ناوهڕۆك
ناساندن
پێسڵی (بە ئینگلیزی: Paisley، بە عەرەبی: بيزلي)، شارۆچکەیەکی گەورەیە و دەکەوێتە ڕۆژئاوای ناوەندی نزماییەکانی سکۆتلەندا. پێسڵی لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵ شاری گلاسگۆ و ٧٩ کیلۆمەتر لە شاری ئەدینبۆرگەوە دوورە. ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە لە ساڵی ٢۰٢۰ـدا ٧٧٫٢٧۰ کەس بوو.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی پێسڵی ٧٧٫٢١٠ کەسە و ئەم شارۆچکە نازناوی “گەورەترین شارۆچکەی سکۆتلاند”ـی بەدەستهێناوە. لە پێسڵیدا ژمارەی دانیشتووانی مێینە زیاترە لە نێرەکان و گەورەترین گرووپی تەمەن ئەو کەسانەن کە لە نێوان ٤٥ بۆ ٥٩ ساڵیدان. هەروەها ئەوانەی لە نێوان تەمەنی ٣٠ بۆ ٤٤ ساڵیدان بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانی شارۆچکەکە پێک دەهێنن. زۆربەی دانیشتوانی پێسڵی سپی پێستن. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو ئاسیاییەکان لە شارۆچکەکەدا دەژین.
ئایین
زۆربەی زۆری دانیشتووانی پێسڵی ئایینی خۆیان بە کڵێسای سکۆتلەندا (ئەندامی کڵێسای پرێزبیتێری) دەناسێنن. هەروەها کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیکی نزیکەی چارەکێک لە دانیشتووان پێک دەهێنێت. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی تری شارۆچکەکە بریتین لە ئیسلام، جوولەکە و بوودی.
گەشەی دانیشتووانی پێسڵی
ئەم شارۆچکە بەدرێژایی ساڵان گەشەی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش یارمەتیدەرە تا پێسڵی لە شارۆچکەوە ببێت به شار.
مێژووی شارۆچکەکە
سەرەتا پێسڵی وەکوو گوندێک گەشەیکرد و مێژووی بیناکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پازدە. لە سەرەتای سەدەی هەژدەدا شارۆچکەکە گەشەی سەند و بوو بە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی کەتان، هەروەها پێسڵی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پیشەسازی چنیندا هەبووە. پاشان وردەوردە شارۆچکەکە بەرەوپێش چوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢۰١١ـدا گەشتە ٧٦٫٨٣۰ کەس.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای شارۆچکەی پێسڵی وەکوو زۆربەی شارەکانی شانشینی یەکگرتوو ئۆقیانوسییە، بەگشتی کەشی شارۆچکەکە گەرم و مامناوەندە. هەروەها بەشێوەیەکی بەرچاو باران دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا باران دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ٨٫٤ پلەی سەدییە، ساڵانە نزیکەی ١٫٢٩٦ مللیمەتر باران دەبارێت و بەگشتی نزیکەی ١٫٨۰٥ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارۆچکەکەوە دەدرەوشێتەوە.
پێسڵی لە نیوەگۆی باکووردایە، هاوینی ئەم شارۆچکە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب و ئەیلوول. ڕێژەی شێ لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرزترینە ٨٧٫٦١٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی ئایاردا نزمترینە ٧٦٫۰٢٪ـە.
مانگی كانوونی دووەم باراناویترین مانگی ساڵە و ڕێژەی دابارین بەرزترینە، ١٧٫٩٣ ڕۆژ باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی ئەیلوول وشکترین مانگی ساڵە و ١٤٫٦٣ ڕۆژ باران دەبارێت. هەروەها، مانگی تەممووز گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٤٫٣ پلەی سەدییە، مانگی کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی شارۆچکەکە نزیکەی ٣٫٦ پلەی سەدییە.
هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارۆچکەکە
١. کڵێسای پێسڵی
٢. پارکی بارشاو
٣. باخچەی فوارە
٤. پێشەنگای نیگارکێشی و مۆزەخانەی پێسڵی
٥. شارەوانی پێسڵی
٧. پارکی سەینت میرێن