ناوهڕۆك
ناساندن
دەلهی (بە ئینگلیزی: Delhi)، بە فەرمی ناوچەی پایتەختی نەتەوەیی دەلهی شارێکه لە وڵاتی هیندستان، ئەم شارە لە ڕاستیدا لە دوو بەش پێکهاتووە: دەلهی کۆن لە باکوور کە شارێکی مێژووییە و دەلهی نوێ لە باشوور کە لە ساڵی 1947ـەوە پایتەختی وڵاتی هیندستانە، دەلهی لە بەشی یەکەمی سەدەی بیستەمدا وەکوو پایتەختی هیندستانی بەریتانی بنیات نراوە، بەپێی سەرژمێرییەکی ساڵی 2011 ژمارەی دانیشتوانی دەلهی زیاتر 11 ملیۆن کەس بووە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ناوچەی پایتەختی نەتەوەیی 16.8 ملیۆن کەس بوو، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی پایتەختی نەتەوەیی بە 28 ملیۆن هاوڵاتی خەمڵێنراوە، بەمەش بووە بە گەورەترین ناوچەی سەر بە پایتەخت لە وڵاتی هیندستان و دووەم گەورەترین ناوچە لە جیهاندا لە دوای تۆکیۆ.
دەلهی لەڕووی جوگرافییەوە
شاری دەلهی دەکەوێتە باکووری هیندستان، ئەم شارە لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشوور هاوسنوورە لەگەڵ ویلایەتی هەریانا و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە هاوسنووری ویلایەتی ئۆتار پرادشە، ناوچەی پایتەختی نەتەوەیی دەلهی ڕووبەری 1,484 کیلۆمەتر دووجا دەگرێتەوە، کە 783 کیلۆمەتر دووجای بە لادێ و 700 کیلۆمەتر دووجای بە شار دیاریکراوە بەمەش لەڕووی ڕووبەرەوە دەبێتە گەورەترین شاری وڵاتەکەی، هەروەها درێژییەکەی 51.9 کیلۆمەتر و پانیی 48.48 کیلۆمەترە.
گرنگی و ناوی شارەکە
دەلهی وەکوو ناوەندێکی گرنگی بازرگانی، گواستنەوە و کولتووری گرنگییەکی گەورەی مێژوویی هەیە، هەروەها ناوەندی سیاسی وڵاتی هیندستانە، بەگوێرەی ئەفسانەکان ئەم شارە بە ناوی (ڕاجا دیلو)ـەوە ناونراوە کە پاشایەک بوو لە سەدەی یەکەمی پێش زایینی لە ناوچەکەدا فەرمانڕەوایی دەکرد، هەروەها شارەکه بە چەند ناوێکی تر ناسراوە ئەوانیش، دەلهی، دەهلی، دیلی و دهیلی، دەلهی دووەم دەوڵەمەندترین شاری هیندستانە لە دوای شاری مۆمبای و نیشتیمانی 18 ملیاردێر و 23,000 ملیۆنێرە، لەڕووی گەشت و گوزارەوە شاری دەلهی زۆرترین سەردانیکەری هەیە لە هەموو هیندستاندا.
دانیشتوانی دەلهی
لە مێژووی دیمۆگرافی دەلهییەوە خاڵی وەرچەرخانی شارەکە ساڵی 1947 بووە، کاتێک هەزاران پەنابەری هیندو و سیک لە وڵاتی پاکستانەوە و بەهۆی سەربەخۆیی هیندستان چوونە ناو شارەکەوە، لەو کاتەوە گەشەی دانیشتوانەکەی ڕوو لە زیادبوونە، لەگەڵ لێشاوی کۆچبەران کە زۆربەیان لە ویلایەتەکانی دیکەی هیندستانەوە یان لە وڵاتانی دراوسێوە دێنە شارەکە، هەروەها پێکهاتەی ئایینی دانیشتوانی دەلهی جیاوازن، زۆربەی زۆری دانیشتوانەکەی هیندۆن و پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام گەورەترین کەمینە پێکدەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی کەمتری دانیشتوان سیک، جەین، مەسیحی و بوودایین.
کەشوهەوای دەلهی
کەشوهەوای شاری دەلهی بەوە دەناسرێتەوە کە زستانی زۆر وشکە و هاوینی زۆر گەرمە، بەگشتی پلەکانی گەرما لە شاری دەلهی لە نێوان 2 بۆ 47 پلەی سەدیدایە، لەگەڵ ئەوەشدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو −2.2 و بەرزترین پلەش 48.4 پلەی سەدییە، تێکڕای بارانبارینی ساڵانەی شارەکە 886 ملیمەترە و بەزۆری لە مانگەکانی تەمووز و ئابدا دەبارێت، وەرزی گەرم لە 21ی ئازارەوە بۆ 15ی حوزەیران دەخایەنێت لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمی لە سەرووی 39 پلەی سەدیەوەیە، گەرمترین ڕۆژی ساڵ 22ی ئایارە، تێکڕای پلەی گەرمی 40 پلەی سەدییە و نزمترین پلەی گەرمی 28 پلەی سەدییە، هەروەها وەرزی سەرماش لە 26ی تشرینی دووەمەوە بۆ 9ی شوبات دەخایەنێت و تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لەخوار 20 پلەی سەدیەوەیە، ساردترین ڕۆژی ساڵ 4ی کانوونی دووەمە و تێکڕایی پلەی گەرمی 2 پلەی سەدییە و بەرزترین پلەی گەرمیش 14 پلەی سەدییە، لە سەرەتای مانگی ئازاردا ئاڕاستەی با لە باکوورەوە بۆ باشووری ڕۆژئاوا دەگۆڕێت و لە مانگی نیسانەوە تا تشرینی یەکەم کەشوهەوا گەرمە.