پارتی نازی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-03-12-15:00:00 - کۆدی بابەت: 7967
پارتی نازی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پارتی نازی (بە ئینگلیزی: Nazi Party) یاخود پارتی نەتەوەیی سۆسیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا (بە ئینگلیزی: Nationalist Socialist German Workers’ Party)، جووڵانەوەیەکی گەورە بوو بە شێوازی فەرمانڕەوایی تۆتالیتاری واتە دیکتاتۆری ماوەی ساڵانی ١٩٣٣ بۆ ١٩٤٥ بە سەرکردایەتی ئەدۆڵف هیتلەر (١٨٨٩- ١٩٤٥)، فەرمانڕەوایی ئەڵمانیای کردووە. 

پارتی نازی لە ژێر ناوی پارتی کرێکارانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩١٩ دامەزراوە، ئەم پارتە پشتگیری بیروباوەڕی دژە-جوولەکە، نەتەوەپەرستی و پێدانی شکۆ و شانازی بە ئەڵمانیاوە دەکرد، ڕازی نەبوو بەو مەرجانەی لە پەیماننامەی ڤێرسای سەپێنرابوو بەسەر ئەڵمانیادا، پەیماننامەی ڤێرسای لە ساڵی ١٩١٩ بەسترا و کۆتایی بە جەنگی جیهانیی یەکەم هێنا (١٩١٤-١٩١٨)، تێیدا داوا لە ئەڵمانیا کرابوو بەشداری لە بژاردنی زیانەکانی جەنگدا بکات و دەستبەرداری چەند ناوچەیەک ببێت. 

ساڵێک دوای ئەوەی پارتەکە دامەزرا، هیتلەر چووە ناویانەوە و لە ساڵی ١٩٢١ بوو بە ڕابەری پارتەکە. ساڵی ١٩٣٣ هیتلەر بوو بە سەروەزیرانی ئەڵمانیا و جووڵانەوەی نازی هەر زوو دەستی بە فەرمانڕەوایی دیکتاتۆریانە کرد. 

پاش ئەوەی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی دووەم (١٩٣٩-١٩٤٥) بەزێندرا، پارتی نازی بە یاسا دوورخرایەوە و زۆربەی سەرکردە باڵا دەستەکانیان بە تاوانی جەنگ، کە بریتی بوو لە کووشتنی نزیکەی شەش ملیۆن جوولەکەی ئەوروپی لە کارەساتی هۆڵۆکۆستدا، تاوانبار کران. 

بنەچەی پارتی نازی

ساڵی ١٩١٩ لە ئەنجامی بەزینی لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، ئەڵمانیا لە ڕووی ئابوورییەوە تووشی داڕمان و لە ڕووی ڕامیاریشەوە دۆخی ناجێگیر بوو. هەموو ئەمانە کاریان لە ئەدۆڵف هیتلەر کرد، کە سەربازێکی شارەزای جەنگ بوو. هەر بۆیە لە هەمان ساڵدا چووە ناو ڕێکخراوێکی ڕامیاری بێ ئەزموونەوە لە ژێر ناوی پارتی کرێکارانی ئەڵمانیا. ئەم پارتە لە هەمان ساڵدا واتە ساڵی ١٩١٩، لەلایەن کۆمەڵێکی بچووکەوە دامەزرابوو کە هەر یەکە لە ئانتان درێکلسەری کلیلساز (١٨٨٤-١٩٤٢) و کارڵ هارەری ڕۆژنامەنووس (١٨٩٠-١٩٢٦) بەشداربوون لە دامەزراندنیدا. پارتەکە پشتگیری بیروباوەڕی نەتەوەپەرستی و دژە-جوولەکەیی دەکرد، وە واش بیریان دەکردەوە کە مەرجەکانی پەیماننامەی ڤێرسای بە تەواوی نادادپەروەرانە بوو بەرامبەر ئەڵمانیا، بەوەی ئەڵمانیای خستبووە ژێر باری بژاردنی زیانێکی زۆر کە ئەو وڵاتە هەرگیز نەیدەتوانی بە تەواوی زیانەکان ببژێرێت. هەر زوو هیتلەر وەکوو کەسایەتییەکی قسەکەری کاریزما دەرکەوت و بە وتار و قسەکانی سەرنجی ئەندامی نوێی بۆ ناو پارتەکە ڕادەکێشا، لە وتارەکانیدا بە تەواوی لۆمەی جوولەکە و شیوعیەکانی دەکرد بۆ کێشەکانی ئەڵمانیا، هەروەها بە ئاشکرا لە وتارەکانیدا باسی بیروڕای نەتەوەپەرستی و بیرۆکەی (ڕەگەزی باڵا)ی دەکرد. لە مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٢٧ دا، پۆستی ڕابەرایەتیکردنی ڕێکخراوەکەی وەرگرت و ناوەکەی گۆڕی بۆ پارتی نەتەوەیی سۆسیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا یان پارتی نازی.

لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٠ـەکاندا، هیتلەر وتار دوای وتاری پێشکەش دەکرد، لە وتارەکانیدا ئاماژەی بەوە دەدا کە بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری، برسێتی و ستۆک بوونی ئابووری بەردەوام دەبێت هەتا شۆڕشێکی تەواوەتی بەسەر ژیانی ئەڵمانییەکاندا نەیەت. لە وتارەکانیدا دەیوت، زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەبن ئەگەر شیوعی و جوولەکەکان لە ناو نەتەوەی ئەڵماندا بتوێنرێنەوە. وتارە ئاگرین و بەجۆشەکانی زیاتر پلەی پارتەکەی بەرز دەکردەوە لای خەڵک، بەتایبەت لای هاوڵاتییە ئەڵمانییە گەنجەکان، کە لە ڕووی ئابوورییەوە  زیانیان بەرکەوتبوو.

زۆرێک لە ئەفسەرانی پێشووی سوپا لە شاری میونشن کە ناڕازی بوون لە بارودۆخەکە، ئەوانیش چوونە ناو پارتی نازییەوە. وەکو ئێرنست ڕۆم. ئەم پیاوە بەرپرس بوو لە تۆمارکردنی ئەندامی نوێ بۆ کۆمەڵەی سەربازی (Strong Arm)، کە هیتلەر بۆ مەبەستی پارێزگاری و ئاسایش لە کاتی کۆبوونەوەکانی پارتەکەدا لە دژی ڕکابەرەکانی، بەکاری دەهێنان.

کودەتای بیر هاڵ

لە ساڵی ١٩٢٣، هیتلەر و شوێنکەوتەکانی کودەتای بیر هاڵیان ئەنجامدا لە شاری میونشن، هەوڵێکی شکستخواردوو بوو بۆ بەدەستهێنانی حکوومەت لە باڤاریا، کە ویلایەتێکە لە باشووری ئەڵمانیا. هیتلەر هیوادار بوو کە کودەتاکە ببێتە هۆی شۆڕشێکی مەزنتر بەرامبەر حکوومەت. لە ئەنجامی کودەتای بیر هاڵ، هیتلەر بە تاوانی خیانەت تاوانبار کرا و سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. بەڵام تەنها یەک ساڵی لە زینداندا بەسەر برد کە لەو کاتەدا بەرگی یەکەمی کتێبی (نەبەردی من)ـی نووسی، بابەتی کتێبەکە نووسینی ژیاننامەی خۆی بوو لە بواری ڕامیاریدا. ڕای گشتی سەبارەت بە کودەتاکە و دادگاییکردنەکەی، هیتلەری کرد بە کەسایەتییەکی نەتەوەیی. دوای ڕزگاربوونی لە زیندان، دەستی کرد بە دووبارە بنیادنانەوەی پارتی نازی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لە ڕێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە.

هیتلەر و نازییەکان دەسەڵات بەدەستدەهێنن لە ساڵی ١٩٣٣

لە ساڵی ١٩٢٩، ئەڵمانیا لە ڕووی ئابوورییەوە داڕووخابوو و بێکاریش بە سەرتاپای وڵاتدا بڵاوبووبووەوە. نازییەکان ئەم هەلەیان بەکارهێنا بۆ ڕەخنەگرتن لە شێوازی فەرمانڕەوایی کردنی میری و لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەست دەهێنا. لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٢٣، لە کۆی ٦٠٨ کورسی پەرلەمانی ئەڵمانیا، ٢٣٠ کورسیان بە دەستهێنا. لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٣، هیتلەر بوو بە سەروەزیران و هەر زوو نازییەکان جڵەوی هەموو لایەنەکانی ژیانی ئەڵمانیایان کرد.

سەرەڕای ناوی پارتەکە کە پارتی نەتەوەیی سۆسیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیایە، بەڵام پشتگیری کەمی چینی کرێکارانی بەدەستهێنا، ئەمەش نەبووە هۆی نیگەرانی لەلای هیتلەر کە بەنیازی دروستکردنی جووڵانەوەیەکی گەورە بوو.

لە ژێر فەرمانڕەوایی نازییەکاندا، هەموو پارتە ڕامیارییەکانی تری بە نایاسایی کران و دوورخرانەوە. لە ساڵی ١٩٣٣، نازییەکان یەکەمین ئۆردوگای زۆرەملێیان بۆ ڕاگرتنی زیندانییە سیاسییەکان لە داکاوی ئەڵمانیا کردەوە. داکاو بەرە بەرە بوو بە ئۆردوگای مردن کە تێیدا هەزاران جوولەکە بەهۆی بەدخۆراکی، نەخۆشی، کارکردنی لە ڕادەبەدەر یانیش لە سێدارەدان دەمردن. زیندانیانی ئۆردوگاکە جگە لە جوولەکەکان، ئەو کەسانەشی دەگرتە خۆی کە هیتلەر پێی وابوو نابێت لە ناو ئەڵمانیای تازەدا بوونیان هەبێت، وەکو هونەرمەندەکان، ڕووناکبیرەکان، قەرەجەکان، هاوڕەگەزخوازەکان و ئەو کەسانەی لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە پەککەوتە بوون. 

سیاسەتی نازییەکان لە دەرەوەی ئەڵمانیا ١٩٣٣-١٩٣٩

لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی میری، هیتلەر سیاسەتی نازییەکانی لە دەرەوەی ئەڵمانیا بە ئاڕاستەی پێچەوانەی مەرجەکانی پەیماننامەی ڤێرسای و گەڕاندنەوەی پێگەی ئەڵمانیا لە جیهاندا برد. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٣٠یەکان بەرەو ١٩٤٠، هیتلەر هەنگاو بە هەنگاو فەرمانە نێودەوڵەتییەکانی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمی پێشێل دەکرد. لە ساڵی ١٩٣٣ ئەڵمانیای کشاندەوە لە ئەندامێتی کۆمەڵەی نەتەوەکان و هێزی چەکداری ئەڵمانیای دووبارە بنیادنایەوە. لە ساڵی ١٩٣٦ دەستی گرتەوە بەسەر ناوچەی ڕاینڵندی ئەڵمانیا، لە ساڵی ١٩٣٨ نەمسای خستە سەر ئەڵمانیا و ساڵی ١٩٣٩ وڵاتی چیکۆسڵۆفاکیای داگیر کرد. کاتێک سوپای ئەڵمانیا بەرەو پۆڵەندا دەستی بە جووڵە کرد، بەریتانیای مەزن و فەڕەنسا هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند بەوەی گەرەنتی ئاسایشی وڵاتی پۆڵەندا دەکەن. سەرەڕای ئەوەش لە ١ ئەیلوولی ساڵی ١٩٣٩ ئەڵمانیا پۆڵەندای داگیر کرد و فەڕەنسا و بەریتانیای مەزن جەنگیان لە دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند. سیاسەتی شەش ساڵی نازییەکان لە دەرەوەی ئەڵمانیا بووە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی دووەم.

نازییەکان دەجەنگن بۆ داگیرکردنی ئەوروپا ١٩٣٩-١٩٤٥

دوای داگیرکردنی پۆڵەندا، هیتلەر سەرنجی خستە سەر بەزاندنی فەڕەنسا و بەریتانیا. لەگەڵ فراوانبوون و کشانی جەنگدا، پارتی نازی بووە هاوپەیمانی هەریەکە لە وڵاتانی ژاپۆن و ئیتاڵیا لە ڕێککەوتننامەیەکی سێ لایەنیدا لە ساڵی ١٩٤١، هەروەها ڕێککەوتننامە دۆستانەکەی ساڵی ١٩٣٩ی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت بەرز ڕاگرت هەتا ساڵی ١٩٤١، کە لەو ساڵەدا ئەڵمانیا هێرشێکی گەورەی لەناکاوی کردە سەر یەکێتیی سۆڤیەت بە مەبەستی داگیرکردنی ئەو وڵاتە. پاش ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٤١ هاتە ناو جەنگەکەوە، ئەڵمانیا لە باکووری ئەفریقا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، چیاکانی بەڵقانی دەجەنگا و لە یەکێتیی سۆڤیەتیش دژی بەرگری ئەو وڵاتە وەستابووەوە. لە سەرەتای جەنگدا هیتلەر و پارتەکەی بۆ داگیرکردنی ئەورووپا دەجەنگان، پێنج ساڵ دواتر لە پێناو مانەوەیان دەجەنگان.

هۆلۆکۆست

کاتێک هیتلەر و نازییەکان لە ساڵی ١٩٣٣ دەسەڵاتیان وەرگرت، دەستیان کرد بە دانانی کۆمەڵێک بنەما و پێوانە بە مەبەستی چەوساندنەوە و ئازاردانی هاوڵاتییە جوولەکە ئەڵمانییەکان. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٣٨، زۆربەی شوێنە گشتییەکانی ئەڵمانیا لە جوولەکەکان قەدەغە کرابوون. لە ماوەی جەنگدا پەلامارە دژە جوولەکەییەکانی نازییەکان زیاتر و دڕندانەتر بوون. لە کاتی داگیرکردنی پۆڵەندادا، سوپای ئەڵمانیا هەزاران جوولەکەی پۆڵەندیان کوشت. زۆربەیان لە گیتۆدا دەهێڵرانەوە و لە برسا دەمردن. ئەوانەی تریش بۆ ئۆردوگاکان دەنێردران کە بە ئۆردوگای مردن ناسرابوون لە ناوچە جیاوازەکانی پۆڵەندا کە لەوێ یان یەکسەر دەکوژران یان وەکو کۆیلە کاریان پێ دەکردن. لە ساڵی ١٩٤١ کاتێک ئەڵمانیا پەلاماری یەکێتیی سۆڤیەتی دا، کۆمەڵەی مردنی نازییەکان بە چەکی مەترەلۆز هەزاران جوولەکەیان کوشت لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای سۆڤیەتی ڕووسیا.

لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٤٢، لە کۆنفرانسی وانسی کە لە نزیک بەرلین بەسترا، پارتی نازی بڕیاری (کۆتا چارەسەر)یان دا بۆ (کێشەی جوولەکەکان) و پیلانیان دانا بۆ کوشتنی هەموو جوولەکەکانی ئەوروپا بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە کارەساتی هۆڵۆکۆستدا. لەو کاتەی هیتلەر خۆی کوشت لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٤٥، نزیکەی شەش ملیۆن جوولەکە کوژرابوون.

دوورخستنەوەی نازییەکان

دوای جەنگ، ئەو لایەنانەی کە ئەڵمانیایان داگیرکردبوو، پارتی نازییان دوورخستەوە بە یاسا و کاریان دەکرد بۆ نەهێشتنی هزر و بیروڕای پارتەکە لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی ئەڵمانیا. ئاڵای پارتەکە کە پێکهاتووە لە خاچێکی چەماوە بە خێرایی بوو بە نیشانەی خراپەکاری لە کولتووری مۆدێرنی دوای جەنگدا. هەرچەندە هیتلەر خۆی کوشت پێش ئەوەی بگات بە سزای خۆی، بەڵام ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پارتەکە بە تاوانی جەنگ لە دادگای نوریمبێرگ لە ئەڵمانیا لە ماوەی ساڵانی ١٩٤٥-١٩٤٩ سزادران.

کتێبەکەی هیتلەر کە ژیاننامەی خۆی بوو لە سەردەمی خۆیدا یەکێک بوو لە پڕفرۆشترین کتێبەکان، لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی قەدەغەکرا.

نازی نوێ

ئایدۆلۆجیای نازی دوای خۆکوشتنی هیتلەر لەناو نەچوو و ماوەتەوە، لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٤٠ـەکاندا ژمارەیەکی کەمی کۆمەڵەی بچووک بچووکی پارتی ڕامیاری، خاوەن فکری نازیزم لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا پێکهێنرا، کە لەدواییدا بە تەواوی قەدەغەکرا و دوورخرانەوە. لە ساڵانی ١٩٩٠ـەکاندا دەستەی گەنجانی نازی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا هێرشیان دەکردە سەر کۆچبەرەکان، سووکایەتیان بە گۆڕستانی جوولەکەکان دەکرد، بە توندڕەوانە ڕووبەڕووی پۆلیس و چەپڕۆکان دەبوونەوە. لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١دا، پارتی بچووکی نازی نوێ لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و چەند وڵاتێکی ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور دەدۆزرانەوە. کۆمەڵەکان دەگمەن بوون، بەڵام لە جیهانەوە بوون و کارەکانیان بیسترا بوون.


سەرچاوەکان



760 بینین