ناوهڕۆك
خۆپێشاندانەکانی میسڕ
شۆڕشی 25ـی کانوونی دووەم یان شۆڕشی ٢٥ی یەنایەری میسڕ (بە ئینگلیزی: 2011 Egyptian revolution، بە عەرەبی: ثورة ٢٥ يناير) کۆمەڵێک جوڵانەوە و خۆپێشاندانی جەماوەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو لە وڵاتی میسڕ. ڕۆژی سێشەممەی ٢٠١١/١/٢٥ لە ڕۆژی یادی پۆلیسی میسڕدا لەلایەن گەنجان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی میسڕەوە دەستی پێکرد. خۆپێشاندانەکان دژی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاری گەلی میسڕ بوو و داوای چاکسازی و هەڵوەشانەوەی دەسەڵات و دژایەتی گەندەڵییان دەکرد لە هەموو بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ماوەی سەرۆکایەتی حوسنی موبارەک.
بابەتی سەرەکی: شۆڕشی ٢٥ی یەنایەر
هۆکارەکان
یاسای باری نائاسایی
سیستەمی حکوومەتی میسڕ کۆمارێکی نیمچەسەرۆکایەتییە لەژێر یاسای باری نائاسایی (یاسای ژمارە ١٦٢ـی ساڵی ١٩٥٨) لە ساڵی ١٩٦٧ـەوە، جگە لەوەی ماوەی ١٨ مانگ لە سەرەتای هەشتاکان لابرا. ئەم یاسایە زۆرینەی دەسەڵاتەکان دەدات بە پۆلیس و مافە دەستوورییەکانی وەلانا و چاودێری خستە سەر گەل. هەروەها هەموو چالاکییەکی ناحکوومی بە سەختی وەستاند وەک: ڕێکخستنی خۆپێشاندان، ڕێکخراوی سیاسی ڕێگەپێنەدراو. هەروەها بەهۆی ئەم یاسایەوە ١٧ هەزار کەس لەلایەن پۆلیسەوە زیندانی کراون و ٣٠ هەزار زیندانی سیاسیش بوونیان هەبوو. بەپێی ئەم یاسایە حکوومەت دەیتوانی هەرکەسێکی بوێت بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو بە مەبەست یان بەبێ هۆکار زیندانی بکات. کەسەکەش ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و حکوومەت دەتوانێت بەبێ تاوان زیندانی بکات بۆ ماوەی نادیار بەبێ دادگایی. حکوومەتیش ئەم یاسایەی کردبووە بیانوو و بەردەوام درێژەی پێ دەدا بەهۆی ئەوەی دەیوت کەسانی تری وەک ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین دێنە سەر دەسەڵات. بۆیە هەر بەم یاسایە لە کاتی هەڵبژاردنەکان ڕێگری لێ دەکردن و زیندانی دەکردن و دامەزراوەکانی داگیر دەکردن. چالاکوانانی میسڕیش پێیان وابوو ئەمە دژی دیموکراسییە و خەڵکی مافی خۆیانە کە دەنگ بە کێ دەدەن و و چی هەڵدەبژێرن و چۆن بیردەکەنەوە.
خراپیی پۆلیس
بە یەکێک لە هۆکارە ناڕاستەوخۆکانی ئەم شۆڕشە دادەنرێت، چونکە بە پێی یاسای باری نائاسایی، هاووڵاتی میسڕی ستەمێکی زۆری بەرانبەر دەکرا و تووشی ڕێگەگرتن و زیندانی و کوشتن و شتی تر دەبوونەوە. وەک کوشتنی کەسێک بەناوی خالید محەمەد سەعید کە لەلایەن پۆلیسەوە لە ڕۆژی ٢٠١٠/٦/٦ لە بەرچاوی کۆمەڵێک شایەتی زۆر لێیدرا و کوژرا.
گەنجێکی تر بەناوی سەید بیلال بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی لە زیندانەکانی میسڕدا لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.
سەرۆکایەتی حوسنی موبارەک
حوسنی موبارەک لە ساڵی ١٩٨١ـەوە حوکمی میسڕی دەکرد. حکوومەتەکەی لە میدیاکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی ناوخۆ و دەرەوە زۆرینەی کات ڕەخنەی لێ دەگیرا کە پشتیوانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا و ئەمریکای لە پشتە و هاوکاری دەکەن. حکوومەتەکەی بە هەڵمەتەکانی دژ بە ئیسلامییە توندڕەوەکان ناسرابوو. بۆیە ئەمریکا لە سەرەتای پێشێلکارییەکانی حوسنی موبارەکدا بێدەنگ بوو. زۆر دەگمەن بوو کە ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا لە سەردێڕەکانیاندا ئاماژە بە خۆپێشاندانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی میسڕ بکەن.
سەردەمی موبارەک کاریگەرییەکی خراپی لەسەر تێکچوونی دۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی میسڕ هەبوو، هەروەها پاشەکشێیەکی گەورە لە بوارەکانی تەندروستی و خوێندن و بێکاری و تاوان لە وڵاتەکە بینرا.
هەژاری و گەندەڵی
لە ماوەی سەرۆکایەتی حوسنی موبارەکدا، ڕێژەی بێکاری و گەندەڵی و هەژاری لە میسڕدا زۆربوو. گەندەڵی بووە هۆی دەستگیرکردنی چالاکوانان و ڕاوەدونانیان بەبێ دادگایی. لەگەڵ بوونی چەندین زیندان و حەشارگەی نایاسایی. هەموو فەرماندەیەکی پۆلیس دەیتوانی هەر خراپەیەکی دەوێت بەرانبەر خەڵکی ئەنجامی بدات و کەس نەیدەتوانی دژی بوەستێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٠ نزیکەی %٤٠ـی دانیشتوانی میسڕ لەژێر هێڵی هەژارییەوە بوون و داهاتی ڕۆژانەیان ٢ دۆلار بوو.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان-٢٠١٠
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی خەڵک دوو مانگ پێش دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان ئەنجامدرا و حیزبی نیشتمانی دەسەڵاتدار %٩٧ـی کورسییەکانی ناو ئەنجومەنەکەی بردەوە، ئەمەش واتە هیچ ئۆپۆزسیۆنێک لە پەرلەمان بوونی نەما. کە بووە هۆی ناڕەزایی و بێ ئومێدی خەڵکی.
ئەم هەڵبژاردنانە بە ساختەکاری وەسف کران چونکە لەگەڵ شەقامی میسڕیدا یەک ناگرنەوە. هەروەها ڕژێم مافەکانی دەسەڵاتی دادوەری میسڕی پێشێلکرد و لە هەندێک لە بازنەکان کاری نایاسایی ئەنجام دا. هەندێک لە هێزە مەدەنییەکان بە سەرۆکایەتی بەڕادعی داوای بایکۆتکردنی ئەو هەڵبژاردنانەیان کرد و ئیخوان موسلیمین و حیزبی وەفد جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە بەشداری دەکەن بۆ ئەوەی ڕێژەی ساختەکارییەکانی پارتی نیشتمانی دەربخەن.
دروستبوونی شۆڕشی توونس
شۆڕشی جەماوەری توونس لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ (واتە ٣٨ ڕۆژ پێش شۆڕشی توڕەیی میسڕ) بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە هەلومەرجی خراپی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی دەستی پێکرد. لەڕێیەوە توانرا دەسەڵاتی ٢٣ ساڵەی بن عەلی تەواوبکرێت و بن عەلی ناچارکرا لە وڵات هەڵبێت.