ناوهڕۆك
ناساندن
هێرشی ١٧ی خەرمانان یان هێرشی سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان (بە ئینگلیزی: 2018 Iraqi Kurdistan missile strike، بە فارسی: حمله به مقر حزب دموکرات کردستان) بریتییە لە هێرشێکی مووشەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکان و کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبەکانی دێموکراتی کوردستان و دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی شەممە ٨ـی ئەیلوولی ٢٠١٨ی زایینی، بەرامبەر لەگەڵ ١٧ـی خەرمانانی ٢٧١٨ی کوردی. هێرشەکە لەلایەن هێزی ئاسمانی-بۆشاییی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە حەوت مووشەکی زەوی بۆ زەوی فاتیح-١١٠ ئەنجام درا. سوپای پاسداران ڕایگەیاند هێرشەکە لە وەڵامی هێرشی حیزبەکە بووە بۆ سەر بنکەی حەمزە شەهیدوڵڵای شاری مەریوان و بووە هۆی کوشتنی ١٠ پاسەوان.
هێرشەکە
کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی پێش نیوەڕۆ سوپای پاسداران لە پێگەی ئاسمانی-بۆشایی خۆی لە ورمێ، حەوت مووشەکی کورتهاوێژی زەوی بە زەوی ڕەوانەی (قەڵای دێموکرات) لە شاری کۆیەی هەرێمی کوردستان کرد؛ کە شوێنی کۆبوونەوەی ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کاتی بەستنی پلینۆمدا، فێرگەی سیاسیی نیزامیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و شوێنی بنەماڵەی دێموکراتەکان کرانە ئامانج.
لە ئاکامی هێرشەکەدا ٦ ئەندامی سەرکردایەتی و ٨ کادری حدک و ٢ مامۆستای فێرگەی حدکا کوژران؛ هەروەها نزیک بە ٤٠ ژن و منداڵ و پێشمەرگەش بریندار بوون.
قوربانییان
- ڕەحمان پیرۆتی
- سۆهەیلا قادری
- نەسرین حەداد
- برایم ئیبراهیمی (برایم زێوەیی)
- محەممەد حەسەنپوور
- کەریم مەهدەوی (کەریم سەقزی)
- هاشم عەزیزی
- عوسمان عوسمانی
- کەریم ڕەسوڵزادە (مام شێرکۆ)
- قادر عیزەتی
- مەنسوور ئەکبەرپوور
- جەمال ئەکبەری
- پێشەوا عەزیزپوور
- هاوڕێ کارساز (هاوڕێ شێخانی)
- فاڕووق حەسەنخەیات
- موختار قادرپوور
کاردانەوەکان
- ١٢ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ مانگرتنێکی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
- حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی ئیدانە کرد و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد.
- ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە، هاوخەمیی خۆیان بۆ شەهیدکەوتنی هاوسەنگەرانیان دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ برینداران خواست.