ناوهڕۆك
ئایدیۆلۆژیای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
لەو سەردەم مارکسیەت زۆر باوی هەبوو لە هەمان کاتیش فرەتەیار و فرەڕێبازی مارکسی هەبوو، لەوانە: ترۆتسکی، ماوی، ئیسلاحی، شۆڕشگێڕی، باکۆنی، ستالینی، مارکسی بێ لینینی، ... هتد، لە (دوا فەرهەنگی یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسا) زیاتر لە (١٠٠) جۆرە مارکسیەتی تۆمارکردبوو، بەڵام وەک (ئەرزی واقیع) ماوی چینی وبرێجنیڤی سۆڤیەتی هەبوو، (ی ن ک) بە (کۆمەڵە) شەوە لە سەرەتادا بە (ماویەت) کاریگەر بوو، بۆیەش پێکهاتن و داڕشتنی
(ی ن ک) زیاتر مۆرکی ماویەتی پێوە دیاربوو، کە لە مەرجەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی (لەسەر ڕاڕاەوی ماوتسی تۆنگ) بۆ سازدرابوو:
١- پێشڕەوێکی مارکسی (کۆمەڵە).
٢- بەرەیەکی فراوانی چینەکان (یەکێتی).
٣- سوپایەکی توندوتۆڵ (هێزی پێشمەرگە).
دروشمیش هەر ماویانە بوو (ئەی کرێکاران و گەلانی چەوساوەی جیهان یەکگرن).
وەک لە یەکەم مانفێستی (ی ن ک) هاتبوو ئەوا دوژمنەکانی بریتی بوون لە:
١- ئەمریکا و ئیمپیریالیزم و زایۆنی.
٢- بەرەی پێشکەوتن خوازی عەرەب.
٣- چینی پرۆلیتاریا و زەحمەتکێشانی کوردستان.
هەروەها پەیڕەوی تیۆری سیاسی شۆڕشگێڕی (توندوتیژی) دەکرا بۆ هێنانەدی ئەو ئامانج و دروشمانە، دژی چەمکی وەک: دیموکراسی، پەرلەمانی، فرەیی، مافی مرۆڤ، هەڵبژاردن، چاکسازیە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان، عەقیدەی میسالی (ئاینی)، ئەخلاقی، کلاسیکی، کۆمەڵگەی مەدەنی، کەرتی تایبەت، بورجوازی و بازاڕی ئازاد و لیبرالی و تەغریب بوون.
لە مارکسیەتیش لە خەتە هەرە توندەکەی شۆڕشگێڕی بوون لە ماویـدا، بەڵام دوای ئەوەی لە هەندێ بەرەدا لایەنگرانی ماوی شکستیان هێنا، لەوانە لە ناکۆکی نێوان ڤێتنام (بە سەرۆکایەتی هۆشی مینە- لایەنگری ماوی چینی بوو)، ڤێتنام زاڵ بوو بەسەر کەمبۆدیا پۆل پۆت دەسەڵاتی دۆڕاند و (هنگ سامرین) لە ساڵی ١٩٧٧ دەسەڵاتی گرتە دەست، کە لایەنگری سۆڤیەتی بوو، مارکسیەکانی نێو (ی ن ک)یش زۆر لە ئەزموونەکانی (پۆل پۆت) کاریگەر بوون، بۆیە بەرەبەرە ڕوویان گۆڕی بەرەو سۆڤیەتی. هەتا ناوی (کۆمەڵە)ش لە (کۆمەڵەی مارکسی لینینی) گۆڕا بۆ (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان).
لە ئەنجامی ڕەوتی گەشەی ناکۆکی و پێشبڕکێی باڵەکان دەبوو هۆی گەشەسەندنی یەکێتیش، واش داڕشترابوو کە لە کۆتاییدا حزبێکی پێشڕەوی مارکسیانەی لێ دەربچووبوایە و یەکێتی کۆتایی پێ بهاتبایە بەڵام وەک باوە ئەزمونەکە لە دەبڵ کوژایەوە، بۆیە عەقیدەی گۆڕا بۆ سۆشیال دیموکراتی، لەوێش جارێکی تر بۆ جۆرە سۆشیالیستیەکی تر، هەروەک لە کۆنگرەی دووەمی (ی.ن.ک) هاتووە.