ناوهڕۆك
سەرەتا
سوودەکانی قاوە (بە ئینگلیزی: Benefits of coffee ، بە عەرەبی: فوائد القهوة)، قاوە خواردنەوەیەکی ناسراوە بەوەی وزەی لەش و توانای سەرنجدان زیاد دەکات. زۆر کەس خواردنەوەی قاوەیان لەلا پەسەندە و بەتایبەتی لە بەیانیاندا ئارەزووی دەکەن. لەوانەیە کە بیر لە قاوە دەکەیتەوە یەکەم شت کافایین بێت بە خەیاڵتدا، بەڵام قاوە پێکهاتەی تری وەک دژەئۆکسێنی تێدایە کە هەوکردن کەم دەکاتەوە و لەش لە نەخۆشی دەپارێزێت.
سوودەکانی خواردنەوەی قاوە
وزە زیاد دەکات
قاوە ماددەی کافایینی تێدایە، کافایین هاندەرێکە لە سیستمی ناوەندنی دەمارەکان، ناسراوە بەوەی ڕێگری لە هەستکردن بە ماندووێتی دەکات و هەروەها وزەی لەش زیاد دەکات. هۆکاری ئەم سوودانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەرکەی لە جەستەدا ئەنجامی دەدات، کافایین وەرگری دەمارەگوێزەرەوەی وەک ئەدینۆسین (Adenosine) بلۆک دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەو دەمارەگوێزەرەوانەی مێشک کە ڕۆڵیان لە ڕێکخستی وزەی لەش هەیە، وەکوو دۆپامین. لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە، لە کاتی ڕاهێنانکردندا قاوە بە ڕێژەی لە ١٢% هیلاکی و شەکەتبوون کەم دەکاتەوە. لێکۆڵینەوەیەکی تریش هەمان زانیاری پشتڕاست کردووەتەوە، واتە ئاشکراکراوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەستکردن بە ماندووێتی و لە هەمان کاتدا وزەی لەش زیاد دەکات.
ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو کەم دەکاتەوە
هەندێک لێکۆڵینەوە پێشنیاریان کردووە، ڕۆژانە خواردنەوەی قاوە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو کەم دەکاتەوە. لە لێکۆڵینەوەیەکی تردا دۆزراوەتەوە، ڕۆژانە خواردنەوەی هەر کوپێک لە قاوە بە ڕێژەی لە ٦% ئەگەری دەرکەوتنی ئەم نەخۆشییەی کەمکردووەتەوە. هۆکاری ئەم سوودەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، قاوە دەتوانێت هەمان ئەرکی خانەکانی بێتا (Beta cells) کە لە پەنکریاسدا هەن جێبەجێ بکات، ئەم خانانە بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین بۆ ڕێکخستی ئاستی شەکر لە خوێندا. هەروەها پێکهاتەی دژەئۆکسێنی تێدایە، بەمەش بۆ ئەو کەسانەی هەستیاریان بە ئەنسۆلین هەیە بەسوودە، هەوکردن کەم دەکاتەوە و بۆ کرداری زیندەپاڵ گرنگە.
پاڵپشتی تەندروستی مێشک دەکات
هەندێک لێکۆڵینەوە پشتڕاستیان کردووەتەوە، قاوە ڕێگری لە هەندێک نەخۆشی وەک نەخۆشی ئەلزەهایمەر و پارکینسن دەکات. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوتووە، ڕۆژانە خواردنەوەی قاوە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی پارکینسن کەم دەکاتەوە و هەروەها پڕۆسەکەش خاو دەکاتەوە. یەکێکی تر لە لێکۆڵینەوەکان لە نێوان ٢٩ هەزار کەس ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەریش کەم دەکاتەوە.
یارمەتی ڕێکخستنی کێشی لەش دەدات
بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە، ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە قاوە بۆ تەندروستی ڕیخۆڵە گرنگە و ڕێگری لە کۆبوونەوەی چەوری دەکات، بەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە ڕێکخستن و هاوسەنگکردنی کێشی لەشدا. بۆ نموونە، لە ئەنجامی ١٢ لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە، خواردنەوەی قاوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چەوریی لەش بە تایبەتی لە پیاواندا. هەروەها ئاشکراکراوە خواردنەوەی یەک بۆ دوو کوپ لە قاوە لە ١٧% چالاکی جەستەیی کەسەکە پێک دەهێنێت، هەتا چالاکی جەستەیی زیاتر بێت ئەوا کێشی لەش جێگیر تر دەبێت.
ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی کەم دەکاتەوە
دەکرێت خواردنەوەی قاوە ڕۆڵی لە کەمکردنەوەی خەمۆکی هەبێت. لە ئەنجامی پێداچوونەوە بە نۆ لێکۆڵینەوەدا، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی ڕۆژانە قاوەیان خواردووەتەوە بە ڕێژەی لە ٨% ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی کەمتر بووە. لێکۆڵینەوەیەک لە نێوان دوو سەد هەزار کەس ئەنجامدراوە و دەریخستووە خواردنەوەی قاوە ئەگەری مردن بەهۆی خۆکوژی کەم دەکاتەوە.
لەش لە تووشبوون بە حاڵەتەکانی جگەر دەپارێزێت
قاوە ڕۆڵی لە پاراستن و هێشتنەوەی جگەر بە تەندروستی هەیە، لە هەمان کاتیشدا کەسەکە لە نەخۆشی جگەر دەپارێزێت. لێکۆڵینەوەیەک پشانیداوە، ئەم خواردنەوەیە ڕێگری لە شێرپەنجەی جگەر دەکات لەو کەسانەی نەخۆشی جگەریان هەیە. قاوە مردن بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی جگەر کەم دەکاتەوە، ڕۆژانە خواردنەوەی کوپێک لە قاوە بە ڕێژەی لە ١٥% مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی جگەر کەم دەکاتەوە.
پاڵپشتی تەندروستی دڵ دەکات
دەکرێت خواردنەوەی قاوە ڕۆڵی لە تەندروستی دڵدا هەبێت. لە لێکۆڵینەوەیەکدا دۆزراوەتەوە، خواردنەوەی قاوە بە ڕێژەی لە ١٥% ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و هەروەها بە ڕێژەی لە ٢١% تووشبوون بە جەڵتە کەم دەکاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئاگادار بیت، کە خواردنەوەی قاوە کار دەکاتە سەر پەستانی خوێن. لەبەرئەوە ئەو کەسانەی پەستانی خوێنیان ڕێک نییە، واتە هاوسەنگ نییە دەبێت وریابن لە خواردنەوەی قاوە و بەشێوەیەکی گونجاو یان بە کەمی بیخۆنەوە.
وا دەکات زۆر بژیت
خواردنەوەی قاوە وا دەکات زۆر بژیت، بەڵام بە مەرجێک کەسەکە بە دوور بێت لە خواردنەوە کحولییەکان، کاریگەری هۆکاری تری وەک کێش و تەمەنی لەسەر نەبێت. هەروەها ئەگەری مردن بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەوە کەم دەکاتەوە.
بۆ وەرزشەوانان گرنگە
زۆر لە وەرزشەوانان بۆ زیادبوونی وزە و نمایشکردنی چالاکییەکانیان قاوە دەخۆنەوە، ئەمەش سوودیان پێ دەگەیەنێت بەتایبەتی ئەگەر پێش ئەنجامدانی ڕاهێنانەکان بخورێتەوە. کاریگەرییەکانی خواردنەوەی قاوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، لەگەڵ ئەوەی خواردنەوەیەکی گرنگ و بەسوودە بەڵام دەبێت بە شێوەیەکی دیاریکراو و گونجاو بخورێتەوە.