ناوهڕۆك
ناساندن
نوێژ، حەقیقەت و حیکمەتەکانی (بە عەرەبی: الصلاة، حقيقتها وحكمتها، بە ئینگلیزی: prayer, its truth and wisdoms)، نامیلکەیەکی کورت، پوخت و بەپیتە، بەشێکە لە کتێبی (بەندایەتی) ناسری سوبحانی، ئەم نامیلکەیە توێشوی گیان و ڕێنیشاندەری چوونە خزمەتی خوایە، کە تیایدا فێرمان دەکات چۆن پێشوازی لە نوێژەکانمان بکەین، کە دەستیشمان کرد بە نوێژ چۆن دەست پێ بکەین و چۆن لە نوێژ تێبگەین.
زانیاری گشتی
ناو | نوێژ، حەقیقەت و حیکمەتەکانی |
نووسەر | ناسری سوبحانی |
ناوەندی چاپ | ناوەندی ڕاگەیاندنی ئارا |
چاپ | چاپی سێیەم ٢٠١٣ |
ژمارەی لاپەڕە | ٥٢ لاپەڕە |
زمان | کوردی |
جۆر | فەلسەفەی ئایینی |
ناسری سوبحانی کێیە؟
ناسری سوبحانی لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٥١ لە گوندی دووریسانی سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان لەدایکبووە. ناوبراو بە هیوای خوێندنی زانستە ئیسلامییەکان و زمان و وێژەی عەرەبی چەندین شوێن گەڕاوە، لەلای چەندین مامۆستای دیاری وەکوو عەبدولفەتاح محەمەدی موتڵەق و مەلا محەمەد زاهیدی زیایی و مەلا محەمەدی بوداقی خوێندوویەتی. هەر لەو کاتەوە لەناو فەقێ و مامۆستاکاندا بە زیرەکی و بلیمەتی ناوبانگی دەرکردبوو، دواتر و لە ساڵی ١٩٧٥ مۆڵەتی پێشنوێژی و وتارخوێنێ وەرگرت.
بەهۆی وتارە دڵگیر و وانە قورئانییەکانییەوە ناوبانگی لە ناوچەکەدا بڵاوبوویەوە، کە شێوازی باوی وتاری ئایینی وەلانا و هەندێک بابەتی زیندووی دەورووژاند و ئاماژەی بە ڕەهەندە قووڵ و حیکمەتە شاراوەکانی شەریعەت و لایەنەکانی یەکتاپەرستی لە ڕوانگەی قورئانەوە دەکرد، کە هەموو ئەم بابەتانەش خوێندنەوەیەکی جیاوازیان لە بواری فیکری ئیسلامیدا لەناو خەڵکیدا ڕەواج دەدا. بەشێوەیەک مامۆستا ناسری سوبحانی یەکێک بووە لە زانا هاوچەرخەکانی جیهانی ئیسلامی، کە لە بواری ڕاڤەکردن، ڕوونکردنەوە، تێگەشتن و قووڵبوونەوە لە ناوەڕۆکی بابەتە قورئانییەکان و هاڵێنجانی چەمکە بەنرخەکانی کەم وێنە بووە، لەم نامیلکەشدا بەقووڵی لە جووڵە و زیکرەکانی ناو نوێژ دەدوێت.
کورتەیەک دەربارەی نامیلکەکە
هەندێک لە حیکمەتی جووڵە و زیکرەکانی ناو نوێژ
دوای ئەوەی کە نوێژخوێن سوورەتێک یان چەند ئایەتێک لە قورئانی خوێند، بەو جۆرە لە خزمەتی خودا وەستا و ئەو بەشە لە بەندەیی جێبەجێکرد، بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕادەیە بەس نییە، خوا لەوەش گەورەترە و زیاتر لەوە ئەبێ بەندەیی بۆ بکرێ، بۆیە ئەڵێ: (اللە أکبر) خوا لەوە گەورەترە، بۆیە زیاتر بەندەیی دەکات و ئەچێتە (ڕکوع) دەست ئەنێتە سەر ئەژنۆ و سەری بەڕێزهێنانەوە دائەنەوێنێ بۆ خوا، جا ئەبێ لە بیری بێ لە کاتێکدا بە پێوەیە ئەوە لە خزمەتی خوادا ڕاوەستاوە، ئێستاش ئەبێ ئەوەی لە بیر بێ کە بۆ ڕێزلێنانی ئەو خەریکە سەری دائەنەوێنێ، جا لەوێشدا ئەڵێ: (سبحان ربي العظيم) واتە: خاوەنەکەم دوورە و پاکە لەوەی هەر جۆرە ناتەواوییەکی ببێ. دیارە بۆ کەسانێک کە خوێندەوارن شتی تریش هەن ئەتوانن بیانخوێنن و شتی زیاتر بڵێن و لە ڕکوعا خێری زیاتریان دەست کەوێت.
دوای ئەوەی ئەم کارەشی کردوو سەری دانەواند بۆ خوا، کاتی ئەوەیە تۆزێ ئیسراحەت بکات، دوای ئەوە بڕوا زیاتر ئیحترامی خوا بگرێ، بۆیە هەڵئەسێتەوە و ئەڵێ: (سمع الله لمن حمده) واتە: خوا قوبووڵی بکا، خوا گوێ ڕاگرێ بۆ ئەوانەی حەمدی ئەکەن، ئەوانەی قەدردانی لێ ئەکەن و ستایشی ئەکەن. (ربنا ولك الحمد) واتە: ئەی خاوەنەکەمان، حەمد و قەدردانیش تەنها بۆ تۆیە، هەروەک بەیانمان کرد، چونکە تۆ دووری لە هەر عەیب و ناتەواوییەک. جا ئەگەر ئەو کەسە خوێندەوار بێ لێرەشدا شتی تریش هەیە کە بیڵێ.
دوای ئەوە کاتی ئەوەیە بیری ئەوە بکاتەوە ئەمەش بەس نییە، خوا گەورەترە لەوەش، ئەمیش ئەتوانێ لەوە زیاتر تەعزیمی بکا و بەندەیی بۆ بکات، بۆیە ئەڵێ: (لله أكبر) خوا گەورەترە لەمە، جا خۆی ئەخاتە زەوی و دەموچاوی ئەنێتە سەر خاک، هەر وەک چۆن ئەوانەی کە بەندەی غەیری خوان، خۆیان ئەخەن بەسەر پێی خاوەن و ئاغاکانیاندا و پێیان و خاکی بەر پێیان ماچ دەکەن، نوێژخوێنیش ئاوا حاڵەتێکی ئەوێ کە خۆی بخاتە سەر زەوی و دەموچاوی کە بەقیمەتترین ئەعزای بەدەنیەتی بنێتە سەر خاک، تا خوا بەزەیی بێتەوە پیایدا و ڕەحمی پێ بکات و ئەوەی وا ئەنجامی داوە لێی قبووڵ بکات.
دوای ئەوە بیری ئەوە دەکاتەوە ئەگەر ناتوانێ زیاتر بەندەیی بکات، خۆ ئەوە ئەتوانێ کە لەسەر ئەم بەندەییەی کە پێی گەیشتووە پایەدار بێ و بمێنێتەوەو و درێژەی پێ بدات.
بۆیە ئەڵێ: (لله أكبر) خوا گەورەترە لەوەی کە ئینسان هەر جارێک ئا ئەوە بکات و لەسەری نەڕوا. بۆیە جارێکی تر سەرئەنێتەوە سەر زەوی، هەر وەک جاری پێشوو، ئەم جارە کە لەوەش بووە دووبارە ئەڵێ: خوا لەوە گەورەترە، تەنانەت لەوەش گەورەترە کە ئینسان پایەداری بێ و هەرچی لە هێز و توانایدایە بیکا، هەر خواش لەوە گەورەترە، وا نەزانێ حەقی بەندەیی بۆ خوا ئەدا کردووە.