ناوهڕۆك
ناساندن
مۆناکۆ یان بەفەرمی میرنیشینی مۆناکۆ (بە ئینگلیزی: Monaco یان Principality of Monaco، بە عەرەبی: موناكو یان امارة موناکو، بە فەڕەنسی: Principauté de Monaco، بە ئیتاڵی: Principato di Monaco)، وڵاتێکی بچووک و سەربەخۆیە کە تەنها لە یەک شار پێکدێت، مۆناکۆ چەند کیلۆمەترێک لە ڕۆژئاوای ئیتالیا و ڕۆژئاوای ئەورووپاوە دوورە و دەکەوێتە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست. لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشەوە هاوسنوورە لەگەڵ فەڕەنسا. ناوچەکە شوێنی ٣٨٫٦٨٢ دانیشتووە. وڵاتەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک یەکێک لە گرانترین و دەوڵەمەندترین شوێنەکانی جیهان ناسراوە. زمانی فەرمی هاوڵاتیانی ناوچەکه فەڕەنسییە. جگە لەوەش، زۆرێک لە دانیشتووانەکەی بە زمانەکانی مۆناکۆیی (دیالێکی لیگۆری)، ئیتاڵی و ئینگلیزی قسە دەکەن و لێیان تێدەگەن.
زانیاری گشتی
ناو | مۆناکۆ یان میرنیشینی مۆناکۆ |
سەرۆک | شازادە ئەلبێرتی دووەم |
شێوەی بنەڕەتی حکوومەت | ڕژێمی پاشایەتی دەستوری |
ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی ٢٠٢٢ | ٣٦٫٤٦٩ کەس |
زمانی فەرمی | فەڕەنسی |
ڕووبەری گشتی | ٢٫١ کم٢ |
ڕێڕەوی لێخوڕین | ڕاست |
ژمارەی تەلەفۆن | +٣٧٧ |
دراو | یۆرۆ (€) |
ئایین | کاسۆلیکی |
کیشوەر | ئەورووپا |
بەرزترین خاڵ | ١٦١ مەتر |
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی ٢٠١٥ | ٧٫٦٧٢ ملیار دۆلار |
لەڕووی جوگرافییەوە
میرنیشینی مۆناکۆ بە ڕووبەری ٢٫١ کیلۆمەتر دووجاوە دووەم بچووکترین دەوڵەتی جیهانە لە دوای شاری ڤاتیکان. چڕی دانیشتووانی ئەم وڵاتە ١٩٫٠٠٩ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا و بەمەش دەبێتە چڕترین دەوڵەتی جیهان. سنووری زەویی مۆناکۆ ٥٫٤٧ کیلۆمەترە و کورتترین کەناری جیهانە کە نزیکەی ٣٫٨٣ کیلۆمەترە. پانی ئەم میرنیشینە لە نێوان ١٫٧٠٠ بۆ ٣٤٩ مەتر دەگۆڕێت و بەرزترین خاڵی ١٦١ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. مۆناکۆ نزیکەی ١٥ کیلۆمەتر لە سنووری ئیتالیا دوورە. قەرەباڵغترین ناوچەی وڵاتەکە (Larvotto)ـیە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا ٥٫٤٤٣ کەس بوو.
لەڕووی سیاسییەوە
میرنیشینەکە لەژێر فۆرمێکی ڕژێمی پاشایەتی دەستوریدا بەڕێوە دەچێت، کە شازادە ئەلبێرتی دووەم سەرۆکی دەوڵەته و سەرەڕای پێگەی دەستوری خۆی، دەسەڵاتێکی سیاسی به کارامەیی بەکار دەهێنێت. سەرۆک وەزیران کە سەرۆکی حکوومەتە دەشێت یان مۆناکۆیی یان هاوڵاتییەکی فەڕەنسی بێت؛ پادشا پێش دەستبەکاربوون لەگەڵ حکوومەتی فەڕەنسا راوێژ دەکات. سەرەڕای سەربەخۆیی مۆناکۆ و جودای ڕامیاری دەرەوەی، بەڵام بەرگریی ئەم میرنیشینە لە ئەستۆی فەڕەنسادایە. سەرەڕای ئەوەش خاوەنی دوو یەکەی سەربازی بچووکی خۆیەتی.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی میرنیشینی مۆناکۆ لەسەر بنەمای پێشبینییەکانی نوێترین زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١ـی تەممووزی ٢٠٢٢ـدا بە ٣٦٫٤٦٩ کەس خەمڵێندرا. لە مۆناکۆ ٣٠٫٩٢٠ کەس لە سەرووی تەمەنی ١٨ ساڵییەوەن. ئەم وڵاتە لەڕووی ڕووبەرەوە دووەم بچووکترین وڵاتی جیهانە و سەرەڕای بچووکی قەبارەکەی چڕترین وڵاتی جیهانە. گەورەترین ناوچەی کارگێڕی بەپێی ژمارەی دانیشتووان مۆنتی کارلۆیە. ئەم ناوچە ١٥٫٢٠٠ کەسی لێ نیشتەجێیە و لە سەرانسەری جیهاندا بە یاساکانی باج و دانیشتووی دەوڵەمەندی ناسراوە، چونکە نزیکەی ٣٠٪ـی خەڵکی مۆنتی کارلۆ ملیۆنێرن.
مۆناکۆ بەشێک نییە لە یەکێتی ئەورووپا بەڵام هەندێک سیاسەتی وەک گومرگی و کۆنتڕۆڵی سنوورەکان پەیڕەو دەکات. هەروەها وڵاتەکە ئەندامی ئەنجوومەنی ئەورووپایە و یۆرۆ وەک تاکە جۆری دراو بەکار دەهێنێت. یەکێک لە شتە سەیرەکانی دانیشتووانی وڵاتەکە ئەوەیە کە مۆناکۆ ڕەسەنەکان کە لە مۆناکۆ لەدایکبوون کەمینەی دانیشتووانی وڵات پێک دەهێنن. هاوڵاتیانی فەڕەنسا گەورەترین گرووپی نەتەوەیین و زیاتر لە چارەکێکی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها مۆناکۆ نیشتیمانی خەڵکی ئیتالیا، بەلجیکا، ئەڵمانیا و ئەمریکایە.
مۆناکۆ خاوەنی دووەم بەرزترین بەرهەمی ناوخۆیی سەرتاسەری جیهانە و تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠١٥ـدا ٧٫٦٧٢ ملیار دۆلار بوو. هەروەها ڕێژەی بێکاری دانیشتووانەکەی زۆر نزمه، چونکە زۆرێک لە مۆناکۆکەکان بۆ کارکردن دەچنە وڵاتانی فەڕەنسا و ئیتاڵیا. مۆناکۆ کەمترین ڕێژەی هەژاری لە جیهاندا هەیە و زۆرترین ملیاردێر و ملیۆنێری سەرتاسەری هەیە. سەرەڕای ئەوەش میرنیشینەکە بەهۆی گەشتیاری، خزمەتگوزاری بانکی و پیشەسازی قومارەوە ئابوورییەکی بەهێزی هەیە.
ئایین
زۆربەی دانیشتووانی مۆناکۆ شوێنکەوتەی جۆرە ئایینێکی مەسیحین. کاسۆلیکی دیارترین ئایینە و زیاتر لە سێ لەسەر چواری دانیشتووانی وڵات پەیڕەوی دەکەن. لە کاتێکدا کاسۆلیکی ئایینی فەرمی میللەتە، بەڵام دەستووری حکوومەتی مۆناکۆ ئازادی ئایینی بۆ خەڵکەکەی گەرەنتی دەکات. هەروەها وڵاتەکە خاوەنی ژمارەیەکی کەمتری دانیشتووی پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی جوولەکە و مسوڵمانە.
مێژوو
بەندەری داڵدەدراوی مۆناکۆ سەرەتا لە ساڵی ٦ی پێش زایین یۆنانییەکانی تێیدا نیشتەجێ بوو و ناوی مۆناکۆیان لێنا. لەڕووی مێژووییەوە مۆناکۆ بەشێک بووە لە فەڕەنسا، بەڵام لە ساڵی ١٢١٥ـدا، بەهۆی بەخشینی زەوی لەلایەن ئیمپراتۆر هێنری شەشەمەوە بوو بە کۆلۆنی جێنوا. بنەماڵەی گریماڵدی لە ساڵی ١٢٩٧ لە مۆناکۆ نیشتەجێ بوون و باوباپیرانی ئەو خێزانە لە ئێستادا بۆ ماوەی زیاتر لە ٧١٥ ساڵە کۆنتڕۆڵی میرنیشینەکەیان لەژێر دەستدایە. بنەماڵەی حکوومڕانی گریماڵدی ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی کولتوور و هونەر لە مۆناکۆ. لە ساڵی ١٤١٩ـدا، بنەماڵەی گریماڵدی مۆناکۆیان لە بنەماڵەی دەسەڵاتداری فەڕەنسی ئاراگۆن (Aragon) وەرگرت. پاراستنی مۆناکۆ لەو کاتەوە لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانی و ئیتالیا و ساردینیا بووە. لە ساڵی ١٧٩٣ـدا سەربازە شۆڕشگێڕەکانی فەڕەنسا مۆناکۆیان داگیرکرد و تا ساڵی ١٨١٤ لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا هێشتیانەوە، هەتا ئەو کاتەی بنەماڵەی گریماڵدی گەڕانەوە سەر تەختی دەسەڵات. لە ئێستادا مۆناکۆ بە دەسەڵاتێکی پاشایەتی دەستوری فەرمانڕەوایی دەکرێت، بەڵام پارستنی لە ئەستۆی فەڕەنسایە.
لە ساڵی ١٩٤٩ـدا، شازادە ڕەینیەری سێیەم خرایە سەر تەختی مۆناکۆ و لە ساڵی ١٩٥٦ هاوسەرگیری لەگەڵ (گرەیس کێلی)ـی ئەکتەری جوانی ئەمریکی کرد. شازادە ڕەینیەری سێیەم ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بوژانەوەی ئابووری ناوچەکە و هاوسەرەکەشی لە بەرەوپێشبردنی هونەردا شوێن دەستی دیاربوو. پێکەوە سێ منداڵیان هەبوو بە ناوەکانی کارۆلین و ئەلبێرت و ستیفانی. مردنی لەناکاوی گرەیس کێلی لە ساڵی ١٩٨٢ لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلدا شۆکێک بوو کە لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە. دوای مردنی هاوژینەکەی شازادە ڕینیەری سێیەم لە حکوومڕانی مۆناکۆ بەردەوام بوو تا لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا گیانی لەدەستدا و تەختی پاشایەتی بۆ کوڕەکەی شازادە ئەلبێرتی دووەم بەجێهێشت.
كەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای مۆناکۆ ئۆقیانوسییە، بە گشتی کەشی وڵاتەکە گەرم و مامناوەندە. هەروەها بەزۆری لە وەرزی زستاندا باران دەبارێت و بارانێکی تا ڕادەیەکی کەم لە هاویندا دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ١٣٫٣ پلەی سەدییە، ساڵانە نزیکەی ٨٢٢ مللیمەتر باران دەبارێت.
مۆناکۆ لە نیوەگۆی باکوورە و هاوینی ئەم وڵاتە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب و ئەیلوول. هەروەها ڕێژەی شێ لە مانگی حوزەیراندا بەرزترینە ٧٦٫٦٧٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی ئازاردا نزمترینە ٧٢٫٨٢٪ـە.
مانگی تەممووز وشکترین مانگی ساڵە و ڕێژەی دابارین نزمترینە، بە تێکڕایی ٢٣ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی تشرینی دووەم باراناویترین مانگی ساڵە و ١٣٤ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها، مانگی ئاب گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی ٢١٫٨ پلەی سەدییە، مانگی کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی وڵاتەکە نزیکەی ٥٫٨ پلەی سەدییە. سەرەڕای ئەوەش باشترین کات بۆ سەردانکردنی ئەم وڵاتە مانگی تەممووز و ئابە.
شوێنە گەشتیارییەکانی
هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی وڵاتەکە بریتین لە:
- مۆنتی کارلۆ
- كاتێدراڵی مۆناکۆ
- باخچەکانی سەینت مارتین
- ئۆپێرای مۆنتی کارلۆ
- بەندەری مۆناکۆ
- مۆزەخانەی نەتەوەیی نوێی مۆناکۆ
- باخچەی ژاپۆنی
- شانۆی قەڵای ئانتۆین