سەرەتا
برنجی دەنک خڕ تامێکی خۆشی ھەیە، بەڵام لەکاتی ئامادەکردنیدا دەبێت پێوانەی برنج و ئاوەکە بزانرێت تاکوو جوان دەربچێت، چونکە ھەندێکجار برنجی دەنک خڕ لە کاتی لێنانیدا بڵ یان ڕەق و نەکوڵاو دەردەچێت.
پێداویستییەکانی
- پێنج پەرداخ برنجی دەنک خڕ
 - پێنج پەرداخ و نیو ئاو
 - ڕۆن
 - خوێ
 - سەلکێک پیازی جنراو
 - لەتکە نۆک
 - کشمیش و بادەم و ماکەرۆنی بۆ ڕازاندنەوەی
 
ئامادەکردنەکەی
لەتکە نۆکەکە تێکەڵی برنجەکە بکە و جوان بیشۆرەوە، پاشان ڕۆنەکە دەخرێت مەنجەڵێکەوە و لەسەر ئاگر دادەنرێت پیازە جنراوەکەی تێدەکرێت تا کەمێک سووردەبێتەوە، ئاو و خوێکە بکەرە ناوی، کە ئاوەکە کوڵا برنجەکەی تێبکە، بەڵام سەری مەنجەڵەکە دامەپۆشە تا ئاوەکە ھەڵدەچنێت.
کە ئاوەکەی ھەڵچنی تێکی بدە و بە پارچە پەڕۆیەک یان نایلۆنێک یان نانێک بخەرە سەر برنجەکە تا جوان دەمبکێشێت، سەری مەنجەڵەکە داپۆشە و ئاگرەکەی بۆ کزبکە، دوای ٣٠ بۆ ٣٥ خولەک لەسەر ئاگر دایبگرە.
کشمیش و بادەم و ماکەرۆنیەکەی لە تاوەیەکدا بۆ سووربکەرەوە، لە کۆتایدا برنجەکە بخەرە دەفرێکەوە و بە کشمیش و بادەم و ماکەرۆنییە سورەکراوەکە بیڕازێنەوە یان کەرەستەی تر بە ئارەزووی خۆت تێکەڵی بکە و لەگەڵ شلەی فاسۆلیا پێشکەشی بکە.