مەجلیسی حوکم
ئەنجوومەنی بڕیاردان یان مەجلیسی حوکم دووەمین دامەزراوەی بەڕێوبردنی وڵات بوو لەدوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ساڵی ٢٠٠٣، چونکە لەدوای داگیرکردنی عێراق دەسەڵاتی هاوپەیمانی یەکگرتووی کاتی بە سەرۆکایەتی پۆل بریمەر دەسەڵاتی عێراقی گرتە ئەستۆ.
دروستبوون
لە ١٢/٧/٢٠٠٣ مەجلیسی حوکم دامەزرا لەلایەن دەسەڵاتی هاوپەیمانی یەکگرتووی کاتیـەوە و هەندێک لە دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردنی عێراقیان پێدرا، بەڵام هەموو کردە سەربازی و داگیرکارییەکان لەلایەن دەسەڵاتی هاوپەیمانی یەکگرتووی کاتییەوە بەڕێوەدەبرا و بڕیاری لەسەر دەدرا کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دانی پێدانرابوو، دەسەڵاتی مەجلیسی حوکم لە ساتی دروستبوویەوە لە ١٢/٧/٢٠٠٣ هەتاوەکوو ١/٦/٢٠٠٤ بەردەوام بوو، دوای ئەو بەروارە حکوومەتی کاتی عێراق جێگای ئەنجوومەنەکەی گرتەوە.
پێکهاتە
ئەنجوومەنی بڕیاردان لەو کەسانە پێکهاتبوون کە پێشووتر ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی بەعس و سەدام حوسێن بوون، هەموو ئەوانەش کەسایەتی سیاسی بوون، ژمارەی ئەندامان ٢٥ کەس بوو و هەر یەکێکیان بۆ ماوەی مانگێک سەرۆک دەبوو بەپێی ڕیزبەندی ئەلفوبێ، لەم ٢٥ کەسەش سێ کەسیان ژن بوون.
هەرچەندە زۆرێک لە وڵاتان دواتر دانیان بە ئەنجوومەنەکەدا نا و پەسەندیان کردبوو، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی و گشتی عێراق لەدەستی پۆل بریمەر و ئەمریکادا بوو.
یەکێک لەو بڕیارانەی کە بووە جێگای باس و خواس و قسەی زۆر گۆڕینی یاسای باری کەسی بوو بۆ یاسایەکی نوێ کە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام یەکبگرێتەوە، کە لەلایەن ئافرەتان و هەندێک لە خەڵکییەوە تانەی لێدرا، یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان بڕیاری دانانی ڕۆژی داگیرکردنی بەغداد (٩/٤) وەک جەژنی نیشتمانی عێراق بوو، هەروەها گۆڕینی ئاڵای عێراق و لابردنی ئەستێرەکانی.
ئەندامەکان
| ئەندامەکان | پیشە |
| ئیبراهیم جەعفەری | شیعە، پزیشک و توێژەری ئیسلامی، وتەبێژی حیزبی دەعوەی ئیسلامی |
| سەڵاحەدین محەمەد بەهادین | کورد، سەرۆکی حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان |
| جەلال تاڵەبانی | کورد، دامەزرێنەر و سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان |
| مەسعوود بارزانی | کورد، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان |
| ئەحمەد شەیاع براک | شیعە، پارێزەر و سەرۆکی ڕابیتەی مافی مرۆڤ لە بابل |
| ئەحمەد چەلەبی | شیعە، سەرۆکی بانک، سەرۆکی حیزبی کۆنگرەی نەتەوەیی عێراقی |
| ئەیاد عەلاوی | شیعە، پزیشک، سەرۆکی حیزبی ویفاقی نیشتمانی عێراق |
| حەمید مەجید موسا | چەپ-عیلمانی، سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق |
| دارا نورەدین | کورد، دادوەر |
| عەبدولکەریم محەمداوی | شیعە، سەرۆکی حیزبوڵای عێراق |
| عەدنان باچەچی | سوننە، سەرۆکی کۆبوونەوەی دیموکراتە سەربەخۆکان |
| عەقیلە هاشمی | شیعە، یاساناس |
| سەلامە خەفاجی | شیعە، پزیشکی ددان |
| غازی مەشعەل عەجیل یاوەر | سوننە، ئەندازیار |
| موحسن عەبدولحەمید | سوننە، سەرۆکی حیزبی ئیسلامی عێراق |
| محەمەد بەحرولعلوم | زانای ئایینی شیعە و سەرۆکی ڕێکخراوی ئەهلی بەیتی خێرخوازی لە لەندەن |
| مەحمود عوسمان | سیاسیەکی کوردی سەربەخۆ، پزیشک |
| موەفەق ڕەبیعی | شیعە، پزیشک |
| نەسیڕ چادرچی | سوننە، سەرۆکی حیزبی نیشتمانی دیموکراتی عێراق |
| وائل عەبدولەتیف | شیعە، دادوەر |
| یونادم کنا | مەسیحی، سەرۆکی بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشووری |
| ڕەجاء حەبیب خەزاعی | شیعە، سەرۆکی نەخۆشخانە |
| سەمیر شاکر مەحموود | سوننە، بازرگان |
| سۆندول چاپوک | تورکمان، چالاکوانێکی بواری ژنان |
| عیزەدین سەلیم | شیعە، سەرۆکی حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە بەسڕە |
| عەبدولعەزیز حەکیم | شیعە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق |