ناوهڕۆك
ناساندن
مۆمبای یان مومبای (بە ئینگلیزی: Mumbai یان Bombay)، پایتەختی ویلایەتی ماهاراشترایە لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتی هیندستان و دەکەوێتە کەناری ماهاراشترا، بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا ساڵی 2018، مۆمبای دووەم قەرەباڵغترین شاری هیندستان بووە لەدوای شاری دەلهییەوە و هەشتەم قەرەباڵغترین شاری جیهانە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی بە نزیکەیی 20 ملیۆن دەخەمڵێنرێت. ئەم شارە ناوەندی دارایی، بازرگانی وڵاتەکەیەتی و بەندەرە سەرەکییەکەی لە دەریای عەرەبییە، ناوی مۆمبای لە ناوی خواوەندی ناوچەیی مۆمباوە وەرگیراوە، لە ساڵی 2008دا، مۆمبای ناونرا شاری ئەلفای جیهانی، هەروەها خاوەنی زۆرترین ملیۆنێر و ملیاردێرە لە نێو هەموو شارەکانی هیندستان و نیشتیمانی سێ شوێنەواری کەلەپووری جیهانیی یونسکۆیە.
دانیشتوانی مۆمبای
ئەم شارە گەورەترین شاری هیندستانە لەڕووی ژمارەی دانیشتوان و چالاکی بازرگانییەوە، بەگوێرەی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011 ژمارەی دانیشتوانی شارەکە و ناوچەکانی دەوروربەری 20,748,395 کەس بوو، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی خودی شارەکە بە 12,478,447 کەس خەمڵێنرا.
چڕیی دانیشتوانی مۆمبای نزیکەی 73,000 بۆ هەر میلێکی چوارگۆشە، ئەمەش وا لە مۆمبای دەکات بە یەکێک لە چڕترین شارە ئاوەدانەکانی جیهان دابنرێت، مۆمبای وەکوو زۆربەی ناوچەکانی سەر بە پایتەختی هیندستان دانیشتوانێکی فرە زمانی هەیە و 16 زمانی هیندستانی لەم شارەدا قسەیان پێ دەکرێت لەوانیش: گوجەراتی، هیندی و ماراتی، لەگەڵ فۆرمێکی گشتی هیندی بە ناوی بامبایا، هەمەچەشنیی کولتووری لەناو شارەکەدا واتای ئەوە دەگەیەنێت کە ئایینە تێکەڵەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا هەن، هەرچەندە ئەو ئایینەی کە لە شارەکەدا بەڕێژەیەکی زۆر پەیڕەو دەکرێت هيندۆسییە و نزیکەی 2 لە 3 دانیشتوانی مۆمبای بە هيندۆس دەناسرێنەوە، لەڕووی پێکهاتەی ڕەگەزیشەوە بۆ هەر 1000 نێرێک تەنها 899 مێ هەیە ئەم ناهاوسەنگی ڕەگەزییە لە سەرانسەری مۆمبایدا هەستی پێ دەکرێت و کێشە بۆ ڕێژەی نێرەکان بۆ مێیەکان دروست دەکات.
گەشەی دانیشتوانی شارەکە
گەشەی خێرای دانیشتوان دەگەڕێتەوە بۆ کۆچکردنی هاوڵاتیان لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتەوە بۆ نێو شارەکە و ئەو کۆچبەرانەی کە بەدوای دەرفەتی بازرگانی و دامەزراندندا دەگەڕێن، لە ساڵی 1991ەوە ژمارەی دانیشتوانی شاری مۆمبای بۆ زیاتر لە دوو ئەوەندە زیادی کردووە، سەرژمێرییەکەی ساڵی 1991 دەریخستووە کە 9.9 ملیۆن کەس لە ناوچەکەدا دەژین، تا ساڵی 2030، ژمارەی دانیشتوانی مۆمبای دەگاتە 28 ملیۆن کەس، ئەم خەمڵاندنانە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە مۆمبای دەبێتە چوارەم قەرەباڵغترین شاری جیهان.
شارەکە لەڕووی جوگرافییەوە
مۆمبای لە نزیک نیمچەدوورگەیەکی تەسکە لە باشووری خۆرئاوای دوورگەی سۆڵسات کە دەکەوێتە نێوان دەریای عەرەبی لە ڕۆژئاوا، جۆگەی ثێن لە ڕۆژهەڵات و جۆگەی ڤاسای لە باکوور، ڕووبەری ڕووی خودی گەورەشاری مۆمبای 603 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە کاتێکدا ناوچەی سەرەکییەکانی سەر بە پایتەخت ڕووبەرێکی 4,355 کیلۆمەتر چوارگۆشەییان هەیە، لە سەدەی 18دا بەریتانییەکان حەوت دوورگەی سەرەکی مۆمبایان یەکخست بۆ پێکهێنانی دوورگەیەکی گەورە.
کەشوهەوای شارەکە
بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری مۆمبای کەشوهەوایەکی خولگەیی تەڕ و وشکی هەیە، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی شارەکە 27 پلەی سەدییە و تێکڕای ڕێژەی دابارین 2,167 ملیمەترە. لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمی ناو شارەکە 31 پلەی سەدییە، لە کاتێکدا تێکڕای پلەی گەرمی لە دەوروبەری شارەکەدا 24 پلەی سەدییە، هەروەها تێکڕی بەرزترین پلەی گەرمی ڕۆژانە لە شارەکەدا 29 بۆ 33 پلەی سەدییە، لەکاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی ڕۆژانە 16 بۆ 26 پلەی سەدییە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە 14ی نیسانی 1952دا 42.2 پلەی سەدی بوو و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 7.4 پلەی سەدی بوو لە کانوونی دووەمی 1962.
زۆرترین ڕێژەی دابارینی ساڵانەی تۆمار کراوە 3,452 ملیمەتر بوو لە ساڵی 1954دا، هەروەها بەرزترین ڕێژەی دابارینی تۆمارکراو لە یەک ڕۆژدا 944 ملیمەتر بوو لە 26ی تەمووزی 2005 بوو، تێکڕای باران بارینی ساڵانە 2,146.6 میلیمەترە لە شارەکەدا و 2,457 ملیمەترە لە دەوروربەری شاردا، دروستبوونی گێژەڵووكەی خولگەیی زۆر دەگمەنە لە شارەکەدا خراپترین گێژەڵووكە کە تا ئێستا کاریگەری لەسەر مۆمبای هەبووبێت گێژەڵووکەکەی ساڵی 1948 بوو و بووە هۆی مردنی 38 کەس و ونبوونی 47 کەسی دیکە، توفانەکە بۆ ماوەی 20 کاتژمێر بەردەوام بوو و شارەکەی وێران کرد.
مۆمبای لەڕووی گەشتیارییەوە
گەشتیاری لەم شارەدا یەکێکە لە پیشەسازییەکان کە ساڵانە سەرنجی نزیکەی 6 ملیۆن گەشتیار ڕادەکێشێت، بەمەش دەبێتە 30هەم شوێنی گەشتیاری لە جیهاندا کە زۆرترین گەشتیار ڕووی تێدەکات، مۆمبای لە ساڵی 2018دا 10,590,100 گەشتیار ڕووی لە شارەکە کردووە و لە ساڵی 2019دا 12,442,400 گەشتیار سەردانی شارەکەی کردووە.
گەشتیاران لە مۆمبای سەردانی چەندین شوێن دەکەن لەوانە: کەلەپووری سروشتی، کەنار دەریاکان، سینەماکان، ستۆدیۆکان، شوێنە پیرۆزەکان، شاری یارییەکان و مۆنۆمێنتە مێژووییەکان. هەروەها هۆکارەکانی گواستنەوەش لە شارەکەدا بریتین لە ڕێگەی ئاسمانی، شەقام، شەمەندەفەر و کەشتی.