چۆنیەتی دروستکردنی مۆم لە کارگەکاندا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-09-11-21:14:00 - کۆدی بابەت: 10214
چۆنیەتی دروستکردنی مۆم لە کارگەکاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن مۆم لە کارگەکاندا دروست دەکرێت (بە ئینگلیزی: how is candle manufactured، بە عەرەبی: کيف يصنع الشموع في المصانع؟مۆم بریتییە لە دەزوویەکی گڕگرتوو کە ڕۆکراوەتە ناو ماددەی مۆمیی کە ئەم ماددەیە لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە دروستدەکرێت، ڕووناکی و هەندێک کاتیش بۆنی خۆش بڵاودەکاتەوە. مۆم لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت بەشی دەرەوەی کە ماددەیەکی مۆمیی تواوەیە و بەشی ناوەوەی کە پێکدێت لە دەزوویەکی گڕگرتوو، بە پشت بەستن بە جۆری مۆمەکە هەندێک جار ماددەی بۆنخۆش یان ڕەنگ بۆ پێکهاتەکەی زیاددەکرێت.
مێژووناسان پێیان وایە داهێنانی یەکەم مۆم بەهۆی مرۆڤە سەرەتاییەکانەوە کە چەوریی ئاژەڵیان وشک کردووەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی سەرچاوەیەکی ڕووناکی خاوسووتاو و زیاتر ماوە بووە. 
بەپێی تێپەڕبوونی کات ئەو ماددانەی بۆ دروستکردنی مۆم بەکاردەهاتن گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەڵام هونەری دروستکردنی مۆم هەروەک پڕۆسە ڕەسەنەکان ماوەتەوە و گۆڕانکارییەکی بەرچاوی تێدا نەکراوە. چەوری ئاژەڵ و ڕووەک لە دروستکردنی مۆمە سەرەتاییەکاندا بەکاردەهات، هەرکە تەکنەلۆجیای دروستکردنی مۆم پێشکەوت، مۆمی هەنگ کە لە شانەی هەنگەوە دروست دەکرێت بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکارهات، بەتایبەتی بەهۆی بۆنە خۆشەکەی و نەبوونی پاشماوەی نەخوارزراو لەدوای توانەوەی.

ماددەی خاو

لەماوەی چەند سەدەی ڕابردوودا جۆری ئەو ماددە خاوانەی بۆ دروستکردنی مۆم بەکاردەهات گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، لە سەدەی ٢١ زۆرجار چەند ماددەیەکی جیاواز تێکەڵ دەکرێن تاکوو مۆمی بەهێز بە پلەی شلبوونەوەی بەرز بەرهەم بهێنرێت. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆمی بازرگانی ستاندارد ئاساییانە ٦٠٪ لە پارافین، ٣٥٪ لە ترشی ستیاریک و ٥٪ لە مۆمی هەنگ پێکدێت.
هەندێک مۆم بڕێکی کەم لە مۆمی کارناوبا (carnauba) تێدایە کە لە ڕووەکی کارناوباوە سەرچاوە دەگرێت، مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم بڕە کەمە بۆ ڕێکخستنی نەرمی و پلەی شلبوونەوەی مۆمی دروستبووە.
ئەو مۆمانەی کە لە مۆمی هەنگ دروست دەکرێن پێکهاتەکەیان بریتییە لە مۆمی خاوێنی هەنگ و پارافین و هەندێک پێکهاتەی ڕەقکەری مۆم.
پەتی مۆم لە لۆکە یان نایلۆن دروست دەکرێت. کاتێک دەچنرێت بە شێوەیەک دەچنرێت کە کاتی سووتان گڕەکەی بەیەک ئاڕاستە بوەستێت.

پڕۆسەی بەرهەمهێنان

پڕۆسەی بەرهەمهێنانی مۆم سێ هەنگاو لەخۆ دەگرێت:

  1. ئامادەکردنی پەت (پڵیتە).
  2. ئامادەکردنی بنچینەیی مۆم.
  3. هەروەها لە قاڵبدانی بەردەوامی مۆمە دروستکراوەکان.

دروستکردنی پەت

پەتی مۆم چی لە لۆکە یان نایلۆن دروست بکرێت باریک دەکرێتەوە و دواتر گیراوەی کیمیایی یان خوێی ئەندامی پێدا دەکرێت کە وای لێدەکات بە گۆشەی ٩٠ پلە بچەمێتەوە لە کاتی سووتاندا. ئەم گۆشەیە وا لە کۆتایی پەتەکە دەکات کە گڕەکەی لە دەرەوەی چەقی مۆمەکە بمێنێتەوە و بەشێوەیەکی سروشتی کورت ببێتەوە.
ئەگەر پەتی مۆم ئەم ماددە کیمیاییانەی پێوە نەکرێت ئەوا زۆر بەخێرایی دەسووتێت و ئاگرەکەی بەهۆی بەرکەوتنی بە مۆمە تواوەکە دەکوژێتەوە. 

ئامادەکردنی مۆم

سەرەتا مۆمی خاو گەرم دەکرێت و دەتوێنرێتەوە بۆ دۆخێکی خاوێنی نزیک لە شل، نابێت مۆمی خاو لە کاتی شلکردنەوەدا ڕاستەوخۆ گڕی بەرکەوێت چونکە ڕەنگی تۆخ دەبێت و دەکرێت پارچەی بچووکی کاربۆنی ڕەشی خەڵووزی تێدابێت.
دواتر دەبێت مۆمی خاوی شلکراوە بە وریاییەوە بپاڵێورێت بۆ لابردنی هەر پیسییەک کە لەماوەی پڕۆسەی تواندنەوەکەدا تێکەڵی بووبێت. هەروەها لەم کاتەدا بەپێی خواست هەر ڕەنگ یان بۆنێک زیاد دەکرێت. 

لە قاڵبکردنی مۆم

دروستکردنی مۆم بەشێوەیەکی سەرەکی بە ئامێری لە قاڵبدانی بەردەوام ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشەدا لە هەندێک کۆمپانیای بەرهەمهێناندا ئامێری دەستیی لە قاڵبدان هێشتا بەکاردێت.
ئامێری لە قاڵبدانی بەردەوام بە شێوەیەک دیزاینکراوە بەپێی ئەو سەرچاوەی تێی دەکرێت دەتوانێت نزیکەی ٥٠ بۆ ٥٠٠ مۆم لە کۆمەڵەدا دروست بکات. بەهەمان شێوە بەپێی ئەو سەرچاوەی تێی دەکرێت ماوەی هەموو پڕۆسەکە نزیکەی ٣٠ خولەک دەخایەنێت. 
پێش ئەوەی مۆمە تواوەکە بخرێتە قاڵبەکانەوە، پەتی مۆمەکە لە لووتکەی قاڵبەکەوە ڕادەکێشرێت. لووتکەی قاڵب کونێکی تێدایە کە پەتەکەی پیادا تێپەڕ دەبێت. ئەم پەتە لە بەکرەیەک ڕادەکێشرێت کە لەژێر ئامێری لە قاڵبدانەکەدا جێگیر کراوە.
قاڵبەکان لە تەنەکە دروستکراون، ڕووکاری ناوەوەیان ڕووپۆش دەکرێت بۆ ئەوەی کە بەئاسانی مۆمە ئامادەبووەکەی لێ دەربهێنرێت.
مۆمەکە سارد دەکرێتەوە بۆ پلەی گەرمی کەمێک لە خوار پلەی شلبوونەوەکەی و دەڕژێنرێتە ناو ئەو ڕووتەختەی کە لەسەر قاڵبەکان دانراوە.

بەم شێوەیە مۆمەکە بڵاو دەبێتەوە و جێگای خۆی لەناو قاڵبەکاندا دەگرێت. قاڵبەکان پێشتر کەمێک گەرم کراون بۆیە مۆمەکە بەیەکسانی بەناویاندا بڵاو دەبێتەوە.
دوای ئەوەی مۆمەکە دەکرێتە قاڵبەکانەوە چواردەوری هەر قاڵبێک ئاوی ساردی تێدەکرێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی ڕەقبوونی مۆمەکان خێراتر بکات. هەرکە مۆمەکان ڕەقبوون بە ئامادەکراوی لە قاڵبەکان دەردەهێنرێن. 
پاشان دووبارە پەتی مۆمەکان شوێنی خۆیان دەگرنەوە و پڕۆسەکە سەرلەنوێ دەست پێدەکاتەوە.


سەرچاوەکان



314 بینین