ناوهڕۆك
قۆناغی دوای داگیر کردنی کوێت لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە
(١٩٩١-٢٠٠٣)
ئەم قۆناغە لە دوای داگیرکردنی کوێت لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستپێدەکات. هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر عێراق گۆڕان و جیهان کەوتە دۆخێکی تایبەتمەندەوە. لە ڕۆژی (١٧/١/١٩٩١) هاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازریدا بە ناوی گەردەلوولی بیابان، گورزێکی کوشندەیان لە ڕژێمی بەعس وەشاند. عیراق بەشکستێکی گەورە لە چەنگەکە اتە دەرەوە. بەعس لە ناوەخۆ لاواز بوو، هەر بۆیە گەلانی عێراق بە عەرەب و کورد دەستیان بە ڕاپەڕین کرد، لەم ڕاپەرینە چەندین شار لە کوردستان و باشووری عێراق ئازاد کران.
ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ و کۆڕەوە ملیۆنیەکەی هەمان ساڵ، دەرفەتێکی لە باری بۆ کورد ڕەخساند، تا شێڵگیرانە بۆ هێنانەدی مافەکانی کار بکات، چونکە ئەم ڕاپەرینە مێژووییە هەموو ئەو ناوچانەشی گرتەوە، کە بەعس دەیان ساڵ بوو خەریکی سڕینەوەی مۆرکە نەتەوەییە کوردییەکانی بوو.
لە مایسی هەمان ساڵ کورد چووە ناو دانوستاندنەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق، بە مەبەستی بەدیهێنان و چەسپاندنی مافەکانی، بەڵام دانوستانەکە هەر زوو گەیشتە بنبەست، لەبەر ئەوەی حکومەتی ئەوسای عێراق هەرگیز ڕازی نەبوو بە داواکارییەکانی کورد، کە یەکێکیان (گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەرکوک بوو بۆ زێدی خۆیان). پڕۆسەی بە عەرەبکردن و ڕاگواستن کە حکومەتی عێراق پێشتر دەستیپێکردەبوو، لە ساڵی ١٩٩١ بەفراوانتر و مەترسیدار تر بوو بە تایبەتی بۆ تێکدانی باری ئیتنۆگرافی و نەتەوەیی پارێزگای کەرکوک و شارەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعس تا روخانی رژێم لە (٩/٤/٢٠٠٣).
هەرچەندە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە چارەنوسی ناوچە دابڕێنراوەکان بەستراوەتەوە بە مادەی (١٤٠)ی دەستوری عێراق، کە بە پێی ئەم ماددەیە دەبوایە تا کۆتایی ساڵی (٢٠٠٧) کێشەی پاکتاوی ڕەگەزی لەم ناوچانەدا چارەسەر بکرابایە و چارەنوسیان دیاربکرابایە، کە دەچنە سەر سنووری حکومەتی هەرێمی کوردستان یا لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند دەمێنەوە، بەڵام تاکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە و ئەو بەندە دەستوریانەش مسۆگەر نین لەبەردەم هێزە توندڕەوە عەرەبیەکاندا تاکو بەرجەستەبێت.