ناوهڕۆك
گەورەترین بومەلەرزە
ئەگەر توێکڵی زەوی ڕەق نەبوایە، ئەوا هەمیشە زەوی لە جووڵان و بەرزبوونەوە و دابەزیندا دەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک شوێن لە بەردەکانی توێکڵی زەویدا هەیە، باش یەکتریان نەگرتووە و لەو شوێنانەدا خاڵی لاواز هەیە، بە درێژایی خاڵە لاواز و شکانەکە فشاندنێکی زۆر گەورە و بەهێز دروست دەبێت، کە زەوی لەرزەی لێ دەکەوێتەوە.
لە ڕووی قەبارەوە دوو وەسف هەیە بۆ زەمین لەرزە
یەکەمیان: هێزی خودی بومەلەرزەکەیە و دووەمیشیان: ئەو زیانەی لێی دەکەوێتەوە، هەرچەندە کوشتنی مرۆڤ و وێران بوونی مومتەلەکات، لە پێوەرە هونەرییەکان زیاتر کار لە خەڵکی دەکات، بەڵام ''بومەلەرزەی گەورە'' ئەوەیە کە زۆر خەڵک لەناو ببات.
لە ساڵی ١٩٠٦ بومەلەرزەیەکی گەورە دای لە سان فرانسیسکۆ لە ئەمەریکای باکوور، دوای بومەلەرزەکەش ئاگرێکی گەورە کەوتەوە، سەد هەزار کەسی کوشت، بڕی زیانە مادییەکانی بومەلەرزەکەش بە ٤٢٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی مەزەندە کرا.
لە ساڵی ١٧٥٥ بومەلەرزەیەک شاری لشبۆنەی پورتوگالی وێران کرد و کەمتر لە ٣٠ هەزار کەسیشی کوشت، لە ساڵی ١٩٠٨ دا بومەلەرزەیەک لە کالابریا و سەقەلیەدا ڕووی دا، ٧٥ هەزار کەسی کوشت.
لە ساڵی ١٩١٥دا بومەلەرزەیەک لە ناوەڕاستی ئیتاڵیا ڕووی دا، سەدان لادێ و شاری وێران کرد و سی هەزار کوشتاریشی لێ کەوتەوە.
دوو بوومەلەرزەی زۆر گەورە بووە هۆی زیانێکی زۆر گەورە، لە تۆکیۆی ژاپۆن و هەرێمی کانسۆی چیندا. بومەلەرزەکەی تۆکیۆی ژاپۆن، لە ساڵی ١٩٢٣دا ڕووی دا و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسی کوشت و شارەکەشی وێران کرد و یۆکۆهاماشی لەگەڵ خۆیدا ڕووخاند.
بومەلەرزەکەی کانسۆی چینیش لە ساڵی ١٩٢٠ دا ڕووی دا و ڕووبەری ٣٠٠ میلی چوار گۆشەی گرتەوە و نزیکەی ٢٠٠ هەزار کوشتاری لە شوێن خۆی بەجێ هێشت.
دەشێت بومەلەرزەی زۆر گەورە بێت، بەڵام زۆر بە کەمی ڕوودەدات، بۆ نموونە لە ساڵی ١٨١١ و ١٨١٢دا لە نزیک شآری ''نیومەدرید'' ی ویلایەتی مەیزوری ئەمریکا بومەلەرزەیەک ڕوویدا، خەڵکی لە دووری ٤٠٠ میلەوە هەستیان بە لەرزەکەی کرد، کە زیاتر لە ١٨٧٣ لەرزینەوە دەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی چڕی دانیشتوان لەو ناوچانەدا کەم بوو، بۆیە زیانێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتەوە.
بەڵگەنامەکانی بومەلەرزەی جیهان ئاماژە بە بومەلەرزەیەک دەکەن کە لە ساڵی ٢٠-ئایار-٥٢٦ز داویەتی لە شاری ئەنتاکیای سووریا و چارەکە ملیۆنێک خەڵکی کوشتووە.