شەڕی ناوخۆی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-13-02:23:00 - کۆدی بابەت: 5305
شەڕی ناوخۆی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

شەڕی براكوژی

شەڕی ناوخۆی كوردستانی عێراق، یاخود شەڕی براكوژی، جەنگێكی سێ ساڵەی نێوان حیزبە كوردستانییەكان بوو، دیارترینیان هەردوو حیزبی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بوون، بۆ لەناوبردنی یەكتریش هەردوولا پەنایان بردە بەر هێزەكانی ئێران و عێراق و توركیا و داوای هاوكارییان لێكردن، لە ماوەی سێ ساڵدا 3000 بۆ 5000 كەس كوژران.

مێژووی ململانێی هێزە كوردییەكان

ساڵی 1970 دەسەڵاتی خۆجێی درا بە هێزە كوردییەكان لە كوردستانی عێراق كە بە بەیاننامەی 11ـی ئازار ناسراوە، دوای ئەوەی مەجلیسی تەشریعی دروستكرا لە شاری هەولێر و دەسەڵات لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك دامەزرا ململانێ كەوتە نێوان هێزە كوردییەكان و یەكترییان پێ قبووڵ نەبوو، لەدوای نسكۆی شۆڕشی كورد و ڕووخانی دەسەڵاتە خۆجێییەكەش ململانێ بەردەوام هەبوو و ناسرابوو بە جەنگی (جەلالی و بارزانی)، دواتر لە ساڵی 1991 و دوای ڕاپەڕین لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارە 688 بۆ كوردەكان، حكومەتی كوردی دامەزرا لە هەرێمی كوردستانی عێراق، دوای ئەوە لە ساڵی 1992 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كرا و هەردوو هێزی یەكەمی كوردستان دەسەڵاتەكانیان دابەشكرد بەسەر خۆیاندا بە ڕێژەی 50 بە 50ـی پەرلەمان.

لە دوای كشانەوەی هێزەكانی بەعس لە كوردستان لە 1991 حكومەتی بەغداد گەمارۆی ئابووری خستە سەر كوردستان و برسێتی بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆی ئەوەشەوە تەواوی بازرگانی و هاوردەكردنی شتومەك لەڕێی بازاڕی ڕەشەوە دەكرا، هەردوو حیزبیش كێبڕكێیان بوو بۆ گرتنی زۆرترین ڕێگای فرۆشتن و كڕین.

سەرەتای جەنگ

لە 1/5/1994 لە شارۆچكەی قەڵادزێ یەكەمین فیشەكی جەنگی ناوخۆ تەقێنرا، كاتێك دوای ئەوەی هێزێكی پارتی و یەكێتی لەسەر كۆمەڵێك دوكان بە گژ یەكتریدا دەڕۆن و هەریەكەیان و بە مافی خۆی دەزانێت، لە كاتێكدا خەڵكی دەڵێن مافی هیچكامیان نەبووە، شەڕ لە نێوانیان دەست پێدەكات و فەرماندەی هەردولا دەكوژرێن لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكدا، دواتریش شەڕ دەگاتە شاری ڕانیە و بە فەرمیش هەردوو حیزب جەنگ دژی یەكتری ڕادەگەیەنن، دواتریش زۆری پێناچێت جەنگ دەگاتە هەموو كوردستان.

لە 15ـی مانگ شەڕ دەگاتە شاری هەولێر و لە 19ـی مانگ هەریەك لە كۆسرەت ڕەسول نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و مەسعود بارزانی نوێنەر و سەركردەی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە و ئاگربەستیان ڕاگەیاند، بەڵام سوودی نەبوو.

لە 15/1/1995 هێزەكانی یەكێتی شاری هەولێریان گرت بە یارمەتی سووپای پاسدارانی ئێران، ئەوەش دوای ئەوەی یەكێتی ڕێگای دا بە تۆپبارانی بنكەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان كە لە شاری كۆیە دەمانەوە و دژی ئێران چالاكییان هەبوو، لە 9/8/1995 پارتی و یەكێتی لە دبلنی پایتەختی ئێرلەندا كۆبوونەوە بە چاودێری ئەمریكا، بەڵام سوودی نەبوو.

لە 28/7/1996 ئێران هێرشی كردە سەر حیزبی دیموكراتی كوردستان.

لە 17/8/1996 هێزەكانی یەكێتی سەفین و شەقڵاوە داگیر دەكەن، دواتریش بارزانی نامەیەك ئاڕاستەی سەدام حسەینی سەرۆكی عێراق دەكات و داوای هاوكاری لێدەكات، سەدامیش ڕازی دەبێت.

بارزانی بە یاوەری نێچیرڤان بارزانی و سەعد عەبدوڵا لە ڕۆژانی دواتر چاویان بە سەدام حسەین دەكەوێت لە بەغدادی پایتەخت و ڕێكدەكەون، بەوەی عێراق هێز بنێرێت بۆ گرتنەوەی هەولێر و دەركردنی یەكێتی لە هەولێر، پارتیش سەدام ئاگاداربكاتەوە لە پلانەكانی ئەمریكا لە دژی و ئاشكراكردنی نەیارەكانی سەدام لە عێراق.

لە ڕۆژی 31/8/1996 لە ڕێگای كەركوك و موسڵ و گوێرەوە سووپای عێراق هێرشی كردە سەر هەولێر و گەمارۆی دا و دواتریش سلێمانی گیرا، دوای ئەوەش یەكێتی لە شاری پێنجوێنی هاوسنووری ئێرانیش كرایە دەرەوە.

لە 9/11/1996 یەكێتی بە یارمەتی ئێران هێرش دەكاتەوە و هەتاوەكو سنووری دێگەڵە داگیردەكاتەوە لە نێوان هەولێر و سلێمانی، ئەوەش دەبێتە كۆتا سنووری هەردوولا.

جەنگی هەولێر

لە ڕۆژی 31ـی ئاب كاتێك هێزەكانی عێراق گەیشتنە هەولێر كە هێزەكانی كۆسرەت ڕەسول پارێزگارییان لێدەكرد و ژمارەیان 3000 كەس بوو، ناچاربوون بكشێنەوە، بەڵام 700 كەسیان لێ دەستگیركرا و هەموویان لە سێدارەدران، بەمەش ئەمریكا لە ترسی ئەوەی دووبارە جینۆسایدی وەك ئەنفال و هەڵەبجە ڕووبداتەوە هێرش دەكاتە سەر هێزی ئاسمانی عێراق و موشەك بارانی دەكات و دوای گرتنی هەولێر، سووپای عێراق لە هەولێر دەكشێتەوە.

توركیا و شەڕی ناوخۆ

لە ساڵی 1997 پارتی كرێكارانی كوردستان هێرش دەكەنە سەر لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنە دۆستەكانیان، وڵاتی توركیاش ئەمە بە هەل دەزانێت و هێرشێكی ئاسمانی بەناوی ئۆپەراسیۆنی چەكوش دەكاتە سەر پەكەكە و هەندێك لە چەكدارەكانیان دەكوژێت، بەڵام سوودی نابێت و هێزەكە لە كوردستان دەمێننەوە.

لە 25/9/1997 دووبارە توركیا هێرش دەكاتەوە بە یارمەتی و بەرچاوڕوونی پارتی دیموكراتی كوردستان، و بۆمبارانی پێگەكانی یەكێتی و پەكەكە دەكەن و توركیا دەڵێت زیاتر بۆ ئەوە بووە ئاگربەستی یەكجاری ڕابگەیەنرێت، دواتریش لە هێرشی مانگی 10 و 11ـدا بەهۆی هێرشی توركیاوە 1200 پێشمەرگەی یەكێتی و پەكەكە دەكوژرێن، و 10 هەزار كەس لە ماڵەكانیان هەڵدێن.

لە ڕۆژی 24/11/1997 پارتی دیموكراتی كوردستان ئاگربەستی یەكلایەنە ڕادەگەیەنێت.

كۆتایی جەنگ

لە ئەیلولی 1998 لە واشنتۆنی ئەمریكا پارتی و یەكێتی پەیماننامەی ئاشتی واژوو دەكەن، و بڕیار دەدەن دەسەڵاتی كوردستان لە نێوان هێزەكان دابەش بكرێت و پارتی كرێكارانی كوردستان دەسەڵاتی لە شوێنەكەدا نەبێت و ڕێگابگرن لە هاتنەوەی سووپای عێراق بۆ كوردستان، ئەمریكاش بڕیاریدا بە پاراستنی كوردەكان لە هەر هێرشێكی عێراق، دواتریش پڕۆژەی نەتەوە یەكگرتووەكان بەناوی "نەوت بەرامبەر خواردن" بۆ خەڵكی باكووری عێراق جێبەجێكرا، كە وایكرد باری دارایی و ژیانی خەڵكی كوردستان بەرز ببێتەوە، كوردستان هەتاوەكو ساڵی 2001 و هاتنی ئەنسارولئیسلام بووە شوێنێكی ئارام و جەنگ وەستا.

دوای مانگێكیش بڕیاری ڕزگاركردنی عێراق درا كە بڕیارەكە بریتیبوو لە پڕچەككردنی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق دژی دەسەڵاتی بەعس.

زیانەكان

پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت كە 58 هەزار ئەندام و لایەنگری لە ناوچەكانی دەسەڵاتی یەكێتی كراونەتە دەرەوە لە ماوەی 1996 بۆ 1997، هەروەها یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت كە 49 هەزار لایەنگری لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی كراونەتە دەرەوە.

هەردوولا زیانێكی زۆری گیانییان بە یەكتری گەیاند و نزیكەی 5000 كەس لە هەردوولا و خەڵكی مەدەنی كوژران.

هەردوو هێزەكە لە 2003 یەكیانگرت و ڕێنمونی هێزە ئەمریكییەكانیان دەكرد بۆ ئازادكردنەوەی كەركوك و موسڵ، لە ساڵی 2004ـیش مەسعود بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا، و جەلال تاڵەبانیش بە سەرۆكی عێراق هەتاوەكو 2014.

هەرچەندە كوردەكان هەوڵی جیابوونەوە دەدەن لە عێراق بەڵام ململانێی دوو هێزەكە ڕێگری دەكات لەو ڕووداوە بە ڕێژەیەكی زۆر.

حیزبی بێ چەك

لەناو حیزبەكانی كوردستان لەو ساڵانەدا یەكگرتووی ئیسلامی تاكە هێز بوو كە لە جەنگی ناوخۆ تێوەنەگلا و دژی حیزبی چەكداری و شەڕی براكوژی وەستایەوە و چەند جارێكیش هەوڵی نزیككردنەوەی لایەنەكانی جەنگی دا بۆ ئاشتی بەڵام بێسوود بوو و هەندێك لە لایەنگرانیشی زیانیان بەركەوت.


سەرچاوەکان



2312 بینین