ناوهڕۆك
ناساندن
ئێرلەندای باکوور (بە ئینگیزی: Northern Ireland، بە عەرەبی: أيرلندا الشمالية، بە ئێرلەندی: Tuaisceart Éireann)، بەشێکە لە شانشینی یەکگرتوو کە بە شێوەیەکی جۆراوجۆر وەکوو وڵاتێک، پارێزگایەک یان هەرێمێک وەسف دەکرێت. ئیرلەندای باکوور دەکەوێتە باکووری ڕۆژەڵاتی دوورگەی ئێرلەندا، سنووری ئەم هەرێمە لە باشوور و ڕۆژاواوە لەگەڵ کۆماری ئێرلەندادا هاوبەشە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم هەرێمە لە ساڵی ٢٠١١ـدا ١٫٨١٠٫٨٦٣ کەس بوو، کە نزیکەی ٣٠٪ـی دانیشتووانی ئێرلەندا و نزیکەی ٣١ـی دانیشتووانی بەریتانیا پێکدەهێنێت. هەروەها ڕووبەرەکەی ١٤٫١٣٠ کیلۆمەتر دووجایە.
زانیاری گشتی
ناو | ئێرلەندای باکوور |
پایتەخت | بێڵفێست |
سەرۆک | چاڕلزی سێیەم |
یاسادانەر | ئەنجومەنی ئێرلەندای باکوور |
ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی ٢٠١١ | ١٫٨١٠٫٨٦٣ کەس |
زمان | ئینگلیزی و ئێرلەندی |
ڕووبەری گشتی | ١٤٫١٣٠ کیلۆمەتر دووجا |
ڕێڕەوی لێخوڕین | چەپ |
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی | +٤٤ |
دراو | یۆرۆ (€) |
HDI (٢٠١٩) | ٠٫٨٩٩ |
مێژوو
ئەو ناوچەیەی کە ئێستا ئێرلەندای باکوورە لەمێژە گەیلییە ڕەسەنەکانی لێ نیشتەجێ بووە و بە زمانی ئێرلەندی قسەیان کردووە و زۆرینەیان سەر بە ئایینی کاسۆلیکی بوون. ناوچەکە لە چەندین شانشینی گەلیک و مەڵبەند پێکهاتبوو و بەشێک بوو لە هەرێمی ئۆڵستەر. لە ساڵی ١١٦٩ـدا، ئێرلەندا لەلایەن هێزە هاوپەیمانییەکانەوە داگیرکرا کە لەژێر فەرمانی پادشایەتی ئینگلیزدا بوو و بەخێرایی دەستدرێژی کردە سەر زۆربەی دوورگەکان و داگیری دەکردن. بە پێچەوانەی تەواوی وڵاتەوە، شانشینە سەرەکییەکانی ئۆڵستەر زیاتر لەگەڵ دەسەڵاتی ئینگلیزیدا بە پارێزراوی دەمانەوە. هێزی ئینگلیزی وردەوردە لە بەرامبەر بەرخۆدانی سەرسەختی ئێرلەندی لە سەدەکانی دواتردا لاوازبوون؛ لە کۆتاییدا تەنها شاری دەبڵین و دەوروبەرەکەی لەژێر دەسەڵاتی ئینگلیزدا مایەوە. یاخیبوونی ئێرلەندی ساڵی ١٦٤١ لە ئۆڵستەر دەستی پێکرد. یاخیبووان دەیانویست کۆتایی بە هەڵاوارنێکی دژە کاسۆلیکی، خۆبەڕێوەبەری ئێرلەندا و کشانەوەی کۆلۆنییەکان بێنن کە لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ـدا هێزی ئینگلیزی زەوییەکانیانی زەوتکرد و دانیشتووی پرۆتستانتی ئینگلیزیی زمانی لە بەریتانیاوە تێدا جێگیرکرد. ئەم یاخیبوونە گەشەسەند و بوو بە ململانێیەکی نەتەوەیی لە نێوان کاسۆلیکەکانی ئێرلەندا و دانیشتووانی پرۆتستانتی بەریتانی، هەروەها بوو بە بەشێک لە شەڕی سێ شانشینی ساڵانی ١٦٣٩ بۆ ١٦٥٣، کە بە سەرکەوتنی پەرلەمانتارانی ئینگلیز کۆتایی هات.
ئیرلەندای باکوور لە ساڵی ١٩٢١ دروستکرا، کاتێک ئێرلەندا بەپێی یاسای حکوومەتی ئێرلەندا ساڵی ١٩٢٠ دابەشکرا، ئێرلەندای باکووریش بۆ شەش هەرێمی باکووری ڕۆژەڵات دابەش دەبێت. زۆربەی دانیشتوانی ئێرلەندای باکوور یەکێتیخوازەکان بوون، کە دەیانویست لە بەریتانیا بمێننەوە، ئەمانیش بەگشتی نەوەی پرۆتستانتی کۆلۆنیستەکانی بەریتانیای مەزن بوون. لە هەمان کاتدا، زۆرینەی دانیشتووانی ئێرلەندای باشوور و کەمینەیەکی بەرچاو لە ئێرلەندای باکوور ناسیۆنالیستە ئێرلەندییەکان و کاسۆلیکەکان بوون کە ئێرلەندایەکی سەربەخۆی یەکگرتوویان دەویست. ئەمڕۆ، یەکەمیان بەگشتی خۆیان بە بەریتانی دەزانن و دووەمیان خۆیان وەک ئێرلەندی دەناسێنن، لە کاتێکدا دانیشتووی ئێرلەندای باکوور لەلایەن کەمینەیەکی گەورەوە لە هەموو پاشخانەکانەوە بانگەشە دەکرێت.
ئابووری
ئیرلەندای باکوور هەر لە کۆنەوە ئابوورییەکی پیشەسازی هەبووە، دیارترینیان لە بواری کەشتیسازی و دروستکردنی پەت و تەوندا بووە، بەڵام پیشەسازییە خزمەتگوزارییەکان جێگەی قورسترین پیشەسازی وەکوو کانزا و دەزگا گەورەکانیان گرتەوە، بە پلەی یەکەم کەرتی گشتی. جگە لە کەرتی گشتی، لە سەدا حەفتای داهاتی ئابووری ئێرلەندای باکوور لە کەرتی خزمەتگوزارییەوە سەرچاوە دەگرێت. کەرتێکی گرنگی دیکەی خزمەتگوزاری بریتییە لە گەشتیاری، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا زیاتر لە ١٪ـی داهاتی ئابووری بووە. شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییە سەرەکییەکان بریتین لە، شارە مێژووییەکانی دێری، بێڵفێست و ئارماهـ، لەگەڵ قەڵا زۆرەکانی ئێرلەندای باکوور. ئابووری ناوخۆیی بەدرێژایی قەیرانی ئابووری گەورە کە لە ئاستی جیهانی و نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٩ـدا ڕوویدا، کاریگەری لەسەر ئابووری ئێرلەندای باکوور کرد و ئابووری هەرێمەکە سستی بەخۆیەوە بینی. هەروەها وەک هەموو شانشینی یەکگرتوو، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ (COVID-19) کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئابووری ئێرلەندای باکوور هەبوو، بەهۆی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و سنوردارکردنی چالاکییەکانەوە پیشەسازی گەشتیاری زیانێکی زۆری بەرکەوت.
دانیشتووان
ئێرلەندای باکوور بچووکترینی چوار پێکهاتەکەی شانشینی یەکگرتووە لەڕووی ڕووبەر و دانیشتووانەوە، کە ٢٫٩٪ـی کۆی دانیشتووان و ٥٫٧٪ـی کۆی ڕووبەری بەریتانیا لەخۆدەگرێت. وەک لە سەرژمێری بەریتانیا و لە ساڵی ٢٠١١ـدا تۆمارکراوە، ژمارەی دانیشتووانی ئێرلەندای باکوور ١٫٨١٠٫٨٦٣ کەسە، لە کاتێکدا لە سەرژمێری دە ساڵی پێشوو کە لە ساڵی ٢٠٠١ـدا جێبەجێکرا ژمارەی دانیشتووان ١٢٥٫٨٠٠ کەس بوو، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ژمارەی دانیشتووان بە ڕێژەی ٧٫٥٪ زیادی کردووە. هەروەها چڕی دانیشتووانی ئێرلەندای باکوور لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا ١٣٣ کەسە، چڕییەکەی نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە چڕی کۆماری ئێرلەندا. گەورەشاری بێڵفێست لە زیاتر لە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئێرلەندای باکوور پێک دەهێنێت. هەر بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێرلەندا بەم شێوەیە بوو:
- سپی پێست: ٩٨٫٢٨٪
- ئاسیایی: ١٫٠٦٪
- ڕەش پێست: ٠٫٢٠٪
- ڕەگەزی تێکەڵ: ٠٫٣٣٪
- نەتەوەکانی تر: ٠٫١٣٪
شوێنی لەدایکبوون
لە ساڵی ٢٠٠١ـدا ٩١٪ـی دانیشتووان لە ئێرلەندای باکوور، ٧٫٢٪ـی دانیشتووان لە ناوچەکانی دیکەی شانشینی یەکگرتوو و ئێرلەندا لەدایکبوون، هەروەها ١٫٨٪ـی دانیشتووان لە شوێنەکانی دیکەدا لەدایکبوون. لە ساڵی ٢٠١١، ڕێژەی کۆچبەرانی دەرەوەی بەریتانیا و ئێرلەندا بۆ ٤٫٣٪ بەرزبووەوە، لە کاتێکدا ڕێژەی لەدایکبوون لەنێویاندا (لە دەرەوەی ئێرلەندای باکوور) بۆ ٦٫٧٪ دابەزبووەوە. زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانی نا بەریتانی/ئیرلەندی لە شاری بێڵفێستن. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ ڕێژەی لەدایکبوونی دانیشتووانی ئێرلەندای باکوور بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
- ئێرلەندای باکوور: ٨٨٫٨٪
- ئینگلتەرا: ٣٫٦٪
- سکۆتلەندا: ٠٫٩٪
- وێڵز: ٠٫١٪
- کۆماری ئێرلەندا: ٢٫١٪
- یەکێتی ئەورووپا: ٢٫٥٪
- وڵاتانی تر: ٢٪
ئایین
وەک بەریتانیای مەزن (بەڵام بە پێچەوانەی زۆربەی کۆماری ئێرلەنداوە)، ئێرلەندای باکوور لە مێژوودا ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی سەر بە ئایینی پرۆتستانتی لێ بووە، لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، ٤٨٪ـی دانیشتووانی ناوچەکە یان پرۆتستانت بوون، یان پرۆتستانتیان پەروەردە کردووە، لە کاتێکدا ٤٥٪ـی دانیشتووان یان کاسۆلیکی بوون یان کاسۆلیکییان پەروەردە کردووە، هەروەها ١٠٫١٪ـی دانیشتووان بێ ئایینن و هیچ ئایینێک پەیڕەو ناکەن. لە ئێستادا زۆرینەی دانیشتووانەکەی سەر بە ئایینی کاسۆلیکیین.
زمان
زمانی ئینگلیزی باوترین زمانە لە ئێرلەندای باکووردا و زۆرترین قسەکەری هەیە لە ناوچەکەدا، خەڵکی ئێرلەندای باکوور بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و ئیرلەندی قسە دەکەن، کە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەری زمانی سکۆتلەندییان لەسەرە. ئەمەش بەهۆی دوو هۆکارەوەیە، یەکەمەیان بەهۆی پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ سکۆتلەندا کە بۆ ماوەی چەندین سەدە دەگەڕێتەوە، دووەمیشیان بەهۆی نیشتەجێبوونی پرۆتستانتەکانی سکۆتلەندا کە لە سەدەی ١٧ـدا لە ئۆڵستەر جێگیربوون. چەند زمانێکی دیکە لەلایەن کۆچبەرانەوە قسەیان پێ دەکرێت کە باوترینیان پۆڵەندییە. هەروەها بە پێچەوانەی کۆماری ئێرلەنداوە، ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی ئێرلەندای باکوور ناسنامەی نەتەوەیی بەریتانییان هەیە، زۆرێک لە خەڵکی ئێرلەندای باکوور ناسنامەی ئێرلەندی باکووریان هەیە، هەشە هەردوو ڕەگەزنامەکەی هەیە.
کەشوهەوا
کەشوهەوای ئێرلەندای باکوور ئۆقیانوسییە، مانگەکانی وەرزی زستان تا ڕادەیەک سارد و باراناوین، مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و بە شێوەیەکی ڕێژەیی بارانی لێ دەبارێت. بەرە هەواییەکانی ئەتڵەسی بێ وەستان یەک لەدواییەک بەسەر وڵاتدا دەجوڵێن، لە ئەنجامدا بەخێرایی ئاسمانی ئێرلەندای باکوور هەور دایدەگرێت و تایک دەبێت، یان تیشکی خۆر بە ئاسمانەوە دەدروەوشێتەوە یان بارانبارین دەست پێ دەکات. بەدەگمەن ئاسمان ڕوونە و کەشوهەوا گۆڕاو یان ناجێگیرە. زۆربەی کات با هەڵ دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان کۆتایی وەرزی پاییز و سەرەتای وەرزی بەهاردا بەهێزترە. هەروەها ڕێژەیەکی زۆر باران دەبارێت بەڵام لەڕادەبەدەر نییە.
وەرزی زستان، لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات دەخایەنێت، کەشی هەرێمەکە لەم وەرزەدا تا ڕادەیەک ساردە. ئاسمان زۆرجار هەوراوییە و ڕێژەی دابارین بەرزە، لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت ڕەشەبا هەڵبکات. شەپۆلەکانی سەرما دەگمەنن و بەزۆری کورتخایەنن. پلەکانی گەرما لە کاتەکانی شەودا کەمێک لە سەرووی پلەی بەستنەوەن، لە کاتێکدا لە کاتەکانی ڕۆژدا نزیکەی ٧ بۆ ٨ پلەی سەدییە. هەروەها بەدەگمەن بەفر دەبارێت، بە تێکڕایی لە ساڵێکدا چەند ڕۆژێکی کەم دەبارێت و ڕەنگە تەواوی زستان بە هیچ جۆرێک بەفر نەبارێت. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠ـدا تۆمارکرا، کاتێک پلەی گەرمی بۆ ١٨٫٧- پلەی سەدی دابەزی.
زۆربەی ناوچەکە تەختە، بەڵام گردیشی هەیە، بەتایبەتی، زنجیرە شاخەکانی سپێرین لە ڕۆژئاوا کە بەرزییەکەیان ٦٧٨ مەترە و زنجیرە شاخەکانی مۆرن لە باشووری ڕۆژهەڵات، کە بەرزییەکەیان ٨٥٠ مەترە، لەسەر ئەم گردانە، پلەکانی گەرما کەمێک نزمترن لە دەشتەکان، بۆیە بەفربارین کە لە ئاستی دەریادا دەگمەنە، لێرە لە مانگی تشرینی دووەم تا نیسان بەڕێژەیەکی زۆر دەبارێت.
بەهاری ئەم هەرێمە، لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئایار دەخایەنێت، لە سەرەتادا، واتە لە مانگی نیسان و هەندێکجاریش لە مانگی ئایاردا کەش زۆر ساردە، لە بەرامبەردا بەهار کەم باراناویترین و خۆرەتاوترین وەرزی ساڵە.
وەرزی هاوین، لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئاب بەردەوام دەبێت، پلەکانی گەرما خۆشن و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ١٨ بۆ ١٩ پلەی سەدییە. هەروەها لەم وەرزەدا ڕێژەی دابارین بەرزە. بەڵام هەندێکجار پلەکانی گەرما بۆ ٢٥ پلەی سەدی یان زیاتر بەرز دەبنەوە، بەڵام هەرگیز ناگەنە ٣٠ پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣١٫٣ پلەی سەدییە کە لە مانگی تەممووزی ٢٠٢١ـدا تۆمارکرا.
پاییز ئێرلەندای باکوور، لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت، ئاسمانی هەرێمەکە لەم وەرزەدا هەوراوییە و کەش باراناوییە. هەروەها هەندێک کات بای هەیە و بە کەمی تیشکی خۆر بە ئاسمانەوە دەدرەوشێتەوە. ئاسمانی ئیرلەندای باکوور زۆرجار هەوراوییە، بۆیە بەدەگمەن خۆر دەبینرێت، ساڵانە ١٫٢٠٠ بۆ ١٫٤٠٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بە ئاسمانەوە دەدرەوشێتەوە.
باشترین کات بۆ سەردانکردنی
باشترین کات بۆ سەردانکردنی ئێرلەندای باکوور وەرزی هاوینە، لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئاب، چونکە مامناوەندترین وەرزی ساڵە. لەم کاتەدا باران زووزوو دەبارێت، زۆرجار هەوا زۆر فێنکە (بەتایبەت لە مانگی حوزەیران)، بەڵام ڕۆژەکان درێژن و هیواخوازیت لەو ئاسمانە هەوراوییەدا خۆر ببینیت. لە مانگی ئەیلوولدا، پلەکانی گەرما هێشتا خۆشن، بەڵام ڕۆژەکان کورتترن بە بەراورد بە مانگی پێشوو.