ناوهڕۆك
ناساندن
دێری، بەفەرمی لەندەندێری (بە ئینگلیزی: Derry یان Londonderry، بە عەرەبی: ديري یان لندنديري)، دووەم گەورەترین شاری ئێرلەندای باکوور و پێنجەم گەورەترین شاری دوورگەی ئێرلەندایە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠١دا ٨٣٫٦٥٢ کەس بوو، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی دێری و ناوچەکانی دەوروبەری ٩٠٫٧٣٦ کەس بوو.
ناوی شارەکە
دێری نشینگەیەکی کۆنە و پێدەچێت ناوەکەی لە وشەی گەلیکی (doire) وەرگیرابێت کە بەرامبەر (a grove of oak trees)ـی ئینگلیزییە و بە واتای بێستانێکی دار بەڕوو دێت.
دانیشتووان
لە ڕۆژی سەرژمێری (٢٧ـی ئازاری ٢٠١١)ـدا ١٠٥٫٦٦ کەس لە ناوچەکانی دەوروبەری دێریدا دەژیان. لەو ژمارەیەش ٢٧٪ـیان تەمەنیان لە خوار ١٦ ساڵییەوە بوون و ١٤٪ـیان تەمەنیان ٦۰ ساڵی یان زیاتر بوون؛ ٤٩٪ـی دانیشتووان لە ڕەگەزی نێر بوون و ٥١٪ـیان لە ڕەگەزی مێ بوون. هەروەها ٧٥٪ـی دانیشتووان سەر بە ئایینی کاسۆلیکی ڕۆمانی بوون و ٢٣٪ (بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢۰۰١، لە سەدا سێ بەرزبووەتەوە)ـیان سەر بە ئایینی پرۆتستانتی بوون. سەرەڕای ئەوەش، تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی دێری ٣٨٫٩ ساڵییە. گەورەترین گرووپە ڕەگەزی و نەتەوەییەکانی شارەکە بریتین لە سپی پێستەکان (٩١٫٩٪) و دواتر هیسپانی (٤٫٧٪) و ڕەش پێست (١٫٣٪). دێری یەکێک بوو لەو شارە کەمانەی ئێرلەندا کە لە کاتی برسێتییە گەورەدا، کە لە ساڵی ١٨٤٥ بۆ ١٨٤٩ ڕووی لە ئێرلەندا کرد، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە زیادبوونی بەخۆیەو بینی، چونکە کۆچبەران لە ناوچەکانی ترەوە هاتنە شارەکەوە و کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ژمارەی دانیشتووان بوو.
مێژوو
دێری یەکێکە لە نشینگه دێریینەکانی ئێرلەندای باکوور، لە سەدەی شەشەمی زایینیەوە دێرێک لە دێری هەبوو، نشینگەکە لە نزیک ئەم دێرەوە گەورە بوو. بەڵام بۆ ماوەی چەندین سەدە، دێری شارۆچکەیەکی تا ڕادەیەک بچووک بوو و هەتا سەدەی ١٧ نەبوو بە شارۆچکەیەکی گرنگ. لە ساڵی ١٥٦٦ دێری لەلایەن ئینگلیزەکانەوە گیرا. بەڵام، زۆری نەخایاند لە ساڵی ١٥٦٧ فرۆشگایەکی بارووت تەقیەوە و ئینگلیزەکان دێریان جێهێشت. پاشان لە ساڵی ١٦٠٠ـدا جارێکی دیکە ئینگلیزەکان دێرییان گرتەوە.
شارۆچکەیەکی نوێ لە دێری لە ساڵی ١٦٠٣ دامەزراوە، ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان و پیشەگەرەکان لەوێ نیشتەجێ بوون. بەڵام لە ساڵی ١٦٠٨دا شارۆچکەکە لەلایەن کاهیر ئۆدۆرتی و پیاوەکانییەوە وێرانکرا. سەرەڕای ئەوەش، شارۆچکەیەکی نوێی دروستکرایەوە. شا جەیمس دەستی بەسەر بڕێکی زۆر زەویی ئێرلەندییەکاندا گرت. پاشان ژمارەیەکی زۆری سکۆتلەندی و خەڵکی ئینگلیزی لە ئۆڵستەر نیشتەجێ کرد بۆ ئەوەی دانیشتووانێکی دڵسۆز لە ناوچەکەدا دروست بکات. وەک بەشێک لە کۆلۆنی ئۆڵستەر، چەندین شارۆچکەی نوێ دروستکران. شا جەیمس بانگهێشتی بازرگانانی لەندەنی کرد بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن لە نیشتەجێکردنی پرۆتستانتە ئینگلیزەکان لە ئێرلەندای باکوور. لەسەر دروستکردنی شارۆچکەیەکی نوێ لە دێری رێککەوتن، بڕیار وابوو ٢٠٠ خانوو دروست بکرێن و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی هەزار کەس بێت. شارۆچکە نوێیەکە ناونرا لەندەندێری. لە ساڵی ١٦١٣ـدا چەند مافێک بە دانیشتووانەکەی درا و سەرۆک شارەوانی و دامەزراوەیەکی هەبوو. لە ساڵی ١٦١٧ قوتابخانەیەکی بنەڕەتی تێدا دامەزرا. پێدەچێت لە ساڵی ١٦٣٠ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی هەزار کەس بووبێت.
گەمارۆدانی دێری
لە کاتی یاخیبوونی ئێرلەندا و لە ساڵی ١٦٤١ـدا دێری گەمارۆدرا بەڵام ئێرلەندییەکان نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی بکەن. لە ساڵی ١٦٤٩ لە کاتی شەڕەکانی ناوخۆی نێوان پاشا و پەرلەمان دێری بۆ ماوەی ٢٠ هەفتە لەلایەن لایەنگرانی پاشاوە گەمارۆدرا بەڵام دیسانەوە شارەکە نەکەوتە ژێر کۆنتڕۆڵیانەوە. بەناوبانگترین ئابڵۆقەدانی لەندەندێری لە ساڵی ١٦٨٩دا بوو، لە ساڵی ١٦٨٨دا شای کاسۆلیکی جەیمس دووەم لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. بەڵام لۆردی جێگر جەیمس و زۆربەی دانیشتووانی ئێرلەندا دڵسۆزی جەیمسی دووەم بوون. لەندەندێری یەکێک بوو لەو شوێنە کەمانەی کە بە دڵسۆزی ویلییەم مابووەوە.
لە ٧ـی کانوونی یەکەمی ١٦٨٨ـدا، سوپایەكی كاسۆلیكی هەوڵیدا بچێتە ناو لەندەندێریەوە. لەلایەن سیازدە کوڕە خوێندکارەوە دەروازەیان لێ داخرا. لە ئەنجامدا پرۆتستانتەکان هەڵهاتن بۆ شارۆچکەکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی فڕاند. گەمارۆدانی لەندەندێری لە نیسانی ١٦٨٩ دەستی پێکرد و بارودۆخی ناو شارەکە خراپتر بوو. هەروەها خواردن کەمبوویەوە و بەرگریکارەکان گۆشتی ئەسپ و پیویان دەخوارد، سەرەڕای ئەوەش چەند نەخۆشییەک لە ناوچەکەدا بڵاوبوونەوە. لە مانگی حوزەیراندا سێ کەشتی لە ئینگلتەراوە گەیشتن و ئازووقەیان هێنا بەڵام بۆ چەند هەفتەیەک نەیانتوانی بگەنە شارەکە چونکە پیاوەکانی جەیمس لە ئاوی فۆیڵدا ڕێگیریان لێ کردن لە کۆتاییدا و لە ٢٨ـی تەممووز یەکێک لە کەشتییەکان گەشت و شارەکە بووژایەوە. سێ ڕۆژ دواتر ئابڵۆقەدەرەکان زانیان یارییەکە تەواو بووە و شارەکەیان جێهێشت.
دێری لە سەدەی ١٨ـدا
لە ساڵی ١٧٠٤دا یاسایەکی پەرلەمان ڕایگەیاند کە تەنها ئەنگلیکانیەکان دەتوانن لە ئێرلەندا پۆستیان هەبێت، بۆیە ئەندامی کلێسەی پرێزبیتێری دوور خرانەوە. بەشێکی لە ئەنجامی ئەم یاسایەوە بوو کە لە سەرەتای سەدەی ١٨ـدا زۆرێک لە ئەندامەکانی کلێسەی پرێزبیتێری لە دێریەوە بۆ ئەمریکای باکوور کۆچیان کرد. سەرەڕای ئەوەش، دێری بەدرێژایی ئەم سەدە گەورەتر بوو و ژمارەیەک بینای نوێ دروستکران. لە دەوروبەری ساڵی ١٧٥۰ـدا پیشەسازییەکی کەتان لە ناوچەکەدا گەشەی سەند. هەتا کۆتایی سەدەی ١٨ تەنها یەک بەلەم بە ڕووباری فۆیڵدا تێدەپەڕی. لە ساڵی ١٧٨٩ بۆ ١٧٨٩١ پردێکی دار دروستکرا، بەمەش بازرگانی و پیشەسازی لە ناوچەکەدا زیاتر گەشەی کرد.
دێری لە سەدەی ١٩ـدا
لە ساڵی ١٨٢١دا، یەکەم سەرژمێری ئێرلەندا ئەنجامدرا، ژمارەی دانیشتووانی دێری ٩٫٣١٣ کەس بوو، ژمارەی دانیشتووان لەم سەدەیەدا بەخێرایی گەشەی کرد و تا کۆتایی سەدەکە گەیشتە ٤٠ هەزار کەس. لە سەرەتای سەدەی ١٩ـدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کاسۆلیکی لە لادێکانەوە دەهاتنە دێری و بەدوای کاردا دەگەڕان. لە ساڵی ١٨٤٥ـدا هێڵی ئاسنین گەشتە دێری. لە ساڵی ١٨٦٣ پردێکی دیکە، ئەم پردە پۆڵاین بوو، بەسەر ڕووباری فۆیڵدا دروستکرا، پاشان لە ساڵی ١٩٣٣ ڕووخێنرا.
لەلایەکی دیکەوە لە ساڵی ١٨٣١ـدا پیاوێک بە ناوی ویلییەم سکۆت لە دێریدا دەستی بە دروستکردنی کراس کرد. لە ساڵانی ١٨٥٠ کاندا بازرگانی کراس دروستکردن لە دێری گەشەی سەند و لە ساڵانی ١٨٧٠ کان دروستکردنی کراس پیشەسازی سەرەکی شارۆچکەکە بوو. هەروەها هەر لەم سەدەیەدا پیشەسازییەکی کەشتیسازی هەبوو و بەندەری دێری گەشەی بەخۆیەوە بینی. لە ماوەی سەدەی نۆزدەهەمدا زۆرێک لە کۆچبەران دێرییان جهێشت و ڕوویان لە ئەمریکای باکوور کرد.
دێری لە سەدەکانی ٢۰ و ٢١ـدا
لە ساڵی ١٩٨٤ پردی فۆیڵ دروستکراوە. لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا دێری بنکەیەکی سەرەکی دەریایی بوو. هەروەها بنکەی ئاسمانیش لە دەوروبەری شارەکەدا هەبوون. ژمارەیەکی زۆر لەشکری ئەمریکی و کەنەدی لە شارەکەدا جێگیرکران. هەروەها شەڕی بۆگساید لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٦٩ ڕوویدا، گرژییەکانی نێوان کاسۆلیکەکان و پرۆتستانتەکان ماوەیەک بەردەوام بوو و لە کۆتاییدا تووشی توندوتیژی لێ کەوتەوە. لە ١٢ـی ئابی ١٩٦٩، ڕێپێوانی ساڵانەی کوڕە خوێندکارەکان بە ناوچەی بۆگسایدی کاسۆلیکیدا تێپەڕین و پێکدادان لە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی RUC و کاسۆلیکیدا ڕوویدا. ئاژاوەکە سێ ڕۆژ بەردەوام بوو و لە کۆتاییدا سوپای بەریتانیا نێردرا بۆ ناوچەکە و گرژییەکان کۆتایی هات. لە ساڵی ١٩٧٢ـدا ئەو ڕووداوە کارەساتبارەی کە بە یەکشەممەی خوێناوی ناسراوە ڕوویدا. لە ٣٠ـی کانوونی دووەمی ١٩٧٢، سەربازانی بەریتانی لە کاتی ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتی لە ناوچەی بۆگسایددا تەقەیان لە ٢٦ هاوڵاتی مەدەنی بێچەک کرد و ١٤ کەسیش کوژران. هەروەها لە ئێستادا دێری شارێکی گەشەسەندووە و چەند مۆزەخانە و سەنتەرێکی تێدا دروست کراوە. لە سەدەی ٢١ و لە ئەمڕۆدا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٨٣ هەزار کەسە، بەمەش بووەتە دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەی.
کەشوهەوا
دێری کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان تاڕادەیەک سارد و باراناوییە و لە مانگەکانی وەرزی هاوینیشدا کەشی شارەکە مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت.
زستانی دێری لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا تاڕادەیەک ساردە، پلەکانی گەرما زۆر نزم نین، بەڵام دەشێت با و ڕێژەی شێ کەشی شارەکە سارد بکەن. هەروەها زۆرجار ئاسمانی شار هەوراوییە، با هەڵدەکات و ڕێژەی دابارین بەرزە. بەدەگمەن بەفر دەبارێت. پلەکانی گەرما بەدەگمەن بۆ خوار ٥- پلەی سەدی دادەبەزن، بەڵام دەشێت هەندێک کات بۆ نزمتر لەو پلەیەش دابەزن. تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە کانوونی دووەمە ٥٫٤ پلەی سەدییە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ١٢- پلەی سەدی بوو کە لە کانوونی یەکەمی ١٩٩٥ـدا تۆمارکرا.
بەهاری دێری لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئایار دەخایەنێت، پلەکانی گەرما لەم وەرزەدا بە هێواشی بەرز دەبنەوە و بەرەی هەوای ئەتڵەسی کەمێک کەم دەکات، بەڵام لە مانگی ئایاردا هێشتا کەشی شارەکە ساردە، بەتایبەتی لە نیوەی یەکەمی مانگدا.
وەرزی هاوین لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات تا مانگی ئاب دەخایەنێت. کەشی شارەکە لەم وەرزەدا فێنک و باراناوییە، ڕۆژە گەرمەکان دەگمەنن، ڕەنگە پلەی گەرمی لە تەواوی مانگەکەدا نەگاتە ٢٥ پلەی سەدی، بەڵام هەندێک جار بۆ بەرزتر لەو پلەیە بەرز دەبێتەوە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تەممووزی ٢۰۰٣ و لە مانگی حوزەیرانی ٢۰١٨ـدا ٢٩ پلەی سەدی بوو.
وەرزی پاییز لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات تا تشرینی دووەم دەخایەنێت، ئاسمانی شار هەوراوییە و کەشی شارەکە لەم وەرزەدا باراناوییە، لەگەڵ هەر هەفتەیەک تێدەپەڕێت کەشی شارەکە ساردتر دەبێت.
ساڵانە ٨٦۰ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی نیسان و ئایاره ٥٥ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی کانوونی یەکەمە ٩٥ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٫٣٦٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.
باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە
باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری دێری وەرزی هاوینە، لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئاب، چونکە مامناوەندترین وەرزی ساڵە. هەروەها پلەکانی گەرما بەگشتی بۆ چالاکییەکانی دەرەوە خۆشن. هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:
- شووراکانی شار
- مۆزەخانەی فری دێری
- پردی ئاشتی
- دام و دەزگای شارەوانی دێری
- مۆزەخانەی قەڵا
- کۆتەڵای یەکشەممەی خوێناوی
- سەنتەری زانیاری سەردانکەران
- گوندی ئیشی دەستی