ناوهڕۆك
سەد وێنەکەی مێژوو
گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، و هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".
ناوی وێنە | منداڵە برسییەکە و داڵەکە |
ناوی وێنە بە فەرمی | Starving Child And Vulture |
ڕیزبەندی | سێیەم |
جۆر | کارەسات، نامرۆڤایەتی، منداڵ |
ساڵ | ١٩٩٣ |
وێنەگر | Kevin Carter |
منداڵە برسییەکە
کێڤن کارتەر یەکێکە لەو چوار وێنەگرەی کە لە سەردەمی جیاکاری ڕەگەز لە باشووری ئەفریقا لەوێ وێنەگربوون، و بەهۆی ئەوەوە زۆر بەباشی مەرگ و ترس و هەڵهاتنی دەناسی، زۆرترین جۆری خەم و خەفەتیشی بینیووە.
ساڵی ١٩٩٣ دەڕواتە سودان بۆ وێنەگرتنی ئەو نەبوونی و برسێتییەی لەوێ هەیە، دوای ڕۆژێک لە وێنەگرتن لە گوندی ئەیۆد (Ayod)، سەرنجی کەوتە سەر باخچەیەکی کراوەی فراوان، لەوێ منداڵێک دەبینێت کە لە ڕێگایدا بۆ خواردن پەیداکردن لەوێ کەوتووە و هیچ هێزێکی تێدا نییە لە برسێتیدا، لەو کاتەی کە کێڤن دەیەوێت وێنەی منداڵەکە بگرێت لەوێ داڵێکی زۆر گەورە دەنیشێتەوە لە نزیک منداڵەکە، هەر بۆیە کارتەر چوارچێوەی وێنەکەی فراوانتر دەکات و داڵەکەش دەبێتە بەشێک لە وێنەکە، پێشووتر بە کارتەر وترابوو کە نابێت دەست لە هیچ کەسێک بدات بەهۆی ئەوەی تووشی نەخۆشی دەبێت، بەڵام کارتەر منداڵەکە بەجێناهێڵێت و هیوادارە کە داڵەکە بفڕێت و بڕوات، لەبەر ئەوە بۆ ماوەی ٢٠ خولەک چاوەڕێ دەکات، بەڵام ئەوە ڕوونادات و داڵەکە چاوەڕێی منداڵەکە دەبێت بۆ خواردنی.
لەبەرئەوە کارتەر بڕیار دەدات یارمەتی منداڵەکە بدات و داڵەکە دەترسێنێت و ڕاوی دەنێت، دواتریش دادەنیشێت و جگەرەکەی دادەگیرسێنێت و قسە لەگەڵ "خودا" دەکات و دەگری، دواتر چاوەڕێ دەکات منداڵەکە بتوانێت بە شوێنی خواردنەکە بگات.
سەرەنجام
وێنەکە لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوکرایەوە، خەڵکی بینەری وێنەکە بوونە دوو بەرە و زۆرینە دەیانوت کە دەبوایە کارتەر یارمەتی منداڵەکەی بدایە و دەیانویست بزانن چی بەسەر منداڵەکە هاتووە، هەر زوو وێنەکەی کارتەر بووە جێگای مشتومڕ و لێکۆڵینەوە لەوەی "ئایا دەبێت کەی وێنەگرەکان خۆیان هەڵبقورتێنن لە بابەتە مرۆڤایەتییەکاندا؟!".
دوای چواردە ساڵ بڵاوکرایەوە کە منداڵەکە لە پەتای مەلاریا ڕزگاری بووە و هێشتا لە ژیاندایە
سەرەنجامی کارتەر
کارتەر لەو ساڵە بووە براوەی خەڵاتی پۆلیتزێر، بەڵام هەرگیز مۆتەکەی ئەو ڕۆژ و سەردەمە لەسەر سەری نەڕۆشتبوو.
لە تەمموزی ساڵی ١٩٩٤ کارتەر خۆی کوشت، پێش ئەوە نووسیبووی:
"یادگارییە زیندووەکانی کوشتن و تەرم و توڕەیی و ئازارەکان شوێنم دەکەون".