ناوهڕۆك
ناساندن
کودەتای تورکیا لە ساڵی ١٩٦٠ (بە ئینگلیزی: 1960 Turkish coup d'état، بە عەرەبی: الانقلاب العسكري التركي 1960) یەکەم کودەتا بوو لە کۆماری تورکیا کە لە ٢٧ی ئایاری ١٩٦٠ ڕوویدا. کودەتاکە لەلایەن کۆمەڵێک لە ٣٨ ئەفسەری سەربازی گەنجی تورکیا ئەنجامدرا، کە لە دەرەوەی زنجیرەی فەرماندەیی سەربازی کاریان دەکرد. ئەفسەرەکان تا وادەی ڕاستەقینەی کودەتاکە بە دیفاکتۆ لەلایەن جەمال مادانۆغڵوەوە سەرکردایەتی دەکران. کودەتاکە دژی حکوومەتی هەڵبژێردراوی پارتی دیموکرات ئەنجامدرا و لە کۆتاییدا بووە هۆی لەسێدارەدانی سەرۆکوەزیرانی پارتی دیموکرات، عەدنان مێندەرێس، شانبەشانی دوو وەزیرەکەی، فاتین ڕوشتو زۆرلو و حەسەن پۆلاتکان.
پاشخان
ڕووداوەکە لە کاتێکدا ڕوویدا کە هەم گێژاوی کۆمەڵایەتی-سیاسی و هەم سەختی ئابووری ڕوویدابوو لە وڵات، چونکە یارمەتییەکانی ئەمریکا لە دوکتورینی ترومان و پلانی مارشالەوە بەرەو تەواوبوون دەچوو و بۆیە عەدنان مێندرێسی سەرۆکوەزیران پلانی دانا سەردانی مۆسکۆ بکات بە هیوای دامەزراندنی هێڵی قەرزی ئەڵتەرناتیڤ.
کودەتا
سەرهەنگ ئەلپارسلان تورکێش لەو ئەفسەرانە بوو کە سەرکردایەتی کودەتاکەیان کرد. ئەندامی حوکمڕانی (کۆمیتەی یەکێتیی نیشتمانی) بووە و لەنێو یەکەم ١٦ ئەفسەردا بووە کە لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ١٩٤٨ مەشقیان پێکرابوو. بەم شێوەیە، ئەو بە ڕوونی دژە کۆمۆنیزم و باوەڕ و وەفاداری خۆی بۆ ناتۆ هەبوو، بەرەبەیانی ٢٧ی ئایار، تورکێش لە ڕێگەی ڕادیۆوە کودەتاکەی ڕاگەیاند، و وتی "کۆتایی قۆناغێک لە مێژووی تورکیادا، و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی":
نەتەوەی گەورەی تورک؛ لە کاتژمێر ٣:٠٠ی بەیانی ٢٧ی ئایارەوە، هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئیدارەی سەرتاسەری وڵاتەکەیان گرتووە دەست. ئەم ئۆپەراسیۆنە، لە سایەی هاوکاری نزیکی هەموو هاووڵاتیان و هێزە چەکدارەکانمان، بەبێ لەدەستدانی گیانی، سەرکەوتوو بووە. تا ئاگادارییەکی دیکە قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە، تەنها بۆ ئەندامانی هێزە چەکدارەکان هاتووچۆ ڕێگەپێدراوە. داوا لە هاووڵاتیانمان دەکەین کە ئاسانکاری بۆ ئەرکی هێزە چەکدارەکانمان بکەن، و هاوکار بن لە دامەزراندنەوەی دەسەڵاتی دیموکراسی خوازراو لە ئاستی نیشتمانیدا." (ئەلپارسلان تورکێش، پەخشی ڕادیۆیی ئایار، ٢٧ی ١٩٦٠)
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی دواتر جەمال گورسێل جەختی لەوە کردەوە کە "ئامانجی کودەتاکە ئەوەیە وڵات بە هەموو خێرایییەکەوە بگەیەنێتە دیموکراسییەکی دادپەروەر و پاک و تۆکمە". بەڵام گرووپێکی گەنجتر لەناو جونتا (ئەنجوومەنی سەربازی) لە دەوروبەری تورکێش پشتگیریان لە سەرکردایەتییەکی سەربازی چەسپاو دەکرد، دەسەڵاتێکی تاکڕەوانە هاوشێوەی کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن یان وەک ڕژێمی سەردەمی موستەفا کەمال ئەتاتورک. پاشان ئەم گرووپە هەوڵیدا ١٤٧ مامۆستای زانکۆ لە کارەکەیان دووربخەنەوە. پاشان ئەمەش کاردانەوەی ئەفسەرانی ناو جونتای بەدوای خۆیدا هێنا کە داوای گەڕانەوە بۆ دیموکراسی و سیستەمی فرە حیزبییان دەکرد، دواتر تورکێش و گرووپەکەی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
جونتا ٢٣٥ جەنەڕاڵ و زیاتر لە ٣ هەزار ئەفسەری دیکەی ڕاسپێردراوی ناچار کرد خانەنشین ببن؛ زیاتر لە ٥٠٠ دادوەر و داواکاری گشتی و ١٤٠٠ ئەندامی فاکەڵتی زانکۆی پاککردەوە و سەرۆکی ئەرکانی گشتی و سەرۆک و سەرۆکوەزیران و ئەندامانی دیکەی ئیدارەکەی خستە زیندانەوە. چەند سەد کەسایەتی ناسراوی کوردی عەلەوی لە کەمپێکی شاری سیواس دەستبەسەر کران. دواتریش فەرماندەی سوپا، جەنەڕاڵ جەمال گورسێلی وەک سەرۆکی کاتیی دەوڵەت و سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری دانا.
دوای کودەتا
وەزیری ناوخۆ، نامیک گێدیک، لەکاتێکدا لە ئەکادیمیای سەربازی تورکیا دەستبەسەرکرابوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. سەرۆک جەلال بەیار و عەدنان مێندەرێسی سەرۆک وەزیران و چەند ئەندامێکی دیکەی ئیدارەکە لەبەردەم دادگایەکدا دادگایی کران کە لەلایەن دەوڵەتەوە لە دوورگەی یاسیدا لە دەریای مەڕمەڕە دەستنیشانکرابوو. ئەو سیاسەتمەدارانە بە تۆمەتی خیانەتی گەورە، خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی و هەڵوەشاندنەوەی دەستوور تۆمەتبار کران.
دادگاکان بە لەسێدارەدانی وەزیری دەرەوە فاتین ڕوشتوو زۆرلو و وەزیری دارایی حەسەن پۆلاتکان لە دوورگەی ئیمرالی لە ١٦ی ئەیلوولی ١٩٦١ و عەدنان مێندەرێس لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٦١ کۆتاییان هات. جەلال بەیار لەسێدارە نەدرا، بەڵکوو لە زیندانی ئیمرالی زیندانی کرا. لە ٩ی تەممووزی ١٩٦١ گشتپرسییەکی دەستووری ئەنجامدرا، دەستوورێکی نوێ داڕێژرا بۆ جێگرتنەوەی دەستووری ساڵی ١٩٢٤. لە لایەن ٦١.٧%ی دەنگدەرانەوە پەسەند کرا.
دوای مانگێک لە لەسێدارەدانی مێندێرس و ئەندامانی دیکەی حکوومەتی تورکیا، هەڵبژاردنی گشتی لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٦١ ئەنجامدرا، دەسەڵاتی کارگێڕی گەڕێنرایەوە بۆ خەڵکی سڤیل، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی تا مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٦٥ بەردەوام بوو لە زاڵبوون بەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا. ئینۆنو بۆ سێیەمجار لە ساڵی ١٩٦١ تا ١٩٦٥ پۆستی سەرۆکوەزیرانی تورکیای بەدەستهێنا. سەرهەنگ تەلعەت ئایدەمیر دوو کودەتای شکستخواردووی لە شوباتی ١٩٦٢ و ئایاری ١٩٦٣ ڕێکخست. لە یەکەم هەڵبژاردنی ئازاددا دوای کودەتاکە، لە ساڵی ١٩٦٥، سولەیمان دەمیرێل هەڵبژێردرا و تا ساڵی ١٩٧١ ئەو پۆستەی بەدەستەوە بوو، دواتر بە یاداشتێکی سەربازی دوورخرایەوە.