ناوهڕۆك
ناساندن
کامبریج یان کامبریدج (بە ئینگلیزی: Cambridge، بە عەرەبی: كامبرج)، شارێکە لە کامبریجشایەری ئینگلتەرا، بە زانکۆی کامبریج ناسراوە کە لە ساڵی ١٢٠٩ـدا دامەزراوە و تا ئێستاش یەکێکە لە پێنج باشترین زانکۆکانی جیهان. کامبریج دەکەوێتە سەر ڕووباری کام نزیکەی ٥٠ میل لە شاری لەندەنەوە دوورە و ڕووبەری ڕووی شارەکە ٤٠٫٧ کیلۆمەتر دووجایە. کامبریج لە سەردەمی ڕۆمانی و ڤایکینگەکاندا ناوەندێکی بازرگانی گرنگی بوو، بەڵگەی شوێنەواریی هەیە کە لە سەردەمی برۆنزەوە مرۆڤەکان لە ناوچەکەدا نیشتەجێبوون.
مێژووی کامبریج
مرۆڤەکان لە سەردەمی پێش مێژووەوە لە کامبریج نیشتەجێ بوون، بەم دواییانەش بەڵگەیەکی کێڵگەوبەرەی ٣٥٠٠ ساڵەیی دۆزرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا قەڵایەکی ڕۆمانی لە دەرەوەی ناوەندی شارەکە هەبوو کە لە دەوروبەری ساڵی ٧٠ی زایینی دروستکرابوو. دوای ئەوەی ڕۆمەکان لە ساڵی ٤١٠ لە بەریتانیا کشانەوە، وا دیارە ناوچەکە پشتگوێ خرابووە و هەندێک بەڵگەش لە بەردەستدان کە ئاماژە بەوە دەکەن کە سەکسۆنییەکان بۆ ماوەیەک ناوچەکەیان داگیرکردووە. ڤایکینگەکان لە ساڵی ٨٧٥ گەیشتنە کامبریج. لەژێر ستراتیجی بازرگانی ڤایکینگەکاندا شاری کامبریج بەخێرایی گەشەی کرد. دواتر لە ساڵی ١٣٤٩ـدا نەخۆشی تاعوون کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کامبریج هەبوو، دووەم پەتا لە ساڵی ١٣٦١دا بڵاوبوویەوە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زۆر کەم کردەوە. لە سەدەی نۆزدەهەمدا شارەکە فراوانبوونی خێرای بەخۆیەوە بینی، چونکە تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراو و بارودۆخی ژیان و بەرهەمی کشتوکاڵی باشتر بوو.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی کامبریج بە ١٢٩ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، کە ٢٥ هەزاریان خوێندکارن. ئەمەش وای لێدەکات ببێتە دووەم گەورەترین شار لە کامبریجشایەر و ٥٤ـەمین گەورەترین شار لە شانشینی یەکگرتوو.
نەژاد
لە ساڵی ٢٠٠١ و لە سەرژمێرییەکدا دەرکەوت کە ٨٩%ـی دانیشتووانی کامبریج سپی پێستن. لە هەمان کاتدا ٨٤%ـی خوێندکارانی زانکۆ خۆیان بە سپی پێست دەناسێنن. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا، پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە ٧٣.٥% بەریتانی سپی پێست، ٨.٤% بەریتانی ئاسیایی، ٧.١% سپی پێستەکانی دیکە، ٣.١% بەریتانی ڕەش پێست، ١.١% سپی پێستی ئێرلەندی، ٢.٤% ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە، و ٤.٣% چینی یان نەتەوەی جیاواز بوون .
زمان و ئایین
زمانی ئینگلیزی باوترین زمانی دانیشتووانی کامبریجە. لەڕووی ئایینەوە، زۆرینەی دانیشتووانی شارەکە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، پاشان بێ ئایینەکان بە پلەی دووەم دێن و بە دوای بێ ئایینەکانیشدا ئەو هاوڵاتییانە دێن کە وەڵامی پرسیاری ئایینیان نەداوەتەوە، هەروەها موسڵمان و هیندۆسەکان کەمیینەی دانیشتووان پێک دەهێنن.
گەشەی دانیشتوانی کامبریج
بەدرێژایی مێژوو کامبریج گەشەیەکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، تەنها جارێک نەبێت کە ژمارەی دانیشتووانەکەی کەم بوویەوە، ئەویش لە سەرژمێری ساڵی ١٩٨١ ڕوویداوە کاتێک ژمارەی دانیشتووان لە ٩٩ هەزارەوە بۆ ٨٧ هەزار کەس دابەزی. پێشبینی دەکرێت گەشەی دانیشتووانی شارەکە بەردەوام بێت، بەڵام بە گەشەیەکی سروشتی جێگیر و فراوانبوونی زانکۆی کامبریج.
گرنگی شارەکە
هەرچەندە کامبریج لە جیهاندا بە زانکۆکەی ناسراوە، بەڵام ناوەندێکی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوویشە. ئەم شارە شوێنی کەمپی زیندەپزیشکی کامبریجە کە یەکێکە لە گەورەترین ناوەندەکانی توێژینەوەی زیندەپزیشکی لە جیهاندا و بەم زووانە دەبێتە شوێنی بارەگای سەرەکی کۆمپانیای ئاسترازینیکا.
کەشوهەوا
کامبریج کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت.
زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٥- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە شوباتی ساڵی ١٩٤٧ـدا ١٧٫٢- پلەی سەدی بوو.
بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام کەمتر لەو ڕێژەیەی کە لە وەرزی زستاندا دەبارێت. سەرەڕای ئەوەش، ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و شەپۆلەکانی گەرما ناگیردرێت کە بەزۆری کورتخایەنن، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تەممووزی ٢٠١٩ـدا بوو کە پلەی گەرمی شارەکە گەشتە ٣٨٫٧ پلەی سەدی.
باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە وەرزی هاوینە، یان بەگشتی لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، پلەکانی گەرما لەم کاتەدا بەگشتی خۆشن.
ڕێژەی دابارینی ساڵانە لەم شارەدا ٥٧٥ مللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگدا کە مانگی شوباتە ۳٥ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە تشرینی یەکەمە ٦۰ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٥٢٥ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.
هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە
۱. مۆزەخانەی فیتزویلیام
۲. زانکۆی کامبریج
۳. ڕووباری کام
٤. مەزارگە و شوێنی گەشتیاری کامبریجی ئەمریکی
٥. کۆلێجی پاشا
٦. کۆلێجی سەینت جۆن
۷. گۆڕەپانی بازاڕ
٨. گوڵستانی زانکۆی کامبریج