ناوهڕۆك
ناساندن
دەیەی ٢٠١٠ (بە عەرەبی: عقد 2010، بە ئینگلیزی: 2010s) ئەو دەیە بوو کە لە یەکەمی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دەستی پێکرد و لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ کۆتایی هات. ئەم دەیە لە نێوان قەیرانی دارایی جیهانی و دواتر پاشەکشەی نێودەوڵەتی دەستی پێکرد کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ٢٠٠٠. پرسە ئابوورییەکان، وەکو خۆپارێزی و هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، بووە هۆی نائارامی لە زۆرێک لە وڵاتان.
تەندروستی و کۆمەڵگە لە دەیەی ٢٠١٠
ئایدز، ئەو ڤایرۆسەی کە بەرپرسیارە لە کوشتنی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەس لە دوای دۆزینەوەی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، بووە حاڵەتێکی چارەسەرکراو، هەرچەندە تا کۆتایی ئەم دەیە تەنها دوو حاڵەت چارەسەر کران. تا ساڵی ٢٠١١ تەنیا نزیکەی ٥ ملیۆن کەس لە ١٢ ملیۆن کەسی تووشبوو دەستیان بەو جۆرە چارەسەرە گەیشتوە.
لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٠دا، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بریتی بوون لە زیادبوونی تەمەنی چاوەڕوانکراو و دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون کە بووە هۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زیاتری دانیشتووان بەساڵاچوو بن. ئەمەش فشاری خستە سەر خانەنشینی و بەرنامەکانی تری ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا. ژینگە بووە بابەتێکی نیگەرانی زیاتری گشتی لە سەرانسەری جیهاندا. زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان بەرەو قبوڵکردنی زیاتری کەسانی LGBT هەنگاویان نا و لەگەڵیشیدا لە زۆرێک لە وڵاتان دژایەتی دەکرا، لە هەندێک وڵاتیش هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان ئاسایی لە قەڵەم درا لەڕووی یاساوە.
ئینتەرنێت ڕۆڵێکی زیاتری لە بواری کات بەسەربردن و پەیوەندیکردن و سیاسەت و بازرگانیدا هەبوو، بەتایبەتی بۆ گەنجان و ئەوانەی لە وڵاتانی دەوڵەمەندتردا دەژین. هەروەها لە ساڵی ٢٠١١ ژمارەی دانیشتووانی جیهان گەیشتە حەوت ملیار کەس.
پیربوونی دانیشتووان
ساڵانی ٢٠١٠ ئەو دەیە بوو کە زۆربەی منداڵانی گەشەسەندوو لە وڵاتانی پێشکەوتوو خانەنشین بوون، ئەمەش فشارێکی خستە سەر بەرنامەکانی خانەنشینی و بەرنامەکانی تری تۆڕی سەلامەتی. زۆرێک لە وڵاتان لە سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠١٠دا ڕێژەی منداڵبوونیان دابەزیوە. دەرەنجامەکانی کۆمەڵگەیەکی بەساڵاچوو لە ئەورووپا و ژاپۆن بە سەختی هەستیان پێکرا، کە یەکەم وڵات بوون کە تووشی دابەزینی بەرچاوی دانیشتووان بوون.
زیاتر لە ٢٠%ی دانیشتووانی ژاپۆن تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوە بووە، بەمەش بەساڵاچووترین وڵات بووە. لە ئەنجامدا ژاپۆن لە چارەسەری جێگرەوە بۆ چاودێریکردنی بەساڵاچووان دەکۆڵێتەوە، لەنێویاندا ڕۆبۆتەکان. لە ئەمریکا پێشنیارەکان بۆ پێداچوونەوە بە مێدیکەر و ئاسایشی کۆمەڵایەتی زۆرتر بوون، لەوانە بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی یان ڕێکخستنی بڕی یارمەتییەکان. لە ساڵی ٢٠١٠ فەرەنسا کەوتە گفتوگۆ و تەمەنی خانەنشینی لە ٦٠ ساڵەوە بۆ ٦٢ ساڵ بەرزکردەوە، سەرەڕای خۆپیشاندانی بەرفراوانی ئۆپۆزسیۆن. چەند ساڵێک دواتر ئاستەکە دابەزی بۆ ٦٠. تا ساڵی ٢٠١٧ زۆرێک لە وڵاتان پلانیان دانابوو تەمەنی خانەنشینییان بەرز بکەنەوە بۆ ٦٧+ لە ساڵانی داهاتوودا.
پەیوەندی جێندەری
ساڵی ٢٠١٣ بە ساڵی دەستپێکی دەرچوون و بڵاوبوونەوەی فێمینیزمی شەپۆلی چوارەم دادەنرێت، تایبەتمەندییەکی تایبەتی بەرچاوی ئەو فێمینیزمە بریتی بوو لە ئینتەرسێکشناڵیتی، کە دەیانگوت ئەزموونی ژنان جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە لەسەر بنەمای کاریگەریی ناسنامەکانی دیکەیان، وەک چینایەتی، نەتەوە یان ئاراستەی سێکسی. بزووتنەوەی منیش یان Me too وەک ناڕەزایەتییەک دژی ئازاردانی سێکسی بڵاوبووەوە، بەتایبەتی لە شوێنە پیشەییەکان. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کاردانەوەی دژە فێمینیستەکان دروست بوو و لە زۆر وڵاتان دژایەتی فێمینیستەکان دەکرا.
ژینگەپارێزی
لە ماوەی ئەو دەیەدا، گۆڕانی کەشوهەوا بابەتێکی نیگەرانی گەشەسەندوو بوو، زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی جیهان لە ساڵی ٢٠١٥دا وەک "کێشەیەکی زۆر جددی" سەیریان کرد و پشتگیرییەکی بەرفراوانیان کرد بۆ سنووردارکردنی دەردانی گازی گەرمخانەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە. نیگەرانییەکان لەبارەی پیسبوونی پلاستیکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەیان کرد، کاریگەرییەکانی پاشماوەی پلاستیک لەسەر ژینگەی زەوی هۆشیاری جیهانی بەدەستهێنا بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی ئەو دەیەدا. لە ساڵی ٢٠١٢دا مەزەندە کرابوو کە نزیکەی ١٦٥ ملیۆن تۆن پیسبوونی پلاستیکی لە زەریاکانی جیهاندا هەبووە. دەستپێشخەرییەکانی کەمکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک لە سەرانسەری جیهان دەستیپێکرد، لەگەڵ قەدەغەکردنی بەرهەمە پلاستیکییە جۆراوجۆرەکان، لە کیسی نایلۆن و پەڕۆوە تا دەگاتە چەقۆی پلاستیکی. دەرکەوت پیسبوونی پلاستیک پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەبووە، لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٩دا هۆشداری داوە کە تا ساڵی ٢٠٥٠ پلاستیک دەتوانێت ٥٦ ملیار تۆن گازی گەرمخانەیی دەربدات، کە دەکاتە ١٤%ی ڕێژەی کاربۆنی زەوی.
هەروەها مەترسییەکان بۆ سەر جۆراوجۆری زیندوو هۆشیاری زیاتری بەدەستهێنا. لە یەکەم ڕاپۆرتی خۆیدا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە، پلاتفۆرمی زانست-سیاسەتی نێوان حکوومەتەکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی جۆراوجۆری زیندوو و ئیکۆسیستەم (IPBES) لە مانگی ئایاری ٢٠١٩ هۆشداریدا کە لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوو خێراتر دەبێت، و زیاتر لە ملیۆنێک جۆر زیندەوەر مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
لە ساڵی ٢٠١٨ کۆمیسیۆنی ویلایەتی کالیفۆرنیا پلانێکی پەسەند کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە پێویستە پانێڵی خۆر بۆ سەرجەم بینا نیشتەجێبوونەکان هەبێت، لە چین لەگەڵ گەیشتن بە ئاستی پیسبوون، حکوومەت دەستیکرد بە وەبەرهێنان لە وزەی پاکدا بۆ باشترکردنی کوالێتیی هەوا. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپاش لە ساڵی ٢٠١٩دا، پارتە سەوزەکان ژمارەیەکی پێوانەیی کورسییان بەدەستهێنا.
منداڵان و گەنجان
تا ساڵانی ٢٠١٠ گەنجان لە زۆر شوێنی جیهان بە درێژایی ژیانیان بە بەکارهێنانی بەربڵاوی ئینتەرنێت دەورە دران. کاریگەرییە دەروونییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت لەسەر مێشکی گەنجان و بەتایبەت منداڵان لەماوەی ئەم دەیەیەدا بوو بە نیگەرانی زیاتر. گەنجانی ساڵانی ٢٠١٠ بە "خاوەنی باشترین ڕەفتاری تۆمارکراو" ناوزەد کران. لە مانگی ئایاری ٢٠١٤، سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دووگیانی هەرزەکاران و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و کحولییەکان گەیشتووەتە نزمترین ئاستی تۆمارکراو. لە ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٣دا دەرکەوتووە کە ڕێژەی جگەرەکێشانی هەرزەکاران بۆ ١٥.٧% دابەزیوە، ڕێژەی سێکسی بێ خۆپارێزی هەرزەکاران بۆ ٣٤% دابەزیوە و ڕێژەی بەشداریکردنی هەرزەکاران لە شەڕی جەستەیی بۆ ٢٥% دابەزیوە، ئەمەش زۆر کەمترە لە هاوتاکانیان لە ٢٢ ساڵ پێشتر. بەڵام بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی و تووتنی بێ دوکەڵ لەنێو هەرزەکاراندا بەرزبووەوە.
لە شوێنەکانی دیکەشدا ڕەوتی هاوشێوە ئاماژەی پێکراوە، ڕاپۆرتێک کە سەیری ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ دەکات ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاستی هەرزەکارانی تەمەن دە بۆ حەڤدە ساڵ لە ئینگلتەرا و وێڵز کە ئاگادار دەکرێنەوە یان سزا دەدرێن بەهۆی چالاکیی تاوانکارییەوە بە بەراورد بە دەیەی پێشوو بە ڕێژەی ٨٣% دابەزیوە، لە کاتێکدا ژمارەکانی چوونە ژوورەوە سیستەمی دادپەروەری گەنجان بۆ یەکەمجار بە ڕێژەی ٨٥% دابەزیبوو. لە کاتێکدا، لێکۆڵینەوەکانی ئوسترالیا پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ڕێژەی تاوان لە نێوان ئەو گرووپە تەمەنییەدا بە درێژایی ساڵانی ٢٠١٠ دابەزیوە.