ناوهڕۆك
سەد وێنەکەی مێژوو
گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێنن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، و هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".
ناوی وێنە | سامناکیی جەنگ |
ناوی وێنە بە فەرمی | The Terror of War |
ڕیزبەندی | یەکەم |
جۆر | جەنگی، کارەسات، سیاسی |
مێژوو | ١٩٧٢ |
وێنەگر | Nick Ut |
سامناکیی جەنگ
وێنەی سامناکیی جەنگ یاخود (بە ئینگلیزی: The Terror of War)، یەکەمین وێنەیە لە لیستی ١٠٠ وێنە بەناوبانگەکەی مێژوو، وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٢ لە ماوەی جەنگی ڤێتنام، کاتێک کچێکی ٩ ساڵ بە ناوی "ڤان ثی کیم فۆک" بە ڕووتی و بە ڕاکردنەوە دەگری و بەهۆی خستنە خوارەوەی ناپاڵمەوە جەستەی سووتاوە.
لە ڕۆژی ٨/٦/١٩٧٢ فڕۆکەکانی ڤێتنامی باشوور بۆمبارانی گوندەکەی "ڤان ثی کیم فۆک" دەکەن و بە هەڵە یەکێک لە فڕۆکەوانان هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لەجێی سەربازەکانی ڤێتنامی باکوور، بەهۆیەوە کیم جلوبەرگەکانی و پشتی دەسوتێت، لە کاتی هەڵهاتنیان لە گوندە وێرانەکەیان، وێنەگری ٢١ ساڵ "نیک ئۆوت"ـی وێنەگری تۆڕی هەواڵی (AP)ـی ئەمریکی وێنەی کیم دەگرێت، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەکەش هەموو جیهان دەهەژێنێت و دەبێتە یەکێک لە بەناوبانگترین وێنەکانی جیهان، کیم خۆی دەڵێت کاتێک ئەو وێنەیە گیراوە لەوکاتەدا بووە کە من هاوارم کردووە و وتومە "زۆر گەرمە زۆر".
وێنەکە ساڵی ١٩٧٣ دەبێتە خاوەنی خەڵاتی پۆلیتزێر و دەبێتە وێنەی جیهانی ڕۆژنامەکە لە هەمان ساڵ.
دوای ١٤ مانگ لە مانەوە لە نەخۆشخانە و ئەنجامدانی ١٧ نەشتەرگەری جوانکاری و دوورینەوە و ناشتنی پێست، لە کۆتاییدا کیم توانی ڕزگاری ببێت، ساڵی ١٩٨٢ لە ئەڵمانیا نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ دەکرێت و دوای ئەوە دەتوانێت بە ئاسانی و ئاسایی بۆ جارێکی دیکە بە رێگادا بڕوات.
کیم فۆک
کیم فۆک دواتر لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ڤێتنامەوە چاودێری دەکرێت و دەنێردرێت بۆ خوێندن لە کوبا، لەوێ کوڕێکی ڤێتنامی دەناسێت و دەبێتە هاوسەری و لە ساڵی ١٩٩٢ لە کەنەدا نیشتەجێ دەبن لە تۆرێنتۆ، ساڵی ١٩٩٤ دەبێتە نوێنەری ویستی چاکە لە یونسکۆ، و ساڵی ١٩٩٧ ڕێکخراوێکی هاوکاری بۆ منداڵانی قوربانیی جەنگ دروست دەکات.
ساڵی ٢٠١٥ بە خۆڕایی نەشتەرگەرییەکی لەیزەری بۆ دەکرێت لە کەنەدا بۆ هەریەک لە دەست و پشتی، لە ساڵی ٢٠١٦ـش دەبێتە خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا.