ناوهڕۆك
فرانسیس باکۆن ١٥٦١-١٦٢٦ ز
باکۆن هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بەهرە و تواناکانی دەردەکەون، لە تەمەنی دوانزە ساڵیی لە کۆلێژی ترنتی زانستگەی کامبریج وەردەگیرێت. لە تەمەنی بیست و سێ ساڵیدا دەبێتە ئەندام پەرلەمان. دواتر ماوەیەکی کورت، بە پیشەی پارێزەرییەوە خەریک دەبێت. ماوەیەک پلەی ڕاوێژکاریی لە کۆشکی پاشا جەیمسی یەکەم وەردەگرێت.
باکۆن لە زانستگە سەرقاڵی خوێندنی فەلسەفە و چەندان زانستی دیکە دەبێت. بە دانانی کتێبی (پێشخستنی فێربوون)، ناوی خۆی ۆ هەتاهەتایە بە نەمریی هێشتەوە. ئەو بۆ وەرگرتنی زانست و مەعریفە شێوازی دەستاودەستی سەردەمی خۆی پێ خۆش نەبووە. ئەو پێی وابوو ڕۆژێک دێت زانست هەڵدەکشێت و شاکارە مەزنەکانی زانایانی کۆن لە ئاست زانستی نوێ بچووک دەبنەوە.
باکۆن دوای دەکرد کە ڕێگە و شێوازی نوێ بۆ بابەتی زانستی بخرێنە گەڕ، تاقیکردنەوەیان بۆ بکرێت، ئەوسا دوای تۆمارکردنی تێبینیەکان و ئاکامگیریی بکرێت.
ڕەخنە
بایکۆن ڕەخنە لە ڕێبازی ئیستیدلالی ئەرستۆ لە بەکارهێنانی بیرۆکە ڕووتەکان دەگرێت. ئەو پێی وابووە ئەرستۆ بەبێ وردبینی و ڕاستبینی پرەنسیبەکان کە هەقیقەتەکانیان لەسەر ڕۆنراوە، پەرەی بە بۆچوونەکانی داوە.
نسکۆیەکی ناوەخت
کاتێک لە ساڵی ١٦٢١ز، دەبێتە سەرۆکی قازییەکان، بە ڕیشوە خواردن تۆمەتبار دەکرێت، ئەویش بێسوودوو ددانی پێدا دەهێنێت، بەڵام بەوە پاکانەی خۆی دەکات، کە گوایە ئەو پارەیەی لە کەسانی سکاڵاکار وەرگرتووە و کە هیچ زیانێکی بۆ کاری پارێزەریی نییە.
بە هەمەحاڵ، لە دادگا تۆمەتبارکرا و، چل هەزار جونیەیان پێ بژارد، پۆستی پەرلەمانتاریی لێ سەنرایەوە و زیندانی کرا، بەڵام دوای مانەوەی چەند ڕۆژێک لە زیندان، پاشای وڵات ئازادی دەکات و لە سزای ماددیی دەیبەخشێ، بەڵام ئەو خۆی گۆشەگیر کرد و نەهاتەوە نێو خەڵک، ئەمەیش بۆ ئەو بەخێر گەڕا، تەواوی ئەو ژیانەی مابووی، بۆ نووسین تەرخانی کرد.
بەرهەمەکانی
وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا. باکۆن کتێبێکی بە ناوی (پێشخستنی فێربوون) دانا، بەڵام نەیتوانی تەواوی بکات، لەو شەش بەشەی نیازی بوو لە نێو کتێبەکەدا جێگەیان بکاتەوە، تەنیا بەشی یەکەمی بۆ تەواو کرا. ئەو حەزی دەکرد نووسراوەکانی بە شێوەیەکی زانستیی بنووسێت و بەسەر چەند بەش و لقێکدا دابەشیان بکات. پێی خۆشبوو هەقیقەتە زانستییەکان کۆ بکاتەوە، دواتر بە بەڵگەی دروست و ڕێسای نوێ پشتڕاستیان بکاتەوە.
باکۆن پێی وابوو زانست لایەنی تیۆری و پراکتیکیی هەیە، نابێ لایەنە تیۆرییەکە بکرێتە ئامانجی سەرەکی، بەڵکە دەبێ ببێتە دەستەچیلە و کەرەستەی سوودەکانی لایەنە کردەنی (عەمەلی)ـیەکە... مەبەستمان لە سوودە کردەنییەکان: بەرهەمە پیشەسازی و کشتوکاڵی و، بازرگاییەکانە، بەمەیش زانست ڕۆڵێکی گرنگ لە باشکردنی ژیانی تاکەکان و گەلان بە گشتی دەبینێت.
هەرچەند ڕێبازی توێژینەوەی زانستیی پێشتر تاقیی کراوەتەوە، ئەو داینەهێناوە، بەڵام بە تەواوی لەسەر دەستی ئەو شۆرەتی وەرگرت. بەسە بۆ ئەو کە نێوی لە لستی زانایان و داهێنەرانی جیهانە، لای خەڵکی بە فەیلەسووف ناوی دەرکردووە.
تیشکێک لە ژیانی
- لە لەندەن لە دایک بووە، هەر لەوێش بەهۆی نەخۆشیی هەوکردنی کۆچیدوایی کردووە.
- لە ساڵی ١٥٩٤ز، نامەی ماستەر لە زانستگەی کامبریج وەردەگرێت.
- لە ساڵی ١٦٠٧ز، دەبێتە ڕاوێژکاری شا(جیم)ـی یەکەم.
- لە ساڵی ١٦٢١ز، بەهۆی ڕەشوەخواردنەوە لە ژیانی وەزیفی و گشتیی دادەبڕێت و خۆی بۆ نووسین کەناگیر دەکات.