ناوهڕۆك
ناساندن
کۆمۆنیزم یان شیوعیەت (بە ئینگلیزی: Communism، بە ڕووسی: коммунизм، بە عەرەبی: الشيوعية) ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکی چەپڕۆی توندڕەوی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە کە ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر و کۆمۆنیستییە، واتە شێوازێکی ئابووری-کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای بیرۆکەی خاوەندارێتی هاوبەشی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و ئاڵوگۆڕکردن و تەرخانکردنی بەرهەمەکان بۆ هەموو کەسێک لە کۆمەڵگەدا.
هۆکارە سەرەکییەکانی داڕمانی کۆمۆنیزم چین؟
لە دوای شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٧ـەوە، کۆمۆنیزم بەسەر ڕووسیا و ئەو دەوڵەتانەی کە یەکێتیی سۆڤیەتیان پێکهێنا زاڵ بوو، کە تا سەرەتای ساڵی ١٩٩١ نزیکەی ٢٩٠ ملیۆن کەسی لەخۆگرتبوو. کەواتە چی بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆمۆنیزم لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩١؟
ئابووری
تا ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ‘سەردەمی وەستان’ ئابووریی ڕووسیای گرتبووەوە و هەڕەشەی لە پێگەی زلهێزی ڕووسیا کردبوو.
هەرچەندە گەورە بوو، بەڵام ئابووریی ڕووسیا تاڕادەیەک دواکەوتوو بوو، بازاڕێکی ڕەشی بەرچاو و کارگە و کانی بەسەرچوو (کە کاریگەری لەسەر ژینگە هەبوو و دەریای ئاراڵی وشک کردبوو). خراپ بەڕێوەبردنی دارایی بەو واتایەبوو کە ڕووسیا لە ڕووی ئابوورییەوە تووشی ڕووداوی دەرەکی دەبێت، لەوانە، دابەزینی نرخی نەوت لە ئازاری ١٩٨٦ کە داهاتی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.
تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بە قەرزی زۆری بودجە و کەمیی خۆراک و کەلوپەلی بەکاربەر ئابووری وێران بوو. حکوومەت بۆ ئاسانکردنی باج لەسەر خەڵکی مووچەی زیاد کرد، ئەمەش لەژێر چەتری چاکسازییەکانی پێرێسترۆیکا، بەڵام بووە هۆی هەڵاوسان. ئەوکات زۆر کەس بەڕێژەیەکی بەرچاو لە هەژارترین خەڵکی ڕۆژاوا و سیستمی سەرمایەداری هەژارتر بوون.
بەهۆی جەنگی ساردەوە لایەنی سەربازی لە پێشینەدا بوو و پارەی باشی بۆ دابین دەکرا. ئەمە بەو واتایەبوو کە داهێنەران و خاوەنکارە تەکنەلۆجییەکان لە پیشەسازییەکانی بەرگریدا خرانە سەر کار، نەک یارمەتی و ئاسانکاریی بۆ خەڵکی و ئابووریی گشتی.
گۆڕانی سیاسی
میخائیل گۆرباچۆڤ لە ١١ی ئازاری ١٩٨٥ بوو بە سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت، ئامانجی پێچەوانەکردنەوەی دابەزینی ئابووری و ڕێکخستنی بیرۆکراسی حکوومەت بوو. دوای ئەوەی ئەمە خاو بوو، لە شوباتی ١٩٨٦دا وتارێکی پێشکەش بە کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیست کرد کە تێیدا باسی لە پێویستی جێبەجێکردنی داڕشتنەوەی سیاسی و ئابووری کرد کە ناوی لێ نرا پێرێسترۆیکا (‘perestroika’) و داوای سەردەمێکی نوێی کرانەوە و شەفافیەت کرد بەناوی گلاسنۆست (‘glasnost’).
گلاسنۆست
گلاسنۆست کۆمەڵێک ئازادی بە خەڵک بەخشی کە پێشتر ئەزموونیان نەکردبوو، لەنێویاندا ئازادییەکی زیاتری قسەکردن. کۆنترۆڵی چاپەمەنی سووک کرا و هەزاران کەسی ناڕازیش لە زیندان ئازاد کران. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، گلاسنۆست کاریگەری ئەوەی هەبوو کە هەموو سیستمی سۆڤیەتی بەڕووی ڕەخنەدا کردەوە. دەوڵەت کۆنتڕۆڵی میدیای لەدەستدا و بزووتنەوەکانی چاکسازی دیموکراتیک لە سەرانسەری بلۆکی سۆڤیەتدا گەشەیان کرد. دانیشتووان لە گەندەڵییە بەربڵاوەکان بێزار بوون، و لە دەوڵەتی پۆلیس و سانسۆر ناڕازی بوون. گلاسنۆست پەلەیەکی بیرۆکە و ئەزموونی نوێی هێنایە ئاراوە، لە سیاسەتەوە تا خواردنی خێرا بە شێوەی ڕۆژاوایی، بەهۆی ئەمەشەوە خەڵکی بە هێزێکی نوێ دەکرد.
پێرێسترۆیکا
گۆرباچۆڤ لە ڕێگەی پێرێسترۆیکاوە کۆنتڕۆڵی ناوەندی زۆرێک لە کارەکانی ئاسان کرد، ئەمەش ڕێگەی بە هەندێک لە جووتیاران و بەرهەمهێنەران دا بڕیار بدەن کام بەرهەم دروست بکەن و پارە لە چی وەربگرن. سەرەڕای ئەوەش، زۆرێک لە پێکهاتەی بیرۆکراسی مانەوە، بەرپرسە گەندەڵەکانی کۆمۆنیستەکانیش ڕێگرییان لەو سیاسەتانە دەکرد کە سوودی بۆ ئەوان نەبوو.
شکستی کۆمۆنیزم لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و شۆڕش
شلکردنەوەکانی حکوومەتی سۆڤیەت و گوێنەدانی، هانی کۆمەڵێک لە شۆڕشەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵاتی دا، وەک ڕاپەڕینی هەنگاریا لە ساڵی ١٩٥٦ و لەشکرکێشی پەیمانی وارسۆ بۆ سەر چیکۆسلۆڤاکیا لە ساڵی ١٩٦٨. وازهێنان لە بیروباوەڕی برێژنێڤ لەلایەن گۆرباچۆڤەوە (کە داوای لە یەکێتیی سۆڤیەت دەکرد دەستوەردان لەو وڵاتانەدا بکات کە دەسەڵاتی سۆسیالیستی لە ژێر هەڕەشەدا بوو) وایکرد یەکێتیی سۆڤیەت چیتر ئامڕاز و ویستی سەپاندنی کۆنتڕۆڵی سەربازیی نەبێت.
گۆرباچۆڤ پێی وانەبوو کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دیموکراسی دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات واز لە پابەندبوونیان بە سۆسیالیزم بهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە مانگی حوزەیرانی ١٩٨٩دا، سۆلیداریتی (سەندیکایەکی کرێکاری کە پێشتر قەدەغەکرابوو) لە پۆڵەندا کەوتە سەر دەسەڵات و لێخ والێسا بوو بە یەکەم سەرۆکی پۆڵەندا کە نا-کۆمۆنیست بوو.
تا کۆتایی ساڵی ١٩٨٩ هەنگاریا سنووری خۆی لەگەڵ نەمسا لابرد و دەوڵەتانی باڵتیکیش هەنگاویان بەرەو سەربەخۆیی دەنا. ڕووخانی دیواری بەرلینیش لە تشرینی دووەمی ١٩٨٩ زیاتر نیشانیدا کە پەردەی ئاسن لە نێوان بلۆکەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا لە کەوتندایە.
شەڕی ئەفغانستان
لە ساڵی ١٩٧٩ یەکێتیی سۆڤیەت بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی کۆمۆنیستی ئەفغانی هێرشی کردبووە سەر ئەفغانستان، کە لەلایەن چەکدارانی موجاهیدینی موسڵمانەوە هێرشی دەکرایە سەر. موجاهیدینەکان بە مووشەکی ئەمریکی پڕچەک بوون و ئەو ململانێیە بووبووە شەڕێکی تری بە وەکالەت لە سەردەمی جەنگی سارددا. نزیکەی دە ساڵی خایاند، نزیکەی ملیۆنێک سەربازی سۆڤیەت بەشدارییان تێدا کرد و ملیۆنان ئەفغانی کوژران یان ئاوارە بوون.
گلاسنۆست تا ساڵی ١٩٨٦ ژینگەیەکی بۆ دەنگدانەوەی فراوانتر و ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی شەڕی ناجەماوەر دروست کردبوو. بۆ دەوڵەتانی باڵتیک، شەڕەکە بە هەمان شێوەی داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکانی خۆیان سەیر دەکرا و گلاسنۆستیش ڕێگەی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆشکرد.
گۆرباچۆڤ لەژێر گوشاری نەتەوە یەکگرتووەکان و دوابەدوای گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕووسیا، ڕایگەیاند کە هێزەکانی سۆڤیەت تا ساڵی ١٩٨٨ لە ئەفغانستان دەکشێنەوە. ئەم شکستهێنانە لە جەنگدا وێنەی سوپای سۆڤیەتی ڕووخاند کە وا ناسرابوو نادۆڕێت و شەرعیەتی سۆڤیەتی تێکدا و بوێری بەو کەسانە بەخشی کە بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕان.
کۆتاییهاتنی جەنگی سارد
ڕۆناڵد ڕیگان لە ساڵی ١٩٨٠ بووبووە سەرۆکی ئەمریکا. بە توندی دژە کۆمۆنیست بوو، یەکێتیی سۆڤیەتی بە ‘ئیمپراتۆریەتێکی خراپ’ وەسف کرد. داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە درزەکانی لەگەڵ ئەمریکا قووڵتر کردبووەوە و ڕیگان خەرجییەکانی بۆ چەک زیاد کردبوو، بۆمبی نیوتڕۆنی پەرەپێدا و سیستمی بەرگریی مانگی دەستکردی مووشەکی کروز ‘جەنگی ئەستێرەکان’ـی پەرەپێدا.
دوای ئەوەی گۆرباچۆڤ هاتە سەر دەسەڵات، هەم خۆی و هەم ڕیگان دانیان بەوەدا نا کە گۆڕانکاری لە ئارادایە. گۆرباچۆڤ حەزی لە چاکسازی لە سیستمی سۆڤیەت و باشترکردنی ئاستی ژیان بوو، درکی بەوە کرد کە یەکێتیی سۆڤیەت تەنیا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکانەوە دەتوانێت ئەم کارە بکات. دوای هاندان و گوشارەکانی ڕیگان، گۆرباچۆڤ لەسەر دانوستانەکانی کەمکردنەوەی ستراتیجی چەکی ناوکی (START) ڕازی بوو ساڵی ١٩٨٧ پەیمانی هێزە ئەتۆمییەکانی مەودای مامناوەندی واژۆ کرد. دوای هەڵبژاردنە دیموکراسییەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا دوای ڕووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی ١٩٨٩، جەنگی ساردی چەندین ساڵە گەیشتە کۆتا ساتەکانی.
چێرنۆبڵ
لە ٢٦ی نیسانی ١٩٨٦دا، ڕیاکتۆری ژمارە ٤ لە وێستگەی کارەبای چێرنۆبڵ لە کاتی پشکنینی ڕۆتینی چاککردنەوەدا تەقییەوە و کارەساتێکی ناوکی دروستکرد. سەرەڕای گلاسنۆست، بەرپرسانی کۆمۆنیست هەوڵیان دا بە خێرایی زانیارییەکان لەسەر ڕووداوەکە سەرکوت بکەن، چەند ڕۆژێکیان خایاند بۆ ئەوەی جیهان ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی هیچ ڕووداوێک نەیەتە پێشەوە بۆ ڕۆژی کرێکارانی جیهانی لە یەکی ئایاردا کە چەند ڕۆژێکی مابوو، بەڵام بەهۆی ئەم بڕیارەوە خەڵکێکی زۆر بەر تیشکدانەوە کەوت.
گۆرباچۆڤ ڕووماڵەکانی میدیای ڕۆژاوا و ڕاپۆرتەکانی ئاستی بەرزی مەترسیداری تیشکدەرەوەی بە ‘درۆی بەدخواز’ ڕەتکردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییە فیزیاییەکانی ژەهراویبوونی تیشک لەلایەن ئەوانەی لە ناوچەی پیسبووندا بوون حاشاهەڵنەگر بوون. گۆرباچۆڤ دواجار لە ١٤ی ئایاردا فەرمانی هاوکاریی تەواوەتی بۆ شوێنەکە کرد، کە لەو کاتەدا خەڵکێکی زۆری تر کەوتبوونە مەترسییەوە.
چێرنۆبڵ نەبوونی کراوەیی حکوومەتی بەرامبەر بە گەلەکەی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشکرا کرد. نەک هەر پاککردنەوەی تێچووی زۆری ویست، بەڵکوو متمانەی بە حیزبی شیوعی شکاند و گورزێک بوو لە شانازیی نەتەوەیی.
هەوڵی کودەتا و سەرهەڵدانی یەڵتسن
بۆریس یەڵتسن کە داکۆکیکارێکی دیموکراسی بوو، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩١ بە سەرکۆماری ڕووسیای سۆسیالیست هەڵبژێردرا. هەرچەند پێشتر ئەندامی حیزبی شیوعی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوای ئەوەی لەگەڵ گۆرباچۆڤ لەسەر خێرایی چاکسازی پێکدادان دروست بوو، وازی لە مەکتەبی سیاسی هێنابوو. لە مانگی ئابی ١٩٩١ هەوڵی کودەتایەک لە دژی گۆرباچۆڤ لەلایەن سەرکردە شیوعییەکانی یەکێتیی سۆڤیەت درا. ئەوانەی بەشداربوون نەیارانی توندڕەوی گۆرباچۆڤ بوون، دژی پێرێسترۆیکا و لامەرکەزیکردنی دەسەڵات بۆ کۆمارەکان بوون.
بەڵام یەڵتسن بە خێرایی بەرەو کۆشکی سپیی ڕووسیا ڕۆیشت بۆ ڕێگری لێیان. یەڵتسن بە چوونە سەر تانکێک و ئیدانەکردنی کودەتاکە بەناوبانگ بوو. دواتر فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەرکرد و کودەتاکەی بە نایاسایی ناساند و گۆرباچۆڤی گێڕایەوە سەر کارەکەی. هەرچەندە گۆرباچۆڤ گەڕایەوە سەر پێگەی خۆی وەک سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە لەناوچووبوو. لە ٢٣ی ئابدا بەشداری دانیشتنێکی سۆڤیەتی باڵای ڕووسیای کرد، کە یەڵتسن ڕەخنەی لێگرت بەوەی ئەو کەسانەی دامەزراندووە کە ویستوویانە کودەتا بکەن.
دواتر یەڵتسن قەدەغەکردنی حیزبی شیوعی ڕووسی ڕاگەیاند. لە ٢٩ی ئابدا، سۆڤیەتی باڵا بۆ کاتێکی نادیار هەموو چالاکییەکانی حیزبی شیوعی ڕاگرت و کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان لە یەکێتیی سۆڤیەت هێنا. لەگەڵ کەمبوونەوەی زۆری دەسەڵاتەکەی، گۆرباچۆڤ لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ دەستی لەکارکێشایەوە و یەکێتیی سۆڤیەتیش ڕۆژی دواتر بە فەرمی هەڵوەشایەوە. دوای هەڵوەشانەوەی ڕووسیا، یەڵتسن بوو بە یەکەمین سەرکردەی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە لە ڕووسیا.