ناوهڕۆك
ناساندن
هاڤانا (بە ئینگلیزی: Havana، بە ئیسپانی: La Habana، بە عەرەبی: هافانا)، پایتەخت و گەورەترین شاری کووبایە. ئەم شارە بەندەری سەرەکی و ناوەندی بازرگانی وڵاتەکەیەتی، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ٢٫٣ ملیۆن کەسە کە بە ڕووبەری ٧٢٨٫٢٦ کیلۆمەتر دووجادا بڵاوبوونەتەوە، بەمەش دەبێتە گەورەترین شاری ناوچەکەی، هاڤانا قەرەباڵغترین شار و چوارەم گەورەترین گەورەشاری ناوچەی کاریبی.
میژووی شارەکە
شاری هاڤانا لە سەدەی ١٦ و لەلایەن ئیسپانییەکانەوە دامەزراوە و بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەیەوە وەکوو تەختەیەکی پەڕینەوە بۆ داگیرکردنی ئەمریکا لەلایەن ئیسپانیاوە خزمەتی کردووە. فیلیپی دووەمی ئیسپانیا لە ساڵی ١٥٩٢ـدا نازناوی شاری بە هاڤانا بەخشی. چەند شوورا و قەڵایەک بە مەبەستی پاراستنی شارەکە دروستکران. نوقمبوونی کەشتیی جەنگی ئەمریکا مەینی (Maine) لە بەندەری هاڤانا لە ساڵی ١٨٩٨ـدا هۆکاری دەستبەجێی جەنگی نێوان ئیسپانیا و ئەمریکا بوو. شارەکە ناوەندی حکوومەتی کووبی، شوێنی وەزارەتی جۆراوجۆر، بارەگای بازرگانی و زیاتر لە ١٠٠ نوسینگەی دبلۆماسییە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا، هاڤانا خاوەنی سێیەم بەرزترین داهاتی وڵاتەکەی بوو. هاڤانای هاوچەرخ لە بنەڕەتدا دەتوانرێت وەک سێ شار لە یەک شاردا وەسف بکرێت، ئەوانیش هاڤانای کۆن، ڤیدادۆ و ناوچە نوێیەکانی قەراغی شار.
شارەکە ساڵانە سەرنجی زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیار ڕادەکێشێت؛ بەپێی سەرژمێری فەرمیی هاڤانا لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ١٫١٧٦٫٦٢٧ گەشتیاری نێودەوڵەتی سەردانی شارەکەیان کردووە و بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕێژەی ٢٠٪ زیادی کردووە. له ساڵی ١٩٨٢ـدا هاڤانای کۆن وەکوو شوێنەوارێکی میراتی جیهانی یونسکۆ دیاریکرا. هەروەها شارەکە بەهۆی مێژوو، کولتوور، تەلارسازی و مۆنۆمێنتەکانییەوە ناوبانگی دەرکردووە.
دانیشتووان
شاری هاڤانا لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە گەورەترین شاری وڵاتەکەیەتی و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە دوایین سەرژمێری فەرمیدا بە ٢٫١٠٦٫١٤٦ کەس تۆمارکراوە. هەروەها لەڕووی ڕووبەریشەوە گەورەترین شاری کووبایە و زیاتر لە ٧٢٨٫٢٦ کیلۆمەتر چوارگۆشە داگیر دەکات و چڕی دانیشتووانەکەی ٧٫٤٩٠ کەسە لە هەر میل چوارگۆشەیەکدا. لە ساڵی ٢٠١٢ـدا ١٩٫١٪ـی دانیشتووانی کووبا لە هاڤانا دەژیان، بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٢ ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ٢٫١٠٦٫١٤٦ كەسە. تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانەکەی ٧٦٫٨١ ساڵییە. لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا ١٫٩٢٤ کەسی دانیشتووی هاڤانا تووشبووی ڤایرۆسی ئێج ئای ڤی (ئایدز) بوون، لەو ژمارەیەش ٢١٫١٪ـیان ژن و ٧٨٫٩٪ـیان پیاو بوون. هەروەها مەسیحی ئایینی سەرەکی دانیشتووانی هاڤانایە و بەدوایدا ئایینی سانتێریا دێت. ڕەگەز و نەتەوەکانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوەن:
- سپی پێست: ٥٨٫٤٪
- ڕەگەزی تێکەڵ: ٢٦٫٤٪
- ڕەش پێست: ١٥٫٢٪
- ئاسیایی: ٠٫٢٪
گەشەی دانیشتووان
بەدرێژایی ساڵان، دانیشتووانی هاڤانا بە شێوەیەکی نەریتی گەشەی بەخۆیەوە بینیوە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە نێوان ساڵانی ١٩٤٣ بۆ ١٩٥٣ یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاند و لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا گەیشتە دوو ملیۆن دانیشتوو. بەڵام لەم دواییانە و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٢ ژمارەی دانیشتووانی هاڤانا بە ڕێژەی ١٫٧٪ دابەزی. هۆکاری ئەم دابەزینەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمی ڕێژەی لەدایکبوون، بەرزی تەمەنی چاوەڕوانکراو و ڕێگیریکردن لە کۆچکردن و وەرنەگرتنی پەنابەر. پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا گەشەی دانیشتووان خاو بێتەوە و ژمارەی دانیشتووانی شارەکە کەم ببێتەوە بەهۆی ئەوەی ڕێژەی لەدایکبوون بە نزمی دەمێنێتەوە و تەمەنی دانیشتووانیش هەڵ دەکشێت.
ئابووری
هاڤانا ئابوورییەکی هەمەچەشنی هەیە، لەگەڵ کەرتە نەریتییەکانی وەک بەرهەمهێنان، بیناسازی، گواستنەوە، پەیوەندییەکان و کەرتە نوێیەکانی وەک زیندەتەکنەلۆجیا و گەشتیاری.
لە سەرەتادا ئابووری شارەکە لەسەر بنەمای شوێنەکەی گەشەی کرد و بوو بە یەکێک لە ناوەندە بازرگانییە گەورەکانی جیهانی نوێ. بەهۆی بازرگانیکردن بە شەکر و کۆیلەوە ئابووری شارەکه بووژایەوە، دواتر و دوای سەربەخۆیی بوونی وڵاتەکەی هاڤانا وەکوو هاوینەهەوارێک ناوبانگی دەرکرد. سەرەڕای هەوڵەکانی حکوومەت بۆ بڵاوکردنەوەی چالاکییە پیشەسازییەکانی کووبا لە هەموو ناوچەکانی دوورگەکەدا، هاڤانا وەک ناوەندی زۆربەی پیشەسازییەکانی وڵاتەکە دەمێنێتەوە. هەروەها ٥٠٪ـی هاوردە و هەناردەی کووبا بە هاڤانادا تێ دەپەڕێت. دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت، کووبا دووبارە پشتی بە کەرتی گەشتیاری بەست که وەک پیشەسازییەکی سەرەکی بووە هۆی بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکە و لە ئێستاشدا گەشتیاری سەرچاوەی سەرەکی ئابووری هاڤانا و کووبایە.
کەشوهەوا
کەشوهەوای شاری هاڤانا خولگەییە. بە بەراورد لەگەڵ وەرزی زستاندا، مانگەکانی وەرزی هاوین زیاتر باراناویین. تێکڕای پلەی گەرمی لە شارەکەدا ٢٥٫٧ پلەی سەدییە و ساڵانە ٨٢١ مللیمەتر باران دەبارێت و بەگشتی نزیکەی ٣٫٢٦٠٫٦٤ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە. ڕێژەی شێ لە مانگی ئەیلوولدا بەرزترینە ٧٧٫٨٠٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی نیساندا نزمترینە ٦٤٫٧٠٪ـە.
مانگی ئەیلوول باراناویترین مانگی ساڵە و ڕێژەی دابارین بەرزترینە، ١٩٫٥٧ ڕۆژ باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی شوبات وشکترین مانگی ساڵە و ٥٫٧٧ ڕۆژ باران دەبارێت. هەروەها، مانگی ئاب گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی ٢٨٫٥ پلەی سەدییە، مانگی کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە ٢٢٫٤ پلەی سەدییە.
باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە
باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە بریتییە لە مانگەکانی شوبات، ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەممووز، ئاب، ئەیلوول، تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم.