ناوهڕۆك
ناساندن
سۆفیا (بە ئینگلیزی: Sofia، بە بولگاری: София، بە عەرەبی: صوفيا)، پایتەخت و گەورەترین شاری بولگاریایە و دەکەوێتە دۆڵی سۆفیا لە دامێنی چیای ڤیتۆشا لە بەشەکانی ڕۆژاوای وڵات. شارەکە لە ڕۆژئاوای ڕووباری ئیسکار (Iskar) دروستکراوە و چەندین کانیاوی کانزایی هەیە. سۆفیا کەشوهەوایەکی کیشوەری شێداری هەیە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ١٫٢٤٨٫٤٥٢ کەس بوو و ڕووبەرەکەشی ٤٩٢ کیلۆمەتر دووجایە.
مێژوو و گرنگی شارەکە
سۆفیا لانیکەم لە حەوت هەزار ساڵ پێش زایینەوە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان بووە. شارەکە لە کۆتایی سەدەی چواردەدا بەناوی کڵێسا سەرەکییەکەیەوە (سەینت سۆفیا) کە بە هێمای شارەکە دادەنرا ناوی ئێستای (سۆفیا)ـی لێنرا. شارەکە بوو بە ناوەندێکی گەورەی کارگێڕی، ئابووری، کولتووری و ئەدەبی تا لە ساڵی ١٣٨٢ کەوتە ژێر دەستی عوسمانییەکان و لە سنووری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا مایەوە تا ڕزگارکردنی لە ٤ـی کانوونی دووەمی ١٨٧٨، پاشان و دوای تەنها یەک ساڵ، لە ٣ـی نیسانی ساڵی ١٨٧٩ـدا وەک پایتەختی نیشتمانی ناسێندرا و لە ساڵی ١٨٨٠ـدا پێنجەم گەورەترین شاری وڵاتەکەی بوو. شارەکە ناوەندی ڕۆشنبیری و پیشەسازییە و زیاتر لە ١٦ زانکۆی حکوومی (لەوانەش زانکۆی سۆفیا کە لە ساڵی ١٨٨٨ دامەزراوە) و چەندین زانکۆی ئەهلی تێدایە. ئەم شارە لە ساڵی ٢٠١٩ـدا بە پایتەختی ڕۆشنبیری ئەورووپا دانرا.
سۆفیا ١٣ـیەم گەورەترین شاری یەکێتی ئەورووپایە، شارەکە بە بناری سێ شاخ دەورە دراوە ئەوانیش، ڤیتۆشا لە لای باشوور، لیولین لە لای ڕۆژئاوا و زنجیرە چیای باڵکان لە باکوور، ئەمەش وا دەکات ببێتە سێیەم بەرزترین پایتەختی ئەورووپا لە دوای ئاندۆرا لا ڤێلا و مەدرید. زۆرێک لە زانکۆ گەورە ناوخۆییەکان و دامەزراوە کولتوورییەکان و کۆمپانیا بازرگانییەکان دەکەونە سۆفیاوە، شارەکە بە "سێگۆشەی لێبوردەیی ئایینی" وەسف کراوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سێ پەرستگای سێ ئایینی گەورەی جیهانی، مەسیحی، ئیسلام و جوولەکە، کەوتونەتە نزیک یەکەوە. ئەم سێگۆشە لەم دواییانەدا فراوانتر کراوە بۆ "چوارگۆشە" و كاتێدراڵی کاسۆلیکیش لەخۆ دەگرێت.
سۆفیا وەکوو یەکێک لە دە باشترین شوێنە سەرەکییەکان بۆ دەستپێکردنی کاری بازرگانی لە جیهاندا دەستنیشان کراوە، بەتایبەتی لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاری. ئەم شارە لە ساڵی ٢٠١٣ـدا نرخ گونجاوترین پایتەختی ئەورووپا بوو بۆ سەردانکردن. لە ساڵی ١٩٧٩ کڵێسای بۆیانا لە سۆفیا خرایە لیستی میراتی جیهانییەوە.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی سۆفیا لە کۆتایی سەدەی ١٨ـدا ٧٠ هەزار کەس بوو ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٨٧٠ بۆ ١٩ هەزار کەس و لە ساڵی ١٨٧٨ـدا بۆ ١١٫٦٤٩ کەس دابەزی. دوای ئەوە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و لە ئێستادا نزیکەی ١٫٢٤ ملیۆن دانیشتووی هەیە. ناوچەی شارستانی سۆفیا نزیکەی ١٫٥٤ ملیۆن دانیشتووی هەیە لە ڕووبەری ٥٫٧٢٣ کیلۆمەتر دووجادا، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی گەورەناوچەی سۆفیا ١٫٦٦ ملیۆن کەسە. بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠١٨، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ١٫٤٠٠٫٣٨٤ کەسە، لە یەکەم سەرژمێری شارەکەدا کە لە شوباتی ساڵی ١٨٧٨ـدا لەلایەن سوپای ڕووسیاوە ئەنجامدرا، ژمارەی دانیشتووانی سۆفیا ١١٫٦٩٤ کەس بوو کە ٦٫٥٦٠ـیان بولگاری، ٣٫٥٣٨ـیان جوولەکە، ٨٣٩ـیان تورک و ٧٣٧ کەسیان ڕۆمانی بوون.
ڕێژەی ژنان لە هەر ١٫٠٠٠ پیاوێکدا ١٫١٠٢ کەس و ڕێژەی لەدایکبوون لە هەر ١٠٠٠ کەسدا ١٢٫٣ کەس بوو، ئەم ڕێژەیەش لە ٥ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام زیادی کردووە. هەروەها ڕێژەی مردن کەمیکردووە و گەیشتووەتە ١٢٫١ لە هەر میلێکدا، سەرەڕای ئەوەش ڕێژەی گەشەی سروشتی بەدرێژایی ساڵی ٢٠٠٩ لە هەر میلێکدا ٠٫٢ بوو، کە یەکەم ڕێژەی گەشەی ئەرێنی بوو لە ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵدا. کۆچی دانیشتووان لە ناوچە هەژارەکانی وڵاتەوە بۆ پایتەخت و هاتنی گوندنشینەکان بۆ ناوچە شارستانییەکان لەنێو هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی سۆفیا بوون. ڕێژەی مردنی منداڵی ساوا لە هەر ١٫٠٠٠ کەسدا ٥٫٦ بوو، بە بەراورد بە ساڵی ١٩٨٠ کە ١٨٫٩ بوو.
بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، دانیشتووی تەمەن ٢٠ بۆ ٢٤ ساڵ زۆرترین گرووپی دانیشتووانی شارەکە بوون، کە ژمارەیان ١٣٣٫١٧٠ کەسە و ١١٪ـی کۆی گشتی ١٫٢٠٢٫٧٣٨ کەس پێکدەهێنن. جگە لەوەش تەمەنی مامناوەندی دانیشتووان ٣٨ ساڵییە. بەپێی سەرژمێرییەکە، ١٫٠٥٦٫٧٣٨ کەس کە دەکاتە ٨٧٫٩٪ـی دانیشتووان بولگاری، ١٧٫٥٥٠ کەسیان کە دەکاتە ١٫٥٪ـی دانیشتووان ڕۆمانی، ٦٫١٤٩٪ـیان کە دەکاتە ٠٫٥٪ـی دانیشتووان تورک، ٩٫٥٦٩ـیان کە دەکاتە ٠٫٨٪ـی دانیشتووان سەر بە نەتەوەکانی تر بوون، ٦٫٩٩٣ کەسیان کە دەکاتە ٠٫٦٪ـی دانیشتووان نەتەوەی خۆیان نەناساند و ١٠٥٫٧٦٢ کەسیشیان کە ٨٫٨٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنابوو ئەندامێتی خۆیان بۆ هیچ کام لە نەتەوەکان ڕانەگەیاند.
بەپێی زانیارییەکانی سەرژمێریی ساڵی ٢٠١١، نزیکەی یەک لەسەر سێی تەواوی دانیشتووانی شارەکە بڕوانامەی زانکۆیان بەدەستهێناوە. لەنێو دانیشتووانی تەمەن ١٥ بۆ ٦٤ ساڵی ٢٦٥٫٢٤٨ کەسیان کە ٢٨٫٥٪ـی دانیشتووانن لەڕووی ئابوورییەوە چالاک نین، هەروەها گرووپێکی ترن کە ٥٥٫٥٥٣ کەس و ٦٪ـی دانیشتووانن، کە بەشێکی زۆریان خوێندنی باڵایان تەواو کردووە بێکارن. زیاتر لە ٩٩٫٦٪ـی نێر و مێی تەمەن سەرووی نۆ ساڵ بە خوێندەوار تۆمارکراون. گەورەترین گرووپی دانیشتووانی سەروو ٢٠ ساڵ کە ٤٦٫٣٪ـی دانیشتووانن هاوسەرگیرییان کردووە، ٤٣٫٨٪ـی دانیشتووان سەڵت (سینگڵ)ـن و ٩٫٩٪ـی تر بە جۆرێک لە جۆرەکان پێکەوە دەژین. بەگشتی زۆرینەی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان گەشتۆتە ٤٠ ساڵ و سەروو ٧٠ ساڵ هاوسەرگیریان نەکردووە. ٤٦٫٨٪ـی خێزانەکان لە دوو کەس پێکهاتوون، ٣٤٫٢٪ـی خێزانەکان لە سێ کەس و ٣٦٫٥٪ ـی تریان تەنها لە یەک کەس پێکدێن.
ئایین
بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، نزیکەی ٨٩٢٫٥١١ کەس کە ٦٩٫١٪ـی دانیشتووان بوو پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات بوون، ١٠٫٢٥٦ کەس کە کردییە ٠.٨٪ـی دانیشتووان وەک پرۆتستانت خۆیان دا لە قەڵەم، ٦٫٧٦٧ کەس کە کردییە ٠٫٥٪ـی دانیشتووان مسوڵمان، ٥٫٥٧٢ کەس کە کردییە ٠٫٤٪ـی دانیشتووان وەک کاسۆلیکی ڕۆمانی، ٤٫٠١٠ کەس یان ٠٫٣٪ـی دانیشتووان سەر بە ئایینەکانی تر بوون و ٣٧٢٫٤٧٥ کەسیش کە ٢٨٫٨٪ـی دانیشتووان بوون یان بە بێ ئایین خۆیان دا لە قەڵەم یان ئایینی خۆیانیان دەرنەخست.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای شاری سۆفیا کیشوەریی شێدارە و تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ١٠٫٩ پلەی سەدییە.
زستانی ئەم شارە تاڕادەیەک سارد و بەفراویە و دەکرێت کەشوهەوا زۆر ناجێگیر و داینامیکی بێت، سەرەڕای ئەوەش دروستبوونی تەم و مژ شتێکی ئاساییە بەتایبەتی لە سەرەتای وەرزدا. لە ساردترین ڕۆژەکانی ساڵدا کە زۆربەی کات لە مانگی کانوونی دووەمدایە، دەکرێت پلەکانی گەرما بۆ خوار ١٥- پلەی سەدی داببەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣١٫٢- پلەی سەدی بوو کە لە ١٦ـی کانوونی دووەمی ١٨٩٣ـدا تۆمارکرا. بە تێکڕایی ٩٦ سانتیمەتر بەفر دەبارێت و بەفراویترین زستانی تۆمارکراو زستانی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٦ بوو کە کۆی گشتی بەفربارین ١٧١ سانتیمەتر بوو.
هاوینی سۆفیا تا ڕادەیەک گەرم و خۆرەتاوە. لە هاویندا شارەکە بەشێوەیەکی گشتی کەمێک فێنکترە بە بەراورد بە ناوچەکانی تری بولگاریا، هۆکارەکەشی بەهۆی بەرزیی شارەکەوەیە لە ئاستی دەریا. سەرەڕای ئەوەش، شارەکە ڕووبەڕووی شەپۆلەکانی گەرما دەبێتەوە کە لە گەرمترین ڕۆژەکاندا، بەتایبەتی لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا، پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە و دەگاتە ٣٥ پلەی سەدی یان زیاتر. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤١ پلەی سەدییە کە لە ٥ـی تەممووزی ٢٠٠٠ و ٢٤ـی تەممووزی ٢٠٠٧ـدا تۆمارکرا.
وەرزەکانی بەهار و پاییز لە سۆفیا بەزۆری کورتن لەگەڵ ئەوەشدا کەشوهەوا گۆڕاو و داینامیکییە. هەروەها تێکڕای بارانبارینی ساڵانەی شارەکە ٦٢٥٫٧ مللیمەترە و لە کۆتایی بەهار و سەرەتای هاویندا دەگاتە لووتکە. وشکترین ساڵی تۆمارکراو ساڵی ٢٠٠٠ بوو کە ٣٠٤٫٦ مللیمەتر باران باری، لە کاتێکدا باراناویترین ساڵی تۆمارکراو ساڵی ٢٠١٤ بوو کە ١٫٠٦٦٫٦ مللیمەتر باران باری.