ناوهڕۆك
ناساندن
شەوێک بۆ بیرهێنانەوە یان شەوێک کە لەبیرناکرێت (بە ئینگلیزی: A Night to Remember، بە عەرەبی: ليلة لا تنسى) کتێبێکی ناخەیاڵییە لە ساڵی ١٩٥٥ لەلایەن واڵتەر لۆردەوە نووسراوە و باس لە نوقمبوونی کەشتیی (RMS Titanic) لە ١٥ی نیسانی ١٩١٢ نیشان دەدات. کتێبەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، و تا ئێستاش بە سەرچاوەیەکی یەکلاکەرەوە دادەنرێت سەبارەت بە کەشتی تایتانیک. لۆرد چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٦٣ کەسی ڕزگاربووی کارەساتەکە ئەنجامدا و سوودی لە کتێب و بیرەوەری و بابەتەکان وەرگرتووە کە نووسیویانە. لە ساڵی ١٩٨٦، لۆرد کتێبی بەدواداچوونی خۆی بە ناوی (The Night Lives On) نووسی، ئەمەش دوای ئەوەی حەزی لە چیرۆکەکە بووەوە پاش ئەوەی پاشماوەی کەشتیی تایتانیک لەلایەن ڕۆبەرت بالاردەوە دۆزرایەوە.
ساڵی ١٩٩٧ فیلمی تایتانیک لەلایەن جەیمس کامیرۆنەوە لەسەر بنەمای کتێبەکە و بە ئامۆژگاری لۆرد بڵاوکرایەوە، هەروەها لۆرد وەک ڕاوێژکاری دەرهێنەر کاری کردووە لەکاتی دروستکردنی فیلمەکە.
مێژوو
لۆرد بە کەشتیی دەستەخوشکی تایتانیک بەناوی (RMS Olympic) بە گەنجی گەشت دەکات و ئەو ئەزموونە سەرسامییەکی تەواوی ژیانی بەو کەشتییە ونبووەی پێبەخشی. لە تەمەنی دە ساڵییەوە دەستی بە خوێندنەوە و وێنەکێشانی تایتانیک کردووە و ساڵانێکی زۆری بەسەر بردووە بۆ کۆکردنەوەی یادگارییەکانی تایتانیک، ئەمەش وایکردووە خەڵک "ئاگاداری ئەم نامۆییە بن". لە زانکۆی پرینستۆن پسپۆڕی مێژوو بووە و لە قوتابخانەی یاسای یێڵ دەرچووە پێش ئەوەی پەیوەندی بە دەزگای ڕیکلامەوە بکات کە بنکەکەی لە نیویۆرکە بەناوی ج.واڵتەر تۆمپسۆن. لە کاتی بەتاڵیدا بە نووسین سەرقاڵ بووە و بۆ نووسینی کتێبەکەش چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٦٣ ڕزگاربووی کارەساتەکەدا کردووە.
شەوێک بۆ یادکردنەوە دووەم کتێبی لۆرد بوو بەڵام سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، ئەمەش زیاتر بەهۆی هەڵمەتێکی ڕیکلامیی شەڕانگێزانە کە لەلایەن کۆمپانیای (R & W Holt) ئەنجامدرا دوای خستنەبازاڕی لە تشرینی دووەمی ١٩٥٥. کتێبەکە ٦٠ هەزار دانەی لێ فرۆشرا و بۆ ماوەی شەش مانگ لە لیستی زۆرترین فرۆشراودا مابووەوە. گۆڤاری ماڵەوەی خانمان و دایجەری خوێنەر هەردووکیان وەشانی پوختیان بڵاوکردەوە و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٦ لەلایەن یانەی کتێبی مانگەوە هەڵبژێردرا.
لەو کاتەوە کتێبەکە هەرگیز چاپ نەکرایەوە و بۆ زیاتر لە دەیان زمان وەرگێڕدرا. سەرکەوتنەکەی وایکرد لۆرد جیهانی ڕیکلام بەجێبهێڵێت و ببێتە نووسەرێکی تەواو. دوای دۆزینەوەی کەشتیی تایتانیک لە ساڵی ١٩٨٥دا شەپۆلێکی نوێی گرنگیدانی گشتی بۆ کارەساتەکەی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە کتێبێکی دیکەی بەدواداچوونی نووسی بە ناوی (The Night Lives On).
شرۆڤەی ڕەخنەگرانە
ئەم کتێبە لەلایەن ڕەخنەگرانی هاوچەرخەوە ستایشی بەرفراوانی لێکرا. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە "سەرسوڕهێنەر و یەکێک لە وروژێنەرترین کتێبەکانی ئەم ساڵە یان هەر ساڵێکی دیکە" ناوی بردووە. مانگنامەی ئەتڵەنتیک ستایشی کتێبەکەی کرد کە "کارێکی نایابی لە مێژووی داهێنەرانەدا کردووە، کە لە وشەی یەکەمەوە تا دوا وشە سەرنجڕاکێشە". هەروەها یو ئێس ئەی تودەی بە "پێویستترین گێڕانەوەی کارەساتەکە" ناوی برد.
کۆکردنەوە
دوای مردنی لۆرد لە ساڵی ٢٠٠٢، کۆمەڵەیەکی گەورەی دەستنووس و نامەی ڕەسەن و یادگارییەکانی تایتانیک کە لە ماوەی ژیانیدا کۆیکردبووەوە و بەکاریهێنابوو بۆ نووسینی شەوێک بۆ بیرهێنانەوە، لە مۆزەخانەی نیشتمانی دەریایی لە گرینویچ لە ئینگلتەرا دانران. کەلوپەلەکانی کۆمەڵەکە لە مۆزەخانەکەدا نمایشکراون و توێژەران دەتوانن دەستیان پێی بگات.