ناوهڕۆك
ناساندن
ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی (بە ئۆکرانی: Володимир Олександрович Зеленський، بە ئینگلیزی: Volodymyr Oleksandrovych Zelenskyy، بە عەرەبی: فولوديمير أوليكساندروفيتش زيلينسكي) پیاوێکی سیاسەتوان و شەشەم سەرکۆماری ئۆکرانیایە. پێش کاری سەرکردایەتی وڵات ڕۆڵگێڕی کۆمیدی بوو لە تەلەڤزیۆندا. لەگەڵ بەناوبانگبوونیدا بووە کەسایەتییەکی دڵخوازی گەلی ئۆکرانیا و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ببێتە سەرۆکی وڵات.
ناو | ڤۆڵۆدیمێر ئەلیکساندرۆڤیچ زێلێنسکی |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٧٨/١/٢٥ - ئۆکرانیا |
هاووڵاتی | ئۆکرانیا (1991–) یەکێتیی سۆڤیەت (1978–1991) |
بنەچە | جوولەکە |
هاوژین | ئۆلینا زێلێنسکا (٢٠٠٣ - ئێستا) |
منداڵان | ٢ |
پیشە | سینارست، یاساناس، کۆمیدیاکار، پێشکەشکار، بەرهەمهێنەری فیلم، سیاسەتوان، سەرکۆمار، گۆرانیبێژ |
حیزب | خزمەتکاری گەل |
زمانی دایک | |
زمانەکان | ڕووسی، ئینگلیزی، ئۆکرانی، عیبری |
پلەی سەربازی | سەرباز |
جەنگەکان | داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا |
واژوو | |
|
ژیان
لە ١٩٧٨/١/٢٥ لە شاری کریڤی ڕی لە باشووری ئۆکرانیای سۆڤیەتی لە دایک و باوکێکی جوولەکە لەدایکبووە. باوکی مامۆستا و سەرۆک بەشی ئامێرە کۆمپیوتەرییەکانی زانکۆ بووە و دایکیشی ئەندازیار بووە. باپیری لە جەنگی جیهانیی دووەم لە سوپای سووردا سەرباز بووە و سێ برا و باوکی لە هۆڵۆکۆستدا کوژراون. چوار ساڵ پێش ئەوەی دەست بە خوێندن بکات لە مەنگۆلیا ژیاوە. لە تەمەنی شازدە ساڵی تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی تێپەڕاندووە و توانیویەتی هەلێکی خوێندن لە ئیسرائیل بەدەست بهێنێت، بەڵام باوکی ڕێگەی پێنەداوە.
لە زانکۆی کیێڤی ئابووری بووەتە خاوەنی بڕوانامەی یاسا. دەستی بە کاری ڕۆڵگێران و کۆمیدیا کردووە و کۆمپانیای Kvartal 95ـی دامەزراندووە. ساڵی ٢٠١٥ گرووپەکە زنجیرەیەکی بەناوی خزمەتکاری گەل دروست کرد و زێلێنسکی تێیدا ڕۆڵی سەرکۆماری ئۆکرانیای دەبینی و زنجیرەکە باس لە کێشەکانی ئۆکرانیا بوو، بەمەش ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد. ساڵی ٢٠١٩ حیزبێکی سیاسی بەناوی خزمەتکاری گەل دروستکرد و لە ٢٠١٨/١٢/٣١ خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری هەڵبژارد.
سەرۆکایەتی
دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٩ زێلێنسکی بەڕێژەی ٧٣,٢ لە سەد توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت بەسەر پۆرۆشێنکۆی سەرۆکی پێشوو. لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا دژی گەندەڵی وەستایەوە و کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرۆکی جیهانی گرت و ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ئاستی ئابووری وڵاتەکە. لە سەردەمی ئەودا ناکۆکییەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتە لوتکە و لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا بە مەبەستی داپڵۆسینی لە چەک.