ناوهڕۆك
ناساندن
کیێڤ (بە ئۆکرانی: Київ، بە ئینگلیزی: Kyiv، بە ڕووسی: Киев)، گەورەترین شار و لە هەمان کاتدا پایتەختی وڵاتی ئۆکرانیایە، نزیکەی سێ ملیۆن دانیشتووی هەیە، دەکەوێتە ناوەندی باکووری وڵاتەکە و ڕووباری دنیپەر و هێڵی گەورەی شەمەندەفەر پیایدا تێپەڕ دەبێت. شارێکی دێرین و خاوەن مێژوویەکی پڕ لە شانازییە، مێژووەکەی بۆ نزیکەی ١٥ بۆ ٤٠ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و لە دەوروبەری هەزار ساڵ پێش ئێستا بە (دایکی شارەکانی ڕووس) ناسرابوو.
شارەکە لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا بە توندی داڕووخا، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٥٠کان دووبارە بنیادنرایەوە، و لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا لە بواری ئابووری و ژیانی کولتووریدا زۆر بە باشی گەشەی سەند. سەربەخۆیی وەرگرتنی وڵاتی ئۆکرانیا لەژێر دەستی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، بووە هۆکارێک بۆ کیێڤ کە وەک پایتەختێکی ئەوروپی تازە بکرێتەوە.
شوێنی جوگرافی
کیێڤ بووەتە دوو بەش بەهۆی ئەوەی ڕووباری دنیپەر پیایدا تێپەڕ دەبێت، ئەو ڕووبارەش لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو سەرچاوەوە دروست بووە کە شوێنی یەکگرتنیان پێی دەوترێت (دێسنا)، ڕووبارەکە بە درێژایی ٩٥١ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە دەریای ڕەش. بنەڕەتی شارەکە لە ناوچەی ڕۆژئاوا لە گردی (باتیێڤا)یە و لەوێوە دروست بووە کە ١٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووبارەکەوە بەرزترە. لە جەنگی جیهانی دووەمەوە شارەکە بەرەو دەشتە نەرمایی و لیتەییەکانی ڕۆژهەڵات درێژ بوویەوە و فراوان بوو.
کەشوهەوا
کیێڤ کەشوهەوایەکی مامناوەندیانەی کیشوەری هەیە، پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی دووەمدا بە تێکڕایی -٦ پلەی سیلیزییە، و ڕۆژانی زستان ئەگەر پلەی گەرمی نەگاتە بەستن ئەوە ئاسایی نییە. لە کاتە زۆر ساردەکاندا ئەو هەوایەی کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە دێت پلەی گەرمی زۆر بە خێرایی بە لایەنی کەمەوە دەباتە -٣٣ پلەی سیلیزی، بە شێوەیەکی ئاسایی بەفر لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە تا کۆتاییەکانی مانگی ئادار شارەکە دادەپۆشێت.
هاوینی کیێڤ گەرم و مامناوەندە و گەرمای بێزارکەری نییە، لە مانگی تەمووزدا پلەی گەرمی بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان ٢٠ پلەی سیلیزی بۆ ٣٩ پلەی سیلیزیدایە. ساڵانە لە دوو گەرمترین مانگی ساڵدا نزیکەی ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ میلیمەتر باران دەبارێت.
نەخشەی شارەکە
ڕووبەری کیێڤ بە هەردوو بەشەکەیە بەپێی سنووری دەوروبەری شارەکە ٧٨٠ کیلۆمەتر دووجایە. ناوەندی شارەکە ئەو ناوچە دێرینەیە کە بە شاری سەروو (بە ئینگلیزی: Upper Town) ناو دەبرێت، و دەکەوێتە سەر کەندەڵانە بەرزەکانی دنیپەر. یەکێک لە پاشماوە جوانەکانی پاش جەنگ بریتییە لە (کاتێدراڵی سانت سۆفیا) کە کڵێسایەکی ڕۆمی، لە سەدەی یازەدە دروستکراوە و لە سەدەی هەژدە ڕازاندنەوەیەکی سەرنجڕاکێشی لە شێوەی هونەری بارۆکیدا بۆ کراوە، ئەم شوێنە باشترین و جوانترین نموونەی کاری تەلارسازی ڕووسی - بێزەنتینییەکانە.
شاری کیێڤ جۆرەها جوانی لە خۆی کۆکردوەتەوە، هەر لە مۆزەخانە، شانۆ، باڵەخانەکان، جۆرە جیاوازەکانی بازاڕ، و تەنانەت باخچە و سەوزاییە زۆرەکەی ناو شارەکە وایان کردووە ئەگەر لە فڕۆکەوە سەیری شارەکە بکەیت هەست بە ئالوودەبوونی دەکەیت لەگەڵ دنیپەر و سەرنجت ڕادەکێشن.
ئابووریی شارەکە
کیێڤ وەک پایتەختی ئۆکرانیا جۆرەها دامودەزگا و کۆمپانیا و ئۆفیسی وەزارەتەکانی تێدایە کە پەیوەندیدارن بە ئابوورییەوە. هەروەها شارەکە بنکەیەکی گرنگی کاری پیشەسازییە، ڕووبەرێکی فراوانی بە کارگەکان بەخشیوە بەتایبەت لە ڕۆژئاوای شارەکە کە جۆرەها وەبەرهێنانی تیادا دەکرێت.
کارگەکانی پیشەسازی ئەندازیاری پشتیان بە کانزاکانی وەک ئاسن و ستیل بەستووە کە ناوچەکە پێی دەوڵەمەندە، هەروەها ئەو کارگانەی کە پیشەسازی کیمیایی دەکەن پلاستیک، فایبەری کیمیایی، پەیینی کیمیایی، و بەرهەمەکانی ڕێسین دروست دەکەن.
کرادری گواستنەوە و گەیاندنی پیشەسازی بابەتێکی گرنگی پێدراوی شاری کیێڤە، ئامێرەکانی گواستنەوەی ڕێگای ئاسنی بە هەموو کەشوهەوایەکدا کار دەکەن کە کیێڤ و مۆسکۆیان بەیەک بەستووەتەوە و بەرەو خارکیڤ و دۆنێت بەیزن کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و لەوێشەوە بەرەو باشوور بۆ بەندەری ئۆدێسا و پاشانیش بۆ ڕۆژئاوا و بەرەو پۆڵەندا دەچێت.
کیێڤ خاوەنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی (بۆریسپیل)ە کە گەشتی ڕاستەوخۆی بۆ هەموو شارەکانی ئۆکرانیا و ئەورووپا و ئاسیا و ئەمریکای باکوور هەیە.
لەناو کیێڤدا شەمەندەفەر، میترۆ، پاس، ئۆتۆمبێلی گشتی و پاسی کارەبایی هەیە کە دانیشتوانی شارەکە هاتوچۆی ڕۆژانەیانی پێ بکەن.
سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت
پاش ئەوەی کە یەکێتیی سۆڤیەت دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکەدا گرت، لە ساڵی ١٩٣٤ پایتەختی ئۆکرانیا لە خارکیڤەوە گۆڕا بۆ کیێڤ بەو پێیەی کە ناوەندی ئۆکرانیای سۆڤیەت بووە. لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا، سۆڤیەت چەندین دەزگای ئامێر دروست کردن و دەزگای کارەبایی و پیشەسازی کیمیایی لە شارەکەدا جێگیر کرد.
بەپێی ئاماری ساڵی ١٩٣٩ دانیشتوانی شارەکە گەشتووەتە ٨٤٦.٧٢٤ کەس. لە ساڵی ١٩٤١ و لە جەنگێکی ٨٠ ڕۆژی نێوان ئەڵمانیا و سۆڤیەت نزیکەی ٣٤ هەزار جوولەکە کۆمەڵکوژ کران و دەیان هەزاری تریش لە ماوەی دوو ساڵی دواتردا کوژران. لە ساڵی ١٩٤٣ ڕووسەکان شارەکەیان گرتەوە کە نزیکەی ٪٤٠ی وێران بووبوو. ڕۆڵی جەنگیی کیێڤ وای کرد کە ناونیشانی شارە پاڵەوانەکە یاخود ئەستێرەی ئاڵتونی وەربگرێت.
کیێڤ لە گەشەکردن و بەهێزبوونی پیشەسازیەکەی لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم بەردەوام بوو. لە ساڵی ١٩٨٦ دوای ئەوەی وێستگەی وزەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ تەقیەوە و شەپۆلی مەترسیداری ڕادیۆیی بڵاو بوویەوە، خەڵکی شاری پریپات کە وێستگەکەی لێیە حکوومەتی سۆڤیەت شارەکەی پێ چۆڵکردن تاکو دوور بن لە زەرەر و زیانی تیشکەکە و بەرەو کیێڤ ژیانیان گواستەوە، هەرچەندە حکومەت ڕایگەیاند کە بە شێوەیەکی کاتی دەبێت بەڵام دواتر زانست سەلماندی کە ناوچەکە بۆ ماوەی ٢٤ هەزار ساڵ شیاوی ژیانکردن نییە. چێرنۆبڵ ١٠٤ کیلۆمەتر لە باکووری کیێڤەوەیە و پاش ڕووداوی تەقینەوەکە لە سەرەتاکانییەوە هەوا بڕێک لەو شەپۆلە زیانبەخشەی دەگەیاندە کیێڤ، هەر ئەم ڕووداوەش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکەی تووشی شێرپەنجە کرد.
پاش ٣١ ساڵ لە ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و سەربەخۆیی وەرگرتنی ئۆکرانیا، لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند کە دەست دەکات بە هێرشێکی سەربازی تایبەت دژ بە ئۆکرانیا، سەربازانی ئۆکرانیا جەنگی توندیان دەکرد بۆ ڕێگری کردن لە داگیرکاری وڵاتەکە و بە تایبەت شاری کیێڤ وەک پایتەخت، هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە ئاوارەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە و وڵاتانی تر بوون.