ناوهڕۆك
ناساندن
مۆنا لیزا، مۆنالیسا یان مۆنا لیسا (بە ئینگلیزی: Mona Lisa یان Monalisa، بە عەرەبی: موناليزا) تابلۆیەکی پۆرترەیتی نیوە درێژی بەناوبانگە، لەلایەن نیگارکێشی ئیتاڵی لیۆناردۆ داڤنشییەوە دروستکراوە، بە شاکارێکی دێرینی سەردەمی ڕێنیسانسی ئیتاڵیا دادەنرێت، درێژی تابلۆکە ٧٧ سانتیمەترە و پانییەکەی ٥٣ سانتیمەترە. لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس پارێزراوە.
بەم شێوەیە باسکراوە و ناسراوە، "ناسراوترین، زۆرترین سەردانیکراو، زۆرترین نووسراو دەربارەی، زۆرترین گۆرانی دەربارەی و لاسایی کراوەترین کاری هونەری جیهان".
تابلۆکە دەستنیشانکراوە بە وێناکردنی ژنە بەگزادەیەکی ئیتاڵی بە ناوی لیزا گێراردینی هاوسەری فرانسیسکۆ دێل جیۆکۆندۆ، بەڵام بەتەواوی نەسەلمێندراوە.
بە ڕەنگی زەیتی لەسەر پارچە تەختەیەکی لە سنەوبەر دروستکراو دروستکراوە، لیۆناردۆ هەرگیز تابلۆکەی بە بنەماڵەی جیۆکۆندۆ نەداوە، دواتر پێدەچێت لە وەسیەتنامەکەیدا بۆ فێرخوازەکەی جێهێشتبێت بە ناوی سەلای.
دەشێت تابلۆکە لەنێوان ساڵانی ١٥٠٣ بۆ ١٥٠٦ کێشرابێت، بەڵام ڕەنگە لیۆناردۆ داڤنشی تا ساڵی ١٥١٧ بەردەوام بووبێت لە کارکردن لەسەری.
لەلایەن پاشا فڕانسیسی یەکەمەوە بەدەستهينراوە و ئێستا موڵکی فەڕەنسایە، لە ساڵی ١٧٩٧ـەوە لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس پاريزراوە و نمایشکراوە.
مۆنالیزا | |
---|---|
نیگارکێش | لیۆناردۆ داڤنشی |
ساڵ | ١٥٠٣ بۆ ١٥٠٦ ڕەنگە تا ساڵی ١٥١٧ کاری تێدا کرابێت |
قەبارە | درێژی ٧٧ سانتیمەتر و پانی ٥٣ سانتیمەتر |
شوێن | مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس |
دەربارەی تابلۆکە
تابلۆکە وێنەی نیوەی جەستەی خاتوونێکە، پشت خاتوونەکە دیمەنێکی دووری هەیە، دیمەنی تابلۆکە سێ چارەکی بوو، نیمچە سێ دوورییە، کە تێیدا دۆخی وێنەکە بۆ بینەر ڕوون ترە، ئەم شێوازی وێنەکێشانە بەخێرایی بڵاوبوویەوە.
شێوازی دروستکردنی نەرمی ڕووخساری خاتوونەکە و بەکارهێنانی سێبەری ورد لێهاتوویی لیۆناردۆ نیشاندەدات، جلوبەرگەکەی بە ڕەنگێکی تاریک و لە قوماشی ناسک دروستکراوە و بە ڕیشاڵی ورد نەخشێندراوە، قژی بە ڕێکی هاتووەتە خوارەوە، دەستەکانی لەسەر یەک داناوە، خاوەنی زەردەخەنەیەکی کەمە، بە کۆکردنەوەی کەسێک و سروشت لە وێنەیەکدا، وێنەکە بووە پێوانەیەک بۆ وێنەکانی داهاتوو.
قسە و مشتومڕێکی زۆر سەبارەت بە ناسنامەی وێنەکە کراوە، زانایان و مێژووناسان چەندین لێکدانەوەیان خستووەتە ڕوو، ئەوەی کە ئەو دەستنیشانکراوە بە وێناکردنی ژنە بەگزادەیەکی ئیتاڵی بە ناوی لیزا گێراردینی هاوسەری فرانسیسکۆ دێل جیۆکۆندۆ، لیرەوە ناوی جێگرەوە بۆ تابلۆکە لا جیۆکۆندایە، ئەو ناوەش بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٥٥٠ لەلایەن هونەرمەند و ژیاننامەنووس جۆرجیۆ ڤاساری پێشنیارکرا، تیۆرییەکەی تر ئەوە بوو کە ڕەنگە دایکی لیۆناردۆ بووبێت بە ناوی کاترینا، یان ڕەنگە تەنها وێنەیەکی خەیاڵی بووبێت و هەڵقوڵاوی بیری لیۆناردۆ داڤنشی بووبێت.
لەلایەن چەندین کەسی تر لێکدانەوە بۆ زەردەخەنەکەی کراوە، لەوانە سیگمۆند فرۆیدە کە پێی وایە زەردەخەنە نهێنییەکەی مۆنالیزا ڕەنگە لە بێئاگاییەوە بووبێت یان خەیاڵکردنی زەردەخەنەی کاترینا بووبێت.
پێشنیاری سێیەم ئەوەبوو کە ڕەنگە تابلۆکە لە خۆوێنەکردنی لیۆناردۆوە کێشرابێت، بە لەبەرچاوگرتنی سیمای خاتوونەکە و بیری هونەرمەند، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی یەکلاییکراوە نەسەلمێندراوە.
هەوڵە زۆرەکانی سەدەی ٢١ـەم بۆ یەکلاییکردنەوەی ناسنامەی وێنەکە، بە گەڕان بەدوای پاشماوەی لیزا دێل جیۆکۆندۆدا بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی و دووبارە دروستکردنەوەی وێنەی دەموچاوی بێ ئەنجام بوون.
مێژووی تابلۆکە
لیۆناردۆ داڤنشی لە ساڵی ١٥٠٣ دەستی بەکێشانی تابلۆکە لە ستۆدیۆی وێنەکێشانەکەی خۆی کردووە، لە ساڵی ١٥١٩ کۆچی دوایی کردووە، پێدەچێت لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بە پچڕ پچڕی کاری لەسەر کردبێت، چەندین توێژاڵی تەنکی ڕەنگی زەیتی لە کاتە جیاوازەکاندا زیادکردووە. درزی بچووک تەواوی تابلۆکەی گرتووە کە پێی دەوترێت تۆڕەدرز، لەسەر دەستەکانی وردترن.
پاشای فەڕەنسا فڕانسیسی یەکەم دوای مردنی لیۆناردۆ تابلۆکەی دەست کەوت، بووە بەشێک لە دەستکەوتەکانی شاهانە، بۆ چەندین سەدە تابلۆکە لە کۆشکی فەڕەنسا پارێزرا، تا ئەوکاتەی یاخیبووانی سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا بە موڵکی خەڵکیان زانی لە ساڵانی (١٧٨٧ - ١٧٨٩)، دواتر ماوەیەک لە ژووری نووستنی ناپلیۆن هەڵواسرابوو، پاشان لە سەرەتای سەدەی ١٩ـیەم لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس دانرا.
لە ساڵی ١٩١١ تابلۆکە دزرا، دەستبەجێ پشێوی لە میدیادا لێکەوتەوە، خەڵکی ڕوویان لە لۆڤەر کرد بۆ بینینی ئەو شوێنە چۆڵەی کە پێشتر تابلۆکەی لێدانرابوو، بەڕێوەبەری تابلۆکانی مۆزەخانەکە دەستی لە کار کێشایەوە، تەنانەت هۆزانڤان گویلۆم ئەپۆلینێر و هونەرمەند پابلۆ پیکاسۆ وەک گومانلێکراو دەستگیرکران.
دوای دوو ساڵ بازرگانێکی کاری هونەری لە فلۆرانس بەرپرسانی ناوچەکە ئاگادار دەکاتەوە کە پیاوێک هەوڵی داوە تابلۆکەی پێبفرۆشێت، پۆلیس تابلۆکەیان لە بنی ساختەی سندوقێکدا دۆزییەوە، ڕفێنەرەکەش ڤینچێنزۆ پیرۆجیا بوو، کە کۆچبەرێکی ئیتاڵی بوو بۆ ماوەیەکی کورت لە لۆڤەر کاری کردبوو، پیرۆجیا دەستگیر کرا و دادگایی کرا پاشان زیندانی کرا، مۆنالیزا گەشتێکی بۆ ئیتاڵیا ئەنجامدابوو پاشان گەڕێنرایەوە فەڕەنسا.
لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا لەبەر گرنگییەکەی وەک تابلۆیەکی پڕ مەترسی لە لۆڤەر دەرهێنرا و برایە یەکێک لە لادێکانی فەڕەنسا، کاتێک ئاشتی ڕاگەیەندرا لە ساڵی ١٩٤٥ـدا گەڕێندرایەوە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس.
تابلۆکە لە ساڵی ١٩٦٣ گەشتێکی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، ماوەی شەش هەفتە لە مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان بۆ هونەر لە شاری نیویۆرک و لە گەلەری نیشتیمانی هونەر لە واشنتن دی سی بوو، ڕۆژانە نزیکەی ٤٠ هەزار سەردانکەری بۆ خۆی ڕاکێشا، هەروەها لە ساڵی ١٩٧٤ گەشتێکی بۆ مۆسکۆ و تۆکیۆ کرد.
مۆنالیزا و کاریگەرییەکانی
کاریگەری مۆنالیزا لە سەردەمی ڕێنیسانس و دواتردا زۆر گەورە بوو، شۆڕشێکی نیگارکێشانی پۆرترەیتی لە سەردەمی هاوچەرخدا دروستکرد، نەک تەنها مۆنالیزا بەڵکوو تابلۆکانی تری لیۆناردۆ هانی هونەرمەندانی دا کە لێکۆڵینەوە بکەن و شارەزایانی هاندا بۆ کۆکردنەوەی تابلۆکان.
تەنانەت لیۆناردۆ کاریگەریی لەسەر ئەو جلوبەرگانەش هەبوو کە لەبەر دەکران، مۆنالیزا جلوبەرگەکانی جیاواز بوو لە چاو جلوبەرگە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە، لە بری جلی توند و تەسک، جلێکی شل و کراوەی لەبەردایە و شاڵەکەی بەسەر شانیدا هاتووەتە خوارەوە.
تابلۆکانی تری مۆنالیزا
سەرەڕای دروستکردنەوەی بەردەوامی تابلۆکە لەلایەن کەسانی ئاسایی و وێنەکێشانەوە، لایەنی کەم دەیان تابلۆی هاوشێوەی مۆنالیزا دروستکراوەتەوە، کە زۆربەیان لەلایەن فێرخوازەکانی لیۆناردۆوە بوون.
یەکێک لەو لەبەرگیراوانە لە مۆزەخانەی پرادۆ لە مەدرید پارێزراوە، لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە لەبەرگیراوەکەی پرادۆ تاکە لەبەرگیراوەی ڕاستییە و لە ماوەی ژیانی لیۆناردۆدا تەواو بووە.
تابلۆی تری مۆنالیزا بریتین لە وێنەی مۆنالیزا کە پێی دەوترێت ئیسلۆرس مۆنالیزا، کە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە یەکەم وەشانی لیۆناردۆیە بۆ وێنە بەناوبانگەکە، چەندین زانای تریش ڕەتیان کردەوە.
هەروەها تابلۆی نیمچە ڕووتیشی لەسەر دروستکراوەتەوە کە ناسراوە بە مۆنا ڤانا، پێدەچێت لەلایەن فێرخوازانی لیۆناردۆوە تەواو کرابن.
نرخی مۆنالیزا چەندە؟
مۆنالیزا نانرخێندرێت، ڕەنگە نرخی ئەوەندە بەرز بێت کە هیچ کەسێک ئامادە نەبێت بیکڕێت و پارێزگاری لێ بکات، زیاتر لەوەش ڕەنگە مۆزەخانەی لۆڤەر هەرگیز ئامادە نەبێت بە فرۆشتنی تابلۆکە، مۆزەخانەکە ساڵانە ملیۆنان سەردانکەری بۆخۆی ڕاکێشاوە، کە ڕێژەیەکی بەرچاویان بۆ بینینی تابلۆی مۆنالیزا دێن، بۆیە ڕەنگە داهاتێکی بەردەوام سوودێکی زیاتری هەبێت لە فرۆشتنی بە نرخێک بۆ مۆزەخانەکە.
مۆنالیزا لە کوێ پارێزراوە؟
تابلۆی مۆنالیزا لە پشت شووشەیەکی گوللەنەبڕ لە پێشانگای هونەریی لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس پارێزراوە.