چۆن متمانە بەخۆبوونمان زیاد بکەین؟

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2023-01-10-23:30:00 - کۆدی بابەت: 10869
چۆن متمانە بەخۆبوونمان زیاد بکەین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن متمانە بەخۆبوونمان زیاد بكەین؟ (بە ئینگلیزی: ?How can we increase our self-confidence، بە عەرەبی: كيف يمكننا زيادة ثقتنا بأنفسنا؟)، ئایا باوەڕت بەخۆت نییە؟ ئایا چەندین جار هەوڵت داوە متمانە بەخۆبوونت زیاد بکەیت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوویت؟ نەبوونی متمانە بەخۆبوون دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە ژیانماندا، هەر لە نەگەیشتن بە خەونەکانمانەوە بیگرە تا چێژ وەرنەگرتن لە ژیان! متمانە بەخۆبوون زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی جەستەیی و دەروونیت، هەروەها هەبوونی متمانە بەخۆبوون دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە سەرکەوتنەکانت لە ژیانی کەسی و پیشەییدا. ئەگەر دەتەوێت باوەڕت بەخۆت هەبێت و متمانەت بەخۆت زیاد بکات، پێویستە گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتەکانتدا بکەیت. 

چۆن متمانە بەخۆبوونمان زیاد بکەین؟

ئەوە تۆیت کە دەبیتە هۆی زیاد یان كەمبوونی متمانە بەخۆبوونت. خۆشبەختانە هەنگاو هەیە کە دەتوانیت بیگریتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی متمانەت. بۆیە ئەگەر تۆش بەدوای وەڵامدا دەگەڕێیت بۆ ئەو پرسیارەی کە چۆن متمانە بەخۆبوونێکی بەرزت هەبێت، خوێندنەوەی ئەم خاڵانەی خوارەوە لەدەست مەدە.

  1. چاوێک بە خۆتدا بخشێنەوە: بۆ زیادکردنی متمانە بەخۆبوون، پێویستە هەڵسەنگاندنێکی ورد و ڕاستگۆیانەت بۆ تواناکانت هەبێت. ئەگەر لاوازییەک لە لێهاتووییەکانتدا دەبینیت، هەوڵبدە بەهێزیان بکەیت و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان کەم بکەیتەوە. پشتگوێخستنی خاڵە لاوازەکانت نابێتە هۆی نەمانیان. هەروەها بە زانینی توانا و خاڵە بەهێزەکانت، دەتوانیت هەندێک لەو قسە و ڕەخنە بێ بنەمایانەی لێتدەگیرێت ڕەت بکەیتەوە و ئەمەش خۆی متمانە بەخۆبوون زیاد دەکات.
  2. خۆت بەدوور مەگرە: جاری داهاتوو کە هەستت كرد خۆت بە دوور دەگریت لە ئەنجامدانی كارێك (بانگێشتکردنت بۆ ئاهەنگێک، پڕۆژەیەک یان هەر شتێکی تر) بە هەر شێوەیەک بێت ئەنجامی بدە.
  3. خۆت بەراورد مەکە لەگەڵ کەسانی تر: بەراوردکردنی خۆت بە کەسانی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان بەراوردکردنی داهاتەکەت بە داهاتی هاوڕێکەت بە هیچ شێوەیەک بەراوردێکی تەندروست نییە. ئەو کەسانەی خۆیان بە کەسانی تر بەراورد دەکەن، ئیرەیی بە كەسانی تر دەبەن و تا زیاتر ئیرەیی ببەن، هەستیان بەرامبەر بە خۆیان خراپتر دەبێت. سامان، موڵک، لێهاتوویی، دەستکەوت و تایبەتمەندییەكانت بەراورد مەکە لەگەڵ کەسانی تر. بیرکردنەوە لەوەی کە ئەوانی تر لە تۆ باشترن یان زیاتریان هەیە، متمانە بەخۆبوونت لەناو دەبات. کاتێک هەستت كرد کە خۆت بەراورد دەکەیت بە کەسانی تر، بە بیر خۆتی بێنەرەوە کە ئەنجامی ئەو كارە باش نییە.
  4. پارێزگاری لە جەستەت بكە: ئەگەر پارێزگاری لە جەستەت نەكەیت، بە دڵنیاییەوە هەستێكی باشت بەرامبەر بە خۆت نابێت. کەم خەوی، خۆراکی ناتەندروست و وەرزش نەكردن کاریگەری لەسەر تەندروستیت دەبێت. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە زیادکردنی چالاکیی جەستەیی متمانە بەخۆبوون زیاد دەکات.
  5. بەدوای سەرکەوتنە بچووکەكانەوەبە: کەسانێك كە متمانەیان بەخۆیانە پێشوازی لە بەرەنگاری و کێبڕکێكان دەکەن، تەنانەت ئەگەر ئەنجامەكەی سەرکەوتنی بچووکیش بێت. سەرکەوتنە بچووکەکان وەرگرەکانی ئەندرۆجین لە مێشکدا بەهێز دەكات. وەرگرەکانی ئەندرۆجین بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی هەستی سوپاسگوزاری و پاڵنەر. زیادبوونی ئەم وەرگرانە کاریگەری هۆرمۆنی تێستێسترۆن زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانە بەخۆبوون و ئارەزووی قبوڵکردنی بەرەنگاری زیاتر. کەواتە لەگەڵ سەرکەوتنە بچووکەکان بەڵام بەردەوامەکاندا، هەمیشە متمانە بەخۆبوون بەرز دەبێتەوە.
  6. هاوسۆزبە لەگەڵ خۆتدا: هاوسۆزی واتە کاتێك هەڵە دەکەیت، شکست دەهێنیت یان هاوشێوەکانی بتوانیت لەگەڵ خۆتدا میهرەبان بیت. ئەگەر لەم جۆرە بارودۆخانەدا خۆت سەرزەنشت بکەیت، نەک تەنها نابێتە هۆی زیادكردنی پاڵنەر و چارەسەری کێشەکە، بەڵکو لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە کاریگەری پێچەوانەی هەیە. هەروەها دەریدەخەن کە هاوسۆز بوون بەشدارە لە زیاتر بوونی متمانە بەخۆبوون.
  7. ڕووبەڕووی ترسەکانت ببەوە: هەندێک جار، مرۆڤ كارەكانی ڕادەگرێت تاوەکو متمانە بەخۆبوونی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بەدەستبهێنێت. بۆ نموونە ڕەنگە بەهۆی بەهۆی نەبوونی متمانە بەخۆبوون بەردەوام میوانییەك دوابخات. بەڵام هەندێک جار باشترین ڕێگە بۆ بەرزکردنەوەی متمانەت بەخۆت ئەوەیە کە ئەنجامی بدەیت. ئەگەر لە ئەنجامدانی هەندێک کار دەترسیت بەهۆی نەبوونی متمانە بەخۆبوونەوە، ئەوا ئەو کارانە بکە. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە مافی ڕاهێنان كردن لە خۆت بسەنیتەوە. بۆ نموونە ئەگەر ووتارێكی گرنگت هەبوو، ئەوا لەبەردەم هاوڕێ و خێزانەکەت ڕاهێنان بکە بۆ ئەوەی متمانەی زیاتر بەدەست بهێنیت. بەڵام چاوەڕێی ئەوە مەکە پێش ئەوەی وتار بدەیت ١٠٠% ئامادەییت هەبێت. چونکە ڕەنگە هەرگیز نەگەیتە ئەم ڕێژەیە لە دڵنیایی.
  8. خۆت تاقی بکەرەوە: کاتێک مێشکت پێت دەڵێت پێویست ناکات لە کۆبوونەوەیەکدا قسە بکەیت یان پێویست ناکات زیاتر لەوەی لە تواناتدایە بیکەیت، ئەوە بیر خۆت بخەرەوە کە بیرکردنەوەکانت هەمیشە ورد نین و هەندێکجار باشترین ڕێگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بیركردنەوەیە، بەرەنگار بوونەوەی خۆتە. هەوڵبدە ئەو کارانە بکەیت کە مێشکت پێت دەڵێت ناتوانیت. بە خۆت بڵێ تەنها تاقیکردنەوەیەکی سادەیە و بیکە و بزانە چی ڕوودەدات. لەوانەیە بۆت دەرکەوێت کە دوای ئەوەی هەموو جارێک ئەم کارە دەکەیت، ئەنجامەکەی بە باشی دەڕوات، بە پێچەوانەی وێنەی زەینی خۆت، هەروەها هەر جارێک کە بەرەو پێشەوە دەڕۆیت متمانەی زیاتر بەدەستدەهێنیت.
  9. بیرکردنەوە نەرێنییەکان بوەستێنە: هەوڵبدە ئەم بیرکردنەوانە بوەستێنیت كە هەر جارێک بە خۆت دەڵێیت ناتوانیت هیچ شتێك بەدەست بهێنیت یان بە ئەندازەی پێویست باش نیت بۆ بەدەستهێنانی ئارەزوەكانت.
  10. بەرپرسیارێتی ژیانت لە ئەستۆ بگرە: تەنانەت بۆ یەک چرکەش بیر مەکەرەوە، كە ناتوانیت متمانەت بەخۆت هەبێت. لە ئێستادا تۆ بەرپرسیاریت لە زۆر شت کە بە متمانەوە ئەنجامی دەدەیت. تەنها پێویستە بیانناسیتەوە بۆ ئەوەی هەست بە باشییەكی زیاتر بکەیت. بیر لەو کارانە بکەرەوە کە ئەنجامی دەدەیت بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكەیتەوە کە ئایا ئەوەندە متمانەت بەخۆت هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانە یان نا.
  11. خۆت بە کەسانی سەرکەوتوو دەورە بدە: لە دەوری کەسانێک بن کە وا دەکەن هەست بە خۆتان بکەن، بۆیە کاتێکی زیاتر لەگەڵ ئەو کەسانە بەسەر بەرە کە پشتگیریت دەکەن و هانت دەدەن، كەمترین كات لەگەڵ ئەو کەسانە بەسەر بەرن کە بە کەم سەیرتان دەکەن.
  12. خۆت سەرزەنشت مەکە: ئایا کاتێک كارێك بە باشترین شێوە ئەنجام نادەیت یان دەرفەتێک لەدەست دەدەیت لە خۆت توڕە دەبیت؟ خۆت سەرزەنشت مەكە چونکە وادەكات هەست بە خراپتر بكەیت. بەڵکو بە تەواوی ڕاستگۆبە لەگەڵ خۆت و بپرسە چیت لەو بارودۆخە بەدەستهێناوە و چیت لەدەستداوە. بە پشتبەستن بەمە دەتوانیت جاری داهاتوو هەڵبژاردەیەكی جیاوازترت هەبێت. بۆیە باشتر وایە بە قبوڵکردنی هەر شتێکی باش یان خراپ هەوڵ بدەیت ژیانێكی باشتر بژیت.
  13. واز لە شەرمنی بهێنە: ئایا شەرم دەکەیت لەکاتی ناسینی کەسانی نوێ؟ باشە، شەرمن بوون خراپ نییە و مانای ئەوە نییە متمانەت بەخۆت نییە. زۆر توند مەبە لەگەڵ خۆت و وا بیرمەكەرەوە كە کەمتریت لەوەی کە پێویستە. بەم بیرکردنەوەیە شەرمنیەکەت خراپتر دەبێت.
  14. دەربارەی خۆت ئەرێنی بیربكەرەوە: بیری خۆتی بخەرەوە کە بەبێ گوێدانە کێشەکانت، تۆ ناوازە و بەنرخی و شایەنی ئەوەیت هەست بە باشی بکەیت بەرامبەر بە خۆت. هەر بیرکردنەوەیەکی نەرێنی کە لەبارەی خۆتەوە هەتبێت، وەک "من كەسێكی دۆڕاوم"، "هیچ شتێک بە باشی ئەنجام نادەم"، یان "کەس منی خۆشناوێت" دەستنیشان بکە و مەیهێڵە.
  15. یارمەتی لە کەسانی تر وەربگرە: بە هاوڕێ و ناسیاوەکانت بڵێ بارودۆخەکەت چۆنە و سوود لە ئامۆژگاری و پشتگیرییەکانیان وەربگرە. ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەوانیش کێشەی لەو جۆرەیان هەبێت، لەم حاڵەتەدا، لەوانەیە بتوانیت گروپێکی پشتیوانی پێکبهێنیت.
  16. لەبەرکردنی جلوبەرگی گونجاو: کاتێک باش دەردەکەویت، ئەوانی تر بە شێوەیەکی جیاواز دەتبینن. بە خۆشۆردن، ڕێكخستنی ڕوخسارت و لەبەرکردنی جل و بەرگی خاوێن دەتوانێت ئەو متمانەیەت پێببەخشێت کە پێویستتە. کاتێک جوان دەردەکەویت، هەستێكی باشترت بەرامبەر بە خۆت دەبێت. ژیان و كارەكانت بە شێوەیەك ڕێکبخە كە لەگەڵ کەسایەتیتدا بگونجێت و وابکەیت هەست بە باشتربوونی خۆت بکەیت، هەموو ئەمانە متمانە بەخۆبوونت بەهێزتر دەکەن.
  17. گرنگیدان بە شێوازی وەستانت: ئەگەر شانەكانت بۆ خوارەوە بێت و بە سستی و بێهێزییەوە قسە بکەیت، هەروەها كاتێك حەزی خۆت بەرامبەر ئەو كارەی دەیكەیت پیشان نادەیت، ئەوە مانای ئەوەیە کە متمانەی پێویستت بەخۆت نییە. ڕاست بوەستە، سەرت بەرز بکەرەوە و لە کاتی قسەکردندا سەیری چاوی بەرامبەرەكەت بكە. بە ڕاهێنان كردن لەسەر ئەم شتانە، نەک هەر وا لە کەسانی دیکە دەکەیت هەستێكی ئەرێنییان هەبێت بەرامبەرت، بەڵکو هەست بە هێزێكی زیاتریش دەکەیت.
  18. بەدەنگی بەرز، بوێرانە و سەرنجڕاکێشانە قسە بکە: ئەگەر لەو كەسانەیت کە دەترسیت لە قسەكردن بە دەنگی بەرز و لەبەردەم خەڵکدا، هەر ئێستا دەست پێبکە. هەوڵبدە بە تۆنێکی بوێرانە و سەرنجڕاکێش قسە بکەیت، بەم شێوەیە متمانەت بەخۆت زیاد دەبێت. لەبیرت نەچێت لە هەموو بارودۆخێکدا تۆن و قسەکردنی گونجاو بەکاربهێنیت. ئێمە هەمان جۆری قسەکردن بۆ پیرە پیاوێک و بۆ منداڵێک بەکارناهێنین. 
  19. سوپاسگوزار بە: لەبری ئەوەی جەخت لەسەر کەموکوڕی و لاوازییەکانت بکەیتەوە، لیستێک لەو شتانە دروست بکە کە هەتە و هەموو ڕۆژێک کات بۆ سوپاسگوزاری تەرخان بکە. پێداچوونەوە بە سەرکەوتنەکانی ڕابردووت و لێهاتووییە ناوازەکانت و جوڵە ئەرێنییەکانتدا بکە.
  20. ستایشی كەسانی تر بكە: کاتێک هەستێكی ئەرێنیمان نییە دەربارەی خۆمان سوکایەتی بە کەسانی تر دەکەین. بۆ گۆڕینی پێویستە فێر بیت ستایشی کەسانی تر بکەیت و دوور بکەویتەوە لە قسەکردن لەسەر کەسانی تر. كاتێك ستایشی كەسانی تر دەكەیت، متمانە بەخۆبوونت زیاد دەبێت. وە دوا وشە ئەوەیە کە لەبیرت بێت کە درێژترین ڕێگاکان بە هەنگاوێکی بچووک دەست پێدەکات و ئەگەر ئارامت هەبێت، دەتوانیت بە ئاسانی متمانەت بەخۆت زیاد بکەیت.


سەرچاوەکان



637 بینین