ناوهڕۆك
سەرەتا
چارەسەری ئازاری شان چییە؟ (بە عەرەبی: ما هو علاج آلام الكتف؟، بە ئینگلیزی: ?What is the treatment for shoulder pain)، هیچ جومگەیەکی جەستە هێندەی شان مەودایەکی فراوانی جووڵەی نییە، ئەمەش لەسەر هێزی پتەویی جومگەکەیە، چونکە بۆ ئەوەی شان و قۆڵ بە سەربەستی بجووڵێن بە هەموو لایەکدا، کەمترین سنووری ئێسکی هەیە و زیاتر بە ژێ و بەستەر و ماسولکە توندکراوە، بۆیە ئەگەری ماندووبوون و نەخۆشکەوتنی زۆرە، بەهۆی زۆری جووڵەشی، ناتوانین وەکوو پێویست پشووی پێبدەین و بەردەوام کاری لەسەر دەکەین.
هۆکارەکانی
- هەوکردن و هەڵاوسانی بەستەر و ژێیەکانی شان.
- گرژبوون و توندبوونی کەپسولی چواردەوری جومگەکە.
- زبربوونی ئێسکی ناو جومگەکە و تەسککردنەوەی ڕێڕەوی بەستەرەکانی ناو جومگەکە.
- هەوکردنی کیسە سابوونییەکەی سەرووی جومگەکە.
- سەوەفان لە شوێنی پێکگەیشتنی کەلـلەی ئێسکی قۆڵ و دەفەی شان.
- سەوەفان لە شوێنی پێکگەیشتنی ئێسکی چەڵەمە و دەفەی شان.
- هەوکردنی ڕۆماتیزمی جومگەکە.
- هەندێکجار گرفتەکە فەقەراتی ملە و لە شان و قۆڵدا هەستی پێدەکرێت.
- هەندێکجاریش جەڵتەی دڵە و لە شاندا هەستی پێدەکرێت.
- پووکانەوەی کەلـلەی ئێسکی قۆڵ بەهۆی نەڕۆشتنی خوێن.
- لەجێچوون و درز و شکاویی دوای زەبر.
پشکینین
پزیشک بە گوێگرتن لە نەخۆشەکە، پاشان پشکنینی دەستی و ڕووبەڕوو تاوتوێی هۆکارەکە دەکات، دواتر بڕیار دەدات ئایا پشکنینی تری پێویستە وەکوو:
- تیشکی ئێکس
- سۆنەر
- سیتی سکان
- ڕەنینی موگناتیسی
- پشکنینی خوێن
چارەسەر
هەتا هۆکارەکەی نەدۆزرێتەوە، ئاسان نییە چارەسەرێکی سەرکەوتووانەی بۆ بکرێت، بۆیە دەبێت پزیشکی ئێسک و جومگە دەستنیشانی بکات و چارەسەری بکات. چارەسەرەکانیش بەپێی جۆرەکەیە:
- ڕێنمایی و ڕاهێنان و چارەسەری سروشتی و فیزیایی.
- دەرمانی کۆنتڕۆڵکردنی ئازار و هەوکردن.
- دەرزیی ڕاستەوخۆ بۆ ناو جومگەکە، نزیک بەستەرە هەوکردووەکە یان کیسە سابوونییە هەوکردووەکە.
- نەشتەرگەری.