ناوهڕۆك
ناساندن
کۆبوونەوەی ئاو لە سک یان ئاوبەنگی سک (بە ئینگلیزی: Ascites یان Hydroperitoneum، بە عەرەبی: استسقاء بطني)، حاڵەتی نائاسایی کۆبوونەوەی شلەیە لە ناو سکدا، سکی کەسەکە گەورە دەبێت و ئازار و نائاسوودەیی دروستدەکات، شێرپەنجە باوترین هۆکاری دروستبوونیەتی، کۆبوونەوەی ٢٥ میلیلیتر ئاو (شلە) یان زیاتر لە سکدا نیشانەیە بۆ ئەم حاڵەتە.
نیشانەکان
کۆبوونەوەی بڕێکی کەم لە شلەمەنی لە سکدا دیاریکردنی قورسە و نیشانە دروست ناکات، بەڵام کۆبوونەوەی بڕێکی زۆر ئاو لە سکدا ئەم نیشانانە دروست دەکات:
- هەڵئاوسانی سک
- زیادبوونی کێش
- هەستکردن بە تێری
- باکردن
- هەستکردن بە قورسی و نائاسوودەیی
- دڵتێکهەڵاتن و ڕشانەوە
- هەرسنەکردنی خواردن
- هەڵئاوسان لە بەشی خوارەوەی قاچەکاندا
- کورتی لە هەناسەدان
- مایەسیری
هۆکارەکان
- باوترین هۆکاری دروستبوونی ئەم حاڵەتە تووشبوون بە نەخۆشی بەڕیشاڵبوونی جگەرە کە ئەمەش بەهۆی خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ماددە کحوولییەکان دروست دەبێت و دەبێتە هۆی شێرپەنجەی جگەر و کۆبوونەوەی ئاو لە سکدا
- گیرانی خوێنهێنەرەکانی جگەر
- شکستی دڵ
- هەڵئاوسان و هەوکردنی پەردەی دڵ
- کواشیئۆرکۆر (نەخۆشی کەمی پڕۆتین بەهۆی بەدخۆراکییەوە)
- شێرپەنجە
- سیل
- هەڵئاوسان و هەوکردنی پەردەی سک
- هەوکردنی پەنکریاس
- شکستی گورچیلە و ئەو کەسانەی چارەسەری پاڵاوتنی گورچیلە ئەنجام دەدەن
- سستی ڕژێنی پەریزاد
هۆکارە مەترسیدارەکان
ئەو کەسانەی نەخۆشی بەڕیشاڵبوونی جگەر و شێرپەنجە و چەوری جگەر و هەوکردنی جگەر جۆری B و جۆری C هەروەها ئەو کەسانەی ڕێژەیەکی زۆر ماددە کحوولییەکان دەخۆنەوە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی تر و حاڵەتی کۆبوونەوەی ئاو لە سک زیاترە.
لێکەوتەکان
کۆبوونەوەی ئاو لە سکدا دەبێتە هۆی:
- کێشەکانی سک: دروستبوونی ئازار و نائاسوودەیی کە ئەمانەش کار دەکەنە سەر توانای نانخواردن و ڕۆیشتن و چالاکی ڕۆژانە.
- هەوکردن: دەشێت کۆبوونەوەی ئاو لە سکدا ببێتە هۆی هەوکردنی بەکتریایی پەردەی سک کە دەبێتە هۆی لەرزوتا و ئازاری گەدە.
- کۆبوونەوەی ئاو لە سییەکان: کە دەبێتە هۆی هەناسەتەنگی و کۆکە و کەمبوونەوەی ئۆکسجینی خوێن.
- فتق: بەرزبوونەوەی پەستانی سک دەشێت ببێتە هۆی دروستبوونی فتق.
- شکستی گورچیلە: ئەگەر بەڕیشاڵبوونی جگەر خراپتر ببێت دەشێت ببێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکان و دروستکردنی کۆنیشانەی جگەر و گورچیلە.
دەستنیشانکردن
پزیشک بۆ دیاریکردن و دڵنیابوونەوە لە بوونی ئەم حاڵەتە و دۆزینەوەی هۆکارەکەی کۆمەڵە پشکنینێک داوا دەکات ئەوانەش:
- پشکنینی گشتی خانەکانی خوێن
- پشکنینەکانی فرمانی جگەر
- پشکنینی پڕۆسرۆمبین و فاکتەرەکانی ناو پلازما
- وەرگرتنی ئەو شلەیەی لە سکدا کۆبووەتەوە و ئەنجامدانی پشکنینەکانی شێوە و ڕێژەی پڕۆتینەکان و ئەلبۆمین خانەکان لە ناویدا و هەندێک جاریش چاندن و ئامادەکردنی شلەکە و سەیرکردنی لەژێر مایکرۆسکۆپدا
- پشکنینەکانی سۆنار (Ultrasound)، شەپۆلی لەرەلەری موگناتیزی (MRI)، تیشکی X یان (CT scan)
چارەسەرکردن و ڕێگریکردن
چارەسەرکردن بەپێی هۆکار و ئەو نەخۆشییانەی دەبنە هۆی کۆبوونەوەی ئاو لە سک ئەنجام دەدرێت، دەشێت پزیشک دەرمانە میزپێکەرەکان بۆ نەخۆش پێشنیار بکات کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاوی ناو لەش، لەو حاڵەتانەی دەرمان کاریگەری و سوودی نییە پزیشک لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرزییەوە ئاوی زیادە لە سک دەردەهێنێت، یانیش ئەنجامدانی نەشتەرکاری بەیەکبەستنەوە و دروستکردنی جۆگە لە نێوان دوو لوولەی خوێن لە جگەر لە حاڵەتە زۆر توندەکاندا، لە کاتی بوونی هەر هەوکردنێک پزیشک پێشنیاری بەکارهێنانی دەرمانی دژە زیندەیی دەکات بۆ نەخۆشەکە، ئەگەر بەکارهێنانی دەرمان و نەشتەرکاری سوودی نەبوو پێویست بە نەشتەرکاری چاندنی جگەر دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەم حاڵەتە، دەشێت گۆڕینی شێوازی ژیان کاریگەر و یارمەتیدەر بێت بۆ ئەم حاڵەتە بە تایبەت وەرزشکردن و جێگیرکردنی کێش و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێی ناو خواردن هەروەها کەمتر خواردنەوەی شلەمەنی و وازهێنان لە خواردنەوەی ماددە کحوولییەکان و جگەرەکێشان یارمەتی لابردن و چارەسەرکردنی ئاوی زیادەی ناو سک دەدات.