پەیوەندی نێوان خەمۆکی و کێشەکانی هەرس

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-11-20:24:00 - کۆدی بابەت: 10616
پەیوەندی نێوان خەمۆکی و کێشەکانی هەرس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەیوەندی نێوان خەمۆکی و کێشەکانی هەرس (بە ئینگلیزی: Relationship between depression and digestive problems، بە عەرەبی: العلاقة بين الاكتئاب ومشاكل الجهاز الهضميئەگەر تۆ یەکێکیت لەو کەسانەی کە پێت وایە نیشانەکانی خەمۆکی تەنها نیشانە ڕۆحی و دەروونییەکان دەگرێتەوە، وەک هەستکردن بە دڵتەنگی و بێهیوایی، ئەوا ئەم بابەتە لەدەست مەدە. چونکە خەمۆکی نەخۆشییەکە کە كار لە هەموو ئەندامەکانی جەستە دەکات و دەتوانێت کێشە بۆ هەموو جەستە دروست بکات. بۆیە نابێت پەیوەندی نێوان خەمۆکی و کێشەکانی کۆئەندامی هەرس پشتگوێ بخرێت.

خاڵی گرنگ لە خەمۆکییدا ئەوەیە کە نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە تەنها بە نیشانە ڕۆحی و دەروونییەکانەوە نەبەسراوەتەوە، بەڵكو چەندین نیشانەی جەستەیی لەخۆدەگرێت وەک هێڵنج، سکچوون، ئازار و گۆڕانی کێش. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤەکان گرنگی بەم کێشانە نادەن و یەک لەسەدیش ئەگەری ئەوە دانانێن کە کێشەکانی هەرسکردنیان بەهۆی خەمۆکییەوە بێت.

خەمۆکی چییە و نیشانەکانی چین؟

خەمۆکی نەخۆشییەکە کە بەزۆری بەهۆی بارودۆخی ژینگەیی، جوگرافی و کۆمەڵایەتی بۆ کەسانی جیاواز ڕوودەدات. گرنگ نییە تەمەنی كەسەكە چەندە چونکە ئەم نەخۆشییە دەتوانێت ڕوو لە منداڵ، هەرزەکار، گەورە و بەساڵاچووان بكات و لە هەر گرووپێکدا بە نیشانەکانی خۆیەوە دەربکەوێت.

ئەگەر بمانەوێت پێناسەیەکی ورد بۆ خەمۆکی بکەین، پێویستە بڵێین کە خەمۆكی کۆمەڵێک كێشەی دەروونی بەرفراوانە، لە دڵتەنگی کورتخایەنەوە تا لاوازی توند دەگرێتەوە. لەم جۆرە خەمۆکییەدا، مرۆڤ بەزۆری تووشی نیشانەکانی وەک بێزاری، تێکچوونی خەو، کەمی پاڵنەر و هتد دەبێت. بەڵام ئەمانە تەنها نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە نین و نیشانەکانی تری خەمۆکی بریتین لە:

  • هەستکردن بە ناڕەحەتی و بێ دەسەڵاتی.
  • بێ میزاجی، تووڕەیی و کەمبوونەوەی ئارامگرتن.
  • بێزاری لە بەشداریکردن لە چالاکییە چێژبەخشەکانی وەک وەرزشکردن.
  • ماندوویەتی زۆر و کەمی ئاستی وزە.
  • تێکچوونی ئارەزووی خواردن وەک: نەمانی ئارەزووی خواردن، دابەزینی کێش یان زیادبوونی لەناکاوی کێش.
  • هەبوونی دڵەڕاوکێ و شەڕانگێزی بەردەوام.
  • خاوبوونەوەی پرۆسەی جووڵە، بیرکردنەوە و قسەکردن.
  • هەستکردن بە بێ بەهایی و هەبوونی ئازاری بەردەوامی ویژدان.
  • تێکچوونی سەرنجدان، یادەوەری و فێربوون.
  • هەبوونی ئازاری جەستەیی وەک سەرئێشە یان پشت ئێشە.

جۆرەکانی خەمۆکی و پەیوەندییان لەگەڵ کێشەکانی هەرس

ئەم نەخۆشییە جۆری جیاوازی هەیە، هەندێکیان توندن و نیشانەی زیاتریان هەیە و هەندێکی تریان بەشێوەی سووک و ڕووکەشی دەردەکەون. ئەم جۆرانە بریتین لە:

- خەمۆکی بنەڕەتی، کلاسیک یان یەک جەمسەری (Major depressive disorder)

ئەم نەخۆشییە زۆر باوە و بەزۆری لەناو گەورەکاندا ڕوودەدات. ئەو کەسانەی تووشی ئەم جۆرە خەمۆکییە دەبن، ڕۆژانە هەست بە نیشانەی زۆر و جۆراوجۆر دەکەن. نیشانەکانی وەک هەستکردن بەبێ هیوایی، خەواڵوویی، کەمی وزە، زیادەڕۆیی لە خواردن، ئازارێکی بێ هۆكار، خەمۆکی بنەڕەتی یان MDD دەتوانێت بەشێوەیەكی کورتخایەن یان درێژخایەن لەگەڵ كەسەكەدا بێت.

- خەمۆکی بەردەوام

خەمۆكی بەردەوام یان خەمۆكی درێژخایەن (Dysthymia) جۆرێکی تری ئەم نەخۆشییەیە کە بەلایەنی کەمەوە ٢ ساڵ دەخایەنێت. ئەم جۆرە نەخۆشییە هێندەی خەمۆکی بنەڕەتی توند نییە، بەڵام هاوشێوەیەتی و کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی ڕۆژانە هەیە. لە گرنگترین نیشانەکانی بریتین لە تێکچوونی ئارەزووی خواردن و لاوازی کۆئەندامی هەرس.

- خەمۆکی دوو جەمسەری (Bipolar disorder)

خەمۆکی دوو جەمسەری بریتییە لە ماوەکانی مانیا یان هایپۆمانیا. لەم قۆناغانەدا مرۆڤ هەستی جۆراوجۆری وەک دڵخۆشی لە ڕادەبەدەری هەیە، دڵخۆشییەك كە زۆری پێناچێت و دڵتەنگی جێگەی دەگرێتەوە. خەمۆکی دوو جەمسەری بە شادی لە ڕادەبەدەر دەست پێدەکات كە بە زۆری ماوەی ٧ ڕۆژ دەخایەنێت و وردە وردە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ تووشی دڵتەنگی و نیشانە جۆراوجۆرەکانی وەک کێشەی هەرس و نەمانی ئارەزووی خواردن بێت. لەم کاتەدا پێویستە خەڵک سەردانی پزیشک بکەن، بەڵام بەزۆری پشتگوێی دەخەن و کێشەکانی هەرس بە جددی وەرناگرن.

- خەمۆکی پێش منداڵبوون و دوای منداڵبوون

خەمۆکی پێش منداڵبوون کە جۆرێکە لە نەخۆشی خەمۆکی بنەڕەتی، لە سەرەتای دووگیانییەوە دەست پێدەکات. جۆرێکی تری ئەم نەخۆشیە خەمۆکی دوای منداڵبوونە، کە دەکرێت چەند هەفتەیەک پێش منداڵبوون دەست پێبکات بەڵام لوتکەكەی ڕێک دوای لەدایکبوونی منداڵە. لەم جۆرە خەمۆکییەدا كەسەكە ڕووبەڕووی كێشەی خواردن و تێکچوونی باری دەروونی توند دەبێتەوە چونکە گۆڕانی هۆرمۆنەکان لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری گرنگ لە مێشک و جەستەی مرۆڤەکاندا.

جۆرەكانی تری خەمۆكی بریتین لە خەمۆكی نائاسایی، خەمۆكی وەرزی و خەمۆكی پێش سوڕی مانگانە كە زۆربەیان كاریگەرییان لەسەر تێكچوونی ئارەزووی خواردن و كێشەی هەرس هەیە.

پەیوەندی نێوان خەمۆکی و کێشەکانی هەرس

ڕەنگە کەمێک سەیر بێت بڵێین خەمۆکی و فشاری دەروونی دەبێتە هۆی کێشەی جۆراوجۆری هەرس وەک تەنگەنەفەسی، هەوکردن و نەمانی ئارەزووی خواردن. توێژینەوە جۆراوجۆرەکان دەریدەخەن کە زۆرترین دەمارە خانەکانی جەستە لە کۆئەندامی هەرسدا كۆبوونەتەوە. بۆیە کۆئەندامی هەرس توانای وروژاندنێکی زۆر زیاتری هەیە بەرامبەر بە فشار و تێکچوونی دەروونی. بۆیە پزیشکان کۆئەندامی هەرس وەک مێشکی دووەمی لەش دەناسێنن. چونکە گرنگییەکەی لە مێشک کەمتر نییە. ئێستا ڕەنگە بپرسیت خەمۆکی چۆن کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەرس هەیە؟

ڕیخۆڵە کە یەکێکە لە بەشە گرنگەکانی کۆئەندامی هەرس، زیاتر لە ٧٠٪ـی سیرۆتۆنین لە لەشدا بەرهەمدەهێنێت، كە ماددەیەکە وا دەکات جوڵەی ڕیخۆڵەکان بەباشی ئەنجام بدرێت و ڕێگری لە قەبزی دەکات. هەروەها کەمی ماددەی سیرۆتۆنین لە جەستە خۆیدا هۆکارێکە کە دەبێتە هۆی کێشەی دەمار و خەمۆکی. لە ڕاستیدا کێشەی دەمار، تێکچوونی رۆحی و سۆزداری پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین هەیە. تا ئەم کێشانە زیاتر بن، بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین کەمتر دەبێتەوە.

کاریگەری فشار و خەمۆکی لەسەر کارکردنی ئەندامەكانی کۆئەندامی هەرس

- ڕیخۆڵە

پێشتر باسمان لەوە کرد کە زۆرترین ڕێژەی سیرۆتۆنین لە جەستەدا لە ڕیخۆڵەدا بەرهەمدێت و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کارکردنی ئەم بەشە هەیە. لەڕاستیدا خەمۆکی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین و هەروەها توانای ڕیخۆڵە بۆ هەڵمژینی خۆراک و هەرسکردنی خۆراک کەم دەبێتەوە. ئەنجامەکەی جگە لە نەخۆشی قۆڵۆن هیچی تر نییە. ئەم نەخۆشیە دەبێتە هۆی ئاوسانی سک، ئازاری سک، سکچوون و قەبزی، ئەگەر تووشی ئەم نەخۆشییە بوویت باشتر وایە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕی گەدە و ڕیخۆڵە بکەیت.

- گەدە

دەكرێت ئەوە بەسەرتدا هاتبێت کە لە کاتی توڕەیی و دڵەڕاوکێدا تووشی هێڵنج و ڕشانەوە بووبیت. خەمۆکی و فشاری دەروونی دەبێتە هۆی زیادکردنی ئاستی ترشی گەدە و تێکدانی هاوسەنگییەكەی. ڕوودانی یەک لە دوای یەکی ئەم کێشانە دەبێتە هۆی برینی گەدە.

- سورێنچك

ئەگەر سەرنجی كەسانێكت دابێت كە تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بوون، دەبێت تێبینی ئەوەت کردبێت کە ڕیتمی هەناسەدانی ئەو کەسانە لە کاتی فشار و ناڕەحەتیدا ئاسایی نییە و بەزۆری لە ڕێگەی دەمەوە هەناسە دەدەن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەوای زیاتر بچێتە ناو کۆئەندامی هەرس و سورێنچک، بە تایبەت ئەگەر لە کاتی خواردندا ڕووبدات. چوونە ژوورەوەی هەوای زیادە بۆ ناو لەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە قووتدان، ئەمەش دەبێتە هۆی هێڵنج و ڕشانەوەی زۆر.

چارەسەری کێشەکانی هەرس کە پەیوەندییان بە خەمۆکییەوە هەیە

تا ئێستا زانیاریت لەسەر خەمۆکی و جۆرەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆئەندامی هەرس هەیە. خەمۆکی نیشانەی باوی هەرسکردنی هەیە، كە هەندێکیان بریتین لە ئازاری سک، سکچوون، قەبزی و ئاوسانی سک. هەروەها خەمۆکی دەكرێت نیشانەی نائاسایی هەبێت لەگەڵ ئەم نیشانانەدا وەک ئازاری سنگ، کۆکەی وشکی بەردەوام، ئازاری سووک، گیرانی قوڕگ و بۆنی ناخۆشی دەم. بۆیە ئەگەر یەک لە دوای یەک کێشەی سووک تا مامناوەندی هەرسکردنت هەبوو و هۆکارێکی دیاریکراوت بۆ نەدۆزیەوە، دڵنیابە پەیوەندی بە پزیشکەکەتەوە بکە و لە كێشە دەروونییەكاندا بەدوای هۆکارەکەیدا بگەڕێ.

هەروەها ئەگەر نیشانەکانی وەک دابەزینی کێشی نائاسایی، تایەکی بەردەوام، هەستکردن بە تێری دوای خواردنی خواردنێكی كەم، خوێن لە پیساییدا، ئازاری چەناگە یان مل، خوێنبەربوونی سووک بۆ توندی کۆم و ڕشانەوەی خوێناویت بەدی كرد خێرا سەردانی پزیشك بكە.


سەرچاوەکان



390 بینین