ناوهڕۆك
ناساندن
زاراوەی هەڤاڵ (بە ئینگلیزی: comrade، بە عەرەبی: رفيق) بەگشتی بە واتای "هاوڕێ"، "هاوکار"، یان "هاوپەیمان" دێت. وشەکە لە ئیسپانی و پورتوگالیەوە وەرگیراوە. هەندێک کاتیش بە واتای "هاوسەرباز" دێت. بەکارهێنانی سیاسی ئەم زاراوەیە لە شۆڕشی فەڕەنساوە دەستی پێکردووە، دوای ئەوە گەشەی کرد و بوو بە فۆرمێکی نێوان سۆسیالیست و کرێکاران. لە دوای شۆڕشی ڕووسیاوە، زۆرجار ئەم وشەیە بە فیکری کۆمۆنیزمەوە گرێ دراوە.
پاشخان
کاتێک بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا هێزی پەیدا کرد، سۆسیالیستەکانی شوێنەکانی تر دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای وشەیەکی یەکسانیخوازی هاوشێوەی زاراوەی وەک "میستەر"، "میس"، یان "میسۆس". لە ئەڵمانیدا، وشەی کامێراد (Kamerad) لە مێژە وەک فۆرمێکی سۆزداری لە ناونیشانکردن لە نێو ئەو کەسانەدا بەکاردەهێنرا کە بە هەندێک بەرژەوەندی هاوبەشی بەهێزەوە بەسترابووەوە، وەک وەرزشێک، کۆلێجێک، پیشەیەک (بەتایبەت وەک سەربازێک)، یان تەنیا هاوڕێیەتی.
ئەم زاراوەیە زۆرجار لە شۆڕشەکانی ساڵی ١٨٤٨دا بە ڕەنگی سیاسی بەکاردەهێنرا، دواتر لەلایەن فەڕەنسا و ئینگلیزەکانەوە بەکار هێنرا. لە زمانی ئینگلیزیدا یەکەمین بەکارهێنانی وشەی هەڤاڵ بەم واتایە لە ساڵی ١٨٨٤ لە گۆڤاری سۆسیالیستی "جستیس" بووە.
بەکارهێنانی ڕووسی-سۆڤیەتی
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا مارکسیستە ڕووسەکان و شۆڕشگێڕە چەپەکانی تر وەک وەرگێڕانی وشەی کامێراد وشەی تۆڤاریشیان بەکار دەهێنا وەک وشەیەکی ڕووسی (بە ڕووسی: товарищ)، کە بە واتای ڕەسەنی "هاوڕێی بازرگانی" یان "هاوڕێی گەشت" دێت. دوای شۆڕشی ڕووسیا، وەرگێڕانی ئەم زاراوەیە بە زمانە جیاوازەکان لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە لە سەرانسەری جیهاندا وەرگیرا. بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی باوی لە وێناکردنی یەکێتیی سۆڤیەت لە فیلم و کتێبەکانی جەنگی سارددا، ئەم زاراوەیە لە هۆشیاری گشتیدا بەهێزترین پەیوەندی بە کۆمۆنیزمەوە هەبوو وەک ئەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەتدا ناسراوە، هەرچەندە زۆرێک لە سۆسیالیستەکانی تر بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی وشەی هاوڕێ و هەڤاڵ لەنێوان خۆیاندا (بۆ نموونە، سۆشیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا و نەمسا و تا سەردەمی نوێش ئەندامانی چەپی پارتی کرێکارانی بەریتانیا).
لە ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتی سۆڤیەتدا، بەلشەڤیەکان لە کاتی قسەکردن یان ئاماژەکردن بە کەسانێک کە گریمانەیان هاوسۆزی شۆڕش و دەوڵەتی سۆڤیەت دەکەن، تۆڤاریشیان بەکار دەهێنا، وەک ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیست و جەماوەر. لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، فۆڕمی ناونیشانی تۆڤاریش لە یەکێتیی سۆڤیەتدا ئەوەندە باو بوو کە بەبێ جیاوازی بە هەمان شێوەی زاراوەی وەک "میستەر" و "سێر" لە زمانی ئینگلیزیدا بەکار دەهێنرا.
زاراوەی هەڤاڵ لە کۆمەڵگەی ڕووسیادا بەکارناهێنرێت، هەروەها زاراوەی تۆڤاریش زۆرجار لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا بەکارناهێنرێت، بەڵام هێشتا فۆڕمی ستانداردی ناونیشانە لە هێزە چەکدارەکان و پۆلیسی ڕووسیادا، کە بە شێوەیەکی ئاسایی ئەفسەر و سەربازەکان بە تۆڤاریش ناودەبرێن، وەک تۆڤاریش سەرهەنگ، تۆڤاریش جەنەڕاڵ، تۆڤاریش جێدار، یان هاوشێوەکانی.
بەکارهێنانی چینی
لە زمانی چینیدا وەرگێڕانی هەڤاڵ بریتییە لە وشەی تۆنگ ژی (同志)، واتە کەسانێک کە هەمان ڕۆح، ئامانج، ویستیان هەیە. بۆ یەکەمجار بە واتا سیاسییەکە لەلایەن سون یات-سنەوە ناسێندرا بۆ ئاماژەکردن بە شوێنکەوتووەکانی. سەرەڕای ئەوەش، ئەم زاراوەیە لە کاتی خەباتی دەسەڵاتدا لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی چینەوە زیاتر پەرەی پێدرا. دوای دامەزراندنی کۆماری گەلی چین هەم وەک ناو و هەم وەک ناونیشان بۆ هەموو کەسێک لە چین بەکار دێت. بۆ نموونە ژنان نوو تۆنگ ژی "هەڤاڵی مێینە" بوون، منداڵان شاو تۆنگ ژی "هاوڕێی بچووک" و پلە باڵاکان لاو تۆنگ ژی "هاوڕێی پیر" بوون.
بەڵام دوای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و دەستپێکردنی چاکسازییەکانی چین، ئەم زاراوەیە لە بەکارهێنانی ڕۆژانە چووە دەرەوە و وەک زاراوەیەکی ڕێزدار بۆ قسەکردنی گشتی لە نێوان چینی تەمەن ناوەڕاست و ئەندامانی حیزبی شیوعیی چینی بەکاردێت.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعیی چین رێنمایییەکی دەرکرد و داوای لە هەر ٩٠ ملیۆن ئەندامی پارتەکە کرد کە بەردەوام بن لەوەی یەکتری بە هەڤاڵ ناو ببەن.
لە زمانی عەرەبی و کوردیدا
وشەی عەرەبیی رفيق (ئەلرەفیق) بە واتای (هەڤاڵ، هاوەڵ) دێت، لە زمانی عەرەبی و ئوردو و فارسیدا بە هەمان واتای سیاسی "هەڤاڵ" بەکاردێت. ئەم دەستەواژەیە هەم لەناو کۆمۆنیستە عەرەبەکان و هەم لەناو بزووتنەوەی بەعس و هێزەکانی لوبناندا بەکار دێت.
لەنێو کوردەکانیشدا، زاراوەی هەڤاڵ باوترین دەستەواژەیە بۆ ئەو پارتانەی مەیلیان بۆ بزووتنەوە سۆسیالیستەکان هەیە، لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سکرتێری گشتی و ئەندامەکانی حیزب بە هەڤاڵ ناو دەبرێن.