ناوهڕۆك
فیساگۆرس ٥٨١ - ٤٩٧ پ.ز
زانیاری دەربارەی ژیانی تایبەتی ئەو پیتۆڵە مەزنە گریکیە، زۆر کەمە. وەک زانراوە قوتابی و موریدەکای زۆر ڕێزیان گرتووە، بۆیە بیردۆز و داهێنراوەکانی خۆشیان بە هیی ئەو هەژمار کردووە. ئاشکرایە فیساگۆرس چەندان جار بە کردەکی پێوەندیی نێوان ماتماتیک و مۆسیقای تاقی کردوەتەوە. لەو پێناوەدا ڕەنجێکی زۆری داوە. فیساگۆرس بەراوردێکی ورد و سەرنجئامێزی لە نێوان دەنگە ساز و ناسازەکاندا کردووە. پێی وابووە دەنگە سازەکان لەرینەوەیان هەیە و هەموو لەرینەوەیەکیش ماخۆی ژمارەی خۆیەتی.
ڕاستییەکەی فیساگۆرس لە نێو خەڵکدا پتر لەوەی بە فەیلەسووف بناسرێت بە ماتماتیکزان ناوبانگ دەردەکات. ئەویش وەک سوکرات خۆی لە نووسین بواردووە. ئەوەی ئێسە بە دەستی ئێمە گەیشتووە تەنیا لە ڕێگەی قوتابیەکانی بووە!
فیساگۆرس بە چاوێکی پیرۆز تەماشای ژمارە (١٠) ی کردووە، بەشێک لە زاناکان دەڵین هێندە لای پیرۆز بووە. سوێندی پێ خواردووە. لای ئەو، ژمارە تەواو و ڕاستەکان پێوەندیێکی هاوشێوەیان پێکەوە هەیە. لە هەر ماتماتیکزانێک بپرسیت ئەرێ جوانترین بیردۆزی ماتماتیک لە کن تۆ چییە؟ ئەوە بێ سێ و دوو ئێژێت: ناڕێژەییبوونی (ڕەگی دووجای دوو) کە لە لایەن فیساگۆرس و قوتابیەکی سەلمێنراوە، واتە فیساگۆرسیەکان سەلماندوویانە کە (ڕەگی دووجای دوو) ژمارەیەکی نا ڕێژەییە.
بیردۆزێکی دیکەی پیتاگۆرس نێو و شۆرەتی زۆری دەرکردووە، ئەویش سێگۆشەی گۆشە وەستاوە، بە نموونە: ئەگەر a و b دوو لای سێگۆشەیەکی گۆشە وەستاو بێت وە c ژێیەکەی بێت، وەک وێنەکەی خوارەوە، ئەوا بیردۆزی فیساگۆرس بەم شێوەیە دەنوسرێت:
a دووجا + b دووجا = cدووجا
یان:
ڕەگی (a دووجا+b دووجا) = c
بیردۆزی فیساگۆرس بۆ هەژمارکردنی ڕوویەک لە ڕووەکانی سێگۆشەیەکی گۆشە وەستاو بەکار دەهێنرێت، ئەمەیش بە زانینی دوو ڕووەکەی دیکە.
فیساگۆرس باوەڕی تەواوی بە بیردۆزی دۆنادۆن (تناسخ الأرواح) هەبووە، پێی وابووە رووحی گیانلەبەران دوای مردنیان دەچێتەوە تەنی ژیانلەبەرانی دیکە، هەر بۆیە قێزی لە خواردنی گۆشتی گیانداران کردووەتەوە و خۆی لەسەر ڕووەکخۆریی ڕاهێناوە. فیساگۆرس جارێک بە شاری (کرۆتۆن) دا دەڕوار، دەبینێت چەند کەسێک سەگێک ئازار دەدەن، بە بینینی ئەم دیمەنە نیگەرنا دەبێت و دەڵێت: تکایە وامەکەن چیتر لێی مەدەن، نازانن ئەمە گیانی هاوەڵەکەمە؟! لە ڕوانینی ئەودا تەنە جۆربەجۆرەکان پێوەندیێکی هاووێنەیان لەگەڵ یەکتردا هەیە، لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەو گەردوونەی ئێمە لەسەر دەژین خڕە. زەوی و هەسارەکانی تر، چەند تەنێکی بازنەیی (خڕ) ی جوڵەدارن، لە شێوەی نەغمەکانی مۆزیک یەکتر دەسازێنن
فیساگۆرس قوتابخانەیەکی لە شاری کرۆتۆنی باشووری ئیتاڵیا کردەوە، یەک لە ئامانجەکانی ئەو قوتابخانەیە گەڕان بوو بە دوای پێوەندیی نێوان جیهانی ماددی و ماتماتیک. پێنج بیروباوەڕ لای ئەو بووبوون بە ماک، دیارترینیا هەبوونی پێوەندیەکی ژمارەیی لە نێوان هەموو شتە هەستپێکراوەکانی گێتی.
فیساگۆرس یەکەم کەس بووە وشەی فەلسەفەی بەکارهێناوە. قوتابخانەکەی ئەو. بیری ئاینی زانستیان بە قووڵیی تێدا خوێنراوە. وەک سەرچاوەکان باسیان کردووە. فیساگۆرس لە شاری سامووسی ئۆنان لە دایک بووە، لە سەرەتای لاویەتی چووەتە وڵاتانی عێراق و میسر و سوریا، چەندان زانستی جۆربەجۆری خوێندوون.
فیساگۆرس شوێنکەوتووانی خۆی لەسەر چەند نەریتێک ڕاهێناون، وەک: ڕامان لە وەختی دیاریکراو، پۆشینی جلی سپی، نەخواردنی پاقلە، گوایە ئەمەیش لە پیاوە ئاینیەکانی میسر فێر بووە.