ناوهڕۆك
سەرەتا
جه‌نگی ڤێتنام (the Vietnam war) هه‌روه‌ها به جه‌نگی دووه‌می هیندۆچینیش ناسراوه، ململانێی نێوان ڤێتنام، لاوس و كه‌مبۆدیا بوو كه له 1ـی تشرینی دووه‌می 1955ـه‌وه به‌رده‌وام بوو تاكو كه‌وتنی شاری "سایگۆن" له 30ـی نیسانی 1975. جه‌نگه‌كه به‌فه‌ڕمی له‌نێوان باكووری ڤێتنام و باشووری ڤێتنام بوو، كه باكووری ڤێتنام له‌لایه‌ن یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، چین و وڵاته كۆمۆنیسته‌كانی دیكه‌وه پشتیوانیی ده‌كرا، باشووری ڤێتنامیش له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كۆریای باشوور، فلیپین، ئوسترالیا، تایله‌ند و هاوپه‌یمانیی دژه كۆمۆنیسته‌وه پشتیوانیی ده‌كرا، جه‌نگه‌كه به جه‌نگی سارد و به‌وه‌كاله‌ت داده‌نرا، كه بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ به‌رده‌وام بوو و به ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌مریكا له ساڵی 1973 كۆتایی هات، هه‌روه‌ها جه‌نگی ناوخۆی لاوس و جه‌نگی ناوخۆی كهمبۆدیاشی گرته‌وه، كه له كۆتاییدا هه‌ر سێ وڵاته‌كه بوونه كۆمۆنیست له‌ساڵی 1975.
بنچینه‌ی جه‌نگی ڤێتنام
- ڤێتنام، وڵاتێكه له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و ده‌كه‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی نیمچه دوورگه‌ی هیندۆچینییهوه، له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه‌وه له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی داگیركاریی فه‌ڕه‌نسادا بووه، له كاتی جه‌نگی جیهانی دووەم، هێزه‌كانی ژاپۆن هێرشیانكرده سه‌ر ڤێتنام، ڕابه‌ری سیاسیی ڤێتنام "هۆ چی مین" بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێرشی ژاپۆن و فه‌رمانڕه‌وایی داگیركاری فه‌ڕه‌نسا، "ڤێت مین" یاخود "كۆمه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ڤێتنام"ـی درووستكرد، دوای شكسته‌كه‌ی له جه‌نگی جیهانی دووەم له ساڵی 1945، ژاپۆن هێزه‌كانی خۆی له ڤێتنام كشاندبووه‌وه و ئیمپڕاتۆر "باو دای" دۆستی فه‌ڕه‌نسییه‌كان بووه ده‌سه‌ڵاتداری ڤێتنام، دوای ئه‌وه‌ی بینییان ده‌توانن ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست، كۆمه‌ڵه‌ی "ڤێت مین"ـی "هۆ چی مین" ڕاسته‌وخۆ ده‌ستبه‌كار بوون و ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر شاری "هانۆی" له باكوور و كۆماری دیموكراتی ڤێتنامیان ڕاگه‌یاند به سه‌رۆكایه‌تی "هۆ". فه‌ڕه‌نساش بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئیمپڕاتۆر "باو"ـیان گه‌ڕانده‌وه و له ته‌مموزی 1949 ده‌وڵه‌تی ڤێتنامیان ڕاگه‌یاند و شاری "سایگۆن"ـیان كرده پایته‌ختی.
هه‌ردوولا هه‌مان شتیان ده‌ویست، ڤێتنامێكی یه‌كگرتوو. به‌ڵام "هۆ" و پشتیوانه‌كانی ده‌وڵه‌تێكیان ده‌ویست هاوشێوه‌ی وڵاته كۆمۆنیسته‌كانی دیكه، "باو" و ئه‌وانی دیكه‌ش ده‌یانویست ڤێتنام له ڕووی ئابووری و ڕۆشنبیرییه‌وه به ڕۆژئاواوه په‌یوه‌ست بێت.
كه‌ی جه‌نگی ڤێتنام ده‌ستیپێكرد؟
جه‌نگی ڤێتنام و به‌شداریی ڕاسته‌وخۆی ئه‌مریكا له جه‌نگه‌كه‌دا له ساڵی 1954 ده‌ستیپێكرد، كه ناكۆكی و شه‌ڕ له ناوچه‌كه‌دا بۆ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك درێژه‌ی كێشا، دوای ئه‌وه‌ی هێزه كۆمۆنیسته‌كانی "هۆ" ده‌ستیان به‌سه‌ر باكووردا گرت، ململانێی چه‌كدارانه له‌نێوان هێزه‌كانی باكوور و باشوور به‌رده‌وام بوو تا ئه‌و كاته‌ی هێزه‌كانی "ڤێت مین" له شه‌ڕی "دین بین فو"ـدا له ئایاری 1954 سه‌ركه‌وتنی یهكجارهكییان تۆماركرد، شكستهێنانی فه‌ڕه‌نسا له شه‌ڕه‌كه‌دا كۆتایی به فه‌رمانڕه‌وایی داگیركاریی فه‌ڕه‌نسییه‌كان هێنا له هیندۆچین كه نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك بوو به‌رده‌وام بوو.
ڕێككه‌وتنامه‌یه‌ك له ته‌مموزی 1954 واژۆكرا له كۆنگره‌ی جنێڤ و ڤێتنام به‌پێی هێڵی پانیی دابه‌ش كرا، "هۆ" بووه ده‌سه‌ڵاتداری باكوور و "باو"ـیش ده‌سه‌ڵاتداری باشوور، ڕێككه‌وتنامه‌كه باسی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌رتاسه‌ریشی تێدابوو بۆ دووباره یه‌كگرتنه‌وه كه له ساڵی 1956 ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام له ساڵی 1955، سیاسه‌تمه‌داری دژه كۆمۆنیست "نگۆ دین دێم" ئیمپڕاتۆر "باو"ـی له‌ده‌سه‌ڵات دوورخسته‌وه و خۆی بووه سه‌رۆكی حكومه‌تی كۆماری ڤێتنام، كه ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه له‌و كاته‌دا له باشووری ڤێتنام به‌كارده‌هات.
ڤیت كۆنگ
له‌وكاته‌ی جه‌نگی سارد ته‌واوی جیهانی گرته‌وه، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان سیاسه‌تی خۆی له‌دژی هه‌موو هاوپه‌یمانه‌كانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت قورس كرد، له ساڵی 1955 سه‌رۆك "دویت دی ئیزینهاوهر" به‌ڵێنی پاڵپشتیی خۆی بۆ "دێم" ده‌ربڕی له باشووری ڤێتنام، به‌هۆی مه‌شق پێكردن و كه‌ره‌سته‌كانی سوپای ئه‌مریكا و "سی ئای ئه‌ی"ـه‌وه، هێزه‌كانی پاراستنی "دێم" به‌توندی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هاوسۆزانی "ڤیت مین" ده‌كرد له باشوور، كه به "ڤیت كۆنگ" یاخود "كۆمۆنیسته ڤێتنامییه‌كان" ناوزه‌ند ده‌كران، نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س ده‌ستگیر كران و زۆرینه‌یان بێ به‌زه‌ییانه ئه‌شكه‌نجه دران و له‌سێداره دران.
له ساڵی 1957، "ڤیت كۆنگ" و نه‌یاره‌كانی دیكه‌ی ڕژێمی زۆردارانه‌ی "دێم" ده‌ستیانكرد به به‌رپه‌رچدانه‌وه به هێرشكردنه سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و ئامانجه‌كانی دیكه، له‌ساڵی 1959 ده‌ستیانكرد به هێرشكردنه سه‌ر سوپای باشووری ڤێتنام له‌ڕێی شه‌ڕی چه‌كدارییه‌وه، له ساڵی 1960، زۆرینه‌ی نه‌یاره‌كانی "دێم" له باشووری ڤێتنام به كۆمۆنیست و دژه كۆمۆنیسته‌كانه‌وه به‌ره‌ی ئازادیی نیشتیمانییان دامه‌زراند بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕژێم.
بیردۆزی دۆمینۆ
له ساڵی 1961، تیمێك له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌مریكا "جۆن ئێف كه‌نه‌دی"ـه‌وه نێردرایه باشووری ڤێتنام بۆ زانینی ڕه‌وشه‌كه و پێدانی ئامۆژگاریی له‌باره‌ی پێكهێنانی سوپا، ئابووری و یارمه‌تیی ته‌كنیكی ئه‌مریكی، ئه‌مه‌ش بۆ یارمه‌تیدانی "دێم" له‌دژی مه‌ترسیی "ڤیت كۆنگ"، له ژێر ڕۆشنایی "بیردۆزی دۆمینۆ"، كه ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر وڵاتێك له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا ببێته كۆمۆنیست، ئه‌وا چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ش شوێنی ده‌كه‌ون، هه‌ر بۆیه كه‌نه‌دی هاریكارییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی بۆ باشووری ڤێتنام زیادكرد. له‌ساڵی 1962، ژماره‌ی سوپای ئه‌مریكا له باشووری ڤێتنام گه‌یشته 9 هه‌زار تیپ، له‌كاتێكدا له ساڵانی په‌نجاكان نزیكه‌ی 800 دانه بوون.
ڕووداوی كه‌نداوی تۆنكین
كوده‌تایه‌ك له‌لایه‌ن هه‌ندێك له جه‌نه‌ڕاڵه‌كانی خۆیه‌وه بووه هۆی كوژرانی "دێم" و "نگۆ دین ن‌و"ـی برای، له تشرینی دووه‌می 1963، ئه‌مه‌ش سێ هه‌فته به‌ر له كوژرانی كه‌نه‌دی بوو له داڵاس، ته‌كساس، ناجێگیری سیاسی له باشووری ڤێتنام وای له جێگره‌كه‌ی كه‌نه‌دی، "لیندۆن بی جۆنسن" و وه‌زیری به‌رگریی "ڕۆبێرت مهكنامارا" كرد كه هێزی ئه‌مریكی و پاڵپشتیی دارایی زیاد بكه‌ن.
له ئابی 1964، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌له‌مێكی بۆمب هه‌ڵگری باكووری ڤێتنام هێرشیان كرده سه‌ر دوو كه‌شتیی وێرانكه‌ری ئه‌مریكی له كه‌نداوی تۆنكین، "جۆنسن" فه‌رمانی كرد به بۆمبارانكردنی ئامانجه سه‌ربازییه‌كانی باكووری ڤێتنام، كۆنگرێس زوو گه‌یشته ئه‌نجام له باره‌ی ڕووداوه‌كه‌ی كه‌نداوی تۆنكینهوه، ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی به "جۆنسن" دا، فڕۆكه ئه‌مریكییه‌كان ده‌ستیانكرد به هێرش و بۆمبارانكردن. بۆمبارانكردنهكه ته‌نها بۆ ڤێتنام نه‌بوو، له ساڵانی 1964-1973 ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان نزیكه‌ی دوو ملیۆن ته‌ن بۆمبی به‌سه‌ر وڵاته دراوسێكانیشیدا كرد.
له ئاداری 1965، "جۆنسن" بڕیاریدا هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكا بنێرێت بۆ ڤێتنام، له حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵ، 82 هه‌زار تیپی شه‌ڕكه‌ر له ڤێتنام جێگیركران، سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانیش داوای 175 هه‌زار تیپی دیكه‌یان ده‌كرد تا كۆتایی ساڵی 1965 بۆ پاڵپشتیكردنی سوپای باشووری ڤێتنام.
سه‌ره‌ڕای ئامۆژگاریكردنی بۆ نه‌ناردنی سه‌رباز و ئاگاداركردنه‌وه‌ی له مه‌ترسی و ده‌رئه‌نجامه‌كانی، "جۆنسن" بڕیاری ناردنی 100 هه‌زار تیپی دیكه‌ی دا له كۆتایی مانگی ته‌مموزی 1965 و 100 هه‌زاری دیكه‌ش له ساڵی 1966، له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیشدا، كۆریای باشوور، تایله‌ند، ئوستڕالیا و نیوزله‌ندا هه‌ر یه‌كه‌یان به ڕێژه‌ی جیاواز به‌شداربوون به ناردنی تیپی سه‌ربازی بۆ شه‌ڕكردن له باشووری ڤێتنام.
ناڕه‌زاییه‌كانی جه‌نگی ڤێتنام
له تشرینی دووه‌می 1967، ژمارەی تیپە سەربازییەکانی ئەمریکا ڤێتنام نزیکەی 500 هەزار کەس بوون، قوربانییه‌كانیش گه‌یشتبووه 15,058 كوژراو و 109,527 بریندار. له‌گه‌ڵ درێژه‌كێشانی جه‌نگدا، به‌شێك له سه‌ربازه‌كان چیتر متمانه‌یان نه‌مابوو به هۆكاره‌كانی هێشتنه‌وه‌یان له‌وێ و بانگه‌شه‌كانی واشنتن بۆ ئه‌وه‌ی كه جه‌نگه‌كه ده‌به‌نه‌وه.
جه‌نگه‌كه كاریگه‌رییه‌كی زۆری ده‌روونی و جه‌سته‌یی له‌سه‌ر سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان هه‌بوو، هه‌ر بۆیه له‌نێوان ساڵانی 1966 تا كۆتایی ساڵی 1973، زیاد له 503 هه‌زار سه‌ربازی سوپای ئه‌مریكا وازیان هێنا و جووڵانه‌وه‌ی دژه جه‌نگ له‌نێو هێزه‌كانی ئه‌مریكا سه‌ریهه‌ڵدا، كه بووه هۆی ناڕه‌زایه‌تیی توندوتیژانه، كوشتن و تێگیران له ڤێتنام و له‌نێو ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیش.
زۆریی وێنه سامناكه‌كانی جه‌نگ له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌كانیان ئه‌مریكییه‌كانی نیگه‌ران كردبوو و له تشرینی یه‌كه‌می 1967، نزیكه‌ی 35 هه‌زار خۆپیشانده‌ر چوونه به‌رده‌م پێنتاگۆن و خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌یان دژی جه‌نگ له ڤێتنام ساز كرد.
ڕه‌شه‌كوژیی مای له‌ی
چه‌ند ساڵی دواتر خوێنڕێژی زیاتر ڕوویدا، لە ئاداری ساڵی 1967 لە گوندی "مای لەی"سەربازە ئەمریکییەکان 400 هاوڵاتیان کووشتووە.
دوای ڕهشهكوژییهكهی "مای له‌ی"، سه‌دان خۆپیشانده‌ر ڕێپێوانیان ده‌كرد و له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا كۆده‌بوونه‌وه. له 15ـی تشرینی دووه‌می 1969، گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانی دژی جه‌نگ له مێژووی ئه‌مریكادا له شاری واشنتن به‌ڕێوه چوو، زیاتر له 250 هه‌زار ئه‌مریكی كۆبوونه‌وه و داوای دەرکردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكایان ده‌كرد له ڤێتنام.
چۆن جه‌نگی ڤێتنام كۆتایی هات؟
له كانوونی دووه‌می 1973، باشووری ڤێتنام و باكووری ڤێتنام گه‌یشتنه ڕێككه‌وتنی كۆتایی، بۆ كۆتاییهێنان به ناكۆكی نێوان ئه‌و دوو وڵاته، له 29ـی ئاداری 1973، دوایین یه‌كه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مریكا ڤێتنامی جێهێشت، به‌ڵام هه‌ردوو لا پێشێلی به‌نده‌كانی ڕێككه‌وتنی ئاشتییان ده‌كرد، ساڵانی دواتر شێوه‌یه‌كی تری ململانێ هاته كایه‌وه، شه‌ڕ و قوربانیی كه‌متر به‌ڵام شه‌ڕی نێوان حكومه‌تی باشووری ڤێتنام و كۆمۆنیسته‌كان هه‌ر به‌رده‌وام بوو، هێشتاش سه‌دان ڤێتنامی ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ گیانیان له‌ده‌ستدا له كاتێكدا ده‌بوو جه‌نگ وهستێنرابێت، له هاوینی 1974 "نیكسۆن"ـی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه، كۆنگرێس سه‌دا 30ـی هاریكاری سه‌ربازی و دارایی ڤێتنامی بڕی.
باكووری ڤێتنام ده‌ستی كرد به یه‌كه‌م هه‌نگاوی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی باشووری ڤێتنام، هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، حكومه‌ت و سوپای باشووری ڤێتنام له‌ماوه‌ی كه‌متر له دوو مانگدا له‌ناوچوون. هه‌زاران تیپی هێزه‌كانی باشووری ڤێتنام كشانه‌وه، سه‌ره‌تا له ناوچه‌ی به‌رزاییه‌كانه‌وه و پاشان ناوچه‌ی "هوی" و "دا نانگ".
له 30ـی نیسان، ئه‌وانه‌ی له حكومه‌تی باشووری ڤێتنام مابوونه‌وه به ناچاری خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌دا، تانكه‌كانی باكووری ڤێتنام به‌بێ شه‌ڕ هاتنه شاری "سایگۆن"ـه‌وه. ئه‌و ئه‌مریكییانه‌ی مابوونه‌وه له‌ڕێگه‌ی زنجیره‌یه‌ك گه‌شتی ئاسمانی و ده‌ریاییه‌وه له‌گه‌ڵ دۆسته ڤێتنامییهكانیان هه‌ڵاتن، حكومه‌تێكی سه‌ربازیی دامه‌زرا، هه‌روه‌ها له 2ـی ته‌مموزی 1976 وڵاته‌كه به فه‌رمی یه‌كی گرته‌وه له‌ژێر ناوی كۆماری سۆسیالیستی ڤێتنام، شاری "هانۆی" كرایه پایته‌خت و ناوی شاری "سایگۆن"ـیش گۆڕدرا بۆ شاری "هۆ چی مین"، به‌م شێوه‌یه ململانێی 30 ساڵه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ڤێتنام كۆتایی هات.
دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگی ڤێتنام
دانیشتوانی ڤێتنام باجێكی گه‌وره‌ی ئه‌و ململانێ توندوتیژانهیهیان دا كه زیاتر له دوو ده‌یه به‌رده‌وام بوو، دوای چه‌ندین ساڵ به‌رده‌وامیی جه‌نگ، نزیكه‌ی 2 ملیۆن هاوڵاتی ڤێتنام كوژران، 3 ملیۆن كه‌س بریندار بوون و 12 ملیۆنیش بوونه په‌نابه‌ر.
هه‌رچه‌نده توندوتیژی بۆ ماوه‌ی 15 ساڵی دیكه هه‌ر به‌رده‌وام بوو، له‌وانه ململانێ له‌گه‌ڵ چین و كه‌مبۆدیای دراوسێی، له ژێر ڕۆشنایی سیاسه‌تی بازاڕی ئازادی ساڵی 1986، ئابووری ده‌ستی به بووژانه‌وه كرد، تا ساڵانی 1990 بەهۆی هەناردەکردنی نەوتەوە بازرگانی و پەیوەندیی دیبلۆماسی لە نێوان ڤێتنام و ئەمریکا بەردەوامی هەبوو.
له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگی ڤێتنام درێژه‌ی هه‌بوو له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی دواین تیپه‌كانیش بۆ نیشتیمان له ساڵی 1973. لە نێوان ساڵانی 1965 بۆ 1973ئەمریکا زیاتر لە 120 ملیار دۆلاری لە ململانێیەکانی ڤێتنامدا خەرج کرد، ئەم خەرجییە زۆرە بووە هۆی دروستبوونی هەڵاوسانی ئابووری بۆ ئەمریکا، هەروەها لە ساڵی 1973 ڤەهۆی قەیرانەکانی نەوتەوە دۆخی ئابووری خراپتر بوو.