قە‌ڵای دمدم 

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-12-02:07:00 - کۆدی بابەت: 3129
قە‌ڵای دمدم 

ناوه‌ڕۆك

قە‌ڵای دمدم 

سە‌رچاوە‌كانی مێژوو بە‌ درێژی باسی ئە‌و ڕوداوە‌ گرنگە‌ی ساڵی (١٦٠٨)ز یان كردووە‌، لە‌ ڕووی گێڕانە‌وە‌ی مێژووییە‌وە‌ بە‌ ئاسانی دە‌توانین لە‌ سە‌رچاوە‌ فارسیی و كوردییە‌كاندا بۆ ڕاستیی ئە‌م قارە‌مانی و بە‌ كۆمە‌ڵ شە‌ھیدبوونە‌ی كوردانی بە‌رخۆدە‌ر بگە‌ڕێین، قارە‌مانانی قە‌ڵای دمدم بە‌ سە‌ركردایە‌تی (خانی لە‌پ زێڕین)، تا دوا ھە‌ناسە‌ و دوا دڵۆپی خوێن لە‌گە‌ڵ داگیركە‌ردا جە‌نگین و بە‌كۆمە‌ڵ مردنیان لە‌سە‌ر شۆڕشكردن بە‌ باشتر زانی، ئە‌م تابلۆ گە‌ورە‌یە‌ی قارە‌مانێتی لە‌ ئە‌دە‌بیاتی كوردیدا زۆر بە‌ فراوانی ڕە‌نگی داوە‌تە‌وە‌.
ئە‌گە‌ر داستانە‌كانی تر، ھە‌ندێكیان لە‌ داستانی فۆلكلۆرە‌وە‌ گۆڕابن بە‌ داستانی نوسراوی شیعری ئە‌وا داستانی قە‌ڵای دمدم لە‌ ڕووداوی مێژوویە‌وە‌ بووە‌ بە‌ داستانی فۆلكلۆر و لە‌ داستانی فۆلكلۆرە‌وە‌ بووە‌ بە‌ چیرۆكی سە‌ر شانۆ و ڕۆمانی تازە‌.
لە‌ سە‌رە‌تایی سە‌دە‌ی حە‌ڤدە‌ھە‌مە‌وە‌ تا ئە‌مڕۆ پاڵە‌وانێتی جە‌نگاوە‌رانی قە‌ڵای دمدم لە‌سە‌ر دە‌می گۆرانیبێژ و حیكایە‌تخوانانی كوردە‌وە‌ و لە‌ ھە‌موو ناوچە‌كانی كوردستاندا و بە ‌ھە‌موو دیالێكتە‌كانی كوردی دە‌گێڕێتە‌وە‌. 
ئە‌و بە‌رھە‌مە‌ فۆلكلۆرییە‌ی لە‌ ئە‌نجامی ئازایە‌تی جە‌نگاوە‌رانی قە‌ڵای دمدم ھاتە‌ كایە‌وە‌، گە‌لێك زۆرە‌ و ھە‌ندێكی بڵاوكراوە‌تە‌وە‌، بە‌شێكی تا ئێستا ھە‌ر بە‌سە‌ر زاری خە‌ڵكە‌وە‌ ماوە‌تە‌وە‌، ڕۆژھە‌ڵات ناسە‌كان گە‌لێك لە‌ ئێمە‌ زیاتر بایە‌خیان بە‌ حیكایە‌ت و بە‌یتە‌كانی قە‌ڵای دمدم داوە‌، ھە‌ر وە‌ك بڵاویانكردوە‌تە‌وە‌ و وە‌ریانگێڕاوە‌ بۆ زمانی ( ڕوسی و ئە‌ڵمانی و فە‌ڕە‌نسی و ئە‌رمە‌نی).
زانای كوردی سۆڤەیە‌تی (ئۆردیخانی جە‌لیل) چە‌ند گێڕانە‌وە‌یە‌كی داستانی قە‌ڵای دمدم تۆمار كردووە‌ و بە‌ وە‌رگێڕانی بۆ ڕوسی و پێشە‌كییە‌وە‌ ساڵی ١٩٦٧ بڵاویكردوە‌تە‌وە‌.
ئە‌م داستانە‌ لە‌ كوردستانی عێراق لە‌ شێوە‌ی چیرۆكی سە‌ر شانۆدا نووسراوە‌تە‌وە‌، نووسە‌ر (مستە‌فا سالح كە‌ریم) لە‌سە‌ر بناغە‌ی كە‌رستە‌ی مێژوویی پیە‌س (شە‌ھیدانی قە‌ڵای دمدم)ی نووسیوە‌ و لە‌ ساڵی (١٩٦١)ز چاپكراوە، ھە‌ر كە‌رستە‌ مێژووی و فۆلكلۆریە‌كە‌یە‌ بووە‌ بە‌ سەرچاوە بۆ دانانی چیرۆك و ڕۆمانی كوردی، نووسە‌ری كوردی سۆڤییە‌تی (عە‌رە‌بی شە‌مۆ) ڕۆمانێكی نووسیووە‌ ساڵی (١٩٦٦)ز بە‌ زمانی كوردی و پیتی ڕوسی (سلاڤی) لە‌ (یە‌ریڤان) چاپكراوە، لە‌ پاشاندا كراوە‌ بە‌ ڕوسی و لە‌ ساڵی (١٩٦٩)ز لە‌ مۆسكۆ چاپكراوە‌.
عە‌رە‌بی شە‌مۆ ھە‌وڵی داوە‌ پە‌یوە‌ندی دۆستایە‌تی كورد و نە‌تە‌وە‌ ھاوسێكانی ڕوونبكاتە‌وە‌، بە‌ تایبە‌تی خە‌باتی ئە‌م گە‌لانە‌ بە‌رامبە‌ر بە‌ داگیركە‌ری ئێرانی و عوسمانی، ھە‌روە‌ھا وێنە‌ی نایابی ژیانی كۆمە‌ڵایە‌تی و ئابوری كوردستانی سە‌رە‌تای سە‌دە‌ی حە‌ڤدە‌ھە‌می كێشاوە‌. ھێشتا ئە‌م داستانە‌ مە‌زنە‌ نە‌ لە‌ ئە‌دە‌بیاتی كوردیدا و نە‌ لە‌ ئە‌دە‌بیاتی جیھانیدا جێگە‌ی خۆی نە‌گرتووە‌. نمونە‌یە‌كی لە‌ گێڕانە‌وە‌ داستانە‌كە‌دا بە‌ حیكایە‌تخوان دە‌ڵێت:

خان ئە‌وداڵ و كاكە‌ خانە‌
حە‌وت شە‌وانە‌ و حە‌وت ڕۆژانە‌ 
شە‌ڕیان دە‌كرد بە‌ شیرانە‌ 
شیران دە‌كرد بە‌ شیرانە‌ 
شیران نە‌یاندیت كێڵانە‌ 
لە‌ش كە‌وتن وە‌كی گردانە‌
خوێن ڕۆی ھە‌روە‌ك جۆگانە‌ 
باڵچووغە‌ی شێران نە‌مانە‌ 
شە‌ھیدیان كرد كاكە‌ خانە‌ 
خان دە‌ڵێ: خانی خە‌زایمە‌ 
ھە‌تا لە‌ دنێ ئە‌ز بژیمە‌ 
بۆ خۆم پە‌رژینی شە‌ڕیمە‌ 
خان ئە‌وداڵ و كاكە‌ خانە‌ 
گرتبوویان وە‌عد و پە‌یمانە


سەرچاوەکان



3141 بینین