ناوهڕۆك
ناساندن
لیما (بە ئینگلیزی: Lima، بە عەرەبی: لیما)، پایتەخت و گەورەترین شاری پیرۆیە. ئەم شارە دەکەوێتە دۆڵی ڕووبارەکانی چیلۆن و ڕیماک و لورین، لە ناوچەی بیابانی بەشی کەناری ناوەڕاستی وڵاتەکە و دەڕوانێتە سەر زەریای هێمن. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زیاتر لە ٩٫٧ ملیۆن کەسە و ژمارەی دانیشتووانی گەورەشاری لیما بە زیاتر لە ١٠٫٧ ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت. سەرەڕای ئەوەش لیما یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی ئەمریکا.
مێژوو و گرنگی شارەکە
لیما لەلایەن خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچە کشتوکاڵییەی کە لەلایەن خەڵکی ڕەسەنی پیرۆوە بە لیماق (Limaq) ناسرابوو، ناوی لێنراوە. ئەم شارە بوو بە پایتەخت و گرنگترین شاری شانشینی پیرۆ. دوای جەنگی سەربەخۆیی پیرۆ، لیما بوو بە پایتەختی کۆماری پیرۆ (República del Perú). نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی نیشتیمانی لە ناوچەی گەورەشاردا دەژین. هەروەها لیما شوێنی یەکێکە لە کۆنترین دامەزراوەکانی خوێندنی باڵایە لە جیهانی نوێدا، ئەویش زانکۆی نیشتیمانی سان مارکۆسە کە لە ١٢ـی ئایاری ١٥٥١ـدا دامەزراوە، ئەم زانکۆ یەکەم زانکۆیە کە بەفەرمی دامەزراوە و کۆنترین زانکۆیە کە بەردەوام کار دەکات لە ئەمریکا. لە ئێستادا ئەم شارە بە ناوەندی سیاسی، ڕۆشنبیری، دارایی و بازرگانی وڵات دادەنرێت. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا یەکێکە لە سی قەرەباڵغترین شارەکانی جیهان. بەهۆی گرنگی جیۆستراتیجییەکەیەوە، لەلایەن جیهانگەری و تۆڕی توێژینەوەی شارەکانی جیهانەوه بە شارێکی جیهانی بێتا پۆلێنکراوە. لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ـدا، لیما هەڵبژێردرا بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی پان ئەمریکی ٢٠١٩ و لە ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١٦ـدا میوانداری کۆبوونەوەکانی ئاپیکی کرد. هەروەها لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ میوانداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و گرووپی بانکی نێودەوڵەتی، لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشبڕکێی شاجوانی گەردوونی ساڵی ١٩٨٢ کرد.
دانیشتووان
لیما گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتی پیرۆیە. شاری بەندەری کالۆ (Callao) بە بەشێک لە شاری لیما دادەنرێت و ناوچەی گەورەشاری لیما پێک دەهێنێت. لە خەمڵاندنێکی ساڵی ٢٠١٤ـدا ژمارەی دانیشتووانی شاری لیما ٩٫٧٥١٫٧١٧ کەی بوو کە لیما دەکاتە پێنجەم گەورەترین شاری ئەمریکا. هەروەها ناوچەی گەورەشاری لیما ٢٧ـەم قەرەباڵغترین ناوچەیە لە جیهاندا. ڕووبەری شاری لیما ٢٫٦٧٢٫٣ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە و چڕی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٣٫٠٠٠ کەسە لە هەر کیلۆمەترێکدا.
ڕەگەز و نەتەوەکانی شارەکە
دانیشتووانی لیما سەر بە چەندین گرووپی نەتەوەیین. گەورەترین گرووپی نەتەوەیی مێستیزۆیە، کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕەسەنن و ئەورووپین، زۆربەیان یان ئیتاڵین و ئیسپانین. دووەم گەورەترین گرووپی نەتەوەیی پیرۆی ئەوروپییە و بە ڕەچەڵەک هاوڵاتی ئیسپانی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، کرواتی، بەریتانی یان فەڕەنسین. سەرەڕای ئەمەش لیما چەندین گرووپی کەمینەی تێدایە کە دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکەن. هەروەها پیرۆییە ئەفریقییەکانیش لە ناوچەکەدا نیشتەجێن کە وەک کۆیلە هێنراونەتە ئەمریکای باکوور و باشوور. جگە لە جوولەکەکانی سەر بە ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیاییەکانی چین و ژاپۆنیش لە شارەکەدا هەن. گەورەترین کۆمەڵگەی چینی لە ئەمریکای لاتین لە شاری لیمایە.
گەشەی دانیشتووانی لیما
لیما لە ساڵی ١٥٣٥ـدا دامەزراوە و ژمارەی دانیشتووانەکەی تا ساڵی ١٩٢٥ زیاتر لە چارەکە ملیۆنێک کەس بوو. پاشان تا ساڵی ١٩٤٠ ژمارەی دانیشتووانەکەی دوو هێندە زیادیکرد بۆ زیاتر لە نیو ملیۆن کەس. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە لیما خێرا گەشەی سەند و خەڵکە هەژارەکانی ناوچەی ئاندی بە ئومێدی باشترکردنی ژیانیان ڕوویان لە شارەکە کرد. دوای ئەوەش بەهۆی پیشەسازی و مۆدێڕنگهرییەوە کۆچکردن زیادی کرد و خەڵک نەک هەر لە زنجیرە شاخەکانی ئاندییەوە کۆچیان دەکرد بۆ شارەکە بەڵکوو لە وڵاتانی بیانییشەوە ڕوویان لە لیما دەکرد. تا ساڵی ١٩٦١ زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس لە شارەکەدا دەژیان و لە ٢٠ ساڵی داهاتووتردا ژمارەی دانیشتووانی لیما گەیشتە زیاتر لە ٣٫٥ ملیۆن کەس. لە ساڵی ١٩٩٧ـدا شەش ملیۆن کەس لەو شارەدا دەژیان و لە ئێستادا گەشەی دانیشتووانی شارەکە بەردەوامە و خەریکە دەگاتە ١٠ ملیۆن دانیشتوو.
کەشوهەوا
کەشوهەوای لیمای پایتەختی پیرۆ زۆر تایبەتە و کەشوهەوایەکی بیابانی نیمچە خولگەیی هەیە، لەگەڵ وەرزێکی گەرم کە لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی نیسان بەردەوام دەبێت و وەرزێکی فێنک و شێدار و هەوراوی کە لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی تشرینی یەکەم دەخایەنێت. شارەکە دەکەوێتە بەشی ناوەڕاستی کەنارەکانی پیرۆ و سەرەڕای شوێنە جوگرافییەکەی، کە نزیکەی ١٢ پلە لە باشووری هێڵی یەکسانبوونەوە دوورە، بەهۆی تەوژمی پیرۆوە کەشوهەوایەکی وشک و زۆر مامناوەندی هەیە.
زستانی لیما لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و تا ئەیلوول بەردەوام دەبێت، ئاسمان شاری بەنزیکەیی هەمیشە هەوراوییە و جۆرێک لە تەم هەیە کە دەتوانێت کەمێک شێ لەسەر زەوی دروست بکات. پلەکانی گەرما مامناوەندن، بەڵام نەبوونی تیشکی خۆر و بەرزی ڕێژەی شێی هەوای هەستی سەرما زیاد دەکات. هەروەها لە وەرزی هاویندا، کە لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات تا مانگی نیسان دەخایەنێت، تیشکی خۆر لە زۆربەی کاتەکانی ڕۆژدا دەدرەوشێتەوە جگە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژ کە ڕەنگە تەم دروست ببێت. سەرەڕای ئەوەش پلەی گەرمی لەم وەرزەدا گەرمێکی خۆشە. کەشوهەوای لیما کاریگەری دیاردەی ئەل نینۆی لەسەرە کە تێیدا ئاوی زەریای هێمن بە شێوەیەکی نایاسایی گەرم دەبێت. لە ساڵانی ئەل نینۆدا، پلەی گەرمی دەریا و هەوا بەرز دەبێتەوە، بەتایبەتی لە مانگەکانی سەرەتای ساڵدا، بە شێوەیەکی ئاسایی پلەی گەرمی دەگاتە ٣٠ پلەی سەدی و بەدەگمەن باران دەبارێت.
بە پێچەوانەی ئەوەی کە زیاتر لە باکوور و ڕۆژهەڵات کە زنجیرە چیاکانی ئاندیزی لێیە ڕوودەدات، لە لیما، بە شێوەیەکی گشتی تەنانەت لە ساڵانی ئەل نینۆ باران نابارێت، بۆ نموونە، لە ساڵانی ١٩٨٣ و ١٩٩٨ـدا باران نەباریوە. بەهۆی زۆری بارانبارین لە ناوچەی ئاندی، ئاوی ئەو ڕووبارانەی کە بە شارەکەدا دەڕۆن دەشێت زیاد بکات و ببنە هۆی دروستبوونی زەمینەخزێ و کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە. بارانبارین لە لیمادا ئەوەندە دەگمەنە کە لە سەدەیەکدا چەند جارێک دەبارێت. لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، لە ٧ـی ئازاری ١٩٢٥ـدا ١٠ مللیمەتر باران باریوە، له ٧ـی کانوونی دووەمی ١٩٥٢ و ١٥ـی کانوونی دووەمی ١٩٧٠ لە ماوەی پێنج کاتژمێردا ١٧ مللیمەتر باران بە لێزمە باری بووە هۆی دروستبوونی لافاو (بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی نەبوونی سیستەمی ئاوەڕۆی گونجاوەوە). بەگشتی، کەشی دەریا لە لیما هەرگیز گەرم نییە، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەم تا مانگی ئازار بۆ مەلەکردن دەشێت. سەرەڕای ئەوەش لە ساڵانی ئەل نینۆدا، دەریاکە چەند پلەیەک گەرم دەبێت.