ناوهڕۆك
ناساندن
دەوڵەتی ماد یان میدیا (بە عەرەبی: الدولة المیدية، بە ئینگلیزی: Media state ) لە کۆتایی ساڵەکانی سەدەی هەشتەمی پێش زایین، لە باشووری خۆرهەڵاتی دەریاچەی (چیچێست یان ئورومییە)، دەوڵەتێکی بە ڕەگەز ئاریی، بە ناوی دەوڵەتی ماد لەسەر دەستی (دیاکۆی کوڕی خشترتیەی فرائورت) دامەزرا، دواتر ئازەربایجان و ئاسیای ناوەڕاست و ئەفغانستانی ئێستا کەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوا و پاشایانی ئەو دەوڵەتە، دەوڵەتی ماد یەکێک بووە لە گەورەترین دەوڵەتەکانی مێژوو، پایتەختی دەوڵەتەکە شاری (ئەکباتان) بووە.
پایتەختی دەوڵەتی ماد
بەپێی سەرچاوەکان پایتەختی دەوڵەتەکە شاری ئەکباتان بووە، کە بە ئاشووری ئەمدانا، بە فارسی هەگماتانا، بە ئەخمینی هەنگماتان، بە ئازەری ئەقباتانای پێ وتراوە، کە بە واتای شوێنی کۆبوونەوە یان شاری هەموو کەسێک دێت، کە شاری هەمەدانی ئێستایە.
سنووری خاکی ماد
سنووری دەوڵەتی ماد لە خۆرهەڵاتییەوە دەشتی (کویر) بووە، لە ناوچەی خۆراسانی ئێستای ئێران، لە باکووری خۆرهەڵاتییەوە لوتکەکانی چیای (ئەلبورز) لە خوارووی دەریای خەزەر هەبووە، لە باکوورەوە ڕووباری (ئەرکسس) ئاراسی ئێستا و وڵاتی ئەرمەنستان بووە، دەوڵەتی ئاشوور و زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لەلای خۆرئاوا و لە باشووریشیەوە زەوییەکانی فارس و وڵاتی ئیلهام هەبووە.
ئەم دەوڵەتە سنوورێکی زۆر فراوانی جوگرافی هەبووە کە هەموو پارێزگای ئازەربایجانی ئێستا و بەشێک لە پارێزگای گەیلان و ناوچەکانی ڕەیی و ئەسفەهان و لوڕستانی ئێستا و پارێزگاکانی سنە و کرماشانیش لەو سنوورەدا بوون.
ڕووبەری سەرتاسەری ئەم دەوڵەتە بە (١٥٠٠٠٠٠) ملیۆنێک و پێنچ سەد هەزار میل چوارگۆشە بووە.
هۆزەکانی دەوڵەتی ماد
بەپێی باسکردنی (هیرۆدۆت) لە کتێبەکەیدا، مادەکان پێش یەکگرتن و دامەزراندنی دەوڵەت لە شەش هۆزی سەرەکی پێکهاتبوون، کە بە شێوەیەکی پەرت و بڵاو ژیاون، دیاکۆ توانی ئەم هۆزانە کۆبکاتەوە، هۆزەکانیش لە دوای یەکگرتن دیاکۆیان وەک ڕابەر بۆ خۆیان هەڵبژاردووە و دەوڵەتی مادیان دروستکردووە، ئەوانیش هۆزەکانی:
- بووسییەکان: کە لە دەورووبەری دەریای قەزوین ژیاون، دواتر بەرەو زەوییەکانی ئەکباتان و عێراقی ئێستا کۆچیانکردووە.
- پارتاکتەکان: ئەم هۆزە لە نزیک شاری (ئەسپدان) کە ئەسفەهانی ئێستایە ژیاون.
- سترۆخاتییەکان: ئەم هۆزە لە ناوچەکانی سەمەرقەند و خواریزم ژیاون.
- ئاریزانتەکەن: لە پارێزگای ئازەربایجان ژیاون، ئەم هۆزە لە نەخشەسازیدا زۆر شارەزا بوون.
- بوودییەکان: شوێنی نیشتەجێبوونیان لە ئەوپەڕی ناوچەکانی خۆرئاوای وڵاتی ماددا بووە.
- موغەکان: ئەم هۆزە کۆچەر بوون، گەرمیان و کوێستانیان کردووە، کەسانی ئایینی و باوەڕدار بوون.
ئایین و نووسین و زمانی مادەکان
بەپێی سەرچاوەکان ئایینی زەردەشتی ئایینی مادەکان بووە، نووسینی مادەکان بە شێوەی خەتی (بزماری) بووە، مادەکان بە زمانی (مادی) کە زمانێکی ئێرانی کۆنە قسەیان کردووە، زمانەکانی مادی و مازەندەرانی و کوردی لە دەستەی زمانەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران دەناسرێن، مادەکان و پارسەکان زمانیان لەیەک نزیک بووە و بە ئاسانی لە زمانی یەکتر تێگەشتوون.
پاشاکانی دەوڵەتی ماد
سیستمی دەوڵەتی ماد پاشایەتی بووە، بەهۆی کورتی تەمەنی دەوڵەتەکەوە تەنها چوار پاشا فەرمانڕەوایەتی دەوڵەتەکەیان کردووە:
- دیاکۆ Deioces (٧٠٠-٦٥٥)پێش زایین، دیاکۆ لە هۆزی موغەکان بووە و دامەزرێنەری دەوڵەتی ماد بووە.
- خشتریتیە یان خەشار پاشای کوڕی دیاکۆ (٦٥٥-٦٣٣)پێش زایین، دوای ٢٢ ساڵ دەسەڵاتداری لە یەکێک لە شەڕەکاندا لەگەڵ ئاشووریەکاندا کوژراوە.
- کەیخەسرەو یان هوخشتر (٦٢٥-٥٨٥)پێش زایین، کە لە ساڵی ٦ا٢ پێش زایین توانی نەینەوا داگیربکات و دەوڵەتی ئاشووری بڕوخێنێت.
- ئاشداهاک یان ئاژدهاک (٥٨٥-٥٥۰) پێش زایین.
مێژووی نەتەوەی ماد
گرنگترین نووسراوەکان سەبارەت بە دەوڵەتی ماد لە نووسراوەکانی هیرۆدۆتدایە کە دەگەڕێتەوە بۆ ٥۰۰ ساڵ پێش زایین.
بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان لە هەزاری یەکەمی پێش زایین دوو هۆزی سەرەکی ئاریی (ماد و پارس) کۆچیان کردووە بۆ ڕۆژئاوای بانەکانی ئێران و لاپاڵی چیای زاگرۆس و لێی نیشتەجێبوون، مادەکان لە ڕەگەزی هیندۆ ئەورووپایین، کە توانیان دەسەڵاتی ٥۰۰ ساڵەی دەوڵەتی ئاشووری بڕوخێنن و بناغەی یەکەم دەوڵەتی ئاریی دابمەزرێنن.
یەکەمین ئاماژە بە ناوی مادەکان لە تۆمارێکی ئیمپڕاتوری ئاشوور شەلمانسەری سێیەمدا هاتووە، کاتێک لە ساڵی ٨٣٥ پێش زایینی پەلاماری سنووری خۆرهەڵاتی دەوڵەتەکەی داوە، ئاماژەی بە ناوی ٢٧ فەرمانڕەوا کردووە کە باجیان پێ داوە، کە لەنێوان ئەوانەشدا ماد و پارسیشی تێدابووە، هەندێ لە سەرچاوەکان ئاماژە بە ئەوە دەکەن کە مادەکان لە وەچەی (یافسی کوڕی نوح) پەیامبەرن.
پەیوەندی نەتەوەی کورد و دەوڵەتی ماد
بە پێی هەندێ لە سەرچاوە مێژووییەکان نەژادی کوردەکان بۆ مادەکان دەگەڕێتەوە، ئەوەی ئەم بیکردنەوەیە زیاتر ئەچەسپێنێت سروودی نەتەوەیی کوردەکانە کە تێیدا ئاماژەیەکی ڕوون دەکات کە کورد لە نەوەی مادەکانە، هەروەها مێژوونووسی دیاری کورد موحەمەد ئەمین زەکی (ا٨٨۰-ا٩٤٨) لە کتێبەکەیدا بەناوی (پوختەی مێژووی کورد و کوردستان) ئاماژەی کردووە، کە مادەکان لە خێڵ و بنەماڵەی کورد پێکهاتبوون.
حەسەن بیرنیا لە کتێبی (تاريخ إيران باستاندا) ئاماژە دەکات کە مادەکان لە ڕەگەزی ئاریین و باوباپیرانی کوردن، زمانیان هەمان زمانی کوردی موکریانی بووە.
هەروەها بەپێی مێژوونووس و زمانەوانی ڕووسی (ڤلادیمێر مینۆرسکی) مادەکان لە ڕووی زمانەوانییەوە هاوشێوەی کوردن و باوباپیرانی ئێستای کوردن.
دیارترین شوێنەوارەکانی دەوڵەتی ماد
لە ساڵی ا٩٦۰ بەدواوە دەستکراوە بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی دەوڵەتی ماد، لە شارەکانی کرماشان، هەمەدان و لوڕستانی وڵاتی ئێران، نموونەی ئەو شوێنەوارانەی کە دۆزراونەتەوە:
ا- پەرستگای Tepe Nush-i Jan کە دەکەوێتە دووری ا٤ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری هەمەدان.
٢- کۆشکی Godin Tepe کە دەکەوێتە دووری ا٣ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان.
٣- گوندی دێرینی Baba Jan کە دەکەوێتە دووری ١٠ کیلۆمەتر لە باکووری شاری لوڕستان.