ناوهڕۆك
ناساندن
مێژووی ئەورووپا (بە ئینگلیزی: History of Europe، بە عەرەبی: تاريخ أوروبا) بە شێوەیەکی نەریتی بەسەر چوار قۆناغی کاتیدا دابەشکراوە: ئەورووپای پێش مێژوو (پێش نزیکەی ٨٠٠ ساڵ پێش زایین)، دێرینی کلاسیکی (٨٠٠ پێش زایین تا ٥٠٠ زایینی)، سەدەکانی ناوەڕاست (٥٠٠ی زایینی تا ١٥٠٠ی زایینی)، سەردەمی مۆدێرن (لە دوای ساڵی ١٥٠٠).
کورتەی مێژووی ئەورووپا
یەکەم مرۆڤی مۆدێرن و سەرەتایی ئەورووپی لە تۆماری بەردبووەکاندا دەردەکەون و دەگەڕێنەوە بۆ نزیکەی ٤٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە سەردەمی بەردینە کۆنەکاندا. خەڵکی ئەم قۆناغە چەندین شوێنەواریان بەجێهێشتووە، لەوانە بەرهەمی هونەری و شوێنی ناشتن و ئامڕازەکان. لە سەردەمی کۆچەکانی هیندۆ ئەورووپیدا، ئەورووپا کۆچی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بەخۆیەوە بینی. کشتوکاڵی نیشتەجێبوو سەردەمی بەردینە نوێیەکانی دیاری کرد، کە بە هێواشی لە سەرانسەری ئەورووپادا لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باکوور و ڕۆژاوا بڵاوبووەوە. قۆناغی دواتری بەردینە نوێیەکان هێنانەکایەی کانزاسازی سەرەتایی و بەکارهێنانی ئامراز و چەکی دروستکراو لە مس و دروستکردنی پێکهاتەی مێگالیتیکی بەخۆیەوە بینی، وەک ستۆنهێنج.
ئەو قۆناغەی بە دێرینی کلاسیک ناسراوە بە سەرهەڵدانی شار-دەوڵەتەکانی یۆنانی کۆن دەستی پێکرد. هەندێک لە نموونە سەرەتاییەکانی ئەدەب و مێژوو و فەلسەفە لە نووسینەکانی یۆنانییە کۆنەکانەوە هاتووە، وەک هۆمێر و هێرۆدۆت و ئەفلاتوون. دواتر ئیمپراتۆریەتی ڕۆم هاتە سەر هەموو حەوزی دەریای ناوەڕاست. سەردەمی کۆچی گەلی ژێرمانی لە کۆتایی سەدەی چوارەمی زایینی دەستی پێکرد و وردە وردە هێرشیان کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم. لەگەڵ نیشتەجێبوونی ئەم خەڵکە کۆچبەرانە و پێکهێنانی کۆمەڵگەی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان، بە قۆناغی گواستنەوە لە سەردەمی کلاسیک ناسرا.
کەوتنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژاوا لە ساڵی ٤٧٦ی زایینی بە شێوەیەکی نەریتی دەستپێکردنی سەدەکانی ناوەڕاستە. لە کاتێکدا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵات بۆ ماوەی ١٠٠٠ ساڵی تر بەردەوام بوو، بەڵام خاکەکانی پێشووی ئیمپراتۆریەتی ڕۆژاوا دابەش بوون بۆ ژمارەیەک دەوڵەتی جیاواز. لە هەمان کاتدا سلاڤەکانی سەرەتایی وەک گروپێکی جیاواز لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دەستیان کرد بە جێگیربوون. یەکەم ئیمپراتۆریەتی گەورەی سەدەکانی ناوەڕاست ئیمپراتۆریەتی فرانکەکانی شارلمان بوو، دواتر فەتحی ئیسلامی ئیبەریا لە ئەندەلووس ڕوویدا. سەردەمی ڤایکینگەکانیش دووەم کۆچی گەورەی گەلانی نۆرزی بەخۆیەوە بینی. هەوڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی شام لە دەوڵەتە موسڵمانەکان، وایکرد سەدەکانی ناوەڕاستی باڵا ببێتە سەردەمی جەنگە خاچپەرستەکان، لەگەڵیشیدا سیستمی سیاسی فیۆدالیزم گەیشتە لوتکە. کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست بەهۆی تاعوونەوە ڕێژەی دانیشتووان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد، کە هاوکاتیش بوو لەگەڵ لەشکرکێشییەکانی گەلانی مەغۆل لە چەمی ئۆراسیاوە. لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا قۆناغێکی ڕاگوزەری بوو کە بە ڕێنێسانس ناسرابوو.
سەرەتای ئەورووپای مۆدێرن بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی پازدەهەم. گۆڕانکارییە تەکنەلۆجییەکانی وەک دەرکەوتنی بارووت و چاپخانە گۆڕانکاری لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی شەڕ و چۆنیەتی پاراستن و بڵاوکردنەوەی زانیاری گۆڕی. چاکسازیی پرۆتستانت پارچە پارچەبوونی بیری ئایینی بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی شەڕی ئایینی. سەردەمی گەڕان بووە هۆی کۆلۆنیالیزەکردن و خراپ سوودوەرگرتن لە خەڵکی گەلانی تر و هاوردەکردنی سەرچاوە سروشتی و خۆڕسکەکانیان بۆ ئەورووپا.
دوای ساڵی ١٨٠٠، شۆڕشی پیشەسازی کەڵەکەبوونی سەرمایە و شارنشینی خێرای هێنایە ئەورووپای ڕۆژاوا، لە کاتێکدا چەند وڵاتێک لە دەسەڵاتی ڕەهاخوازەوە دوورکەوتنەوە و بوونە ڕژێمی پەرلەمانی. سەردەمی شۆڕشەکان سیستمە سیاسییە لەمێژە دامەزراوەکانی ڕووخاند. لە سەدەی بیستەمدا، جەنگی جیهانیی یەکەم بووە هۆی دووبارە دروستکردنەوەی نەخشەی ئەورووپا، چونکە ئیمپراتۆرییە گەورەکان دابەش بوون بۆ دەوڵەت-نەتەوەی نوێ. درێژخایەنیی پرسە سیاسییەکان بووە هۆی جەنگی جیهانیی دووەم، کە لەو ماوەیەدا ئەڵمانیای نازی هۆلۆکۆستی ئەنجامدا.
دوای جەنگی جیهانیی دووەم قۆناغی نەمانی داگیرکردنی وڵاتان هات لەلایەن ئەورووپای ڕۆژاواوە، بەتایبەت بەریتانیا کە زۆرێک لە دەوڵەتەکانی ژێردەستی ڕزگاریان بوو. دواتر سەردەمی جەنگی سارد دەستی پێکرد و زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا بەهۆی پەردەی ئاسنییەوە دابەشبوون بەسەر دوو بلۆکی سەربازیدا: ناتۆ و پەیماننامی وارشۆ. بەڵام وردە وردەی پرۆسەی یەکگرتنی ئەورووپای تێدابوو، کە بووە هۆی دروستبوونی یەکێتیی ئەورووپا؛ دوای ڕووخانی دیواری بەرلینیش وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپای بۆ زیاد بوو. سەدەی بیست و یەک قەیرانی قەرزەکانی ئەورووپا و کشانەوەی شانشینی یەکگرتوو لە یەکێتیی ئەورووپا و جەنگی ئۆکرانیای بەخۆیەوە بینی.
پێش مێژووی ئەورووپا
بەردینە کۆنەکان
هۆمۆ ئیرێکتوس (Homo erectus georgicus) پێش سەرهەڵدانی مرۆڤی مۆدێرن لە ئەفریقاوە کۆچی کردووە بۆ ئەورووپا. کە نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە جۆرجیا ژیاوە، یەکەم مرۆڤە کە لە ئەورووپا دۆزرابێتەوە.
لە فەرەنسا لیزیگنان لا سیب (Lézignan-la-Cèbe)، لە ئیسپانیا ئۆرس (Orce)، مۆنتی پۆجیۆلۆ لە ئیتاڵیا (Monte Poggiolo) و کۆزارنیکا لە بولگاریا (Kozarnika) لە کۆنترین شوێنە بەردینە کۆنەکانی ئەورووپان.
سەرەتای دەرکەوتنی مرۆڤی مۆدێرن لە ڕووی ئەنەتۆمییەوە لە ئەورووپادا دەگەڕێتەوە بۆ ٤٥ هەزار پێش زایین، کە بە مرۆڤە مۆدێرنەکانی سەرەتای ئەورووپا ناودەبرێن. سەرەتاییترین شوێنەکانی ئەورووپا بریتین لە: ریپارۆ مۆچی (ئیتاڵیا)، گێیسنکلۆستەرل (ئەڵمانیا) و ئیستوریتز (فەرەنسا). هەندێک لە کولتوورە ڕاگوزەرە گەشەسەندووەکانی ناوخۆیی (ئۆلوزیان لە ئیتاڵیا و یۆنان، ئاڵتمولییان لە ئەڵمانیا، سێلیتییان لە ئەورووپای ناوەڕاست و شاتێلپێرۆنییان لە باشووری ڕۆژاوا) بە ڕوونی تەکنەلۆجیای بەردی کۆنی پێشکەوتووی سەردەمی خۆیان تێدا دەبینرێت کە بۆ مێژوویەکی زۆر کۆن دەگەڕێنەوە.
سەرەڕای ئەوەش پێشکەوتنی یەکلاکەرەوەی ئەم تەکنەلۆجیایانە لەلایەن کولتووری ئاوریگانیاوە ئەنجام درا. سەرچاوەی ئەم کولتوورە دەشێت لە شام (ئەحمەریان) و هەنگاریا (یەکەم ئاورینیای تەواو) بێت. تا ساڵی ٣٥ هەزار پێش زایین، کولتووری ئاورینیا و تەکنەلۆجیاکەی بە زۆربەی ئەورووپادا بڵاو بوونەوە. بەپێی مێژوو پێدەچێت دوا نیاندەرتاڵەکان لەم پرۆسەیەدا ناچار بوون پاشەکشە بکەن بۆ نیوەی باشووری نیمچە دوورگەی ئیبەری.
لە دەوروبەری ٢٩ هەزار پێش زایین تەکنەلۆجیا/کلتوورێکی نوێ لە ناوچەی ڕۆژاوای ئەورووپا دەرکەوت بەناوی گڕاڤێتیان. ئەم تەکنەلۆجیا/کولتوورە لەگەڵ کۆچی خەڵکی باڵکانەوە هات.
لە دەوروبەری ساڵی ١٦ هەزار پێش زایین، ئەورووپا شاهیدی دەرکەوتنی کولتوورێکی نوێ بوو، کە بە مەگدالینی ناسراوە. ئەم کولتوورە زۆری نەخایاند جێگەی ناوچەی سۆلۆتری و گڕاڤێتیانی بە شێوەیەکی سەرەکی فەرەنسا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، پورتوگال و ئۆکرانیا گرتەوە.
دواتر کولتووری هامبۆرگ لە باکووری ئەورووپا لە هەزارەی ١٤ و ١٣ پێش زایین دەرکەوت، هەمان کاتیش کرێسوێلییەکان (کە بە مەگدالینی کۆتایی بەریتانیش ناودەبرێت) دوای ماوەیەکی کەم لە دوورگەکانی بەریتانیا دەرکەوتن. لە دەوروبەری ١٢,٥٠٠ پێش زایین، سەهۆڵبەندانی ورم کۆتایی هات. هێواش هێواش لە ماوەی هەزارانی دواتردا، پلەکانی گەرما و ئاستی دەریاکان بەرزبوونەوە و ژینگەی مرۆڤەکانی پێش مێژوو گۆڕا.
سەرەڕای ئەوانە، کولتووری مەگدالین تاوەکوو ١٠ هەزار پێش زایین بەردەوام بوو، دواتر بەخێرایی پەرەی سەند بۆ دوو کولتووری مایکرۆلیتیست: ئازیلیان (Federmesser)، لە ئیسپانیا و باشووری فەرەنسا و ساڤێتێری لە باشووری فەرەنسا. لەگەڵ تاردێنۆیسیان (Tardenoisian) لە ناوەڕاستی ئەورووپا، لە کاتێکدا لە باکووری ئەورووپا کۆمپلێکسی لینگبی (Lyngby) جێگەی کولتووری هامبۆرگ گرتەوە.
سەردەمی بەردینی نوێ
بەڵگەی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی هەشتەمی پێش زایین لە باڵکان. سەردەمی بەردینی نوێ لە هەزارەی شەشەمی پێش زایین گەیشتە ئەورووپای ناوەڕاست و لە هەزارەی پێنجەم و چوارەمی پێش زایین گەیشتە بەشێک لە باکووری ئەورووپا. کۆچەکانی هیندۆ-ئەورووپی لە ڕێگەی ناوچەکانی دەریای ڕەش و نیمچە دوورگەی باڵکان لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لە نزیکەی ٤٢٠٠ پێش زایین دەستی پێکرد. لە ٣٠٠٠ ساڵی داهاتوودا زمانەکانی هیندۆئەوروپی لە ڕێگەی ئەورووپاوە فراوانتر بوون.
یەکێک لە پاشماوەکانی ئەم سەردەمە، بریتییە لە ڤارنا نەکرۆپۆلیس کە شوێنێکی ناشتنە لە ساڵی ٤٥٦٩ تا ٤٣٤٠ پێش زایین و یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارەکانی پێش مێژووی جیهان، کۆنترین گەنجینەی زێڕە لە جیهاندا دۆزرابێتەوە. لە ساڵانی سەرەتای سەدەی ٢١ کۆمەڵێک شوێنەواری زێڕین لە شوێنێکی تری بولگاریا لە نزیک دورانکولاک دۆزراونەتەوە، پێدەچێت تەمەنیان ٧ هەزار ساڵ بێت و لە هەمان سەردەم بن.