست دەبێت. جگە لە هۆکاری بۆماوەیی هۆکارەکانی تری وەک گرووپی خوێنیش دەکرێت کاریگەرییان لەسەر ئەم جۆرە هەبێت، ئەو کەسانەی گرووپی خوێنیان o یە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بەم نەخۆشيییە بە بەراورد بەو کەسانەی گرووپی خوێنیان A یان B یە هەیە.
  • جۆری دووەم: لە کەسانی تووشبوو بە جۆری دووەمی ئەم نەخۆشیییە هۆکاری ڤۆن ویڵبراند بەباشی کار ناکات، خوێنبەربوون زیاتر و قورستر دەبێت لە جۆری یەکەم.
  • جۆری سێیەم: سەخترین و دەگمەنترین جۆرە، هۆکاری ڤۆن ویڵبراند لە کەسانی تووشبوو بە جۆری سێیەم زۆر کەمە یان هەر نییە. بەزۆری خوێنبەربوون لە دەم، لووت و پووک لەم جۆرەدا زۆر باوە، هەروەها لە دوای برینداربوون دەکرێت جومگەکان و ماسولکەکانیش دووچاری خوێنبەربوون ببن.

هەر سێ جۆری ئەم نەخۆشیییە بۆماوەیییە.

جۆرێکی تری ئەم نەخۆشیییە بۆماوەیی نییە، بەڵام دەگمەنە، بەم جۆرەیان دەوترێت نەخۆشیی ڤۆن ویڵبراندی دەستکەوتوو یان پەیدابوو، دەکرێت لە هەر تەمەنێکدا ڕووبدات و بەزۆری پەیوەندی بە حاڵەتەکانی تر هەیە کە کاریگەرییان لەسەر خوێن، سیستمی بەرگری یان دڵ هەیە.

نیشانەکان

نیشانەکان دەکرێت لە هەر تەمەنێک دەربکەون و ڕەنگە لە نیشانەی کەم و مامناوەند تاکوو نیشانەی توند بخایەنێت.

نیشانە سەرەکییەکان بریتین لە:

  • شینبوونەوەی پێست.
  • خوێنبەربوونی لووت، ماوەیەکی زۆر بخایەنێت یان زوو زوو ڕووبدات.
  • خوێنبەربوونی پووک.
  • لە کاتی برینداربوون، وەستانی خوێن ماوەیەکی زۆر بخایەنێت.
  • لە ئافرەتاندا خوێنی زۆر کە زیاترە لە ڕێژەی ئاسایی خۆی لە کاتی سوڕی مانگانەدا.
  • خوێنبەربوون ماوەیەکی زۆر بخایەنێت لەدوای دەرهێنانی ددان یان دوای ئەنجامدانی نەشتەرکاری.

سکپڕی و نەخۆشیی ڤۆن ویڵبراند

خانمانی تووشبوو بەم نەخۆشیییە دەتوانن منداڵیان هەبێت، بەڵام ڕەنگە دووچاری ئەم مەترسییانە ببنەوە:

  • دەکرێت نەخۆشیییەکە لە دایکەوە بۆ منداڵەکە بگوازرێتەوە.
  • خوێنبەربوون لە کاتی منداڵبووندا.

پێویستە پێش پلاندانان بۆ منداڵبوون گفتوگۆ لەگەڵ پزیشک بکرێت، ڕەنگە پزیشک تاکوو بزانێت ئەگەری تووشبوونی منداڵەکە بەم نەخۆشیییە چەندە پێشنیازی پشکنینی بۆماوەیی بکات. گرنگە لە کۆتایی دووگیانیدا پشکنینی ڕێژەی هۆکاری ڤۆن ویڵبراند  ئەنجام بدرێت، ئەگەر ئەم ڕێژەیە لە ئاستی ئاسایی کەمتر بێت ڕەنگە پزیشک پێشنیازی دەرمان بۆ ڕێگریکردن لە خوێنبەربوون لەماوەی منداڵبووندا بکات.

زۆربەی خانمانی تووشبوو بەم نەخۆشیییە دەتوانن بە ڕێگەی سروشتی یان نەشتەرکاری منداڵیان ببێت.

دەستنیشانکرد

پشکنینی دژەپەیداکەری هۆکاری ڤۆن ویڵبراند: ئەم پشکنینە ڕێژەی هۆکارەکە لە خوێندا دەپێوێت، هەروەها مێژووی خێزانی دەربارەی ئەم نەخۆشیییە سوودی لە دەستنیشانکردن دەبێت.

چارەسەر

تاکوو ساڵی ٢٠٢٠ هیچ چارەسەرێکی تەواوی ئەم نەخۆشیيیە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بە بەکارهێنانی دەرمان و شێوازی ژیانی تەندروست دەتوانرێت چاودێری بکرێت و نەخۆشیيیەکە بەرەو خراپتر نەچێت.


سەرچاوەکان



213 بینین