ناوهڕۆك
ولیەم گلێرت ١٥٤٠ - ١٦٠٣ ز
یەکەم فیزیازانی مۆدێرن
ولیەم گلبێرت بە یەکەم فیزیازانی مۆدێرن هەژمار دەکرێت، بە باشترین زانای ئینگلیزیش لە قەڵەم دراوە. یەکەم بابەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر موگناسیتیەت بووە، لەم بارەیەوە دەستکەوتی بآشی بە دەست هێناوە.
چاخێکی ترسناک
هەر کەسێک لە چاخی شکسپیر و شاژن ئەلیزابێسی یەکەمدا ژیابێت، ئەوە بێگومان هەستی بە زاڵبوونی خوڕافە و بۆچوونە ئایینییەکانی ئەوسا کردووە. گەڕان بە دوای باسێکی زانستیی، زۆر زۆر دەگمەن بووە. هەوڵە ئەورووپییەکان لە وێنەی (هەوڵەکانی داڤنشی)، بۆ ولیەم گلبێرت ڕێگەپێدراو نەبوون، بەڵام ولیەم گلبێرت بە تەواوی ئاشنای کارەکانی کۆپەرنیکۆس بووە.
ئەو لەوبارە پشتی بە بەڵگە و ئەزموون بەستووە، هەموو شتە باوەکانی دیکەی بە خوڕافە ئاخنراون، وەلا ناون.
ئەگەرچی ئەم شێوازە بۆ خوێنەری ئێستا ئاساییە، بەڵام بۆ ئەو کات، کە خوڕافە حوکمی دەگێڕا، باسی زانستیی کارێکی ئەستەم بووە. کتێبەکەی : (المغناطیسة والأجسام المغنطة والکرة الأرضیة الجاذبة)، بە یەکەم دەقی زانستیی دادەنرێت، کە بڵاوکرابێتەوە.
دیارە ئەم هەوڵەی ولیەم گلبێرت هەروا لە کتوپڕێکدا بەدی نەهاتووە، بەڵکە دوای چەندان شەونخوونی و وەرگرتنی ئەزموون و تۆمارکردنی تێبینییەکان و وەستانەوە دژ بە خوڕافە و ئەفسانە، ئینجا لەدایک بووە. پێشتر خوڕافەیەک لە نێو خەڵک دەنگی داوەتەوە، گوایە:''ڕووەکی سیر کاریگەریی لەسەر دیقەتی قیبلەنما دەکات.'' ئەمە یەک لەو هەزار خوڕافانە بوو، کە ولیەم گلبێرت بە تیشکی زانست وردوخاشی کردن و خەڵکی لە ژێر کاریگەریی ئەو باوەڕە پووچانە دەرباز کرد.
تاقیکردنەوە و ئەنجامگیری
ولیەم گلبێرت چەندان تاقیکردنەوەی لەسەر بەکارهێنانی موگناتیسێکی خڕ کردووە، بە ڕەنگێک پەلکەی قیبلەنما بە گوێرەی شوێنی موگناتیسەکە بەرەو باکوور و باشوور هێمای کردووە. لەم توێژینەوەیەدا ولیەم گلبێرت گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی، کە زەویس موگناتیسێکی گەورەیە، کاریگەریی لەسەر جوڵەی پەلکەی قیبلەنما هەیە و باکوور و باشووری پێ دەستنیشان دەکات.
سەرەڕای ئەوەی کە ئەو بۆچوونانەی ولیەم گلبێرت دەرفەتی گوماناویان نەبڕی، بەڵام دوای چەند ساڵێک زانایان هەقیقەتی باسەکەی ئەویان بۆ ڕۆشن بووەوە، ڕەنج و کۆششی ئەویان دەربارەی زانستی فیزیا و گەردوون بەرز نرخاند.
ولیەم گلبێرت ئەمەیشی تێپەڕاند و کەوتە توێژینەوەی کاریگەریی کێشی زەوی لەسەر هەسارە و ڕێڕەوی هاتووچوویان. بۆ ئەمەیس بنچینەیەکی بۆ تێگەیشتن لە بوونی هێزێکی نادیار دانا. زۆرێک لە دیاردە گەردوونییەکانی تەفسیر کرد، کە دواتر گالیلۆ و نیوتن سوودیان لێ وەرگرت.
هەروەها ولیەم گلێرت گەیشتە ئەو قەناعەتەی، کە بەرگەهەوای دەوری زەوی، زۆر ستوور نییە، زۆرترین ڕووبەەری نێوبڕی نێوان هەسارەکان فەزایە.
ولیەم گلبێرت جگە لە شێوازە نوێیەکانی بۆ توێژینەوەی زانستی، چەندان زاراوەی نوێشی خستە نێو زمانی ئینگلیزی: (جەمسەری موگناتیسی، هێزی کارەبایی، کێشی کارەبایی). یەکەی پێوەری هێزی موگناتیسی ئێستا بە ناوی (گلبێرت) ناو دەبرێت. ئەو یەکەم کەس بووە زاراوەی (کارەبا-الکهرباء)ـی داهێناوە.
پوختەیەک لە ژیانی
- ساڵی ١٥٦٩ز، لە زانستگەی کامبریج دەرچووە.
- ساڵی ١٦٠٠ز، کتێبی: (المغناطیسة والأجسام المغنطة والکرة الأرضیة الجاذبة) بڵاو کردووەتەوە.
- لە نێوان ساڵانی ١٦٠٠-١٦٠٣. لە بلاتی شازن ئەلیزابێسی یەکەم کاری کردووە.